ئارامۆ و ئەڤین: لەكەركوك هیچ پرۆژەیەكى بیناسازیمان نەكردووە

Sunday, 29/01/2012, 12:00

4074 بینراوە


بەداخەوە جارێكى تریش هەندێ لە دەزگا راگەیاندنە كوردییەكان كەوتنە ئەو هەڵەیەى هەواڵى ناڕاستمان لە سەر بڵاوبكەنەوە.
چەند رۆژێك لەمەوبەر هەندێ لەو دەزگایانە هەواڵى ئەوەیان بڵاوكردەوە كە گوایە ئێمە وازمان لەكارى راگەیاندن هێناوە و لەشارى كەركوك دەستمان داوەتە پرۆژەى وەبەرهێنانى بیناسازی و بۆ ئەو مەبەستەش زەویمان بۆ تەرخانكراوە، یان دەوترا گوایە بە نیازین لە كەركوك كەناڵێك بكەینەوە.

راستى هەواڵەكە بەم شێوەیەیە: ماوەیەك بەر لە ئێستا كۆمپانیایەكى ئۆكرانى بەمەبەستى وەبەرهێنانى بیناسازى رووى لەهەرێمى كوردستان كرد، بەو پێیەى پێشتر پەیوەندیان لەگەڵماندا هەبووە، ئەوان هاتن راوێژیان بە ئێمە كرد كە ئەگەر بێنە عێراق كارێكى بیناسازى ئەنجام بدەن چ شارێك هەڵبژێرن؟ چونكە خۆیان رایان وابوو ئەو پرۆژەیە لەبەغدا بكەن.

ئێمەش پێمان راگەیاندن كە باشترین شار بۆ كارێكى لەو شێوەیە كەركوكە، چونكە هەمیشە بڕوامان وابووە كەركوك یەكێكە لەو شارانەى فەرامۆش كراوە و ئەركى هەموومانە كار لەسەر ئاوەدانكردنەوەى بكەین، هەروەك چۆن بەو كۆمپانیایەمان وت دەبێت لەپاڵ ئەو پرۆژەیەدا، لەقازانجەكەى چەند پرۆژەیەكى رۆشنبیرى بۆ گەنجانى ئەو شارە بەبێ بەرامبەر بكەنەوە.

لە بەرامبەریشدا كۆمپانیاكە بەگەرمى پێشوازى لەپێشنیارەكەى ئێمە كرد، هەر بۆ ئەم مەبەستە بۆ ئەوەى ببینە نێوەندكارێك بۆ ناساندنى ئەم كۆمپانیایە بەبەرپرسانى وەبەرهێنانى كەركوك سەردانى كەركوكمان كرد، بەدەر لەمە بە هیچ شێوەیەك پەیوەندیمان بەو پرۆژەیەو هیچ پرۆژەیەكى ترى وەبەرهێنانى كەركوكەوە نییە.

ئێستا و هیچ كاتێكى تریش پێمان وانەبووە ئەنجامدانى كارى وەبەرهێنان عەیبەو نەنگى بێت، هەر بۆ نموونە ئارامۆ لەو كاتەوەى لەساڵى 2007 هاتووەتە هەرێمى كوردستان بڕێكى زۆرى سەرمایەكەى خۆى هێناوەتە هەرێمى كوردستان و لەبوارى وەبەرهێنان بەتایبەتى میدیایدا وەگەڕى خستووە، ئەمە جگە لەوەى 15 ساڵە لەدەرەوەى هەرێمى كوردستان لەبوارە جیاجیاكاندا وەبەرهێنانى كردووە.

گەر ئێستاش كارى وەبەرهێنان بكەین بەهەنگاوێكى خراپى نازانین، لەبەر ئەوەى نە لە ئێستا و نەرابردوو یەك سەنتى حكومەت و هیچ بەرپرسێكى ئەم وڵاتە نەهاتووەتە ناو كارەكانى ئێمەوە و لەداهاتووشدا روونادات. هەموو كاتێكیش ئەوەمان وتووە هەر بەرێزێك بەڵگەى لە لایە بابیخاتە روو.

بەنیازى ئەوەش نەبووین كەناڵێك لەكەركوك بكەینەوە وەك ئەوەى هەندێ لەو دەزگایانە راگەیاندن باسیان كردووە، بەڵكو هەموو لایەك ئەو راستیە دەزانن كە كۆمپانیایەكى بیانى دەچێتە هەر وڵاتێك ئەبێت لەبەرامبەر ئەو قازانجانەى كە دەیكات، خێرو بێرەكەى بۆ خودى ناوچەكە جێبهێڵ و پرۆژەى خێرخوازى بكات، هەر لەم گۆشە نیگایەوە داواى ئێمە لەو كۆمپانیایە تەنها ئەوەندە بووە، نەك ئەوەى خۆمان كەناڵ بكەینەوە.

ئەوەندەى پەیوەندى بەكارى میدیاییەوە هەیە، ئێمە هیچ كاتێك لەو بوارە دانەبڕاوین لە داهاتووشدا پرۆژەى نوێمان دەبێت لەو بوارەدا.

تاكە تكامان لە هاوكارانمان لەدەزگاكانى راگەیاندن ئەوەیە هەمووكات دەرگاى ئێمە واڵا بووە بۆ وەڵامدانەوەى پرسیارەكانیان، چ لەرێى پێگەى خۆمان لە تۆڕى كۆمەڵایەتى فەیسبووك و لەرێى پەیوەندى تەلەفۆنیەوە، بۆیە بەر لەوەى هەواڵێكى لەو چەشنە بڵاو بكرێت باشتر وایە قسەى ئێمەش وەربگرن.

خۆشەویستیمان قبوڵ بكەن
ئارامۆ و ئەڤین
28-1-2012

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە