هه‌ولێر: ڕێگری‌ كرا له‌ئه‌نجامدانی‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ ناڕه‌زای‌ دژی‌ له‌سێداره‌دانی‌ ڕۆڵه‌یه‌كی‌ كورد

Saturday, 12.25.2010, 12:00

683 بینراوە


به‌بیانوی‌ نه‌بونی‌ موڵه‌ت پاش نیوه‌ڕۆی‌ ئه‌مڕۆ له‌ شاری‌ هه‌ولێر ڕێگری‌ كرا له‌ئه‌نجامدانی‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ چالاكه‌وانی‌ مه‌ده‌نی‌ دژ به‌ بڕیاری‌ له‌سێداره‌دانی‌ حه‌بیبوڵای‌ له‌تیفی‌.
عیسا خدر، هه‌ولێر: پاش ئه‌وه‌ی‌ بڕیاربوو پاش نێوه‌ڕۆی‌ ئه‌مڕۆ له‌پاركی‌ شانه‌ده‌ر له‌شاری‌ هه‌ولێر كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ جه‌ماوه‌ری‌ ئه‌نجام بدرێت دژی‌ بڕیاری‌ له‌سێداره‌دانی‌ خوێندكار حه‌بیبوڵای‌ له‌تیفی‌ له‌ڕۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان، به‌ڵام ئیداره‌ی‌ باخچه‌ی‌ شانه‌ده‌ر ڕێگه‌ی‌ نه‌دا ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ له‌باخچه‌كه‌ ئه‌نجامبدرێت، له‌لێدوانێكدا بۆ سایتی‌ ئاوێنه ‌ئه‌ندامی‌ ڕیكخراوی‌ كوردۆسایدعه‌لی‌ مه‌حمود ڕایگه‌یاند" په‌یوه‌ندیمان به‌خودی‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر نه‌وزاد هادی‌ كرد به‌ڵام به‌بیانوی‌ نه‌بونی‌ موڵه‌ته‌وه‌ ڕێگه‌ی‌ پێنه‌داین له‌ناو پاركی‌ ناوبراو كۆبونه‌وه‌ی‌ ده‌ربڕینی‌ ناڕه‌زایه‌تی‌ دژ به‌ له‌سێداره‌دانی‌ ڕۆله‌یه‌كی‌ كوردئه‌نجامبده‌ین ".

جێگه‌ی‌ ئاماژه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌بڕیاری‌ له‌سێداره‌دانی‌ خوێندكار حه‌بیبوڵای‌ له‌تیفی‌ دانیشتوی‌ كوردستانی‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ له‌ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی‌ كوردستان له‌لایه‌ن چالاكه‌وانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نی‌ و ڕێكخراوه‌ جه‌ماوه‌ری‌ و مه‌ده‌نیه‌كان و كه‌سایه‌تی‌ ڕۆشنبیری‌ و ڕوناكبیر چه‌ندین ناڕه‌زایه‌تی‌ ده‌ربڕا دژی‌ ئه‌و بڕیاره‌ی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران.