مێژوو لە باڵەکایەتی پێی نایە قۆناغێکی نوێوە

Sunday, 05/02/2012, 12:00

1568 بینراوە


 
 


دوای پێنج رۆژ لە خۆپیشاندانێکی مەدەنییانە و هێمنانەی دانیشتووانی دەڤەری باڵەکایەتی، خۆپیشاندەران و حکومەتی هەرێم رێککەوتن لەسەر داخوازییەکانی خۆپیشاندەران. ئیتر لێرەوە، مێژو لە باڵەکایەتی پێی نایە قۆناغێکی نوێوە.
ئەم خۆپیشاندانە جەماوەرییە، هەمو دیوارەکانی ترسی تێکشکاندن. بتەکانی دەستەڵاتی روخاند. مەشخەڵێکی لەناو دڵی هەمو گەنجانی ناوچەکە داگیرساند کە کوژاندنەوەی زۆر ئەستەمە. رۆحییەتی ئازایانەی پڕ ئیرادەی کردەوە بەر خەڵکی جوامێری ئەو دەڤەرە. گەنجانی گۆشکرد بە هەستی لێپرسراوێتی بەرامبەر نیشتیمان و کۆمەڵگا. ئەرکی تاکی وەک بەشدارێک و بەرپرسێک لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکرات و لێپرسراو بەرامبەر قودسییەتی مرۆڤ و سەروەریی یاسا، زیاتر خستەوە رۆژەڤ. چیتر تاکەکانی چۆمان کێشە و گرفتەکان بۆ حکومەت لێناگەڕێن و چاودێرێکی بەهێز دەبن بەسەر جێبەجێکردنی یاسادا.
چەند رۆژێکە لە قسەکردن لەگەڵ گەنجان و خۆپیشاندەران، ئەوە تێگەیشتوم کە ئەوانە چەندە تینوی ئازادی و حوکمی قانونن. ئەوەش تێگەیشتوم کە ئیتر دەرفەتێک لەبەردەم دەستەڵات نەماوە کە ئەو گەنجە پێگەیشتوانە بێدەنگ بکا. ئەوانە رۆڵەی دوای راپەڕینن. نە لێدانی ئەبوغڕێبیان بینیووە، نە لێدانی ئاساییشیشیان بینیوە تا بیر لە ترسێک بکەنەوە کە دەستەڵات پێیوایە لە رۆژانێکدا ئەو ترسەی لە رۆحی تاکەکاندا چەسپاندووە.
ساڵی پار، کاتێک خۆپیشاندانێکمان رێکخست دژی یاسای خۆپیشاندان، زۆر لەوانەی ئەمڕۆ کە بەشداریی خۆپیشاندانەکەیان کردووە، نەیانتووانی بەشدار بن لەبەر چەندان هۆکاری جیاجیا، بەڵام لەم چەند رۆژەدا، سەلماندیان رقی جەماوەر و تینویی خەڵک بۆ ئازادی و یەکسانی لە هەمبەر یاسادا کاتێک دەگاتە لوتکە، لە هیچ هۆکارێک سڵناکەنەوە بۆ خۆگەیاندنیان بە خۆپیشاندەران و پشتیوانیکردنیان لە حەق.
ئەو خۆپیشاندانەی پێنج رۆژی رابردوی خەڵکی باڵەکایەتی، زۆر گرنگ بو. گرنگ بو چونکە ئیتر بو بە نەریت کە خەڵک گەیشتە قەناعەتێکی تەواو کە تەنها فشاری جەماوەر ئەو حکومەتە نابەرپرسیارە دێنێتە وەڵام.
ئەو نەریتە نابێ تەنها لە باڵەکایەتی بمێنێتەوە، پێویستە تەواوی دەڤەرەکانی دیکەش بگرێتەوە بەتایبەتتر دەڤەری ئیماڕەتی زەرد-. هیچ عەیبەیەکی تێدا نییە کە دەڤەرێک لە دەڤەرەکان زیاتر هۆشیاریی خۆپیشاندان و سەندنی ماف و فشاردروستکردنی لەسەر دەستەڵات هەبێ. گرنگ ئەوەیە دەڤەرەکانی دیکە، بە سودوەرگرتن لە ئەزمونی ئەو دەڤەرە بووروژێن و گەنجانیان، وەک گەنجانی باڵەکایەتی، بگەنە ئەو باوەڕییەی کە رێکاری مەدەنی و چالاکیی ناتوندوتیژی باشترین رێکارێکن بۆ سەندنی ماف و ناچارکردنی دەستەڵات بە جێبەجێکردنی حوکمی قانون.
ئەو شانازییەی خەڵکی باڵەکایەتی دەبێتە شانازییەکی دیکەیان بۆ کۆی شانازییەکانی دیکەیان لە مێژوی 60 ساڵی رابردوی کوردستاندا. بەڵام نابێ ئەوە دوا هەوڵیان بێ. هەمومان بەرپرسیارین بەرامبەر بەدیموکراتیکردن و پێشخستنی ئەو وڵاتە. بەرپرسیارێتییەکان لە خاڵێک کۆتاییان نایەت. دەبێ ئەو نەریتەی خۆپیشاندانی مەدەنییانە بۆ سەندنی ماف و ناچارکردنی دەستەڵات بە گوێگرتن لە داواکانی خەڵک، ببێتە نەریت. ئەو نەریتە ئەگەر بەردەوامی و ئیستیقامەی تێدا نەبێ، هیچ گرنگییەکی نامێنێ.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە