شایەتحاڵێک سەبارەت بەو زنجیرە چاوپێکەوتنه‌‌ی کوردستانپۆست له ‌سه‌ر لەشفرۆشان

Monday, 04/10/2010, 12:00

4136 بینراوە


بەر لە هەمووشت دەپرسم: ئەرێ خەلکینە چ ژنێکی شێتتان لە کوردستان نه‌بینی، که‌ به‌ نۆ مانگ جارێک سکی پر نەبێت؟
ئەرێ ئەوە کێیە و چ ئاژەڵێکه‌‌، که‌ دەستدرێژی لە ژنێکی شێت و له‌  کچێکی راکردو لەستەم و له‌ ژنێکی بێ لانە دەکات؟
گەرچی ماوەیەکە وەک جەستە لە وڵاتەکەم دوورم، بەڵام وەک رۆح و وێژدان، به‌ یادگار و به‌ پەیوەندیی زۆر نزیکم، هەمیشە لە نێو شەقامەکانی شاردا و لە نێو تاریکایی کووچە و کۆلانەکاندا بە شوێن ژنانی بەش مەینەت و غەدرلێکراودا دەگەرێم.

شەوە نا شەوێک زەنگی تەلەفونەکەم لێی دەدا و دەیان وت وا ژنێکی شێت، خوێن بە پاشەڵیدا دێتەخوار، وەرە بۆ لای ... ناکرێ، ستەمە دووری جەستەم ئەو ساتانەم بیربباته‌وه‌، سەرەڕای ئەوەی لێوان لێو لە دەنگی کزۆڵەی ژنان هەموو  ساتێک لە نێو هەگبەکەمدایە و لە بری سەمفۆنیا لە میمۆریەکەمدایە.

لەم ماوەیەدا زنجیرەیەک چاوپێکەوتنم لە کوردستانپۆستدا تا 8 به‌شییم خوێندەوە. دیارە ئەم بابەتە کەم و کورتییەکی نییە تا من بۆی زیاد بکەم، بەڵکو دەکرێ بڵێم بەڵێ زۆر راستە و لە چیرۆکەکانیانەوە، که‌سه‌کان دەناسمەوە، گەرچی ناوەکانیش گۆڕابن.
تاکە تاکەی بەسەرهات و چیرۆکە تاڵەکانی ئەو ژنانەم لە بەرە، چونکە ئەوەندە بەناسۆرەوە بۆت باس دەکەن، کە هەریەکەیان تراژیدیایەکن کاریگەرییان لە رۆمانەکانی مەکسیم گۆرکێ و شانۆکانی شکسپیر زیاترە.

ستالیین دەڵێت: کوشتنی مرۆڤێک تراژیدیایە و کوشتنی ملیۆنێکیش ئامارە.
منیش دەڵێم ئیغتسابکردنی ژنێک تاوانە، بەڵام هی سەدان و هەزاران، مێژویەکی رەشە بەناوچاوانی دەسەڵات و حکومه‌تی ئێستای کوردستان.

دەمەوێ بلێم شیرینەکان، چیمەنەکان، سەمیرەکان، مریەمەکان، شۆخان، زوهرە و سەدەهای تر چیرۆکەکانیان هەر هێندە نییە، کە ته‌نها لە چەند لاپەڕە و چەند دێرێکدا بنووسرێنەوە، ئەوەندەش نییە، کە سادە و ساکارانه‌ لە چەند دەقیقەیەکدا بیانخوێنینەوە و تەواو بێت، بەڵکو بەسەرهات و چیرۆکی ئەم خانمانە هێندەی قوڵیی ئۆقیانووسەکان لێوان لێوە لە نهێنیی، لێوان لێوه‌ له‌ ستەم، زوڵم، له‌ دەستدریژیی و ناعەدالەتی.

ئەوە لە سایەی دەسەڵاتێکی عیلمانی بەناو دیموکراسیدایە، که‌ رۆژانە ژنان تێیدا دەچەوسێنەوە و دەکوژرێن و بەردباران دەکرێن، وەک ئامرازێکیش بۆ تێربوون بەکاردەهێنرێن.

زۆر کات گوێم لێدەبێت دەڵێن: ئەو بابەتانە موبالەغەن و لە کوردستاندا بەو رادەیە نییە، هەروەک بینیشمان لە پەرلەمان نەرێی لێکرا، وەک ئەوەی بەرێکەوت باسێک هاتبێتە نێو باسان.

ئاخۆ کام رۆماننووس، کام چیرۆکنوس، هێندە بە توانابێت، تا بتوانێت چیرۆکێکی ئەفسوناوی پڕ لە راچڵەکینی ئاوا بەناوی ژنێکەوە دارێژێت؟

ئەوەی لە کوردستانپۆست باسکراوە، هێشتا تنۆکێکە لەو ئۆقیانووسی پڕ لە تاوانە، هەر لەو ساتەی بەشی کۆتایم دەخۆیندەوە کەمێک بێدەنگیی و نارەحەتی داگیری ده‌کردم بیرەوەرییە تاڵەکان لێم نەده‌گەڕان که‌ جارێکی دی نەچمەوە سەر یەکێک لە دۆسییەکان.
کاتێک ناوی (عەدە موشکیلە)م بیستەوە (عدنان) ناچار پەلکێشی کردم بۆ کات و شوێنەکانی پڕ لە ستەم، پڕ لە دوو ڕوویی بەشەرکە، هەمیشە بەدەم گوێگرتنی چیرۆکەکانەوە، دەمگوت: ئای ئینسان چ کائینێکی قێزەوندیی!.

مەگەر هه‌ر خۆم بزانم (عەدە موشکیلە) چی لە هەگبە و موبایلەیەکەیدا بوو! هەر ساتێ کە کەمێک بە دوو دڵیی و بێ بڕواییەوە دەمگوت:
- وا نییە کاکە گیان...  خۆ بەقسەی تۆ بێت شار کەسی تیا نییە.
خێرا بۆ راستگۆیی و بڕوابوون، هاندیەکەی دەر ده‌هێنا و یەکە یەکە ناو و ژمارەی وەک دەلیلی تەلەفونات پشان دەداین.
رۆژێک لە گرتووخانە، لە درێژەی چاوپێکەوتنێکدا پێم وت:
- وا نییە برواش ناکەم بەو ناوانە؟!
ئەوەندە توڕە بوو، کە دەتوت لەبەردەم خوادا دەیەوێت ئەستۆ پاکی خۆی دەرخات و بڵێ: ها ئەوە دەیان دەلیل کە درۆناکەم تا بەو ئاستەی وتی: دەی باشە من درۆ ناکەم، دەی پێم بڵێ منێکی سەرسەریی و گەواد ژمارەی ئەوانە چیدەکات له‌ لای من؟ وتم:
- نازانم، بەڵام کێ دەڵێت ئەوە ژمارەی ئەوانە؟ راستە ناوی ئەوانە نووسراوە، به‌ڵام من ناتوانم دڵنیابم. وتی:
- راستەکەی ئەوە ژمارەی ئەمیرە بیکە و بڵێ ئەو کاتەی فلان مەسئول دێت دەمەوێ ئاگادار بم، یان کاتەکەی بزانم، جا خۆت بچۆ گەر بە چاوی خۆت نەت دی، وەرەوە دوو تف بکەرە من.
***********
ناوی زوهرەش شتێکی هێنایەوە یادم، کە دەمەوێ کەمێک باسی بکەم:
رۆژێک زوهرە هاتە لام  ماوەیەک دوای لە ئازادکردنی لە سجن، وتی:
- خەندان خان دەمەوێت یارمەتیم بدەیت، دەمەوێ شوو بکەم، بەڵام هیچم نییە تۆ بەسەرهاتی من دەزانیی و من کە ناتوانم بڕۆمەوە ناوچەی خۆمان دەمکوژن (زوهرە خەڵکی بادینان بوو دەیگوت بارزانیم). پێم وت:
-  بەسەرچاو، هەرچی بە من بکرێ به‌ڵام دەبێت بزانم شو بەکێ دەکەیت؟ ئایا فێڵت لێ ناکات ؟ ئایا دڵنیاییت لەو کەسە؟ وتی:
- هاتووە لەگەڵم لە خوارەوەیە لە ژووری حەرەسەکانە. وتم:
- زۆر باشە با بێم قسەی لەگەڵدا بکەم.
(رێکخراوی خانزاد لە سەرەتای دروستبوونیەوە لە پێناو چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتیی و چین و توێژەکانی خوارەوە لەساڵی (1996)ه‌وە کاردەکات بۆ ژن و منداڵ، یەکێک لە مەرجەکانی ئه‌و رێکخراوه‌، پیاو بۆی نییە بێتە ژوور)

بەهەر حال کاتێک چووم لە نێو ژوورە پڕ لە بەر پرسیارێتیی و سەرقاڵیەکەی پاسەوانەکانمان کابرایەکی باڵابەرزی بەتەمەن جامانەیەکی لە سەردا بوو قنج قنج دانیشتبوو چای دەخوارده‌وه‌. زوهرە وتی:
خەندان خان، ئه‌مه‌یه‌. کابرا لە بەرم هەڵسا و وتی:
- ئای زۆر باشە، زوهرە بەتەمای تۆیە جا چیمان بۆ دەکەیت؟ لێم پرسی:
- دەتەوێت زوهرە مارەبکەیت؟
- ئەرەوەڵا
- چۆن چۆنی و بەتەمای چیت؟
- بەتەمای چیم، مارەی ئەکەم، ئیتر هی منە، بە بەردیابەم بەئاویابەم، هی خۆمە، وەک چۆن ئەو موبایلەی دەستت هی تۆیە.
- جا باشە زوهرە خۆ موبایل نییە؟
- فەرقی نییە..ههههههههههه (بەپێکەنینێکی تاڵەوە).
- با زۆری فەرقە .. ئیشت چیە؟
- جا تۆ کارت چییە بە ئیشی من؟ خۆ تۆ ژنم بۆ ناهێنی؟
- دەمەوێ بزانم ئیشت چییە لە کوێ داده‌نیشی؟
- لە بەکرەجۆ ئیشی سەرپێی دەکەم.
- وەک چی؟
- جا باشە زوهرە وتی: ئەچین یارمەتیمان بدات، نەیوت ئەچین بۆ لای پۆلیس خۆ تۆ ئەلێی پۆلیسی ئاسایشی.
- مادام زوهرە هاتۆتە لای من، منیش دەبێت هەندێ شت بزانم خۆ لەخۆمەوە چیتان بۆ بکەم.
- دادە گیان! پێچە بەدەورەی پێ مەکە، ئێمە ئەمانەوێت وەرەقەیەکمان بۆ بکەن و تەواو، ئێستا خۆ من هەر هی خۆمە، ئەوە دوو مانگیشە لە باخەڵی منە.
- خۆ زوهرە تەسکەرە نییە لە باخەلی تۆیا بێت، دەبێت چارەنووسی دیار بێت و بۆچی دوومانگە لای تۆیە؟
- ئێ دەی من بەخێوی دەکەم، ئەی بیکەمە سەرجادە؟ تۆ کەسێک بەخێو دەکەیت بە بەلاش؟
- کەواتە بە بەلاش لای تۆ نییە؟ تۆ زوهرەت بۆ چییە راست و رەوان پێم بڵێ؟
- وەلا بە (...........)ی دەدەم.
- چۆن ئاسان وا دەڵێی؟
- تۆ راستت ناوێ؟ قابیلە بۆچیمە؟! ئێمە خۆمان رێک کەوتووین و ئەویش رازیە و پێکەوە خانوومان هەیە و تەواو.
- چی تەواو؟ چۆن شتی وادەبێت؟ زوهرە تازە بەر بووە، تۆ دەتەوێ ئیشی پێبکەیت، به‌ڵام ئەوە نایاساییە! ئەی ناترسی؟
- لە کێ ؟ لە چی؟ بەخوا قەستەم تا لای من بێ، سجن نابینێتەوە بەچاو. ئەوە بەراستتە؟ جا کام مەسئول، کام زابت؟ هەر لە ئاسایشت دەوێ هەر لە مەرکەز شورتە دەڵێی، محامی، حاکم لە هەمووی خەڵک دەناسم و موشتەری خۆشمن.
- مشتەری چۆن چۆنی؟ لەوانەیە بەم قسانەش زوهرەت هەڵ خه‌ڵەتاندبێت؟
- جابۆ هەڵی دەخڵەتێنم خۆی مەمنونه‌.
- بۆ مەمنونە تۆ زۆر بەمنەتی؟
- ئێ باشە من نامەوێ، دەی بزانم روو دەکاتە کوێ؟ سێ شەو هەر لە باخی گشتی خەوتووە، ئەچێتە کوێ؟ دەی ئەوەندە نەجیب و خانەدانی باجی خەندە گیان بیبە لای خۆت.
- بەڵام من ئەتوانم شکاتت لێ بکەم، بەڕاستیی ئەوە تاوانە.
- جا حەزەکەی ئێستا برۆ بیکە دادە گیان، من ئەوە .. ئەو ژنەم هەر نەویست (پاڵێکی بەشانی زوهرەوە نا بۆ لای من). پرسییم:
- تا ئێستا نەگیراوییت؟
- با جارێک سجن کرام، دوای سێ رۆژ بەر بووم، خۆ چیم کردووە؟ دزیی؟ پیاو کوشتن؟ دادەگیان تۆ هێشتا مناڵی، من تەجروبەم هەیە، کێ من دەگرێت ئەوەی یەت، سوار ژن و کچ و خوشکەکەم دەبێت؟ ناتوانن وا ئاسان بمکەنە ژوور، چونکە ئەوان دەترسن، نەک من!
- ئاخر چۆن ناترسی؟
- من کاسپی ماڵی خۆم دەکەم خۆ بە زۆر بەکەسم نەکردووە؟ ژنی خۆمە کچی خۆمە، خوشکی خۆمە، ئێ خۆی رازییە .. ئیتر تۆ، یان حاکم، یان پۆلیس، چ کارەن . .  ها... !؟ رووم کرده‌ زوهره‌:
- زوهرە تا چەند رازیت بەو کارە بۆ دەتەوێ بەردەوام بیت؟  سجنت بیر چوو؟
- ئەز نزانم چ بکەم! خەندان خان چ شوێنم نینە، ئەوە دوو مانگە پارە دەداتە من، حەمی شت نزانم چی بکەم ئێستا گەر مارەم بکات دەچینە ئێران.
- بەڵام ئەوە حەل نییە رۆڵە.
- بەخوا زوهرە وتی دەرۆین ئەو ژنە وەرەقەیەکمان بۆدەکات، کەچی بوو بە مزگەوت شاڵا دائیرەی ئاسایش بوایە خۆ ئەوەندەم پێ نەدەچوو.
- جا باشە مادام ئەو هەموو ئاسایش و حاکم و کاربەدەستە دەناسی بۆ ناچیت ئەوان وه‌رەقەیەت بۆ بکەن؟
- جاخۆ پەکم نەکەوتوە زوهرە منی هێنا، دەنا بەخەڵکی تر دەڵێم بەخۆشحاڵیشەوە یارمەتیم دەدەن. من ئیشم بەوانە و ئەوانیش ئیشیان بە منە، پیاوەتیش پیاوەتی دەناسێتەوە.
- جا توخوا ئەوەی تۆ پیاوەتییە؟
- ئەی دادەگیان ئەمەی تۆ پیاوەتییە؟ تۆ دەڵێی لە گوێی گادا خەوتووی من 13ساڵە خەریکی ئەو کارەم و بێ ترسیش دەڵێم لە کێ بترسم، جا گەڕەك هەیە لەو هەولێر و سلێمانییە ماڵی تیانەبێت؟ جا بۆچی پێت وایە مشتەریمان کەم دەکات؟ وا دەزانی مشتەریەکانمان لات و پات و هەتیو و مەتیون؟ بەخوا قەستەم مەسئولی وا تەکلیفی لێکردووم خۆم لە شەرما بووم بە قەترەیەک ئاو.

ئه‌و پیاوه‌ درێژه‌ی به‌ قسه‌کانی دا و وتیی:
- ئا لە دوکان، کاتێک کوڕێک خنکابوو، هاتبوون بۆ جەنازەکەی. ده‌گه‌ڕان، منیش لە کابینەکان بووم، هاتن به‌دوای مه‌له‌وانه‌که‌دا ده‌گه‌ڕان، تا خنکاوه‌که‌یان بۆ بدۆزێته‌وه‌، له‌و کاته‌دا مه‌له‌وانه‌که‌ لە کابینەکان لەگەڵ ئافرەتێک رای دەبوارد،  هاتن دۆزیانەوە به‌ڵام یه‌کێک له‌وانه‌، که‌ مەسئول حیمایەی (x) بوو، کە چاوی بەو ئافرەته‌که‌ کەوت, هەر بێ سێو دوو وتی:
 باجارێ منیش مەلەیەک بکەم. وه‌ڵا پاش 8 رۆژ تەلەفونی بۆ کردم، وتی:
فڵانه‌ مەسئول دەیەوێ بێتە ئێرە و خزمەتێکی باشی دەوێ، وەڵا وتم فرسەتە ئەرزەیەکم دڵ پێوە بوو لە بەکرەجۆ، وەڵا تەکلیفم لێی کرد، بە دوو مانگ تاپۆکەیم خستە گیرفانم.
 دیسان وتیی:
- پیاوەتی ئاوایە، تۆش خەریکە ئەرز دادەخەیت و ئاسمان دەدەیت بەخۆتا!

ئەوە یەکێک بو لە چیرۆکەکانی رۆژانە، که‌ ئێمه‌ دەمان بیست. ئەوەی جێگەی هەڵوەستەیە، کابرایەک بەو پەری لوت بەرزیی و بێ منەتییەوە قسەدەکات، دەشێ نیوەی قسەکانی درۆ بن، بەڵام خۆ لانی کەم نیوەکەی تری راستە!

*************************



من لێرەوە دەڵێم کۆمەڵگایەک گەر غەریزە بیببات بەڕێوە، دەبێت چ داهاتوویه‌ک چاوەڕێی بکات؟ دەسەڵاتێک، کە بە هیچ جۆرێک تێر خواردنی بۆ نییە،  ئەوە بەرپرسانی ئەو میللەتەن، ژنێک دەکەن بەدوان، بە سیان خانویەک دەکەن بە چوار و به‌ پێنج، شوقەیەک دەکەن بە سیان. دەیان ریزە دوکان و گوندی خەیاڵیی و هەزارەها دۆنم رەز و باخ قووت ده‌که‌نه‌وه‌.
ئەو دەسەڵاتە تا توانی لە ماوەی بیست ساڵدا، هەرچی توانا و سەروەت و سامان و خوێنی میللەت هه‌یه‌، بۆ خۆیان برد، بەها کۆمەلایەتیی و پرەنسیپە ئینسانیەکانیان نه‌هێشت و لە ناویان برد.
دەسەڵاتی کوردیی سەرۆک خێڵن لە بەرگی سەرکرده‌دا.
ستەمکارن لە وێنەی مەدەنییەتدا.
دیکتاتۆرن لە ژێر دروشمی دیموکراسییدا.
داوێنپیسن لە بەرگی خاوێندا.

سەرۆکی کۆریای باشوور خۆی کوشت کاتێک هاوڵاتیان لێی ناڕازی بوون، ووتی: من روویەکم نەماوە سەیری میللەتەکەمی پێبکەم. تۆ بڵێی بەرپرسانی ئێمە چ روویەکیان هەبێت، یاخوود هه‌ر نییانه‌ بۆیه‌ خۆیان ناکوژن؟!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە