خوێنى سەردەشت دابڕانى جەماوەر لەدەسەڵات چڕتر دەكاتەوە

Wednesday, 12/05/2010, 12:00

2075 بینراوە



قووڵترین تەنگژەى هەموو دەسەڵاتێكى سیاسى ، لە هەموو دنیادا ، ئەوەیە كاتێك روو بەرووى خەڵكى خۆى دەبێتەوە ، سەنگەر دروست كردن لە لایەن خەڵك و دەسەڵات دژ بە یەكتر، سەرەتایەكە بۆ شكست هێنان و ماڵئاوایى كردنى ستایلێكى سیاسى ، چونكە لە هیچ رووبەروو بوونەوەیەكى نێوان خەڵك و دەسەڵاتدا ، خەڵك نەیدۆراندوە ! زیانى لێكەوتوە ... قوربانى زۆرى داوە ، ئازارى چەشتوە ، رۆڵەكانى لە سێدارە دراوەو تیرۆر كراوە ، بەڵام لە كۆتایدا ، ئەو لایەنەى كە گۆڕەپانەكەى جێهێشتوە ، هەمیشە دەسەڵاتداران بووینە نەك خەڵك ! هەمیشە ئەو كەسانەى خراونەتە بەردەم دادگاكان و لەبەردەم میدیاكاندا دادكایى كراون ، دەسەڵاتداران بوون ، بەعسیەكان چى نەما بە كورد نەكەن ، چەند بە وردى پلانى لە ناوبردنى كوردیان داڕشت ، هەمووشمان بینیمان چەند ریسواو زەلیل بوون ، بەر لەوانیش نازیەكان لە ئەڵمانیا ، فاشستەكان لە ئیتالیا ، دەیان و دەیان نمونەى تر لە مێژوودا دەكەونە بەرچاو ، كە لە هەر هەموویان هەمیشە دەسەڵاتدارە تاوانبارەكان ریسوا بووینە !!!
ئاشكرایە كە ئەمڕۆ دەسەڵاتى سیاسى لە كوردستان لە تەنگژەیەكى گەورە دەژیت ، تواناى گۆڕانكارى و خۆگونجاندنى لەگەڵ سەردەمەكەیدا نەماوە ، لە پڕسە سیاسیەكاندا دووچارى شكست لەدواى شكست بۆتەوە ، لە بەرەى ناوەخۆ دووچارى ناو زرانێكى خراپ هاتوە و گەندەڵى وێنەكانى لەبەر چاوى خەڵك ناشرین كردوە ، تەنانەت بەرپرسە گەندەڵەكان بە شێوەیك دزێو بوون ، خەڵك بە قێزەوە سەیریان دەكات ، دەسەڵات لە دۆڵێكدایەو خەڵك لە دۆَلێكى تر ، كە ئەمە بواربۆ دەسەڵات دەڕەخسێنێ ، بۆ خۆ رزگاركردن لەو شكستە سیاسیە گەورانە ، مەسەلەى تر بوروژێنێ ، تا مەسەلە بنەڕەتیەكان فەرامۆش بكرێن . 
تیرۆر كردنى رۆژنامەنووس و قوتابى زانكۆ سەردەشت عوسمان ، سەرەتاى گۆڕانێكى ترسناكە لە پەیوەندیەكانى نێوان خەڵك و دەسەڵات ، سەرەتایەكە ، پەیوەندیەكە لە رەخنەو تەنزو نووسینى گاڵتە ئامێز، بۆ بە كارهێنانى هێزو توندو تیژى دەگوازێتەوە، ئەو كارە دەرگا بۆ زۆر مەسەلەى مەترسیدار ئاوەڵا دەكات ، كە نەخەڵكى كورستان سوودى لێوەردەگرێت نە دەسەڵاتى سیاسى ، دەرگا بۆ ناحەزانى كورد ئاوەڵا دەكا ، كە زیاتر دەست لەو ئەزموونە بوەشێنن ، بۆیە دەبێت ئەمڕۆ رۆژنامەنووسان و خەڵكى كوردستان ئەقلمەندانەترو بەرپسیارانەتر رەفتار بكەن ، نابێت رێگا بدرێت كوردستان بەرو توندو تیژى ببرێت ، چونكە ئەمە هەموو دەستكەوتەكانى كورد دەخاتە مەترسیەوە ، هاوكات رووبورو بوونەوەى توندو تیژى لەگەڵ دەسەڵاتى سیاسى ، بەر لە هەموو شتێك زیان بە بەرژەوەندیەكان خەڵك دەگەیەنێ ، ئەو گۆڕانانە دواتر دەخا كە لە كۆمەڵگاى كوردى دەستى پێكردوە ، توندو تیژى بیانگە بە دوژمنانى گەل دەدات ، تا گۆڕانكاریەكان بەو ئاڕاستەیە دا ببەن ، كە خزمەتى خەڵك و ئەزموونى كورستان ناكات ، بۆ رێز گرتن لە خوێنى سەردەشت ، پێویستە خەڵكى كوردستان زیاتر دەست بە خەباتى ئاشتیانەوە بنێت ، زیاتر برەو بە پەرە پێدانى دیموكراسیەت بدات ، كە ئەمانە وا دەكەن ، گۆڕانكاریەكان بەو ئاراستەیە بڕۆن كە لە بەرژەوەندى كورد خەڵكى كوردستان دابێت . 
دەسەڵاتى سیاسى كوردى دەبێت وەڵامێكى بۆ خەڵكى تووڕەى كوردستان پێ بێت ، چونكە كوشتنى رۆژنامەنوسێك بەو چەشنە ، بەر لەوەى ئیهانەى خەڵكى كوردستان بێت ، بەر لەوەى ئیهانە بێت بۆ رۆژنامەنووسان و خاوەن پێنووسە ئازادەكان ، ئیهانەیە بۆ خودى دەسەڵات خۆى ! ، خەڵك بۆیە دەسەڵات هەڵدەبژێرێت ، خەڵك بۆیە ئامادەبێت دەست بەردارى بڕێك لە مافە سروشتیەكانى خۆى بێت بۆ دەسەڵات ، بۆ ئەوەى ئاسایشى بپارێزرێ ، بۆ ئەوەى ژیانى بپارێزرێ ، بۆ ئەوەى ژینگەیەكى بۆ بەرجەستە بكرێت ، كە مرۆڤ بوونى خۆى تیا فەراهەم بكات ، بەڵام كاتێك دەسەڵات تەنیا داواى مافەكانى دەكات و ناتوانێت ئەركەكانى جێبەجێبكات ، ئەوە شەرعیەتى دەسەڵات بەڕێوەبردنى نامێنێت ، ئەوە دەبێتە باندێكى مافیاو باجى خوێن و سامان لە خەڵك وەردەگرێ ، با رێگا نە دەین دەسەڵاتى كوردى بگاتە ئەو ئاستە ، با رێگا نەدەین ، ئەو ئازادیانەى خوێنى لە پێناو كراوەتە قوربانى بە هەدەر بچێت ، بە هەڵچوون و رەفتارى پڕ لە كەف و كوڵى سۆزاوى شەهیدەكان سەر لە نوێ شەهید نەكاتەوە ، با فێرى ئەوە بین ، كە مەدەنیانەو بە نەرمى مامەڵە لەگەڵ گۆرانكاریەكان بكەین ، با ئەو سندووقانەى كە ئێمە لە رێگایەوە درۆمان لەگەڵ حۆمان كرد ، لە هەڵبژاردنى داهاتوودا بە بوێریەوە درۆى لەگەڵدا نەكەین ...

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە