سیاسەتی ناسنامە

Sunday, 10/03/2013, 12:00

3279 بینراوە








ئیسماعیل بێشکچی
ڕێبوار هەمەوەندی لە تورکییەوە وەریگێڕاوە


سەرۆکی پارتی کۆماری گەل (کەمال قڵچدار ئۆغلو) زوو .. زوو باس لە سیاسەتی ناسنامە ئەکات ، بەردەوام ئەڵێت پارتەکەیان دژی سیاسەتی ناسنامەیە ، هەر کاتێک ووشەی کورد و کوردستان و زمانی کوردی دێتە ناو باسانەوە و لەبارەی گەلی کورد و کۆمەڵگای کوردەواری کە باسی مافی کۆلەکتیفیان هێنرایە زمان بەردەوام دەڵێت ئێمە دژی سیاسەتی ناسنامەیەن ، قڵچدار ئۆغلو لە ڕونکردنەوەیەکی لە ١٥ ی شوباتی ٢٠١٣ بەم شێوەیە دواوە (پەروەردە بە زمانی زکماکی کۆمەڵگا لەیەک ئەترازێنێت) ، ئەم قسانەی کەمال قڵچدارئۆغڵو پێویستە وەک شاردنەوەی ناسنامەی کورد و وەک سیاسەتی نکۆڵی کردن هەڵبسەنگێنرێت و پێناسەی بۆ بکرێت ، ئەمە لە ڕاستیدا نەک هەڵسەنگاندنی سیاسەتی ناسنامەی بۆ بکرێت بەڵکو دەبێت بە شرۆڤەی سیاسی ئەگەر هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت لەجێی خۆیەتی ، لەلای هەموو کەسێک ئاشکرایە کە کەمال قڵچدارئۆغڵو کە کەسێکی کوردی زازە زمانە و خەڵکی دێرسیمە ، بەڵام کاک کەمال دەهێنێتە زمان کە کەسێکی تورکمان ڕەگەزەو لە خوڕاسانەوە هاتوون ، ئەمە سیاسەتێکە کە ناسنامەی خۆی پێدەشارێتەوە و بەنامۆیی کردنی ڕەگەزی خۆی و دابڕان لە کەسایەتی و سوکایەتییەکە بەرامبەر بە ڕاستی کەسایەتی خۆی ، دەتوانین ئەم سیاسەتە هەڵبسەنگێنین بەوەی کە ئەم جۆرە سیاسەتەی کاک کەمال تەنها خزمەت بە زلهێزەکان دەکات .
چەندین جار هێنراوەتە زمان کە بنەماڵەی قڵچدارئۆغڵو لە ساڵەکانی ١٩٣٧ و ١٩٣٨ لە کاتی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دێرسیم لە (نازمییە) زەرەرێکی زۆریان پێگەیشتووە ، ئەمەش لەلایەن پەرلەمانتاری (بدپ) پارتی ئاشتی و دیموکراتی ڕێزدار سرری ساکک زۆر ڕاشکاوانە هێنراوەتە زمان ، سرری ساکک دوای لێدوانەکەی کەمال قڵچدارئۆغڵو کە ووتبویی (زمانی زکماکی وەڵات دابەش دەکات) بەم شێوەی دواوە (کاک کەمال دەڵێت گوایە پەروەردە بە زمانی زکماکی وەڵات دابەش دەکات ، ئەو دەیەوێت پەیام بە سپی پێستەکان بدات بەڵام کاتێک دەستی درێژ دەکات ئەو دەستە ڕەشانەی دەردەکەوێت چونکە خۆشی زێنجییە .. ١٨ ی شوباتی ٢٠١٣ ڕۆژنامەی تەرەف) .
کاتێک ناسنامەی کورد دەشاردرێتەوە و لە ڕەچەڵەکی دەپچڕێنرێت و کاتێک لە ڕاستی خۆی نامۆدەکرێت ئەمانە دەهێنرێنە زمان ، ئەبێت چاوێک بەو رەپۆرتاژە بخەشێنین کە محەمەد بایراک لەگەڵ ئێلیف سۆنزەمانجی ئەنجامی دابوو ، لەم ڕەپۆرتاژەدا مامۆستا بایراک لەبارەی ووتنی ئەوەی کە دەڵێن (ئێمە لە خوڕاسانەوە هاتووین) زۆر بەجوانی لە ڕوانگەی مێژووییەوە شیکاری بۆ کردووە ، لەبارەی هەڵوێستی پەرلەمانتارانی دێرسیمی وەک کەمال قڵچدارئۆغلو و حوسەین ئایگون و قەمەر گەنج کە دەڵێن (ئێمە کورد نین و لە خوڕاسانە هاتووین) دەبێت بەباشی لەسەر ڕەپۆرتاژەکەی محەمەد بایراک بوەستین ، وەک سەرچاوە دەتوانن ئەم سایدە ببینن .
www.kurdinfo.com .. 08/12/2012
هەرکاتێک باسی ناسنامە کرا ئاشکرایە کە ناسنامەی کورد دێتە ڕۆژەڤەوە ، بەڵام ئەمەش هەموو کاتێک بە ئاشکرا باس ناکرێت ، هەربۆیە پێم وایە کارێکی باشە کە ئاوڕێک لە نوسینەکانی ٣ نوسەر بدەینەوە ، محەمەد باران سو لە ڕۆژی ٣١ ی ١ ی ٢٠١٣ سەردێڕی نوسینەکەی لە ڕۆژنامەی تەرەف بەم شێوەیەیە (دێرسیملی قەرەدایی) لە نوسینەکە هاتووە کە ئیسماعیل حەققی قەرەدایی کە لە ساڵانەکانی ١٩٩٤ و ١٩٩٨ سوپا سالاری تورکیا بووە خەڵکی شاری دێرسیمە ، تا پێش ئەم نوسینە لەلای خەڵکی سوپاس سالاری تورکیا قەرەدایی بە کەسێکی تورک ناسراوە و خەڵکی (چانکرالی) یە ، لە نوسینەکەی نوسەر هاتووە کە بنەماڵەی سوپاس سالاری تورکیا قەرەدایی لە ساڵی ١٩٣٠ کاندا لە دێرسیم لە ئاکامی سەرهەڵدانێک لە (پولومور) دەست گیر دەکرێن و مەنفایان دەکەن بۆ (چانکری) ، من لەلایەن خۆمەوە زۆر ڕێز لە نوسەر ئەگرم کە ئەم بەڵگەیەی ئاشکرا کرد کە سوپاس سالاری توکیا کوردە .
(شەنۆل کالوچ) ڕەخنەی لەم نوسینە ی باران سو گرت ، شەنۆل لە ٢٦ ی مانگی ١ ساڵی ٢٠١٣ نوسینێکی نوسی بەسەر دێڕی (باران سو نایەوێت حاڵی ببێت) ، لە نوسینەکەی شەنۆلدا ڕەخنە و گازندەی بارانسو دەکات کە گوایە قەرەدایی تاوەنبار دەکات بەوەی کە گوایە ناسنامەی عەلەوێتی خۆی شاردۆتەوە ، محەمەد بارانسو لەهەمبەر ئەم ڕەخنەیەدا لە ٢٨ ی مانگی ١ ی ساڵی ٢٠١٣ جارێکی تر نوسینێکی بڵاو کردەوە لەسەر دێڕی (قەرەدایی دێرسیملی) کە لە هەمان ڕۆژنامەدا بڵاوی کردەوە هاتووە کە (بە هیچ شێوەیەک مەبەستی نەبووە کە قەرەدایی ناسنامەی عەلەوێتی خۆی شاردبێتەوە) ، لە ڕاستیدا لە هەردوو ئەم نوسینەدا ئەوەی دەیانویست بیشارنەوە و باسی نەکەن ئاشکرا نەبوونی ناسنامەی دێرسیملی قەرەدایی کە کوردە نەک عەلەوی بوونی .
لەم خاڵەدا (ئیتیحاد تەراقی) لە سەردەمی ئیمبراتۆریەتی عوسمانیدا خاڵی سەرەکیان لە بارەی تورک بونەوە وەک بیرۆکە جارێکی تر مەسەلەی تورک بوون ئۆرگانیزە بکەن ، دەبێت ئاوڕێک لە مێژووە بدەینەوە ، بەگوێرەی بیر و بۆچوونی گروپی (ئیتیحاد تەراقی) دەیانویست کە لە دەریای (ئادراتیک) تا ناوەڕاستی (ئاسیای ناوەندی) تەنانەت تاکو ئۆقیانوسی گەورە ئیمبراتۆریەکی نوێان هەبێت بەڵام پێیان وابوو کە لەناو ئەم ئیمبراتۆرییە تازەدا تەنها تورک ژیان بکات ، بۆ بە ژیانکردنی ئەم پیلانەیان بەرنامەیان هەبوو کە ڕۆمەکان مەنفا بکرێن و بەناوی گۆشەگیرییەوە بەتەواوی ئەرمەنێکان لەناو بەرن و وە ئەو ڕۆم و ئەرمەنییانەی کە مەنفا ناکرێن لە ژێر فەرمانی تورکە موسڵمانە ئەشرافەکانەوە بکرێن بە خزمەتکار ، بەم شێوەیە ئیمبراتۆریەتی عوسمانی دەکرا بە ئیمبراتۆریەتێکی نەتەوەیی .
کەواتە بە شێوەی ئەم تێزەیان لەسەر شێوازی ئەسیملاسیۆن کورد دەکرێت بە تورک و (قزلباشەکان) و عەلەوێکان دەکرێن بە موسڵمان ، بەم شێوەیە هەموو کەسێک کە لەناو جوغرافیای ئەم ئیمبراتۆریە دەژێت تورک دەبێت یان دەکرێت بە تورک .
گروپی (ئیتیحاد تەراقی) مەسەلەی کێشەیان لەگەڵ ڕۆمەکان و ئەرمەنێکان لەکاتی شەڕی جیهانی یەکەمدا چارەسەر کرد ، کاتێک شەڕ هاتە ئاراوە دەستکرا بە مەنفاکردنی ڕۆم و پانتۆسەکانی دەریای (ئێگا) و ڕۆمەکانی (کاپۆداکیا) مەنفا کران ، لە بەهاری ساڵی ١٩١٥ لە ماوەی ٣ و ٤ مانگێکدا کۆمەڵکوژی ئەرمەنێکانیان لە ژێر گۆشەگیریدا ئەنجامدا .
بێگومان ئەسیملەکردنی کوردان لەسەردەمی گروپی (ئیتیحاد تەراقی) کاندا دەستی پێکردووە ، بەڵام گروپی (ئیتیحاد تەراقی) کە کەمالیستەکانن لەبارەی کێشەیان بەرامبەر بە ئەرمەنێکان و ڕۆمەکان پێویستیان بە یارمەتی کوردان بووە ، دوای ئەوەی لە ڕێکەوتنی لۆزان گرنتی کۆماری تورکیایان بەدەست خست لەئاستی نێو دەوڵەتیدا ئەسیملەکردنی کورد بە شیوەیەکی سیستەماتیک دەستی پێکرد بەهەمان شێوە ئەسیملاسیۆنی عەلەوێکان بە موسڵمانکردیش دەستی پێکرد .
قۆناغی بە ئەسیملاکردنی کورد بە تورک بونیان و بە موسڵمانکردنی عەلەوێکان دەبینین کە لە دێرسیم بە ٢ قۆناغ هاتۆتە ئاراوە ، بەشێکی گرنگی خەڵکی دێرسیم دەڵێن کۆمەڵکوژی ساڵەکانی ١٩٣٧ و ١٩٣٨ بۆ ئەوە ئەنجامدراوە کە ناسنامەی عەلەوێکان لەناو بەرن ، بەڵام عەلەوێکان کە باس لە ناسنامەیان بۆدەکەیت ئەڵێن ئێمە عەلەوین ، بەهیچ شێوەیەک باس لە کورد بوونیان ناکەن ، سەرەرای ئەمەش لە بارەی ناسنامەوە ناڵێن کوردین ئەڵێن ئێمە زازاین ، بەڵام لە دێرسیم ئەوەی بە زازا قسە دەکات کوردە ، هەربۆیە نوسینەکانی (مالمیسانیج و مونزور جێم و ڕۆشان لەزگین) بیرو بۆچونەکانیان گرنگن ، دەتوانن نوسینەکانیان لەم سایتە ببینن .
www.zazaki.net

ئایا عەلەوێکان تەنها لە دێرسیم دەژین ؟ ، لە زۆر شوێنی تورکیا عەلەوی دەژین ، باشە بۆچی تەنها عەلەوێکانی دێرسیم ڕوبەرووی کۆمەڵکوژی بونەوە ؟ ، بێگومان لەبەر کورد بونیانە ، ئەمە پابەندە بە ئەسیملاسیۆنی کوردانەوە ، هەڵبەت سەرنج ڕاکێشە کە نوسەرانی عەلەوی باس لە عەلەوی بوون دەکەن بەڵام باس لە کورد بوون ناکەن کە ئەمە بە زانینەوە دەکەن .
لەلایەکی ترەوە ئەو دێرسیمیانەی کە رزگاریان بوو لە کۆمەڵکوژییەکە مەنفا کران بۆ ناوەند و خۆر ئاوای تورکیا ، لە شوێنەکانی وەک (چۆروم ، باڵکشەهیر و مەنیسا) عەلەوی دەژین ، باشە ئەگەر مەسەلە مەسەلەی عەلەوی بوونە عەلەوێکان مەنفا دەکرێن بۆ ئەو شوێنانەی کە عەلەوی تێدا دەژیت ؟ ، بەڵام ڕاستی مەسەلەی مەنفا کە ئەوەیە کە لە کورد بونیانەوە ئەسیملاسیۆنی تورکیان بکەن ، مەنفا زەمینە بۆ ئەسیملاسیۆن دەڕەخسێنێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە