ساڵح موسلیم

Saturday, 04/10/2014, 12:00

2139 بینراوە


سادەیی بیرکردنەوەی ناخی مرۆڤە و ئەو کاتەی دەروونی مرۆڤ بە سادەیی بیردەکاتەوە، ئیتر ئەو سادەییە ناتوانێ خۆی بشارێتەوە بەڵکوو ڕاستەوخۆش لە رووخساردا دەردەکەوی و خۆی پیشان دەدا. سادەبوون نیشانەی بەتاڵبوون و نەزانی مرۆڤ نییە، بەڵکوو جوانیەکە مرۆڤی تێیدا دەگات بە ئاستێک لە تێگەیشتن و ژێری.. سادەیی مرۆڤ نە لە جلوبەرگ و نە لە قسەکردن و نە لە خواردن و نە لەهەڵسووکەوتدایە، بەڵکوو سادەیی لە تێکۆشان و بەرهەمی کارکردنیدا دەردەکەوێ و و هەر بۆیە ئەم سادەییەش لە ناو شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان، کەسایەتی ساڵح مووسلیم و سەرکردایەتی و شەڕڤانان و ماڵباتی شەهیدان و هەموو توێژێکی ئەو پارچەیە لە وڵاتەکەماندا ڕەنگی داوەتەوە.
ئێوارەی ڕۆژی پێنجەشمە لە کۆڕێکدا لە شاری کۆپنهاگن، کە بۆ بەڕیز ساڵح مووسلیم ڕێکخرابوو و سەدان کەس لە کوردانی هەر چوارپارچەی کوردستان تێدا بەشداربوون، لە نزیکەوە لەگەڵ کەسێکی متمانە بەخۆ و خاوەن بیرکردنەوەیەکی شایستە و سادەدا کۆببینەوە و توانیمان لە نزیکەوە گوێبیستی گووتە ئومێدبەخشەکانی بین لەسەر شۆڕشی ئەو بەشەی کوردستان و ئەو باروودۆخە ناهەموارەی، کە باڵی کێشاوە بەسەر وڵاتەکەماندا لە ڕۆژئاوادا و بەتایبەتی شاری هەمیشە زیندوو و خۆڕاگری کووبانی. ئەو بۆی ڕوونکردینەوە کە دووژمنان دەیانەوی لە پەنجەرەی نائومێدیەوە تەماشای ژیان بکەین و هەتاوەکوو هەستی متمانە بەخۆبوونمان لاواز بکا و ببێ بەو بەندیخانەیەی، کە بە درێژایی سەدان ساڵ لە ڕێگای دینەوە داگیرکەران و بەکرێگیراوانی ئەڵقە لە گوێی وەکوو داعش سەپاندوویانە بەسەرماندا و تێدا بە ڕۆح زیندانی کراویین، نەک ئەو پەنجەرانەی کە هیوا و ئوومێد دەبەخشن بە مرۆڤ و لەوێوە دەتوانین بە ڕۆژی ڕووناک جوانیەکانی ژیان ببینین. ئەو لە واتای قسەکانیدا ئەوەی دا بەگوێماندا، کە چیدی نابێت ئاو بڕێژینینە ناو ئاشی داگیرکەرانی کوردستانەوە (هەر ووەکوو ئەوەی ئێستا لە باشووری کوردستان لەلایەن هەردوو پارتە حاکمەکەی کوردستان و ڕێگای هەردوو بنەماڵەوە ئەنجام دەدرێ) و بەرهەمەکەی بۆ لەناوبردنی کوردستان بەکار دەهێنرێ، بەڵکوو دەبی بۆ ماڵی گەل و ئاوەدانی وڵات بەکاربهێنرێ و ببێتە هۆی یەکبوونی هێزی گەل و یەکێتی هێزی گەلیش واتایەکی پڕبەها بێت لە لامان، هەروەکوو چۆن ئەو یەکگرتووی و ئیرادەیەی گەلە وایکردووە شەڕڤانانی ی پ گ لە خۆرئاو و شاری کووبانییدا بە فیداکارییەکانیان ڕووبەرووی هەرە دڕەندەترین دووژمنی وەکوو داعش ببێتەوە و بە ئیمکاناتێکی کەم، بەڵام ورەیەکی پۆڵایینەوە تێکیان بشکێنن.
مەنسوور جەلال

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە