ئەو مەلا و لایەنانەی لە ئاست تەكفیركردنی مافی خەونبینی كورد بێدەنگن !!

Wednesday, 02/02/2011, 12:00

1453 بینراوە




ئەوەی ئاینپەروەران هەمیشە شانازی پێوەی دەكەن، كە حەق و راستی هەر پرس و مەسەیەك نە پەیوەستە بە نەتەوە یان دین یان مەزهەب یان رەنگ یان رەگەزی هیچ كەسێكەوە و نەش بە تایبەتمەندی و رەفتاری هیچ میلەتێكەوە، بەڵكو جگە لەخوداپەرستی و بەدیهێنانی ئەرك وخواستەكانی ئایین و تەقوا و بەرزراگرتنی بنەماكانی دین بەتایبەتی لە ئیسلامدا و دەرنەچوون لە رێنماییەكان و پیرۆزیەكانیی ناتوانرێت بە میزاج و فكرو و ئیجتهادی خۆت مافی گشتی بۆ خەڵكانێك حەڵاڵ بكەیت و بۆ خەڵكی تریش هەمان ماف حەرام بكەیت، ئەم شێوە راوبۆچوون و رەفتارانە ئەگەر جیاوازی تێكەوت دووفاقیەتی بەسەردا دەسەپێت و ئەمەش لادانە لە ئیدعای عەدالەت و چاكەخوازی دین و مافپەروەری مرۆڤی خوداپەرست كە لە دەقە پیرۆزەكاندا هاتووە و شوێنكەوتوانی دووپاتی دەكەنەوە، وەك سەرجەم ئاینداران پابەندن پێوەی و بۆ موسڵمانانی روون دەكەنەوە، ئەگەر هەر كەسێكێش گومانی لە خزمەتكردنی ئایین بۆ نەتەوەیەكی تایبەت و دیاریكراو بخاتە پاڵ هەر دینێك بە تایبەتی ئیسلامەوە هەموو بانگخوازان و مەلا و شێخ و مشایخ فەتوایەی زەندیقیی دەدەنە پاڵ و بۆیان بكرێت رەجمیشی دەكەن.
لەو ماوەیەدا راو هەڵوێستی جۆربەجۆر لەمەر پرسە نێوخۆییەكانی كوردستان لە لایەن زۆر ناوەند و كەس و لایەنەوە خرانە بەر راڤەكردن و شیكردنەوە و هەڵسەنگاندن و هەڵوێست وەرگرتن، تەنانەت لەسەر وشە و وێنە و راوبۆچونی كەسێكێش هەراوزەنا نرایەوە و كار گەیشتە ئەوەی رەتكردنەوەی پرۆژە یاسایەكیشی بەدوای خۆیەوە لە لایەن سەرۆكی هەرێمەوە هێنا، لەبەر خاتری نارەزایی ژمارەیەك مەلا ئەگەر لایەنی ئیسلامی سیاسی بە ناراستەخۆش لە پشتیەوە بوبێتیش و، هەندێك خاڵی لاوازی وەزعی گشتی هەرێم بقۆزنەوە تەنانەت جەماوەر و خەڵكیشیان لە رۆشنبیران و نوسەران هاندا و رای گشتی كوردستانیان وروژاند.
ئەوەی مایەی سەرسورمانە كە لە ئاست كردەوەیەكی بچوك و رای كەسێك بە قووڵی خۆت خورت كەیتەوە و هەموو توانایەكت یخەیتەگەر و تەنانەت دژوەستانی ئەو جۆرە كردەوە شەخسیانە بە عیبادەت و بەدیهێنانی سونەتی ئیسلام لەقەڵەم بدەیت،بەڵام لە ئاست راوبۆچون و بوختان و تەكفیركردنی میلەتێك لە لایەن خەڵكی دەرەكیەوە نوززەت لێنەیەت و تا بۆت بكرێت خۆت لەقەرەی نەدەیت و چاوپۆشی لێبكەیت .
بۆ چەندین ساڵە شێخ زاری و دارودەستەكەی بەراست و چەپ فەتوای دژ بە خواست و ئاواتی گەلی كورد دەردەكەن و كەس وەڵامیان ناداتەوە، ئەمەش بە قوربانی ململانێ سیاسیەكان كراوەو و، دەگوترێت كە هەڵوێستی ئەو توندرەوانە جگە لە راوهەڵوێستێكی سیاسی ناچێتە خانەی دینداریەوە و ئەگەر هیچ كەسێكیش دەنگێكی هەڵنەبریبێت هەروا رۆیشتووە و لێیان قبوڵكراوە، بەڵام بە تەكفیركردنی داوا و حەقی خەونبینی گەلی كورد لە بەدەستهێنانی مافێكی سەرەكی خۆی تەنانەت بە جیابونەوە و دروستكردنی كیانی تایبەتی خۆیەوە لە لایەن بانگخوازێكی مامۆستای شەریعەتی ئیسلامی زەمانی دیكتاتۆریەتی بەعس و ئێستاش كە (عەبدولكەریم زەیدان)ە،حەقوایە شێخ و مەلا و لایەنەكانی ئیسلامی سیاسیش كە سەرو بنی زمانیان لە هەر بۆنەیەكدا ئەگەر لە پێناو موزایەدەی سیاسیش بێت باسكردنە لە رەوایی مافی كورد لە بنیاتنانی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی ،پێویستە هەڵوێستی رەسمی و شەرعی خۆیان دیاریبكەن و زۆر نا با بەقەد هەڵا و نارازیبونەكانیان لە سەر پرسە نێوخۆییەكانی خۆمان دەنگ و رای خۆیان ئاشكرا بكەن و مافی گشتی گەلی كورد بە قوربانی ململانێی سیاسی و رازیكردنی برای دینی نەكەن و مینبەری مزگەوتەكان بۆ حەقێكی دێرینی كورد بەگەر بخەن. دەكرێت هەر هیچ نەبێت ئەو پرسیارەیان بكردایە كە بۆ چی ئەو شێخ و موفتی و بانگخوازانە لە ئاست جیابونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی باشووری سودان (پیرۆزیان بێت) نقەیەكیان لێوە نەهات و بۆ ئەوەی كورد دەمكوت بكەن و پێشوەخت ئەو مافەی لێ زەوت بكەن بەعس ئاسا رێگە لەو جۆرە بیركردنەوە وخەوبینینە دەگرن، نەوەك رێگەی بەدیهێنانی مافی چارەنوسی خۆیان دیاریبكەن . لێرەدا بۆمان دەردەكەوێت كە تاچەند دین بۆ پاراستنی مافی نەتەوەیەكی دیاریكراو و خودپەرست بەكاردێت و میللەتی ژێردەستەش بۆی نیە بەرگری لە سادەترین مافی خۆی بكات و، بارودۆخی نێوخۆ و لایەنە سیاسیەكانیش بە ئیسلامی سیاسی و مەلا و شێخەكانیشەوە تەنها لە هەڵەیەكی نێوخۆیی لێرە و رایەكی نەگونجاو لەوێ و رەفتارێكی ئێرە و بۆچونێكی ئەوێ هەڵابنێنەوە،لەوێشدا با بۆ گەلی كوردستانی دیاری بكەن هەڵەی دژ بە بنەماكانی ئایین چ لە نێوخۆ بێت یان دەرەوە حەرامە یان نا، با لە فەتواكەی زەیدانیش هەڵوێستی خۆیان دیاریبكەن، ئەوسا دەیسەلمێنن كە لەئاست مافەكانی گەلی كوردیش بێدەنگ نابن وەك ئەركە ئاینیەكان .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە