بەڕێوەبەرى تاپۆى سلێمانی كەى لە بەرتیل بێزار دەبێت؟

Tuesday, 26/05/2009, 12:00

4314 بینراوە


قەیرانى نیشتەجێَبوون لە شارى سلێمانى، رۆژ بەرۆژ دەبێتە كارەساتێكى گەورەى مرۆیى، ئەگەر جاران كچێك داواى گوڵێكى باخچەى پادشاى لە دەزگیرانەكەى كردبایە، ئەوا ئەمڕۆ پێى دەڵێ ئەگەر پیاویت دوو هۆدەت پەیدا دەكرد تا لەسەرماى زستان و گەرماى هاوین بمانپارێزێ.
ئەگەرچى سەرجەم بەرپرسە چاوگەشەكانى كوردستان لەخۆشترین خانووى باشترین گەڕەكدا هێلانە و خانوویان بۆخۆیان چێ كردووە، بەڵام دواترۆپكى كەمتەرخەمى و بەدڕەوشتى سیاسیانەى هەندێ لەبەرپرسان گەیشتۆتە ئاستێك كە تەنانەت چەندین ساڵە بستێ زەوییان بەسەر فەرمانبەرانى خودى حكومەت و دەسەڵاتەكەى خۆیاندا دابەش نەكردووە، خێزانى ئەم وڵاتە ناچارن بە سلفە و قەرزوقۆڵە بستێ زەویى لە دوورترین شوێنى بێ خزمەتگوزاریى سلێمانى بكڕن، دڵنیاشن كە چەندین ساڵیتر خزمەتگوزاریى بۆ ناكرێت، بارودۆخى چەندین گەڕەكی نوێى سلێمانیش شایەتحاڵى ئەم راستییەن.
ئەوەى لێرەدا هەقیقەتێكى تاڵە، یەكەمین هەنگاوى خانوو دروستكردن كە لەبەڕێوەبەرایەتى تاپۆى سلێمانییەوە دەست پێدەكات، هەرچەندە هێندەش سەردانكەرى لێنییە، بەڵام زۆرینەى فەرمانبەرەكان بۆ دەیان رۆژ مامەڵەیەكى سادەى وەك زەوى تاپۆكردن دوادەخەن، تا ناچار بیت پەناببەیتە بەر ئەو ریزە دەڵاڵەى لە حەوشەى تاپۆدان و بە (100$)دۆلار بەزووترین كات كارەكەت بۆ رادەپەڕێنن، بۆ دەستنیشانكردنى سنورى زەوییەكەشت (تپبیت حدود) ماوەى چەندین مانگ چاوەڕێ دەكەیت هێشتا كاكى رووپێو پێوقدومیان دیار نییە، چونكە دەبێ ئەمانیش دەمیان چەور بكرێت... لەهەمووش كارەساتبارتر زیاتر لە (15)جار هەوڵى بینینى بەڕێوەبەرە نابەڕێوەبەرەكەى تاپۆم دا، بەڵام وتیان جەنابیان تەلەفۆنى گرنگى هەیە و ناتوانێ!.
ئەمە چیرۆكێكى تاڵە، كۆمەڵێك برادەر كە پێشمەرگەى دێرینى خودى (ى.ن.ك)ن و ناوەكانیشیانم لایە، وتیان هەرباشە تاهەنوكە (جەڵدەو زەبحەو سەكتە) نەبوونەتە میوانت، چونكە بەڕێوەبەرایەتى تاپۆ ئەو سێ چەپكە گوڵەى كردۆتە دەستى خۆى بۆ هاوڵاتیانى شارە ئازیزەكەى.
برادەرێكى دڵسۆز راستی مەسەلەكەى پێكاو وتی: كاتێك دەچیتە بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆى سلێمانى، پتر لە (20) ژوور دەكەیت بۆ گواستنەوەى موڵكایەتى ئۆتۆمبێلێك بەڵام بەچەند رۆژێكى كەم تەواو دەبێت و زۆر زۆر لە بەڕێوەبەرایەتى تاپۆش قەرەباڵغترە، لەكاتێكدا ئۆتۆمبێل بەپێچەوانەى زەوییەوە شیاوى دزرانەو دەتوانرێ تاوانیشى پێ ئەنجام بدرێت.. كەواتە بەڕێوەبەرى تاپۆ تەنهاو تەنها دەیەوێ هاوڵاتیان واجاڕس بكات كە لەبرى خانوو دروستكردن، بچنە ئەو كۆمپانیایانەى كە چەند ملیۆنەرێك بەڕێوەى دەبەن و خراپترین خانوو بەگرانترین نرخ بەشێوەى قیست دەدەنە هاوڵاتیان.
دەك بەڕێوەبەرى تاپۆى سلێمانى بۆ هەمیشە خەجاڵەتى مێژوو بیت كە هیچ هاوڵاتییەك لێتڕازى نییە، ئەو دەبەنگانەش شەرمەزار بن لە پشت دانان و مانەوەى بەرتیلخۆرێكى وەك جەنابتانەوەن، ئەگەر دەمى دەڵاڵەكانت لەناو تاپۆدا چەور نەكەن، ئەوا هەرگیز مامەڵەكەت جێبەجێ ناكرێت!.
*[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە