ئایا عەرەبەكان ئامادەن بۆ دیموكراسی؟!

Monday, 12/09/2011, 12:00

2592 بینراوە






ن/ عادل تەریفی
لەعەرەبیەوە: هێمن مەحمود دەربەندیخانی


لەگەرمەی ئەو راپەڕینە جەماوەرییانەی كە ئێستا چەند وڵاتێكی عەرەبی گرتۆتەوە، چەندین دروشمی رۆشتن یاخود گۆڕینی رژێمە دەسەڵاتدارەكان خراونەتە روو، بێ ئەوەی تێڕوانینێكی روون هەبێت بۆ بەدیلی داواكراو. هەندێك پێیان وایە پرسیاركردن دەربارەی ئامادەیی عەرەب بۆ رژێمێكی دیموكراسی زوڵمە یاخود كەمكردنەوەیە لەروداوەكانی ئێستا، بەڵام ئەم پرسیاركردنە شتێكی پێویست و زەرورییە تا ئەو شوێنەی كە ئەم راپەڕینانە بەتەنها ئەركی گۆڕینی رژێمێكی ستەمكاری" لەكارخراو" بێت بە رژێمێكی ستەمكاری دیكە" زۆر بەخێرایی" بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی دروستدەبێت.
لەتونس حكومەتی ئینتیقالی بڕیاریداوە كە هەڵبژاردنەكان دوابخات، وەزیری یەكەم (قائد سبسی) رایگەیاند حزبە تازەكان ئەوانەی كە دوای" شۆڕش "رێگایان پێدراوە پێویستیان بەكاتێكی زیاتر هەیە بۆ خۆناساندنیان بەخەڵك، هەروەها بۆ رێكخستنی رێوشوێنەكانی هەڵبژاردن بۆ ئەوەی كەمترین "ئازادی و شەفافیەت" لە هەڵبژاردنەكانی داهاتودا بەدیبێت.
بەڵام (عێام شەرەف) سەرۆك وەزیران لە حكومەتی ئینتیقالی میسر رایگەیاند كە دواخستنی هەڵبژاردنەكان سودبەخشە "بۆ هەوڵەكانی دوبارە رێكخستنەوەی سیستەمی وڵات" دوای فەوزای "شۆڕش.
ئەم بانگەشانە لەلایەن كەسانێكەوە دەكرێت كە پشتگیری و بەشدارییەكی بەرچاویان هەبوە لە شۆڕشەكانی وڵاتەكانیاندا،و لەدەست وپێوەندەكانی رژێمی پێشو نەبون، تەنانەت (سبسی) ئەوەشی وت "رەشەبای ئازادی چەندین وڵاتی دیكەی گرتۆتەوە...بەڵام تەنها ئێمە دەتوانین سیستەمێكی دیموكراسی بنیات بنێین" لە ئاماژەیەكی مەبەستداردا بۆ شەڕەكانی لیبیا و یەمەن و سوریا.
ئەوە چیە كە وادەكات ئەو كەسانە لەپەنابردنێكی خێرا بۆ هەڵبژاردنەكان بترسن لەكاتێكا ئەو وڵاتانە "ئازادی" خۆیان بەدەستهێناوە، هەروەها دەتوانن هەڵبژاردنێكی دوور لەتەزویر و دزینی دەنگەكان ئەنجامبدەن؟ وەڵامەكە ئاسانە: ئەوان دەترسن و بڕوایان بە ئەنجامە چاوەڕوانكراوەكانی ئەم هەڵبژاردنە نیە لەم قۆناغەدا.
بەر لەدەست لەكاركێشانەوەی موبارەك "یاخود كودەتا سەربازییەكە ئەگەر حەزبكەن"، عومەر سلێمانی جێگری سەرۆك رایگەیاند" گەلی میسر لەم قۆناغەدا هێشتا ئامادە نیە بۆ دیموكراسی".لەو كاتەدا نەیارانی حكومەت رایانگەیاند ئەم بۆچونە فیكرەی ئیستبداد پتەوتر دەكات، بەڵام كاتێك ئەم بۆچونانە لەلایەن سەركردەكانی ماوەی ئینتیقالییەوە "شۆڕشگێران" دوبارەكرانەوە ئێستا بوەتە پێویستییەك كە بە لێكۆڵینەوەو حیكمەتەوە چاو بەو مەسەلەیەدا بخشێنرێتەوە، بەدوور لە پەتای دروشمە شۆڕشگێڕییەكان.
لەگفتوگۆیەكدا لەگەڵ (بەرنارد لویس) ی رۆژهەڵاتناس كە رۆژنامەی (جیرۆزالیم پۆست) لە 25ی شوباتی رابوردودا ئەنجامی داوە، ئەم مێژونوسە ئاماژە بەوەدەكات كە هێشتا وڵاتە عەرەبییەكان ئامادەییان تێدانیە بۆ جێبەجێكردنی دیموكراسی "بەمانا لیبرالێ/ رۆژئاواییەكەی" تەنها مەگەر ئەو دیموكراسییە بەمانای سندوقەكانی دەنگدان بێت "بەتەنها"و خاوەن پاشخانی فیكری و دەزگایی نەبێت كە دیموكراسیەتی لەسەر بچەسپێت.
لویس دەڵێت " ئەوەی لەناوچەی عەرەبیدا رودەدات تەقینەوەیەكی حاڵەتی "توڕەیی" و هەستكردنێكی گەورەیە "بەنەبونی دادگەری كۆمەڵایەتی"، ئەمەش جیاوازە لەوەی بوترێت كە ئەوەی رودەدات شۆڕشگەلێكی دیموكراسیانەیە". بەڵگەش بۆ ئەمە وەك لویس ئاماژەی بۆ دەكات ئەوەیە كە ئەم شۆڕشانە لەژێر سایەی رەتكردنەوەی دەسەڵاتە سەركوتكەرەكان رویانداوە، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ تێزێكی تایبەت بە جێگرەوەی ئەو رژێمە كۆنانە نەخراونەتە روو، بەردەوام دەبێت و دەڵێت ئەوەی كە وڵاتە عەرەبییەكان پێویستیانە بەرهەمهێنانی چەند وەسیلەیەكە بۆ چاكسازی سیاسی و فیكری كە لەرۆشنبیری و كەلەپوری خۆیەوە سەرچاوەی گرتبێت، بەجەختكردنەوەی گەشەپێدانی چەمكی (شورا) وەك وەسیلەیەك بۆ بەشداریكردنێكی سیاسی باشتر لەرێگەپێدان بە حزبە ئسوڵیەكان تاوەكو هەڵبژاردنەكان داگیربكەن و ستەمێكی تازەتر لەسەر شێوەی دیموكراسیەتی ئیسلامی ئێران بسەپێنن.
لویس لەكۆتایدا ئەوەمان بەبیردەهێنێتەوە كە هیتلەرو نازییەت لەدوای جەنكی جیهانی یەكەمەوە بەهەمان رێگای دیموكراسی هاتنە سەر حوكم، چونكە فیكرەكان ناگۆڕێن.
بەدڵنیاییەوە زۆرێك هەن كە لەگەڵ لویس دا جیاواز بیردەكەنەوە، بەهۆی هۆكارە سیاسی و ئاینیەكانیش پشت بەوتەكانی نابەستن، بەلام ئەمە بەمانای ئەوە نایەت كە ئەوەی دەیڵێت هەڵەیە، ئەوەی كە جێگای موفارەقەیە لویس ئاماژە بۆ ئەوەدەكات كە رژێمە عەرەبییەكان(نەتەوەییەكان) كارەساتبون بەسەر ناوچەكەدا، بەبەڵگەی ئەوەی "ئەو رژێمانەی كەپێش تازەگەری عەرەبی هەبون زۆرتر كراوەتر و زیاتر لێبوردەتربون لەم رژێمانەی ئەمڕۆ". بەچاوپۆشین لەوەی كە بەرامبەر لویس چۆن بیردەكرێتەوە، وتەكانی گرنگی و مانای تایبەتی هەیە، باشترین بەڵگەش بۆ ئەم تێزە بەرهەمی رۆشنبیران و نوسەرانی نەتەوەیی و ئیسلامییەكانە، چونكە ئەوان لەرابوردودا بڕوایان بە وەسیلەكانی حوكمكردنی رۆژئاوایی "وەك دیموكراسیەت" نەبوو، بەڵكو هەموو بەشدارییەكی هەڵبژاردنیان رەتدەكردەوە بەو مانایەی كە ئیستیرادێكی رۆژئاواییە، لەشەستەكانی رابوردودا لەدوای شكستەكانی عەرەب زۆرێك لەرۆشنبیرانی عەرەب گەڕانەوە بۆ خوێندنەوەی كەلەپور، وە هەوڵیاندا بۆ دۆزینەوەی ئەو وتانەی كە پشتگیری لە فیكرەی "دیموكراسی" و "مافی مرۆڤ" دەكەن بۆ ئەوەی ئەوە دوپاتبكەنەوە كە كۆمەڵگا عەرەبی و ئیسلامییەكان قابلیەتی ئەوەیان تێدایە لەرووی سیاسەت و كۆمەڵایەتیەوە وەدوای نەموزەجی رۆژئاوایی بكەون.
ئەوەی گومانی تێدانیە ئەوەیە كە چەندین دەیە لە دەسەڵاتی ئیستبدادی وەهایكردوە كە بەدیهێنانی نەموزەجێكی دیموكراسی/ رۆژئاوایی قورس بێت، هەربۆیە ناوچەكە هیچ ئەزمونێكی تەواوەتی یاخود هوشیارانەی نیە بۆ جێبەجێكردنی دیموكراسیەت بەشێوەیەكی لیبراڵی /سەرمایەداری.
بەكورتییەكەی ئەو جدیەتەی لەبەرامبەر چاكسازی ئاشتیانەی راستەقینەدا هەیە كە بەرەو نەموزەجێكی دیموكراسی دەڕوات ئامادەیی نیە، ئەوەی دەیبینین و هەیە ئەوەیە هێزە ئوسوڵیەكان و هێزە تەقلیدییەكان بەرهەمی توڕەیی گەنجان لەو وڵاتانەدا دەقۆزێتەوە.
لە ساڵی 2003 عەرەبەكان ناكۆك بون لەسەر ئەوەی سەدام حسێن بەدەستی دەرەكی بڕوخێت، كەچی ساڵی 2011 زۆر بەتوندی پشتگیری ناتۆ یان كرد بۆ روخانی موعەمەر قەزافی، لەبارەی رژێمەكەی سوریاشەوە كە زۆر لە رژێمەكەی لیبیا ستەمكارترە هەڵوێستی جیاوازیان هەیە.كەواتە هەڵوێستی بەها و ئەخلاق لەبەرامبەر هەموو ئەمانەدا لەكوێدایە؟ ئامانج ئەوەنیە كە بڵێین عەرەب لەگەڵ دیموكراسیدایە،یاخود دژی دیموكراسییە، بەڵكو ئەوەیە نوخبەی سیاسی و رۆشنبیری عەرەب زۆر بەسەراحەت روبەروی ئەم پرسیارانە ببنەوە.



[email protected]
سەرچاوە/ سایتی (الشرق الاوسگ)

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە