ململانێى نەوشیروان مستەفا لەگەڵ تاڵەبانى و بەرزانیدا بە كوێ دەگات

Tuesday, 26/05/2009, 12:00

4045 بینراوە


هۆكارەكەى هەر چیەك بێت و ئەنجامەكەى هەر چۆنێك بێت،پارتى و یەكێتى لەسەر ئەوە رێكەوتون كە بە لایەنى كەمەوە تا چوار ساڵى ترپێكەوە فەرمەنڕەواى هەرێمى كوردستان بكەن،لەبەر ئەوەى ئەو دوو حزبە لە ماوەى هەژدە ساڵى رابوردووى دەسەلاتیاندا وێنەیەكى جوان و دادپەروەریان پێشان نەدا،لەلایەن زۆرینەى تاك و پێكهاتەكانى كۆمەڵگاوە رووبەرووى نارەزایى بوونەتەوە،نارەزاییەكە هێندە فراوان بووە،ریزى رێكخستنى حزبە دەسەڵاتدارەكان و بنەماڵە دەسەڵاتدارەكانى هەرێمى كوردستانیشى گرتۆتەوە.لە ماوەى دو ساڵى رابوردوودا رەوتى ریفۆرمى ناو یەكێتى نیشتمانى كوردستان دەستیان لە پۆستە حزبی و حكومیەكان هەڵگرت و كۆمپانیاى وشەیان پێكهێناو بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى ئایندەش لیستى گۆڕانیان درووستكرد.لە ناو بنەماڵەى دەسەڵاتدارى (ى ن ك)دا هەڵۆى برایم ئەحمەد لەسەر پیشاندانى نارەزایى لە لایەن سكرتاریەتى جەلال تاڵەبانیەوە لە ریزەكانى حزب دەركرا و حزبى پێشكەوتنى درووستكرد و لیستى پێشكەوتنى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمى كوردستان پێكهینا و خۆى بۆ سەرۆكى هەرێم پاڵاوتوە.لە ناو پارتى دیموكراتى كوردستاندا ماوەى چەند سالێكە جەوهەر نامق پۆستى سكرتێرى (پ د ك) ى بەجێهێشتوەەو لە دەرەوەى حزب لەگەڵ چەندان كادرى ترى (پ د ك) وەك ئۆپۆزسیۆن درێژە بە تێكۆشان ئەدەن ،لە ناو عەشیرەتى دەسەڵاتدارى (پ د ك) داعەبدولمسەوەر بەرزانى دەنگى رەخنەو نارەزایى خۆی بەرزكردەوەو بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى ئایندەى هەرێمى كوردستان لیستى بزووتنەوەى چاكسازى ئامادە كردوە.ئەم شەق بوونەى ریزى حزبە دەسەڵاتدارەكان و بنەماڵە دەسەڵاتدارەكانى هەرێمى كوردستان و خۆرێكخستنیان وەك ئۆپۆزسیۆنى سیاسى هەنگاوێكى سەرەتاییە بۆ پێشخستنى تێكۆشانى دیموكراتى لە هەرێمى كوردستاندا.
لە بەرامبەر زۆربون و خۆرێكخستنى نارازییەكانى دەسەڵاتى هەرێمدا،پارتى و یەكێتیش كەوتونەتە خۆ،بۆ سنورداركردنى چالاكى نارازیەكان جۆرەها پلانیان دارشتووە.لیستە نارازیەكان دەیانویست لە پەرلەمانى ئایندەى هەرێمدا شەڕى دەسەڵات بكەن،پەرلەمان چالاك بكەن و لە چنگى حزب دەریبێنن و بیكەنە سەرچاوەى بریار و یاسا و چاودێرى حكومەتى هەرێمى پێبكەن و لەوێشەوە سیستەمى سیاسى هەرێم بگۆڕن.بۆیە یەكەم پلانى پارتى و یەكێتى دژى لیستە نارازیەكان گواستنەوەى شەرەكە بو لە پەرلەمانەوە بۆ شوێنێكى تر كە ئەگەرى زۆر هەیە ئەوان تێیدا سەركەوتووبن،داواكەى مەسعود بەرزانى كە لە هەڵبژاردنى ئایندەدا دەبێت سەرۆكى هەرێم راستەوخۆ لە لایەن خەڵكەوە هەڵبژێرێت،راز بوونى پەرلەمان و كۆمسیۆنى بالاى هەڵبژاردنەكان بەو داوایە،گۆرانكاریەكى چۆنایەتى(نەوعى) لە سیستەمى سیاسى هەرێمدا درووستكرد،رازى بون بەو بریارە بەو واتایە دێت پارتى و یەكێتى شوێنى پێكدادان و ململانێكانى خۆیان و نەیارەكانیان لەپەرلەمانەوە گواستەوە بۆ سەرۆكایەتى هەرێم،ئتر لە گۆرەپانى سەرۆكایەتى هەرێمدا سەركەوتن و ژێركەوتنى لایەنە ناكۆكەكان یەكلادەبێتەوە،ئترر پەرلەمان ئەو شوێنە نیە كە شەرى ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتى تێدا یەكلابكرێتەوە،لەبەر ئەوە سیستەمى سیاسى هەرێم لە سیستەمى پەرلەمانیەوە دەبێتە سیستەمى سەرۆكایەتى و پەرلەمان هێند گرنگى نامێنێ و دەسەڵاتى سەرۆكى هەرێم زۆر دەبێت و دەسەلاتى بەسەر پەرلەماندا دەشكێت و دەتوانێت بریار و یاساكانى پەرلەمان رابگرێت و دەتوانێت پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە.
لە دواى ئەو گۆرانكاریە چارەنوسسازە،دەبوو لایەنە نارازیەكانى دەسەلات زوو فریاى خۆیان بكەون و كاندیدى سەرۆكى هەرێمیان دەستنیشان بكەن و هەوڵى بردنەوەى پۆستى سەرۆكى هەرێمیان بدابایە،بەڵام تا ئەمرۆ ئەو لیستانەى كە چاوەڕوان دەكرا لە هەڵبژاردندا دەنگى باش بەدەستبخەن و ئۆمێدى گۆرانكاریان لێدەكرا،پاڵێوراوى خۆیان بۆ پۆستى سەرۆكى هەرێم دەستنیشان نەكردووە. یەك لە هۆكارەكان كە لیستى (گۆڕان) ى والێكرد لە گەڵ سەركردایەتى (ى ن ك) دووچارى كێشە ببێت و لیستى تایبەتى هەڵبژاردن درووستبكەن،ئەو رێكەوتنەستراتیجیەى نێوان پارتى و یەكێتى بوو كە بە برواى لیستى گۆڕان لەو رێكەوتنەدا یەكێتى زۆر زیانى كردووە وپارتى قازانجى كردووە،چاودێرانى سیاسیش پێیانوایە ئەگەر پرۆسەى هەڵبژاردنى سەرۆكى هەرێم بەو شێوەیە بەرێوەبچێت ئەگەرى زۆر ئەوەیە كە مەسعود بەرزانى سەرۆكى (پ د ك) پۆستى سەرۆكى هەرێم بە دەستبێنێت و هێندەى تر دەسەلاتى (پ د ك) لە هەرێمى كوردستاندا بەهێزببێت،بۆیە ئەگەر بەرنامەى سەرەكى لیستى گۆران سنورداركردنى دەسەڵاتى (پ د ك) بوایە،دەبوو لیستى گۆران لە بەرامبەر ئەو گۆرانكاریەدا كاردانەوەیەكى نیشان بدایە و بەرنامەیەكى دەرخستایە كە ئاستەنگى بۆ سەركەوتنى مەسعود بەرزانى درووستبكات و كاندیدى سەرۆكى هەرێمیان دەستنیشانبكردایە،كاتێك لیستى گۆڕان لە بەرامبەر شێوازى هەڵبژاردنى سەرۆكى هەرێمدا بى پرۆژە مایەوە،دەتوانین بڵێن گۆرانكاریەكەى لیستى گۆران هەر لە ئێستەوە لە لایەن بەرزانیەوە رووبەروى ئاستەنگى بۆتەوە و لیستى گۆرانیش هەوڵ نادات ئەم ئاستەنگیە تێپەرێنێت.
كێشەیەكى ترى لیستى گۆران لە ناوخۆى (ى ن ك) دایە،بەرپرسانى لیستەكە و كۆمپانیاى وشە،تا ئێستە ئەندامى (ى ن ك) ،ژمارەیەكیشیان پۆستى سەركردایەتیان هەیە،لیستى گۆران نایەوێت لە ئەندامێتى یەكێتى دەربچێت،لەوە دەچێت بیانەوێت لە ناو یەكێتیدا بمێننەوە و سوود لە مێژو و جەماوەر و تواناى مادى وەربگرن و ئەگەر بۆشیانكرا سەركردایەتى (ى ن ك)بخەنەوە دەستى خۆیان،من پێشتریش وتومە كە راگرتنى ئەم هاوسەنگیە بەو شێوەیە زۆر زەحمەتە،زەحمەتە لە یەك كاتدا ئەندامى یەكێتى بیت و خۆت بە یەكێتى بزانیت و بۆ دژایەتى سەركردایەتى ئێستەى ئەو یەكێتیە و بۆ كێبڕكێ لەگەڵ لیستى ئەو سەركردایەتیە بتوانیت تا سەر سوود لە تواناى یەكێتى وەربگریت.
بۆ بەرەنگاربوونەوەى لیستى گۆڕان لە ناو یەكێتیدا، نزیكەى مانگێكە سكرتێرى (ى ن ك) جەلال تاڵەبانى بەغداى بەجێهێشتوە و بە شێوەیەكى راستەوخۆ و ناراستەوخۆ دژى لیستى گۆران هەڵمەتى هەڵبژاردنى دەستپێكردووە،لە هەفتەى رابوردووشەوە دەركردن و نانبرینى بەرپرس وكادرەكانى سەر بە لیستى گۆرانى ناو یەكێتى دەستپێكردوە،دەركردنەكان وەرگرتنەوەى پۆستەكان و گێرانەوەى پێویستیەكانى راپەراندنى كار و موچەش دەگرێتەوە،ئامانجى ئەم سیاسەتەى تاڵەبانى ئەوەیە لیستى گۆران و نەوشیروان مستەفا نەتوانن سوود لە مێژوو و كادر و جەماوەر و تواناى مادى یەكێتى وەربگرن،ئەگەر ئەم سیاسەتەى تاڵەبانى بەرامبەر بە لیستى گۆران تا ماوەیەكى تر بەردەوام بێت فشارێكى زۆر لە سەر لیستى گۆران درووستدەبێت و ئەگەرى ئەوە هەیە رووبەروى كێشەى جدى ببێتەوە.
لە بەرامبەر ئەم دوو هێرشەى بەرزانى و تاڵەبانیدا ئەو بێدەنگیەى نەوشیروان مستەفا خەڵكى خستۆتە گۆمانەوە،زۆرینەى خەڵكى كوردستان هیوایان بەوە بوو نەوشیروان مستەفا لە بەرامبەر بەرزانى و تاڵەبانیدا بوەستێت و گۆرانكارى بكات،بەڵام ئەمرۆ خەڵك دەپرسن ئەگەر نەوشیروان مستەفا ئامانجى گۆرینى سیستەمى سیاسى هەریمى كوردستان بوو؟ بۆچى خۆى بۆ پۆستى سەرۆكى هەرێم نەپاڵاوت؟ لەگەڵ ئەوەى چەندان كەسایەتى لە ناو لیستى گۆران و لە دەرەوەى لیستى گۆران پێشنیاریان كرد تا خۆى بۆ پۆستى سەرۆكى هەرێم بپاڵیوێت،بەڵام بەو پێشنیارە رازى نەبوو،تا ئێستەش دیار نیە كە پشتیوانى لە كاندیدەكانى ترى پۆستى سەرۆكى هەرێم دەكات،دەنگوو باسێكیش هەیە كە هەندێك لە ئەندامانى لیستى گۆران وتوویانە لە هەڵبژاردنى سەرۆكى هەرێمدا ئێمەش دەنگ بە مەسعوود بەرزانى ئەدەین. لێرەدا مرۆڤ بۆى هەیە بپرسێت بۆچى نەوشیروان مستەفا هەڵوێستی سارد لە سەر پۆستى سەرۆكى هەرێم نیشان ئەدات؟ئایا لەبەر ئەوەیە كە لەم كاتەدا سەركردایەتى یەكێتى دژایەتى دەكەن و نایەوێت سەركردایەتى پارتی و بەرزانیش دژایەتى بكەن؟ یان پۆستى سەرۆكى هەرێم بۆ ئەو هێڵى سورە و نابێت بیبەزێنێت؟.
بەرامبەر بە هێرشەكانى سەركردایەتى (ى ن ك) بۆ دەركردن و نانبرینى كادرەكانى لیستى گۆڕان،كە رۆژى 25-5- لە كۆبوونەوەى سەركردایەتى ى ن ك گەیشتە لووتكە،لەوە ناچێت نەوشیروان مستەفا پێشتر حسابى بۆ ئەم پێشهاتە كردبێت و بەرنامەى رووبەروبونەوەى بۆ ئەو پێشهاتەدانابێت،بەیانى كۆتایى كۆبوونەوەكەى سەركردایەتى (ى ن ك) روون و ئاشكرایە و دەڵێت : لیستى كوردستانی لیستى یەكێتیە، ئەوەى دەنگ بە لیستى كوردستانی نادا یەكێتى نیە،بەمەش تاڵەبانى دوو رێگەى لەبەردەمى نەوشیروان مستەفادا داناوە،یەكەم جیابوونەوە لە (ى ن ك) كوردستان و ئامادەكارى بۆ پێكهێنانى رێكخراوێكى سیاسى ئەمەش دلخوازى نەوشیروان مستەفا نیە كاتەكەى لە بار نیە،دووەم رێگە پاشگەزبوونەوەى نەوشیروان مستەفایە لە لیستى گۆران، ئەمیتریش هەر لە بەرنامەى نەوشیروان مستەفادا نیە و هەردوو ریگەكەش باش نین،جیابوونەوە لە یەكێتى بەو واتایە دێت لە هەڵبژاردنى ئایندەى پەرلەماندا سوود لە جەماوەرو تواناى مادى و بەشەرى (ى ن ك) وەرناگرێت و دەسەلاتى هەرێم و دەسەلاتى عراق بە ئاشكرا دوژمنایەتى دەكەن و لەوانەیە لە قادر عەزیز خراپترى بەسەردا َبێت،وازهێنانیش لە لیستى گۆران بە واتاى بێ ئۆمێد كردنى لایەنگرانى نەوشیروان مستەفا و لاوازكردنى پرۆسەى دیموكراتى هەرێمى كوردستان دێت.
فائیق محەمەد گوڵپى 25-5-2009

ململانێى نەوشیروان مستەفا لەگەڵ تاڵەبانى و بەرزانیدا بە كوێ دەگات

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە