سامانی نه‌ته‌وه‌یه‌ك له سێبه‌ری به‌رژه‌وه‌ندیه‌كاندا

Friday, 24/05/2013, 12:00

1380 بینراوە








سه‌ره‌تای دۆزینه‌وه‌ی نه‌وت له كوردستان و عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی ١٩٢٧ كه له ئۆكتۆبه‌ری ئه‌و ساڵه‌دا له ده‌شتی بابه‌ گوڕگوڕقوڵپه‌ی ئاڵتونی ڕه‌ش ده‌ركه‌وتو هه‌واڵی چاڵه‌نه‌وتی گه‌وره‌ی كه‌ركوكی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنا، به درێژای ده‌یان ساڵ سامانی نه‌وتی ده‌وڵه‌تی ئه‌وسای عێراق له لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی به‌ڕیتانیاو ئه‌ڵمانیاو هۆڵنداو فه‌ڕه‌نساو پاشانیش له‌ لایه‌ن عوسمانیه موسڵمانه‌كانه‌وه به تاڵان بردرا. تا ئه وكاته‌ی ڕژێمی به‌عس به‌سه‌رۆكایه‌تی دیكتاتۆر سه‌دام حسێن له سه‌ره‌تاكانی حه‌فتاكاندا نه‌وتی عێراقی به خۆماڵی كرد و له‌وكاته‌وه وزه‌ی نه‌وت بۆته پرسێكی زۆر گرنگ له عێراق وبه‌وهۆیه‌شه‌وه گه‌لێك هه‌وڵی گۆڕینی چوگڕافیای ئه‌وناوچانه درا كه نه‌وتی لێ دۆزرایه‌وه و گه‌لێكیش گرفت و ماڵ وێرانی بۆ گه‌لانی عێراق هێناوه، دیارترینیان ئه‌و كێشانه‌ن كه بۆ كورده‌كان دروست بوون، ‌‌زه‌قبونه‌وه‌ی ئه‌م كێشانه له ساڵی ٢٠٠٣ به ته‌واوی ده‌رده‌كه‌وێت. كاتێك كورد له‌و ناوچانه‌ی ده‌كه‌وێیته باكوری عێراقه‌وه و به باشوری كوردستانی گه‌وره ده‌ناسرێت، سه‌ربه‌خۆ كه‌وتونه‌ته‌ مۆركردنی گرێبه‌ست و دۆزینه‌وه‌و فرۆشتنی نه‌وت له‌گه‌ڵ هه‌ندێ شیركه‌تی نه‌وتی ناوچه‌یی و ده‌ره‌كی، ئه‌م به بازاڕكردنه‌ش له ڕێی دوو پارتی باڵاده‌سته‌وه له‌م ناوچه‌یه كه‌له لایه‌ن دوو خێزانه‌وه كۆنتڕۆڵ ده‌كرێن ڕوو ده‌دات، له مێژووی گه‌لاندا و له مێژووی خودی نه‌وتیشدا زۆر كه‌م وێنه‌یه, دوو خێزان سامانێكی وه‌ها ده‌وڵه‌مه‌ندی نیشتمانی به‌رن بۆ خۆیان و دارو ده‌سته‌كه‌یان وه بیشیكه‌نه هۆیه‌ك بۆ مانه‌وه‌ی خۆیان و خێڵه‌كه‌یان له لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا. ئه‌م دوو حیزبه خێزانیه هاتن له ڕێگه‌ی ئه‌ودیوه‌خانه‌ی كه ناویان لێناوه په‌ڕله‌مان، به‌ڵێن و قه‌راردادێكیان نوسیوه كه ناویان لێناوه یاسای نه‌وت وگاز ، له‌م ڕێگه‌یه‌وه هه‌ندێك قه‌ولی یاخود گرێبه‌ستی فرۆشتنی نه‌وتیان مۆركردوه كه‌به چه‌وترین گرێبه‌ست له‌م ساته‌دا ده‌تواندرێت دابندرێن. ئه‌م گرێبه‌ستانه‌ی عێراق و به‌تایبه‌تی هی ئه‌م دوو خێزانه‌ی كه له‌ژێر ناوی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ستراون زیاتر مۆركی تاڵان فرۆشتنیان پێوه دیاره نه‌كوو ئابووری كردن، ئه‌م گرێبه‌ستانه‌ی كه حوكمه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ستونی گرێبه‌ستی دابه‌شكردنی به‌رهه‌میان پیده‌ڵێن واتا شیركه‌ته نه‌وتیه‌كان خه‌رجی به‌دواگه‌ڕان و هه‌ڵكه‌ندن ده‌گرنه ئه‌ستۆی خۆیان وه‌كوو ڕیسك كردن، گه‌ر سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون، ئه‌وا مایه‌پوچ ده‌مێننه‌وه و خۆ ئه‌گه‌ریش سه‌ركه‌و توو بوون، كه زۆربه‌ی كات ئه‌م ڕێكه‌وته‌یان ڕوو ده‌دات, له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م شیركه‌تانه تا ته‌واو دڵنیا نه‌بن، ده‌ست ناده‌نه هه‌ڵكه‌ندن و مه‌سره‌ف كردن، ئه‌وا به‌شیكی ئه‌و نه‌وت و گازه‌ی كه ده‌دۆزرێته‌وه ده‌بێت به هی خۆیان. ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی كه دۆزینه‌وه‌و ده‌رهێنانی نه‌وت له كوردستان به هه‌رزان ترین به‌رهه‌م هێنان داده‌نرێت ئه‌مڕۆ له دوونیادا. كاره‌ساته‌كه ئالێره‌دایه كه بۆ جارێكی تر سه‌روه‌تی نیشتیمانی كوردستان له ژێر ده‌ستی ده‌رده‌هێنرێت و ده‌بێته موڵكی شیركه‌تێكی نه‌وتی گه‌وره‌ی ئه‌مریكی یان به‌ڕیتانی و توركی دراوسێ و هاوئاینمان، ئه‌م جۆره‌ گرێبه‌ستانه‌ زۆر نادروست و نا نیشتیمانین، ئه‌مه‌ جگه‌له‌وی كه‌ خاوه‌ندارێتی سامانی نه‌ته‌وه‌یی كه‌موڵكی وڵاتێكه‌ له‌ده‌ست ده‌ده‌یت بۆ ماوه‌یه‌كی درێژخایه‌ن. ئه‌وه‌شمان له‌ بیر نه‌چێت، فرۆشتی نه‌وت و گاز زیاتر كاری ده‌وڵه‌تی نیشتمانیه‌ نه‌وه‌ك هه‌رێمێك، ئه‌م شێوه‌ هه‌ڵسوكه‌وته‌ له كاری وڵاتێكی فره هه‌رێمی ناچێت. مۆركردنی گرێبه‌ستی ئاوها گرنگ به بێ ده‌وڵه‌تی نیشتیمانی و به‌بێ ئاگایی ئه‌وده‌وڵه‌ته شتێكی زۆر دوره له‌ ڕێكخستن و به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتێكی خاوه‌ن سه‌روه‌ریه‌وه. بیرۆكه‌ی ده‌ركردنی یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستان له‌ كاتێكدا ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زی خاوه‌نی یاسایه‌كی نه‌وت وگاز نیه شتێكی ئاسایی نیه و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌م هه‌رێمه خاوه‌نی ده‌ستوری بنه‌ڕه‌تی خۆشی نیه تاكوو ئێستا، ئه‌مه‌ش جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه‌ له‌ڕووی یاسایه‌وه، لێره‌دا ده‌بێت پرسیار بكه‌ین، ئه‌وبه‌رژه‌وه‌ندیانه چین و كێن كه وا ده‌كات هه‌رێمی كوردستان ئاوها هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات. له‌پاش ڕوخانی ڕژێمی به‌عسی عه‌ره‌بی ئه‌مریكا و به‌ڕینانیا به‌تایبه‌تی له هه‌وڵی كۆنتڕۆڵ كردنی نه‌وتی عێراقدا بوون له ڕێگای یاساوه. له‌مێژه‌وه كه‌سانێكی وه‌كوو دیك چێنی له‌ سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠٠١ وه‌ ستراتیژیه‌كی داڕێژراوی وزه‌ی نه‌وتیان هه‌بوو بۆ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و له‌و به‌ینه‌شدا بۆ عێراق، ئه‌م لێكدانه‌وه سیاسیه‌ش بریتی بوو له دووباره كرانه‌وه‌ی بازاڕی نه‌وتی عێراق به ڕووی شیركه‌ته نه‌وتیه‌كانی دوونیادا به تایبه‌تی هی ڕۆژئاوا, له پاش داڕشتنی یاسایه‌كی نه‌وت و گازی به ئاراسته‌ی ڕۆژئاوا ئه‌مریكا و به‌ڕیتانیا, به تایبه‌تی هه‌وڵی زۆریان دا ئه‌م یاسایه له په‌ڕله‌مانی عێراق تێپه‌ڕێنن له پاش دوواكه‌تنی و تێنه‌په‌ڕاندنی تا ئه‌مڕۆ، هه‌رزوو ئه‌م به‌رزه‌وه‌ندیه ڕووی له‌و ڕێكخستنه‌ی باكوری عێراق كرد كه زۆر له به‌ڕێوبه‌راتی ئه‌مریكاوه نزیك بوو. ئه‌مه وای كرد ئه‌وه‌ی له باشور بۆیان سه‌رنه‌چوو له باكور به‌جێی بگه‌یه‌نن، ئه‌ویش داڕشتنی یاسایه‌ك بوو بۆ هه‌رێمی كوردستان و پاشان تیپه‌ڕاندنی له په‌رله‌مانی كورستان به خێرایی، مه‌ترسیه‌كی كه له‌م یاسایه‌دا هه‌یه ئه‌وه‌یه تا ڕاده‌یه‌كی زۆر بوار بۆ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له كه‌رتی به خۆیی كردن واڵا ده‌كات و ده‌رگا به ڕووی سه‌رمایه‌داری خۆرئاوادا ده‌كاته‌وه، هه‌ر ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌پاش تێپه‌ڕاندنی یاساكه شیركه‌تی نه‌وتی ئه‌مریكی هونت گرێبه‌ستی نه‌وتی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان مۆركردو ئه‌و مافه‌شی دا به‌ هونت له ناوچه‌ی دهۆك بۆنه‌وت بگه‌ڕێت و ماوه‌ی ئه‌م گرێبه‌ستانه‌ش تاكوو ٤٠ ساڵه‌, واته تا ئه‌وكاته‌ی وشكی ئه‌كه‌ن. به‌داخه‌وه‌ تائێسته‌ش زۆربه‌ی كورد و په‌ڕله‌مانه‌كه‌شی له‌و یاسایه‌و داهاتوه‌كه‌ی تێنه‌گه‌یشتون، له‌پاش ده‌رهێنان و فرۆشتنی ئه‌و نه‌وته شیركه‌ته‌ نه‌وتیه‌كان خێری خۆیان ده‌به‌ن و سودێكی كه‌م ده‌مێنێته‌وه‌ بۆهه‌ریمی كوردستان وه‌یان ئه‌وو دوو پارته‌ ئه‌شایره‌. سودی شیركه‌ته‌ نه‌تیه‌كانیش به‌ تاكوو ١٦٠٪ مه‌زنده‌ ده‌كرێت ،ئه‌و زه‌ره‌ره‌شی كه‌ كوردستان وعێراق ده‌یكات به‌ ٤٠٠ ملیارد دۆلاری ئه‌مریكی مه‌زنده‌ ده‌كرێت. كورد با باش بزانن تا ئه‌وكاته‌ی نه‌وتی كوردستان ڕوه‌و ڕۆژئاوا بڕوات كه‌م تا زۆرێك پشتیوانیان لێده‌كرێت و ئه‌وجار چاره‌نوسی كورده‌كان بۆ كوێ ده‌ڕوا بۆ ڕۆژئاوا تا ئه‌مڕۆ گرینگ نه‌بوه‌. ئیدی ئه‌و به‌رهه‌مه كه‌مه‌ی كه‌ده‌مێنێته‌وه و به‌ئاشكرا ده‌ڕواته گیرفانی هه‌ندێك خێزان و دارو ده‌سته‌كه‌یانه‌وه. جێگه‌ی بایه‌خ نیه‌ بۆ ڕۆژئاوا گه‌رنا هه‌موو باش ده‌زانن سه‌ركرده‌ كوردیه‌كان چیده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش به‌ داخه‌وه دووباره‌ بوونه‌وه‌ی هه‌مان سیاسه‌تی ڕۆژئاوایه‌ به‌رامبه‌ر خۆرهه‌ڵاتی ناووین و دیكتاتۆره‌كانی. كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به‌هه‌ر ئاراسته‌یه‌ك ئه‌م یاریه‌ بڕوات دۆڕاون، سه‌ركرده‌كانیان بۆ مانه‌وه‌ی خۆیان و خیزانه‌كانیان له‌ڕێگه‌ی به‌تاڵان كردنی سامانی نه‌ته‌وه‌یی كورده‌وه پێگه‌ی خۆیان به‌رده‌وام توندو تۆڵ ده‌كه‌ن، ئه‌و ‌داگیركه‌رانه‌ی تا دوێنێ ئاماده‌ نه‌بوون ناویان بهێنن، ئێسته‌ داوه‌تیان ده‌كه‌ن و له‌سه‌رۆك خێڵه‌وه بوونه سه‌رۆك هه‌رێم. گه‌وره‌ترین مه‌ترسی بۆ سه‌ر خێزانی مه‌لا مسته‌فا تووركه‌كان بوون، ئێسته‌ گه‌وره‌ترین دۆستیانن, له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئاڵتونی ڕه‌ش به‌ره‌و توركه‌كان و پاشان ڕۆژئاوا ده‌ڕژێت، سبه‌ی كه‌ به‌رژه‌وندیه‌كان نه‌مان، سیناریۆی داگیركردن و ئه‌نفال وژێرده‌سته‌ی دووباره ده‌بێته‌وه. گه‌ووره‌ترین مه‌ترسی ئه‌مرۆ بۆ سه‌ر كورده‌كان خودی سه‌ركرده‌ خێڵه‌كیه‌كانی كورد خۆیانن، به‌دێژای مێژوو ئه‌م سه‌ركردانه‌ له بازنه‌ی خێزانه‌كه‌یان و خیڵه‌كه‌یان و پاشانیش ناوچه‌كه‌یان بیریان كردۆته‌وه و هه‌رله‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌شه‌وه‌ سه‌یری ده‌وروبه‌ری خۆیان كردوه. ئه‌مانه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ ئاشنایه‌تیه‌كیان له‌گه‌ڵ بیری ده‌وڵه‌تداری نیه‌و هیچ كاتێك له‌سه‌ر ئاستی نه‌ته‌وه‌و نیشتمان نه‌یان توانیوه بیر بكه‌نه‌وه. بێده‌نگ بوونی كۆمه‌ڵگای كوردی سنوری هه‌یه‌و با سه‌رۆكه‌كان باش بزانن، گه‌ر ئه‌مڕۆ له ژیانیشدا لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ نه‌كرێت ئه‌وا مێژوو ئێسقانه‌كانیان دادگای ده‌كات.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە