سەباح عەلی قارەمان

https://www.facebook.com/profile.php?id=100087679831919

https://www.facebook.com/sabahaliqareman


ئامانجی پاراستنی پارتی چییە، كە لە رێگای گۆڤارێكی سیبەری خۆیەوە هێرش دەكاتە سەر خودای موسڵمانان؟

Sunday, 06/05/2012, 12:00

1472 بینراوە


پارتی هەرچ كاتێك توشی كێشە دەبێت پەنا بۆ سینارۆیەك دەبات بۆ داپۆشینی شكستەكانی، یەكێك لە سینارۆیەكانی دەزگای تیرۆرست و بەدناوی پاراستن ئەوەیە، كە لە رێگای گۆڤارە سێبەرەكانی خۆیەوە هێرش ئەكاتە سەر ئیسلام و هەست و نەستی خەڵكی موسڵمانی پێ بریندار ئەكات و ئەیانهێنیتە سەر شەقام، ئەوەش لەو پێناوەدا دەكات كە كێشە و شكستەكانی حیزبەكەی لە بیری خەڵك بەرێتەوە.
كارەساتەكە لەوەدایە كۆمەڵێك مەلای نەخوێندەوار و مشەخۆری حیزبیش بەشداری ئەو سینارۆیە ئەكەن و خەڵك هان دەدەن بۆ خۆپیشاندان و هاتنە سەر شەقام، ئەگەر ئەو مەلایانە راست ئەكەن و خاوەنی كەسایەتی خۆیانن. ئەرێ پارتی ئەو هەموو پارە و سەروەت و سامانەی گەل ئەدزێت و خەڵك تیرۆر دەكات ئەوان بۆ خۆپیشاندان ناكەن و پارتی بنەماڵە ریسواناكەن؟ بەرپرسانی بنەماڵەی مەلا مستەفا، كە خاوەنی سینارۆكەن و لە پشتی ئەو جۆرە كارنەوەن، كەچی لە پەنجەرەیكی ترەوە دێن وخۆیان دەكەنە نوێنەر و دەم راستی ئیسلام و كارەكەی خۆیان شەرمەزار ئەكەن و وەكو پیاوەتی ئەیفرۆشنەوە بەموسڵمانەكان ئەیانەوێت بەوشێوەیە خۆیان لە پێش چاوی خەڵك شرین بكەنەوە.
بڵاو بوونەوەی ئەو سوكایەتیەی كە بە خودای مسوڵمانەكان كراوە لەو گۆڤارەی سەر بەدەزگای بەدناوی پاراستن چەند ئامانجێكی لەپشتەوەیە. یەكەم ئەوەیە كە لەكاتی یادی دوو ساڵەی تیرۆركردنی شەهید سەردەشتدابوو و خەڵكیان بەوشێوەیە سەرقاڵكرد، دووەم ئەوەیە كە مەسعود بارزانی لە هەوڵەكانیدا بەرامبەر مالیكی و باسكردنی دەوڵەتی كوردی شكستی خواردوە و ئەیەوێت بەوشێوەیە لە بیری خەڵكی بەرێتەوە، هەدەفی سێیەمیشی ئەوە بووە كە سۆزی موسڵمانەكان بەلای خۆیدا راكێشێت و بڵێت منیش دژی سوكایتیكردنم بە ئیسلام و پێ قەبوڵ نیە، هەمدیسیش لەلای رۆژئاوا بڵێت كە ئیسلامی سیاسی چەند ترسناك و توندڕەون، هۆكارێكی تریشی بۆ ململانیەكانی نێوان نێچرڤان و مەسرور بارزانی ئەگەڕێتەوە و پاراستن ئەیەوێت ئاستەنگ و كۆسپ بۆ حكومەتە شەق و شڕەكەی نێچیرڤان درووست بكات، بۆیە پێویستە مەلاكان دوای ئەو جۆرە سینارۆیە نەكەون و خۆیان نەكەنە قەڵغان بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەكان و سینارستەكانی پارتی بنەماڵە. پرسیارەكە ئەوەیە كە ئایا بۆچی ئەو مەلایانە دژی مەحمەدی مەلا قادر نەهاتنە سەرشەقام كە وتبووی پارتی خودای كوردە؟ئەی ئەو كاتەی پارتی لە بەدینان سێ هەزار پەڕەی قورئانی سوتاند لە بارەگاكانی یەكگرتوی ئیسلامی ئێوە بۆ خۆپیشاندانتان نەكرد؟ ئەگەر نەتانوێر خۆپیشاندان دژی ئەو كۆیلەیی بنەماڵە بكەن كە سوكایەتی بەخوداوە كردبوو كەوایە ئێوە درۆ لەگەڵ خۆتان خەڵكیشدا ئەكەن و ئەتانەوێت بەوشێوەیە خۆڵ لە چاوی خەڵك بكەن و ببنە خزمەتكاری بنەماڵە، ئەوەتا ئەمشەو كۆمەڵێك نووسەری كۆیلەی ئیسلامیەكان كەوتوونەتە پیاهەڵدان بە نێچیرڤان بارزانی كە گوایە مەوقیفیكی باشی نواندوە، وەكو ئەوەی نێچیرڤان بارزانی خاوەنی گروپێكی بەكرێگیراوی فاسید نەبێت كە خەریكی بڵاوكردنەوەی فەسادە لەم وڵاتەدا، ئەوە ئەوپەڕی ئەحمەقیە نووسەرە كۆیلەكانی ئیسلامیەكان كەوتوونەتە وەسفكردنی نێچیرڤانی نەوت دزو تاڵانچی.
كێشەی خەڵكی كوردستان لە ئێستادا نەبوونی عەدالەتی كۆمەڵایەتی و نەبوونی سیستەمێكی پێشكەوتووی مۆدێرن و دیموكراسیە، كێشەی بوونی حوكمی دەسەڵاتی بنەماڵە و خێڵە كە دوومەڵێكی پیسن بەسەر جستەی نەتەوە و نیشتمانەوە، هەربۆیە دەبێت خەڵكانی موسڵمان دوای ئەو جۆرە سینارۆیە نەكەون و كەسانی بچوك و سوكمان لێ نەكەنە پاڵەوان و ئەسڵەن جوابی ئەو جۆرە كەسە بچوكانە نەدەنەوە كە بوونەتە داردەست و كەرەستەی سینارۆیەكانی بنەماڵەی كورد كوژی مەلا مستەفای بارزانی.حەقە تەنها خۆپیشاندان دژی ئەو دەسڵاتە و دەزگا بەدناوە بكەن كە خەریكی ئەو جۆرە سینارۆییە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە