لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دا لە ئەسیناوە بەرەو نایرۆبی - بەشی دووەم

Sunday, 16/06/2013, 12:00

2198 بینراوە







وەرگێرانی لە ئینگلیزیەوە سابیر كەریم عەلی
چاوپێكەتنێكی تایبەتە لەگەڵ ئەفسەری ھەواڵگری پێشووی گریك (ساڤاس كالینتریدیس) لەلایەن نورەدین وەیسی . 7/5 /2013 Ekurd .net
ساڤاس كالینتریدیس وتار نووسێكی سایتەكانە ، نووسەری وتاری تایبەتی ڕۆژانەیە ، وە ئەفسەری ھەواڵگری پێشووی گریكە .
لەم چاوپێكەوتنە تایبەتییەدا بۆ یەكەم جار لەبارەی گەشتەكەیدا لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دامەزرێنەری زیندانیكراوی پ ك ك دەدوێت . كالینتریدیس لەگەڵ ئۆجەلان بوو لە ئەسیناوە تا ڕوسیا، وە پاشان لە ئەسیناوە بۆ كینیا ، لە ئەنجامدا ئۆجەلان لەوێ لەلایەن كاربەدەستانی توركەوە لە ساڵی 1999 دەستبەسەركرا.

پ: تۆ چۆن ھەستت دەكرد؟ دڵخۆش یا پەست بووی؟ یان تۆ تەنھا ھەستت دەكرد كە تۆ ئەركێكی سەرشانت ھەبووە؟
و: من دڵشاد بووم بە دیتنی ئۆجەلان و زیاتریش دڵخۆش بووم كە لەگەڵیدا بچم چونكە ئەمە ھەلێكی باش بوو بۆ من كە لە نزیكەوە ئۆجەلان بناسم و ئاڵوگۆڕی بۆچوونەكان لەگەڵیدا بكەم . لەھەمان كاتدا ، ھەروەھا ئەركی سەرشانم بوو كە ئەوھا بكەم.

پ: كاردانەوەی ئۆجەلان چۆن بوو كە بۆی دەركەوت تۆ لەگەڵیدا دەبی ؟
و : ئەو پێی ووتم ، وا دیارە كە حكومەتی یۆنان وازی لە تۆ ھینایە.تۆ ئەو گرنگە نی بۆ یۆنان چونكە ڕەنگە ئێمە بكوژرێین!
بە ھەرحاڵ ، ئێمە لە مۆسكۆ دابەزین .

پ : چەند كەسی تێدا بوو؟
و: ئۆجەلان، ڕۆزێرین، ئەفسەرەكانی ھەواڵگری سوری ، وە من، زیاد لەوەش فڕۆكەوانەكەی یۆنان. بە درێژایی گەشتەكەمان من زۆر قسەم لەگەڵ ئۆجەلان دەربارەی پرسی كورد و خەباتی چەكداری كرد . ئێمە كە گەیشتینە مۆسكۆ،ڤلادیمیر شیرینۆڤسكی ئەندام پەرلەمانی ڕوسی و سیاسەتمەدارێكی دی بەناوی میترۆفانۆڤ بە گەرمی پێشوازییان لە ئێمە كرد و تەوقەیان لەگەڵ ئۆجەلان كرد.
شیرینۆڤسكی ملپێچەكی سوور و دەسكە گوڵێكی دا بە ئۆجەلان، ئەو پێشوازییەكی نیمچە ڕەسمی لێكرا. پاشان من بەھەمان فڕۆكە گەڕامەوە بۆ ئەسینا.

پ: دوای گەڕانەوەت تۆ چیت دەكرد؟ بەردەوام بووی لە پەیوەندیدا لەگەڵ ئۆجەلان؟
و: كاتێك گەڕامەوە بۆ ئەسینا ئێمە لە نزیكەوە چاودیری ڕەوش و بارودۆخەكەمان دەكرد.
ڕۆژێك ڕۆزێرین تەلەفۆنی بۆ كردم گوتی" باوكمان ھەست بە سارد و سڕی دەكات" ، بەڵام من پێم گوت پەیوەندی بەمنەوە نەكات و ئەو دەبوو بە فەرمی پەیوەندی بە كاربەدەستانی یۆنان بكردایە . ئۆجەلان سی و سێ ڕۆژی لە ڕوسیا بەسەر برد . پاشان ئێمە زانیمان كە ئەو گەیشتیتە ئیتاڵیا بە ڕەزامەندی و پەسندكردنی سەرۆك وەزیری ئیتاڵی ماسیمۆ د،ئەلیما. ئۆجەلان حەفتەی یەكەمی لەوێ بەبێ تەنگوچەڵەمە وسەرئێشە بەسەربرد، وە حكومەتی ئیتاڵیا ھەوڵیدا بۆ دەستەبەر كردنی پاڵپشتی ئەوانی دی لە وڵاتانی ئەوڕوپایی (بەتایبەتی ئەڵمانیا و فەڕەنسا) بۆ ئەوەی ئۆجەلان بتوانی لە ئیتاڵیا بمینێتەوە.بەڵام كەسێك پاڵپشتی و لایەنگیری ئیتاڵیای نەكرد .
لەوەڵام دانەوە دا، توركیا قەدەغەكردنی بەسەر كەلوپەلەكانی ئیتاڵی داسەپاند . لەو كاتەدا نوێنەرێكی ئەمریكی لە ئاستێكی باڵادا سەردانی ئیتاڵیای كرد بۆ قایل كردنیان تا ئۆجەلان بەدەرنێن و ڕەوانەی وڵاتێكی ئەفریقی بكەن ناسراو بە كارەساتی ئاژاوەو پەشێوی و بێ یاسایی بەم جۆرە بە ئاسانی دەكرێ ئۆجەلان دەستبەسەر بكرێ .

پ: بە بیروڕای تۆ ، ڕەوانەكردنی ئۆجەلان بۆ ئەفریقیا پێشنیازی ئەمریكی بوو ؟
و: بەڵێ ، ئەمریكییەكان لە پشتی ئەمەوە بوون . پیلانەكە لەلایەن توركیاوە نەخشەی نەكێشرا بوو ، چونكە توركیا كارتێكردنێكی بەھێزی لە ئەفریقیا نییە . ئۆجەلان بیروڕای چوون بۆ ئەفریقیای پەسندنەكرد و ڕەتیكردەوە . ھەندێ كوردان لە ئەوڕوپا پێشنیازیان كرد كە ئۆجەلان بگەڕێتەوە بۆ مۆسكۆ . ئۆجەلان شێست و شەش ڕۆژ لە ئیتاڵیا مایەوە . حكومەتی ئیتاڵی دەستی بە فشاردانان كرد لەسەر ئۆجەلان بۆ بەجێھێشتنی وڵاتەكەیان، ئاوا ئەو گەڕایەوە بۆ ڕوسیا . بەڵام كاتێك فڕۆكەكەی لە مۆسكۆ نیشتەوە ، بردیانە بنكەیەكی سوپایی لە پایتەختی تاجیكستان ، دوشانبی.
لەو كاتەدا ، وەزیری دەرەوەی ولایەتە یەكگرتووەكان مادلین ئۆڵبڕایت سەردانی ڕۆسیای كرد بۆ كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕوسی یەڤگینی پریماكۆڤ بۆ ڕازیكردنی ڕوسەكان بۆ وەدەرنانی ئۆجەلان.بەڵام لەبریتی (ئۆجەلان) یان بۆتاجیكستان برد بەم جۆرە كە ئەوان دەتوانن بە ئەمریكییەكان ڕابگەێنن كەوا ئۆجەلان لە ڕوسیا نییە . پاشان ئەوان بردیان بۆ سانت پێتیرسبۆرگ لەوێدا پێیان گوت كەوا ئەو نابێ فڕۆكەخانەكە بەجێبێڵێ چونكە ئەو بوویتە ئامانجێك بۆ فڕاندن و پیلانی كوژتنی دەگونجێ ڕووبدات لەلایەن مافیای ڕوسیاوە . لەبەرئەوە دەبوو ڕوسیا بەجێبێڵێ .
حكومەتی یۆنان لەوەپێش بە (ئۆجەلان)ی ووت بوو ھەر چۆنێك بێت نابێ بگەڕێتەوە بۆ یۆنان ، بەڵام ئەگەر ئەو ھەر پرسێكی ھەبی پێویستە تەنھا پەیوەندی بە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی یۆنان بكات . بەڵام لەجیاتی ئەوە ئۆجەلان پەیوەندی بە ھەندێ دۆستەكانی خۆی یۆنانی كرد ، وە بەنھێنی لە 29 ی ڕێبەندانی (مانگی یەكەمی ساڵ) 1999 دا گەڕایەوە بۆ ناو ئەسینا

پ: تۆ چۆن جارێكی دی لە ئەسینا چاوت بە ئۆجەلان كەوت؟
و: لەو كاتەی ئۆجەلان گەیشتە ئەسینا ئەو داوایكرد كە بچێت بۆ ژووری دانیشتنی كەسانی پایەدار لە فڕۆكەخانەكەدا ، دوور لە بینینی پۆلیسان ، بەڵام پۆلیس ناسیانەوە و ئاگاداری ھەواڵگری یۆنانیان كرد . من لە ماڵ بووم ئەو كاتەی سەرۆكی ھەواڵگری تەلەفۆنی بۆكردم و ئاگاداریكردم لە گەیشتنی ئۆجەلان .
ئێمە كۆبوونەوەیەكی بەپەلەمان بوو بۆ باسكردنی چۆنیەتی ڕەفتاركردن لەگەڵ ئۆجەلان دا . من ئەوەم گۆت ، بەھۆی گەڕانەوەی ئۆجەلان بەنافەرمی و بەبێ زانینی حكومەت ، ئێمە پێویستە وازیلێبینین و چاو بچووقێنین . ئەگەر ئەمریكییەكان یان توركەكان دەربارەی ھاتنەكەی پێیانزانی ، ئێمە دەتوانین بڵێین ئاگامان لەوە نەبووە .
بەڵام جێگرەكەی سەرۆكی ھەواڵگری داخوازییەكەی منی ڕەتكردەوە و بە شوێن ئۆجەلان دا گەڕاو لە ئەسینا لە ماڵێكدا دیتییەوە . لە دوای ئەوە جارێكی دی گفتوگۆكان دەستی پێكردەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ ئەم پرسە .

پ: داخوازییەكانی ئۆجەلان چی بوون ؟
و: ئەو گوتی من جێگام نییە بۆی بچم و پێویستم بە مانەوەیە لێرەدا . بەڵام ئێمە ئەوەمان ڕەتكردەوە و پێشنیازی گەلێك ھەڵبژاردەی شوێنانی دیمان كرد وەكو لیبیا و لبنان ، لەوێوە ئەو دەتوانی بچێتە كوردستان .

ماویەتی - 16 / 6 / 2013

بەشی یەکەم

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە