سەباح عەلی قارەمان

https://www.facebook.com/profile.php?id=100087679831919

https://www.facebook.com/sabahaliqareman


روونكردنه‌وه‌يه‌ك له‌ باره‌ى ناسيح هه‌ڵەبجه‌يیه‌وه‌

Saturday, 15/03/2014, 12:00

1888 بینراوە


ماوەیەکە زۆر كه‌س په‌يوه‌نديیم پێوه‌ ده‌كه‌ن، ده‌ڵێن ناسيح هه‌ڵەبجه‌یی (ناسح عەبدولرەحیم) هاوڕێى تۆيه‌ بۆ قسه‌ى له‌گه‌ڵدا ناكه‌ى، چونکە بیرکردنەوە و هەڵویستیی زۆر گۆڕاوە بەرامبەر بە دەسەڵات و بەرامبەر بەو نیشتیمانە هەتکراوەی، کە هەموو هاوڕا و یەک بیروبۆچوونمان هەبوو، ئێمە ئەو کەسە ناناسینەوە، بۆیە هەست دەکەین، ئیبلیسەکانی دەسەڵات گیان و رۆحیان داگیرکردبێت، چونکە ناسح ئەو کەسە نەماوە، کە ئێمە دەمانناسی! تۆ له‌ رابردوودا زۆر به‌رگريت لێ دەکرد، ئیستا وەک دەبینین لە فەیس بوکدا و لە گفتوگۆکانییدا کەسێکی ترە، ئایا بەڕاستی کەسە ئازادەکەی جارانە، یان لە زیندانە و ناچاری دەکەن ئەم قسە و هەڵویستانەی هەبێت؟!
بۆیە من وەکو خۆم لێره‌وه‌ ئەمەوێت وه‌ڵامى ئه‌و بەڕێزانە بده‌مه‌وه‌ كه‌ ئه‌و پرسيارانەیان ئاراسته‌ کردوم. من لە دڵسۆزی و خەمخۆری ئەوان دەگەم، دەزانم وەک تاکی کورد هەموو لەبێئاگاییدا ژیان دەبەینە سەر، تەنانەت ئاگاداری خۆمان و دەرونی خۆشمان نین.
راسته‌ من له‌ رابردوودا به‌ نووسين به‌رگریيم له‌ ناسيح هه‌ڵەبجەیى كردووه‌، بەرگریی من لە خودی ناسیح نەبووە، بەڵکو "به‌رگريی بووە له‌ ئازادیی" لە ئازاریی هەموو تاکێکی کورد، کە لە خۆمدا بینیوەتەوە، ئیستاشی لەگەڵدا بێت هەر کەسێک ببینم ئازار دەدرێت و دەیەوێت لە کۆیلەبوونەوە بەرەو ئازادبوون هەنگاو بنێت، هەوڵ دەدەم لەگەڵییدا رێ بکەم، دەبمە هاوڕێی، لە قۆناغیکدا ناسیح ئەو هاوڕێیەم بووە، ئەمڕۆ کە ئەو رێگا دەگۆڕێت، من رێگای خۆم لەگەڵیدا نەگۆڕیوە، منپێم وایە هەموومان وەک کورد تاکە رێگایەکمان هەیە بۆ رزگاریی و ئازادیی، نەک دوان، من بەرگرییم لەمرۆڤی کورد و لە پەیامی مرۆڤایەتیی کردووە، ئەو کەسە هاوڕێم بووبێت، یان هەر شتێکی تر، بۆ من گرنگ نەبووە، لای من هەڵوێست وەرگرتن لە کەسێکی ئازاوە بۆ ئازادیی مرۆڤەکان گرنگتر بووە، مافی هەموومانە پشتگیریی لێبکەین و لەگەڵییدا بین، گەر ئەو تاکە هەڵگری هەر بیرباوەڕ و ئایدایەک بێت، لێرەوە دیسان دەمەوێت ئەو پەردەیە لەسەر خۆم هەڵماڵم و ئەو نهێنییە بدرکێنم، کە ئێستا قۆناغێكى نوێ له‌ ژيانم ده‌ستى پێكردووه‌، بۆم روون بووه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ى هه‌ندێك جار من به‌ ئازادیى راده‌ربرينم زانيووه‌ و كوێرانه‌ به‌رگريم لێكردوه‌ راست نه‌بووه‌،  هزر لەوێدا غایب بووە، کاتێکیش هزر لە لای مرۆڤ غایب دەبێت، سۆز بە سەر کردار و نووسیندا زاڵ دەبێت، ئێستا بير ده‌كه‌مه‌وه‌، به‌زه‌یيم به‌ هه‌ژاریى هەندێک لەو نووسينانەی خۆشمدا دێته‌وه، شەرم لە بەشێک لە هەڵسوکەوت و کرداری رابردووی خۆشم دەکەم، ئەگەر تیورییەکەی ئێنیشتاین راست بێت بۆ مانەوە و هێنانەوەی رابردوو و توانای گەڕانەوەم هەبێت بۆ ئەوکاتانەی هەڵەم تێیدا کردوە و نووسینێکم نووسیبێت کە ئەمڕۆ لێی پەشیانم ئەوا دەخوازم بگەڕێمەوە تا کردارەکانی رابردووم بەپێی ئەو تیورییە راست بکەمەوە، بۆیە لە ئیستا دەپرسم داخۆ ژیان بگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتانە جارێکی تر ئەوانە بنووسمەوە؟ بەپێچەوانەشەوە هه‌ندێك نووسينى ديكه‌شم هه‌يه‌، له‌ خۆم خۆشتر ده‌وێن و ئامادەم بەژیانم بیانپارێزم. ئه‌توانم بڵێم (مادام من هه‌م و ژیان دەکەم، كه‌واته‌ هه‌ڵه‌ش ده‌كه‌م و دەبێت بیشیکەم). هەر بۆیە پێويسته‌ مرۆڤ ماوه‌ ماوە لەکردارو کارەکانی بڕوانێت و بەچاوی دروستبونەوە لەخۆی و دەوروبەریشی بڕوانێت . بەدڵنیایەوە پێتان دەڵێم کە مەبەستی من چاوی فیزیایی نییە کەشتەکانی پێدەبینین . دەبێ تەنها ڕاستییەک بۆ ئێمە پڕمانایە، کە لەدەرونەوە ئەزمونمان کردبێت.
من ئیتر لێره‌وه‌ به‌و هاوڕێيانه‌ ده‌ڵێم ناسيح هه‌ڵبجه‌یى كه‌سێكى ئازاده‌ چۆن بيرده‌كاته‌وه‌، منيش كه‌سێكى ئازادم چۆن بير ده‌كه‌مه‌وه‌، هەرب ۆیە دونيابينیی و نیشتیمانبینی من جياوازه‌ له‌ گه‌ڵ شاربينى کاک ناسیحدا، ده‌توانم بڵێم من ئيستا هيچ په‌يوه‌نديیه‌كى ستراتیجی و هاوخه‌باتى و هاوخاڵییەک كۆی نەکردووینەتەوە و هاوڕێتى بە شێوە زانستی و مەردوم بوون لە  نێوانماندا نەماوە، بەداخەوە ئێستا تاکی کورد لەم بەشەی نیشتیمانەکەمدا وا تێکشکاوە بەئاستەم کەسێک دەدۆزیتەوە متمانەی پێبکەیت، ئەم قسەیەشم لە ڕووخان و ڕەشبینییەوە نییە بەڵکو ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە و لەگەڵیدا دەژیین. ناسح هەڵەبجەیی به‌ڕێگاى خۆيدا ده‌ڕوات منيش به‌ ڕێگاى خۆمدا دەڕۆم، کە ڕۆژانە خەڵکی بەشێت و هەندێک بە گوناح و هەندێکیش لەژێر لێوەوە خەندەم بۆ دەکەن و هەشیانە دەیەوێت هەر نەمبینێت، بەڵام من هەموویانم خۆش دەوێت، چونکە هەر هیچ نەبێت هەموو هاوخوێن و هاو نەتەوەین و خەڵکی یەک نیشتمانین، بۆيه‌ بڕیارم دا چيتر وه‌ڵامى ئه‌و كه‌سانه‌ نەده‌مه‌وه‌ و لە ڕێگەی ئەم ڕوونکردنەوەیەوە پەیامی خۆم دەگەیەنم بەو مرۆڤە بە ئەمەکانەی لە خەمێکی گەورەدان، نەک لە خەمی بەشێکی بچوکی دەوروبەری خۆیان، كه‌ له‌و باره‌يه‌وه‌ پرسيارم ئاراسته‌ ده‌كه‌ن، داخۆ من دەتوانم شتێک بکەم؟ من بەو دڵسۆزانە دەڵێم ئه‌مڕۆ سه‌رده‌مى ته‌كنه‌لۆجياييه‌ ئه‌توانن خۆتان راسته‌وخۆ پرسيارى لێبكه‌ن، بۆیە هيچ پێويست به‌وە ناكات په‌يوه‌ندیى به‌منه‌وه‌ بكه‌ن بۆ پرسیار کردن لەو  کاکەیە.
لێره‌شه‌وه‌ رايده‌گه‌يەنم ئیتر ناتوانم کاتی خۆم بۆ ئەو پرسیارانە بکوژم، کە باسی تاکێکە لە منەوە دوورە و ئێستا هاوسەفەری یەک نیین، هیچ پەیوەندییەکی زیندوومان بە یەکەوە نەماوە، ئەوەش بڵێم من خه‌ونێكى گه‌وره‌م هەیە، نەک بچووک و لۆکاڵیی، دەمەوێت کەسە گەورەکان بدۆزمەوە، کە خەمی گەورەیان کردووە بە کۆڵی خۆیاندا.
بەیدەبای فەیلەسوفی هیندی دەڵێت: "ئەو پیاوەی، کە دەکەوێتە سەر زەوی، ئەگەر خواستی بێت، هەر خۆی دەتوانێت بەزەویەکە خۆی ڕاست بکاتەوە".

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە