ئایا سەرۆكی پەرلەمان دەدرێتە دادگا؟

Tuesday, 16/06/2009, 12:00

2597 بینراوە


لەپەرلەمانە ئێكسپایەرو بەسەرچووەكەى ئێستادا كە شەرعییەتی نەماوەو رۆژانە لەشاشەكانەوە دەیبینین لەكۆی 111 پەرلەمانتار نزیكەى 40 بۆ 50 پەرلەمانتار ئامادە دەبێت كە ئەمەش دەریدەخات نەك میللەت و خەڵك، بەڵكو خودی زۆرینەى پەرلەمانتارانیش پەرلەمانەكەیان بەشەرعی نازانن و خۆیان لەكۆبوونەوە كارتۆنی و ناشەرعییەكان دەدزنەوەو ئامادەی نابن، دەنگۆی ئەوە هەیە كە لەمڕۆژانەدا دەستورى بەرپرسەكانی یەكێتی و پارتی، نەك دەستورى میللەت بخاتە راپرسییەوەو بەزۆر بەرهەمی بهێنێت، كە ئەمەش نەك پێشێلكردنی مافی هەموانە، بەڵكو لەگەڵ ئەوەشدا تەواوی (پەرلەمانتار، وەزیر، مەكتەب سیاسییەكانى) یەكێتی و پارتی دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەكی مێژوویی و بگرە دەبنە تاوانباری سەردەم، بەڕاستی سەیرو مەهزەلەیە وا خەریكە كۆی (سەركردەووەزیرو یەرلەمانتارو مەكتەب سیاسییەكانى) هەردوو حزب كە ژمارەیان لە 200 كەس تێپەڕ نابێت لەپێناو خۆیان و كورسییەكانیان و خۆپەرستییاندا بڕیار لەمافەكانی میللەت دەدەن، جا بۆیە لەئەگەرى تێپەڕاندنی دەستوردا ئەوا ئەو 200 كەسە دەچنە زبڵدانی تاوانبارنی مێژووەوەو هەر رۆژێك دێت میللەت تۆڵەى خۆی لێان دەستێنێتەوە. كەواتە ئەگەر ئێوەى 200 كەس بە زۆرو دیكتاتۆرییانە خۆتان كردووە بە نوێنەرى میللەت، كڵاو بخەنە سەری میللەت ئەوا چاوەڕوانی تۆَڵەسەندنەوە بن، ئەو جۆرە تۆڵەیەى كە لەسەدامیان كردەوە.
بۆ سەرۆكی پەرلەمان لێرەوە دەڵێم: بەڕاستی ئەگەر پەرلەمانە ژەنگاوییەكەى ئێستا دەستور تێپەڕێنن نەك تێپەڕێندرێت ئەوا دەتوانین بە خائین بە تاوانبار بە موجیرم و بە مۆتەكەى مێژوو ناوت بهێنین و بخرێیتە لاپەڕەى پیس و رەشی مێژووەوە، دڵنیابە لەئەگەرى بەزۆر مۆركردن و دەركردنی دەستور بە ناوی ئێمەى گەنج و ئێمەى جەماوەرو میللەتەوە، ئەوا لەو سیفەتانەی كە ئاماژەم پێكرد زیاتر شمولی تۆ دەكات، چونكە لەو كاتەدا تۆ رۆڵی ئاژەڵێكی دڕندە دەبینیت كە بەربووبێتە گیانی خەڵك و برسێتی خۆی پێ دابمركێنێتەوە، نەك ئینسانێكی تەندروست، بۆیە بەڕێز تكا دەكەم لەبەردەم تەواوى پەرلەمانتاراندا بیخەیتە روو كە ئایا لەماوەیەكی كەم و حەساسدا دەبێت و ئاساییە دەستور بخرێتە دەنگدانەوە، ئایا ئێمەى پەرلەمانتار لەمكاتەدا تاوانبار نابین؟، ئایا مێژوو لێمان نارسێتەوە؟، ئایا نازانین كە هەتا هەتا ئێمە دەسەڵاتدار و خاوەن كورسی نابین، كەواتە پێویستە ژیرانە تێفكریت لەتێپەڕاندنی دەستور نەك حزبییانە.
دوا دێڕم ئەوەیە ئەگەر ئەم تۆتالیتێرانە دەستوریان تێپەڕاند ئەوا داوا دەكەم قەوارە سیاسییەكان و لیستەكانی دیكە پەنا بەرنە بەر حكومەتى بەغداو بۆیان روون بكەنەوە كە ئەمە مخالەفەى دەستورى ناوەندییە، چونكە لەكاتێكدا دەستورى عیراق بۆ ماوەى 6 مانگ تاوتوێی خەڵك كرا كەچی ئەمان دەیانەوێت لە 10 رۆژدا بێ پرسی خەڵك تێیپەڕێنن.
كەواتە دەبێت بپرسین ئەگەر لەم كاتاەدا دەستور بەرهەم هێنرا، ئایا رۆژێك دێت سەرۆكی پەرلەمان بدرێتە دادگاو مافی میللەتى لێ بستێندرێتەوە؟، لەئاییندەدا چاوەڕوانی وەڵامەكەى بن.
داواكارم هەموومان لەنوسەران، گەنجان، رۆژنامەنوسان... هتد كەمپینێكی دژە دەستور لەئێستادا بەرپا بكەن بۆ ئەوەى رێگە لەو دەستورە ژەهراوییە بگرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە