سەركەوتنە بێكۆتاییەكان .!

Thursday, 02/12/2010, 12:00

1386 بینراوە


شرۆڤەكردنێكى هەوڵەكانى سەرۆكى هەرێم بۆ پێكهێنانى حكومەتى بەغدا زۆرن ئەو هەوڵانەى سەرەتا بانگەشەى سەركەوتنیان بۆ كراوە، بەڵام دواتر وەك گەورەترین شكست لە رەوتى خەباتى كوردستاندا هەژماركراون !!! هەر ئەو كەسانەى كە ئاهەنگیان بە بۆنەى ئەو سەركەوتنانەوە گێڕاوە ، دواتر لەبەردەم میدیاكان بە شكستیان هەژمار كردوەو ئەفسووسیان بۆ خواردوە ، وەك ئەوەى ئەوان خۆیان داهێنەرو دروستكەرى ئەو شكستانە نەبووبن!
ئەگەر تەنیا سەیرى ئەو نۆزدە ساڵەى دواى راپەڕین بكەین ، نمونەى یەكجار زۆرمان لەو بارەیەوە بەرچاو دەكەوێت، سەركەوتن لە دواى سەركەوتنەكان ، لەراستیدا شكست لە دواى شكست بووینەو تەنها جیاوازیەكەى ئەوە بوە،كە ئەقڵیەتى سەركردایەتى كورد سەرەتا شتەكانى بە بەرەواژوو خوێندۆتەوە ! بۆیە هەمیشە دواى ئاهەنگەكانى دەسەڵات بە بۆنەى سەركەتنەكانیانەوە ،خەڵكى كوردستان شین و شەپۆڕى ژێر كەوتنەكانى گێڕاوە و فرمێسكى بۆ دۆِراندنێكى تر رشتوە!!! دەرئەنجامیش هەمیشە لەدەستچوونى هەلێك و هەنگاوێك دووركەوتنەوە بووە لە ئامانجە نەتەوەییەكان! دیارە یەكێك لە نمونە دیارەكانى ئەم دواییە ، سەركەوتنەكانى كورد بوو لە هەمواركردنى یاساى هەڵبژاردنەكان ،كە لەناو پەرلەمانى عیراقەوە زۆر بەحەماسەوە پیرۆزباییان لە خەڵكى عیراق بەگشتى و خەڵكى كوردستان بە تایبەتى كرد، پاشان بەمەشەوە نەوەستان سوپاسى هەموو ئەو لایەنانەیان كرد كە رۆڵیان لەو سەركەوتنەدا بینى ! دواتریش هەر خۆیان ، بە ماوەیەكى زۆر كەم شكستهێنانى كورد لە هەڵبژاردنەكانى عیراقیان خستە ئەستۆى شكستەگەورەكەى هەمواركردنەوەى یاساى هەڵبژاردن!!!
ماوەیەكە بەهەمان شێوە پڕوپاگەندە بۆ سەركەوتنى ئەو پڕۆژەیە دەكرێت ،كە سەرۆكى هەرَیم پێشكەشى كرد ، بە مەبەستى كۆكردنەوەى لایەنە ركابەرەكانى عیراق لەسەریەك مێزى گفتوگۆ ، دواى ئەوەى بۆ ماوەى هەشت مانگ دواى هەڵبژاردن ، نەیانتوانى بەیەكەوە لەسەر یەك مێز دابنیشن! دواى یەكەم دانیشتنى پەرلەمان ، كە وەك دەرئەنجامێك بوو بۆ پڕۆژەكە ، یەكێتى و پارتى بە بۆنەى ئەو سەركەوتنەوە ، هەمدیس كەوتنەوە ئاهەنگ گێڕان و پارەى میللەت بەفیڕۆدان ! سەربارى ئەوەى ئەگەر بە وردى لەو پڕۆژەیە رامێنین ، ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت نەك بە تەنیا سەركەوتن نیە ، بەڵكو شكستێكى هێند پشتشكێنە ، لە دوا رۆژێكى زۆر نزیكدا كاریگەریە نێگەتیڤەكانى لەسەر تەواوى مەسەلەى كورد بە دیار دەكەوێت!!! بە دیاركەوتنى سەرەتاى شكستەكانیش لەسەرەتاى مانگى دوازدە لە پڕۆسەى ئەنجامنەدرانى پڕۆسەى سەرژمێریەوە بەدیار دەكەوێت!
ئەگەر بمانەوێ شرۆڤەیەكى واقعبینانە بۆ ئەو پڕۆژەیەى سەرۆكى هەرێم بكەین ، بە بێئەوەى رێگا بدەین بكەوینە ژێر كاریگەرى راگەیاندنەكان ، بە تایبەتیش راگەیاندنەكانى هەردوو حیزبى دەسەڵاتدار لە كوردستان ،راستەقینەى ئەو پڕۆژەیەمان وەكو ئەوەى كە هەیە بۆ دەردەكەوێت نەك وەك ئەوەى كە دەسەڵاتى كوردى دەیەوێت نیشانمان بدات ! جا ئەگەر گریمانى ئەوەمان كرد كە ئەو پڕۆژەیە پڕۆژەیەكى پوخت كوردیە و لە ژێر كاریگەرى فشارى دەرەكیدا نەبوەو ئەقڵیەتى كوردى خۆى بەرهەمى هێناوە ، واتە دەستێك نەبوە لە دواوەو بە مەبەستى سیاسى خۆى ، لە رێگاى كوردەوە ئەو پڕۆژەى خستبێتە روو، ئەوا ئەوە دەردەخات كە سەركردایەتى كورد بە دەست نەخۆشیەكى سەختى عیراقى بوونەوە دەناڵێنن و لەو بوارەشدا وەكو دەڵێن لە پاشا پاشاترن ! لە كاتێكدا ئەو كەسانەى كە بۆماوەى زیاتر لەحەفتا ساڵ ، خاوەنى راستەقینەى عیراق بووینەو دەسەڵاتیان لە دەست بووە ، لە پێناو بەرژەوەندیە سیاسى و مەزهەبیەكانى خۆیاندا ، نەك گوێ بە یەكپارچەیى خاكى عیراق نادەن ، بگرە ئامادەشن عیراق بەرەو شەڕێكى ناوەخۆ بەرن ، وەك ئەوەى پارتى و یەكێتى لە نەوەدەكانى سەدەى رابردوودا لە كوردستان ئەنجامیان دا! لە راستیدا ئەم مەسەلەیە هەوێنى كۆمەڵێك پرسیارى زۆر ترسناك و ئاڵۆزە! بۆ دەبێت كوردێكى ستەم دیدە ، كە بەدرێژایى مێژووى عیراق ، جگە لە ئازارو پڕۆسەیەكى چڕو پڕى لەناوبردنى نەتەوەیى و بەعەرەبكردنى خاكى كوردستان هیچى ترى بەدى نەكردوە ، ئاوا شێلگیرانە كار بۆ یەكخستنەوەى ئەو ماشێنە بكات كە بەخوێنى ئەو كارى كردوە !؟ كار بۆ ئەوە بكات دوژمنە سەرسەختەكانى لەسەر یەك مێز كۆبكاتەوە ، لە كاتێكدا لە ماوەى چەندین ساڵى شەڕى ناوخۆدا ، نەیانتوانى خۆیان لەسەر یەك مێز گردببنەوە ، تا بانگهێشتى واشنتۆن ! ئەو كەسانەى كە بوونە هۆى لێكترازاندن و پەرتەوازەكردنى ماڵى كوردى ، واتاى چیە ئێستا كار بۆ ئاوەدان كردنەوەى ماڵى عەرەب دەكەن!؟ دوو دوژمنى سەرسەختى مەزهەبى و دوو دۆستى هاوبەرژەوەندى ناسیونالیستى دژ بە كورد لەسەر یەك مێزدا كۆدەكەنەوە! جێگاى سەڕسوڕمانە كە قووڵبوونەوە ئەو هەستى عیراقچیەتیە لاى سەركردایەتى كورد، لە كاتێكدایە كە عیراق پێویستە وەكو یوگۆسلاڤیاو وڵاتانى ئەوروپاى رۆژهەڵات دابەش بكرێت و وەكو باشورى سودان راپرسى لەسەر چارەنووسى خۆى بكات! بۆچى دەبێت لەو كاتە هەستیارەدا ئەو سیاسەتە دژە نەتەوەییە بگیرێتە بەر!؟
خاڵى دووەم ئەوەیە كە ئەگەر هاتوو سەركردایەتى كورد ، لە جیاتى خەڵكانى ترو بۆ هێنانەدى بەرژەوەندى هێندێك وڵات بێت ،كە فشار دێننە سەر كوردستان ئەم پڕۆژەیەى پێشكەش كردبێت ! ئەم هەڵوێستە بە كارەساتێكى هێند ترسناك هەژمار دەكرێت كە هەموو خەباتى سەركردایەتى كورد دەخاتە ژێر پرسیارەوە! چونكە ئەگەر كورد لەو كاتە تەنگەتاوەدا بە شێوەیەكى ئاوا ترسناك ئیرادەى سیاسى خۆى لەدەست دابێت ، واتاى ئەوەیە كە ئەو سەركردایەتیە ناتوانێت بەوردى رووداوەكان بخوێنێتەوەو بەسەقەتى لە مێژوو تێدەگات ، بۆیە ناكرێت چاوەڕێى ئەوەى لێبكرێت كە ببێتە دروستكەرى مێژوو! سەربارى ئەمەش ، ئەگەر بمانەوێت بە شێوەیەكى ئەكادیمى ئەو هەوڵەى سەرۆكى هەرێم هەڵسەنگێنین ونەیخەینە خانەى خەتى راست وچەپ پێداهێنان ، پێویستە بەراوردێك لە نێوان ئەو لایەنانە بخەینە بەرچاو ، كە لەیەكەم روانگەدا وەكو پۆزەتیڤ دێنە بەرچاو ، لەگەڵ لایەنە نێگەتیڤەكانى پڕۆژەكە !
یەكێك لە گەورەترین هەڵەكانى سەركردایەتى كورد لە قۆناغى ئێستا ، ئەوەیە كە قووڵایى ستراتیژیەتى هێندە بەرەو دەرەوە تاوداوە ، قووڵایى ستراتیژیەتى ناوەوەیى بە هەند هەڵنەگرتووە! لە كاتێكدا لە رووى جوگرافیاى مرۆییەوە پانتاییەكى یەكجار بەرفراوانى لەبەردەم دایە، كە هەر لەناوچە گڕگرتوەكانى حەمرین ، كە دەكاتە سنوورى باشوورى كوردستان دەست پێدەكات، تا سنوورەكانى سۆڤیەتى پێشوو دەگرێتەوە ، ئەم ناوچەیە لە رووى رێگاوبان و ئابوریەش تۆڕێكى یەكجار گرنگەو بەدەر لە دەسەڵاتى سیاسى ئەو وڵاتانەى كە ئەو ناوچانەى كوردستانیان بەسەر دابەشكراوە ، كورد دەتوانێ كاریان لەسەر بكات! نەبوونى هاوسەنگیەك لەنێوان هەردوو قوڵایى ستراتیژى دەرەوەو ناوەوە ، وا دەكات ئەو جۆرە بیركردنەوەیە بێتە ئارا كە ئەمڕۆ ئەقڵیەتى سەركردایەتى كوردى داگیر كردوەو واى لێدەكات كە پڕۆژەى لەو شێوەیەى لێبكەوێتەوە كە سەرۆكى هەرێم كارى لەسەر كرد! كە لە جیاتى بەرەوپێشبردن ، مەسەلەى كورد بە شێوەیەكى زۆر ترسناك بۆ دواوە دەگەڕێنێتەوە! دروست بوونى عیراقێكى بەهێز هەرگیز لەبەرژەوەندى كورد دانیە ، لەبەر ئەوە جگە لە هۆكارى كورد خۆى ، هەموو هۆكارەكانى ترى ناوخۆیى و هەرێمى لەگەڵ مانەوەى هۆكارى كوردى نین لە نێو ئەو ململانێیەدا ، پشت بەستن بە هێزێكى دەرەكى بەو شێوە تەوەكولیانەیە لەو هاوسەنگیەدا ، تەمەنى مانەوەو بەهێز بوون لە دووتوێى ئەو ململانێە سەخت ودژوارە ، زۆر كورت دەكاو كورتبینیەكى سیاسى زۆر سەیرى تیا بەدیدەكرێت! هەرچەندە لە وتارو دروشمەكانى دەسەڵاتى كوردیدا هەوڵدەدرێت پێچەوانەى ئەمە نیشان بدرێت و بخرێتە بەرچاو!!!
راستە ئەم پرۆژەیە ، لە دیوێكدا ئەوەى خستە روو كە كورد لە جیاتى ئەوەى هۆكارى پەرتەوازە بوون و ناسەقامگیرى بێت ، دەكرێت ببێتە هۆكارى پاراستنى یەكپارچەیى خاكى عیراق ، كە هەموو دەوڵەتانى ناوچەكە هەترەشیان لە دابەش بوونى چووە ، لەبەرئەوەى وەك ئاشكرایە رەنگدانەوەو كاریگەرى لەسەر ئەوانیش دەبێت! بە دیوێكى تردا ئەگەر ئەمە رێگایەك بێت بۆ رەواندنەوەى ئەو ترسە ، ئەوا ئەو رێگایە لە راستیدا زۆر روخساریەو كەسێكى ئاسایش دەتوانێ لەمەبەستەكەى تێبگات ، بۆیە لە رووى كردارەوە ناتوانێت رۆڵێكى گرنگ بگێڕێت و ئەگەرلایەنى بەرامبەریش ، واتە ئەو دەوڵەتانەى كە لە گەشەسەندنى مەسەلەى كورد دەترسن ، وانیشان بدەن كە باوەڕیان بەو هەنگاوە هەیەو ئەو مەبەستە بە هەمان رووكەشیەوە وەردەگرن كەلە پڕۆژەكە پێشكەش كراوەو شرۆڤەكردنى جیاى بۆ ناكەن ، ئەوا ئەوانیش هەمان بەرامبەرە سیاسەت بەكاردەهێنن و بەهەمان چەك شەڕ لەگەڵ كورد دەكەنەوە ، چونكە هەر لە بنەڕەتدا ، ئەم هەنگاوە لەگەڵ گەشەسەندنە سیاسیەكانى ئەو ناوچەیەو جیهان ناگونجێ . بۆیە دەسكەوتى ئەو سیاسەتە ، كە ئەگەر وەكو مانۆرێكى سیاسى ئەنجام درابێت ، دەستكەوتێكى زۆر كاتیە ، هەڵوێستى ئەم دواییەى توركیا لە هەڵبژاردنەوەى تاڵەبانى بۆ پۆستى سەرۆك كۆمار ، باشترین بەڵگەیە بۆ دروستى ئەو خوێندنەوەیە ، چونكە دەبێت ئەوە بزانین كە پرسى دامەزران ، یاخود دانەمەزرانى دەوڵەتى كورد، نە ئەو جۆرە مانۆرانە دروستى دەكەن و نە دەشتوانن رێگاى لێبگرن ! بۆیە ئەو دەوڵەتانەى كە دابەش بوونى عیراق و دامەزراندنى دەوڵەتى كوردى هەترەشى بردوون ، لەكورد باشتر رووداوەكان دەخوێننەوەو هەڵیدەسەنگێنن ، چونكە لە پاڵ ئەوەى كە ئەزموونى سیاسیان لەكورد زیاترە ، هاوكات دام و دەزگاكانیشیان پتەوتروكاراترە لە توێژینەوەو لێكۆڵینەوە لەو بارە سیاسیە نوێیەى كە ئەمڕۆ نەك بە تەنیا كوردستان و رۆژهەڵاتى ناوین ، بەڵكو لە هەموو جیهاندا دەگوزەرێ! جا كاتێك تۆ كار لەسەر ئەوە دەكەیت كە بەشێوەیەكى زۆر ساویلكانەو لەژێر پەردەى سیاسەت كردندا ، ئەو پڕۆژانە بخەیتە روو ،ئەوا بەر لە هەموو كەسێك تەنها خۆت فریو دەدەى !!!چونكە ئەوانەى بەرامبەرت لەم رووەوە قاڵ بوونەتەوە ، ئەگەر لە رووخساریشدا وانیشان بدەن كە باوەڕ بەو هەڵوێستانە دەكەن ،لە راستیدا بە پێچەوانەكەى مامەڵەى لەگەڵدا دەكەن ، جا ئەو پیرۆزبایى و دەست خۆشیانەى كە لەلایەن دەوڵەتانى هەرێمى و تەنانەت جیهانیشەوە بەدەست سەرۆكى هەرێم گەیشت ، لە چوارچێوەیەدا ناچێتە دەرەوە!!!
ئەگەر ئەو هەڵوێستە رووكەشانەش بەدەست كەوتى نەتەوەیى حسێو بكەین ، وەك ئێستا دەسەڵاتى كوردى لافى پێلێدەداو پڕوپاگەندەى بۆ دەكات ! ئەوا زیانەكانى زۆر گەورەو مەترسیدارترن! لە لایەك دەبێتە هۆى زیاتر لێكترازانى ماڵى كوردو لەدەستدانى ئەو متمانە كەمەى كە خەڵكى كوردستان بە دەسەڵاتدارانى ماوە ، لە لایەكى تر دەبێتە هۆى بەهێزكردنەوەى ناسیونالیستى توند رەوى عەرەبى كە هیچ مافێك بە كورد رەوا نابینێت و كورد ئەزموونێكى یەكجار خوێناوى و تاڵى لەگەڵدا هەیە ...
پێشكەشكردنى پڕۆژەیەكى لەو بابەتەو كاركردن بەو رەوگەیە ، دوو لایەن روون دەكاتەوە ، لە لایەك ناكامڵى و ساویلكەییەكى سیاسى قووڵ، لە لایەكى تر تێنەگەیشتن لە گرنگى كات و هەستیارى و خێرایى رووداوو گۆڕانكاریەكانە ! رەنگ بێت بگوترێت بە پیرەوە هاتنى پڕۆژەكە لە لایەن ركابەرەكانەوە و هاتنیان بۆ هەولێر و دانیشتنى پەرلەمان دواى ململانێیەكى هەشت مانگى پێچەوانەى ئەو بۆچوونە دەسەلمێنێ و سەركەوتنى پڕۆژەكە دەردەخات ! وەلێ ئەو پڕۆسەیە نابێت لەیەك گۆشە نیگاوە بخوێنرێتەوەو دەبێت بەشێوەیەكى كۆگیرو قووڵتڕ سەیربكرێت ، تەنها دەرئەنجامە هەنووكەیى و كاتیەكان نەخرێتە بەرچاو كە رەنگ بێت شێوازێكى تراویلكانەییان هەبێت و راى گشتى كوردستان فریو بدەن ! بەر لە هەموو شتێك ئەو شێوە بە پیرهاتنە لە لایەن شیعەو سوننەكانەوە ، بە تایبەتیش لە لایەن سوننەكانەوە ، هێندە لەبەر گرنگى و بایەخى پڕۆژەكە نەبوو ، هێندە لە سۆنگەى مەترسى دابەش بوونى عیراق و فشارى دەوڵەتە هەرێمیەكان ، بە تایبەتیش توركیا دابوو! كە وایان لە سوننەكان (لیستى العراقیە) گەیاند كە دیوى شاراوەى ئەو پڕۆژەیەى سەرۆكى هەرێمى كوردستان ، مەبەست تیایدا دابەشكردنى عیراقە ، واى بۆ دەچوون كەكوردەكان وەكو تەكتیكێك دەیانەوێ وا نیشان بدەن كە خەمخۆرى یەكپارچەیى عیراقن ، بەڵام لە راستیدا لە بیانگەیەك دەگەڕێن بۆ دابەشكردنى عیراق! سەرنەكەوتنى ئەو پڕۆژەیەش بیانگە بە كورد دەدات كە پڕۆژە نەتەوەییەكەى خۆیان جێبەجێ بكەن و لەو دۆخەشدا راى گشتى جیهانى پشتیان دەگرێت ! چونكە ئەوان بەو هەڵوێستەیان بارەكە دەگەیەننە ئاستێكى وا كە رێگا بۆ جیابوونەوەى كورد لە عیراق خۆش بكات! هەروەك ئەندامێكى لیستى (العراقیە) راشكاوانە رایگەیاند كە ئەوان بە دەنگ ئەو پڕۆژەیەى سەرۆكى هەرێم هاتن "بۆ ئەوەى عیراق لە مەترسى دابەش بوون رزگار بكەن " . بەم چەشنە ئەم خوێندنەوە دەمانگەیەنێتە ئەو دەرئەنجامەى كە ئەگەر گریمانى ئەوەمان كرد سەرەتا ئەو پڕۆژەیە وەك تاكتیكێك پێشكەشكراوە ، ئەوە لە دواجاردا بوو بەستراتیژو بە پێچەوانەى بەرژەوەندیەكانى كورد وەردەچەرخێتەوە! چونكە یەكەم هەڵەى كەمەرشكێنى ئەو پڕۆژەیە ئەنجامدانى چەند رێكەوتننامەیەك بوو ،كە تا دانیشتنى پەرلەمان ئیمزاى لەسەر نەكرابوو ، كە ئەمە سەرەڕۆییەكى سیاسى مەترسیدارى تێدایە ، پاشان ئەگەر ئێمە باوەڕمان بە دیموكراسیەت هەیە ، ئەو رێكەوتننامانە كە كاریگەریەكى ترسناكیان لەسەر دوا رژى هەرێمدا هەیە نابێت ئاوا لە ژوورە تاریكەكاندا ئەنجام بدرێت ، بەڵكو دەبێت دواجار بۆ شەرعیەت پێدان و تەسدیق كردنى بچێتە بەردەم پەرلەمانى كوردستان ! نە هەنگاوى یەكەم ئەنجامدراوە نەهى دووەم ، كەچى دەیانەوێ بیخەنە بوارى جێبەجێكردنیشەوە ، هەتاوەكو ئەگەر تەنازولاتى زۆر گەورەشى لە لایەن سەركردایەتى كورد لێبكەوێتەوە ، وەك دوا بە دواى هەموو پڕۆسەیەكى لەو جۆرە بینیومانە، بۆیە ئەم رێكەوتننامانە ئەگەر نەهێنرێنە بەردەم پەرلەمان لە رووى یاساییەوە هیچ شەرعیەتێكیان نابێت!!!
هەرچۆنێك بێت لە كۆتاییدا پەرلەمان دانیشتنى خۆى ئەنجامداو وا خەریكە حكومەتێك دێتە سەر كار كە لەسەرەتاوە بە هەموو پێوەرێك ئەوە دەردەكەوێ كە وەكو حكومەتەكانى پێشووترى عیراق ، بگرە زۆر مەترسیدارتر مامەڵە لەگەڵ دۆزى كورد دەكات و كار بۆ ئەوەدەكات لە بچوكەوە بچوكترى بكاتەوە ، حكومەتێك لەسەر بنەماى چەند بەڵێنێك و چەند رێكەوتنیكى بێئمزاو چەند گرەنتیەكى سەرچاوە نەزانراوەوە دامەزرابێت ، دەبێت خەڵكى كوردستان چاوەڕوانى چى لێبكات!؟ وەكو بەڕێز د.رۆژ نورى شاویس لە دانیشتنەكەى هەولێردا كە بەشێوەیەكى راستەوخۆ لە كەناڵە ئاسمانیەكانەوە پەخش دەكرا، رایگەیاند كە "ئەوان سەرسام بوون بەوەى كە ئاسانترین مەسەلە لەو مەسەلانەى كە زۆر بەئاسانى رێكەوتنیان لەسەر كرا داواكانى كورد بوو"!!! هەروەها بەڕێز سەرۆكى هەرێمیش هەر لەهەمان كۆنفراس پرێسدا كە لە رێكەوتى 13\11\2010 دواى گەڕانەوەى لە بەغدا لە فڕۆكەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر گرێیدا ، هەمان دەستەواژەى دووبارە كردەوە!!!
ئەمە مەهزەلەیەكى سیاسى زۆر پێكەنیناویە !!! چونكە وەك ئاشكرایە كە هەر لەسەرەتاى دامەزراندنى دەوڵەتى عیراقەوە تاوەكو ئێستا ، سەختترین كێشە ، كێشەى كورد بووە ، لەماوەى دواى رووخانى رژێمى سەدامیش ، تاكە خاڵ كە هەموو لایەنە غەیرە كوردەكانى عیراق لە بارەیەوە بە شێوەیەكى نێواخنى لەسەر كۆك بووینە و رێگریان لەبەرپێشوەچوونى گرتوە ، مەسەلەى كورد بووە ! جا كاتێك ئێستا بە ئاسانترین مەسەلە لەقەڵەم دەدرێت واتاى چى دەگەیەنێت !؟ تۆبڵێى سیاسەتمەدارانى كورد لەو ئاستەدا بن كە بەوشێوەیە بیر بكەنەوە!؟ رەزامەندى نواندن بەو ئاسانیەى كە بەڕێز سەرۆكى هەرێم باسى كرد لەیەك واتا زیاتر بەخۆوە هەڵناگرێت ، ئەویش دەست پێكردنەوەى هەمان گەمەكەى حكومەتەكانى ترى عیراقى دواى سەدام حوسێنە ، كە بە دوان و بەڵێنەكانیان هەموو شتێكیان جێبەجێدەكرد ،بەكردەوەش نەك تاكە بەڵێنێكی سەرزارەكى و ئیمزا نەكراوو ، بەڵكو دەستورو رێكەوتننامە گرنگەكانیشیان جێبەجێ نەكرد ، بەڵام دیارە ئەمجارەیان بە بەشدارى كردنى سوننەى دۆستى كوردو وەرگرتنى پۆستى سەرۆكى پەرلەمان لە لایەن دۆستێكى كوردى وەكو بەڕێز (ئوسامە نوجێفى) مەسەلەى كورد زۆر ئاسانتر دەچێتە پێشەوە !!!
بۆ دەبێت سەركردایەتى كورد بەو شێوەیە بیر بكاتەوە ، ئایا ئەو لێدوانانەى دەیدەن بەراستیانەو خۆیان باوەڕى پێدەكەن !؟جا ئەگەر بەڕاستیان بێت ئەوا ئەو خوێندنەوەیان رووبەروووى گومانێكى ترسناكیان دەكاتەوە لەوەى كە لەسەنگەرى گەلەكەى خۆیاندابن !!! ئەمە پێویستى بەوە هەیە كەخەڵكى كوردستان هەڵوەستەیەك بكەن و ئەقڵمەندانەتر بەرامبەر ئەو جۆرە سەركردایەتیە هەڵوێست وەرگرن !!! دەشێت بیانووى خۆیان بەوە بێننەوە كە ئەوان لەچوارچێوە گەورەكەى ئەو ململانێیەدا گرەنتیان وەرگرتوە، هاوكات كارتى زۆر گرنگیان لەبەر دەستدایەو ئەگەر لایەنە عەرەبەكانى عیراق بەڵێنەكانى خۆیان بەجێنەگەیەنن ، ئەوان بێباكن و ئەو كارتانە بەكاردەهێنن ،!!! ئەو كاتە لایەنە عەرەبیەكان لە دەر ئەنجامى مەترسیدارى بەكارهێنانى ئەو كارتانە بەر پرسیار دەبن نەك كورد!!! جارێ بەر لە هەموو شتێك دەبێت ئەو راستیە بزانین و دانى پیا بنێین كەوا كورد هیچ كارتێكى بایەخدارى لە دەست نەماوەتەوە ، ئەگەر هەندێك كارتیش مابێت ئەو سەركردایەتیەى ئێستاى كورد تواناى بەكارهێنانى ئەو كارتانەى نیە ، لە ماوەى ئەو حەوت ساڵەى رابردوودا بۆمان دەركەوت كورد بەردەوام هەڕەشەى بەكارهێنانى كارتى كردو بۆ تاقە جارێكیش نەیتوانى كارتێك بەكاربهێنێت!!! دەربارەى مەسەلەى گرەنتیەكەش ، بەهەمان شێوە ئەزموونى ساڵانى رابردوو ئەوەى سەلماند كە گرەنتى لەهەر سەرچاوەیەكەوە بێت ناكرێت پشتى پێببەسترێت !!! چونكە ئەو هەموو گرەنتیەى سەركردایەتى كورد لە ماوەى رابردوودا لافیان پێلێدا، دەرئەنجامێكى پۆزەتیڤانەى بۆ كورد لێنەكەوتەوە ، جا ئەمە ئەوە دەگەیەنێت یا گرەنتیەكان وەكو ئامڕازێك بەكارهات لە لایەن سەركردایەتكرى كورد بۆ شاردنەوەى شكستەكان و فریودانى خەڵكى كوردستان ، یاخود ئەو سەركردانە بە فعلى لە سیاسەت نەگەیشتوون و لە ئاستى ئەو قۆناغە نین ، لە هەردوو حاڵەتیشدا راستگۆبوونیان بەرامبەر خەڵكى كوردستان دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە !!!
بەهەرحاڵ كورد نابێت ئەو هەلە مێژووییە لە رێگاى ئەو گرەنتیانەوە لە دەست بدات كە بەهۆى خێرایى رووداوەكانى جیهان و گۆڕانكاریە سیاسیە خێراكان بوارى جێبەجێكردنیان نیە ! چونكە ئەو ململانێیە ئاڵۆزەى كە لە ناوەوەى عیراق روودەدات و بەشێوەیەكى زۆر تۆكمە بە ململانێ هەرێمى و نێودەوڵەتیەكانەوە بەستراوەتەوە ، تاوەكو ئێستا ئەوەیان دەرخستوە كەوا نیشاندانى كارتى گرەنتى تەنیا مانۆرێكى سیاسى بووەو لە پێناو پەڕینەوە لە كۆسپێك بووە ، بەداخەوە وەكو ئاماژەشمان پێكرد ، ئەو پەڕینەوانە هەمیشە لەسەر پشتى بەرژەوەندیەكانى كورد بووە!!! كە ئەمەش دوو خاڵى ترسناك رووندەكاتەوە ، خاڵى یەكەمیان ئەوەیە، وەكو ئاماژەمان پێكرد سەركردایەتى كورد لە ئاستى ئەو ململانێیە ئاڵۆزو هەستیارەى ئەو قۆناغەدانیە ! تاوانە دەنگدەرى كوردستان ئیرادەى سیاسى و چارەنووسى میللەتەكەى خۆى بداتەوە دەست كەسانێك كە بەو شێوە نابەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئامانجە نەتەوەییەكان دەكەن و بەهیچ كڵۆجێك نە رێزى ئەو هەلە مێژووییەیان گرتووەو نە تێیگەیشتوون !!! خاڵى دووەمیش ئەوەیە كە سەركردایەتى كورد بە تەواوى ئیرادەى سیاسى خۆى لە دەستداوەو وەكو تۆپێكى سووك و هەرزان كەوتۆتە دەست یاریكەرەكانى ترەوە!!! هێندەى بە تەنگ جێبەجێكردنى پلانى زلهێزەكانە ، پانتاییەكى بۆوەدەستهێنانى بەرژەوەندیە نەتەوەییەكان نەهێشتۆتەوە! واتە سەركردایەتى كورد نەخاوەن ستراتیژیەتێكى نەتەوەییەو نە لە تواناشیدا هەیە كار بۆ ستراتیژیەتێكى نەتەوەیى بكا ، چونكە كەسێك ئیرادەى سیاسى لە دەست دابێت و لە چاوى بەرژەوەندیە كەسیەكانەوە مامەڵە لەگەڵ رووداوەكان بكات ، هەرگیز بە شێوەیەكى كردارى ناتوانێت ببێتە خاوەن ، یاخود جێبەجێكارى ستراتیژیەكى نەتەوەیى ، هەرچەندە لە رێگاى دروشمەكانیشیەوە خۆى وا دەربخات !!!
راستە ئەگەر بە تەنها لە رەهەندە دەرەكیەكانەوە سەیرى دۆزەكە بكەین ، دروست بوونى حكومەت لە عیراقدا كاریگەریەكى گەورەى بەسەر بزاڤى كوردەوە هەیە ، بەڵام دەبێت ئەوەمان بۆ روون بێت كە ئەمە بە تەنیا كێشەى كورد نیە ، نەبوونى حكومەت لە عیراق هەرگیز هێندە كێشە نەبووە بۆ كورد نەبووە بەقەدەر بوونى حكومەتێكى سەركوتكار ، كە بە هەموو شێوەیەك بزاڤى كوردى داپلۆسیوە! زۆر سەیرە گەلێك لە ماوەى زیاتر لە حەفتا ساڵدا ، ئەوەى چەوساندنەوە بە دەستى دەوڵەتێك چەشتبێ وبە فەرمى پڕۆسەى جینۆسایدى بەرامبەر ئەنجام دابێت ، بەو شێوە سەر سوڕهێنەرە كار بۆ دامەزراندنەوەى ئەو دەوڵەتە بكات !!! كاركردن بۆ دامەزراندنى حكومەتێك كە دڵنیابیت ئەو بوارانەى بۆ تواندنەوەى تۆ دەكاتە بەرنامەى كارى خۆى زۆر زیاترە لە بوارى كاركردنى بۆ بەیەكەوە ژیانێكى هاوبەشانە ، سەرەڕۆییەكە دەگاتە ئاستى خیانەتى نیشتمانى !!!
وەك بەڕێز سەرۆكى هەرێم لە هەمان كۆنفراس پرێسەكەدا گوتى " ئەوان تاوەكو ئێستا نەگەیشتوونەتە ئەوەى كەوا چۆن پۆستەكان دابەش بكەن !!! دواى دانیشتنى پەرلەمان ، لایەنەكان لەسەر دابەشكردنى پۆستەكان و پێكهێنانى حكومەت رێكدەكەون !!!"
نازانم چ هۆكارێكە وا لە بەڕێز سەرۆكى هەرێم دەكات كە بەو شێوە متمانەى بەو رێكەوتنانە هەبێت كە هێشتا ئیمزا نەكراون ! لە كاتێكدا هیچ لە رێكەوتنەئیمزا كراوەكانى پێشووتر جێبەجێنەكراون!!! هیچ لایەنێك لەوانەى لە عیراقدا دەسەڵاتیان لە دەست بووە ، ئەگەرچى كوردیش زیاتر وەكو دیكۆرێك بەشدارى لەو حكومەتانە كردبێت !!! ئامادە نەبووە هیچ یەكێك لەو رێكەوتنانە تەرجومەى واقع بكات ! هێڵى ناسیونالیستى توندرەوى عەرەبى ، كە سەربارى جیاوازى و كۆمەڵێك كێشەوململانێى مەزهەبى ومێژوویى لە نێوان شیعەو سوننەدا ، توانیویەتى ئەو دوو لایەنە بە یەكەوە كۆ بكاتەوە . راستە ئەو بزاڤە لەگەڵ تێكشكان و رووخانى رژێمى بەعس لە ساڵى 2003 دوچارى نسكۆیەكى گەورە هاتوو بەرەو پووكانەوە چوو ، بەڵام لە دواى 2005 وە دەستى بە بوژانەوە كردۆتەوەو بە شێوەیەكى زۆر توند خۆى بە باڵە ئاینیەكانەوە گرێداوە ! بۆیە هەرچەندە لە قۆناغى خەباتى رزگاریخوازى و سەرەتاكانى دواى رووخانى رژێمى بەعس ، شیعەكان وایان نیشان دەدا كەوا هاوپەیمان و هاوخەمى كوردن ، بەڵام كە دەسەڵاتیان كەوتە دەست ئەوانیش بەكردار روو بەرووى داخوازیەكانى كورد بوونەوە ، ئەو روو بەرووبونەوەیەش ،سەربارى بەهێزبوونەوەى باڵى ناسیونالیستى عەرەبى ، وەكو هەڵوێستى سوننەكان ، هۆكارى هەرێمیش رۆڵى خۆى تیا دەبینێ ، چونكە دیارە ئەگەر سوننەكانى عیراق پشتیان بە دەوڵەتە هەرێمیە سوننەكان بەستبێت لەوانە توركیاو سعودیا، ئەوا شیعەكانیش كەوتوونەتە ژێر كاریگەرى ئێرانەوە ، لەبەر ئەوەى هەڵوێستى ئێرانیش بەرامبەر كێشەى كورد ئاشكرایەو سەركەوتنى كورد لەبەرژەوەندى ئەو دانیە ، چونكە خۆى كێشەى كوردى هەیە ، بۆیە ناكرێت لە سوننەكان زیاتر چاوەڕێى پشتگیریەكى كاریگەرانە بۆ مەسەلە گرنگەكانى كورد لە شیعەكانیش بكرێت ، بە تایبەتیش لەو مەسەلانەى كە پەیوەندیان بە كێشە بنەڕەتیەكانى كوردەوە هەیە ، لەوانە جێبەجێكردنى مادەى 140 ى دەستوورو دیاریكردنى سنوورى هەرێمى كوردستان !
راستە شیعەكان لەسەرەتادا بانگەشەیان بۆ سیستەمێكى فیدڕاڵى دەكرد ، بەڵام لە بوارى پراكتیكدا ، لە ماوەى 9 ساڵى رابردوودا ، جگە لەوەى نەیانتوانى تاكە هەرێمێكى فیدڕاڵیش لە ناوچەكەیان رابگەیەنن بە هەموو شێوەیەكیش كۆسپیان بۆ پێشكەوتنى هەرێمى كوردستان دروست كردوە ، كۆمەڵێك كێشەیان بە هەڵپەسێردراوى و بە بێچارەسەر لە نێوان هەرێم و مەركەزدا هێشتۆتەوە ، كە لە دوارۆژدا دەكرێت بكرێن بە بیانگەیەكى بەهێز بۆ پەلاماردانى هەرێم و لە باربردنى ئەو ئەزموونەى كوردى ! نورى مالكى كە لە ماوەى چوار ساڵى رابردوودا سەرۆك وەزیرانى عیراق بوو ، ئێستاش راسپێردراوە بۆ ئەوەى حكومەت پێكبهێنێت و باشترین ئەلتەرناتیڤەكانى گۆڕەپانى سیاسیە لە عیراق بۆ كورد ، نەك بە تەنها كارى بۆ ئەوە نەكرد كۆسپ و تەگەرە بۆ جێبەجێكردنى دەستوور جێبەجێ بكات ، بەڵكو بە شێوەیەكى زۆر زیرەكانە ، هەموو توانایەكی خستەكار بۆئەوەى لە رێگاى جولاندنى هێزى سەربازیەوە ، هەموو ئەو ناوچانە بە شێوەیەكى تۆكمە بە بەغدا ببەستێتەوە كە كورد دەیان ساڵە قوربانى لە پێناو دەدات !!! جا نزیكترین دۆست و هاوپەیمانەكانى كورد بەو شێوەیە بیر بكەنەوە ، دەبێت دوژمنەكانى كورد لە عیراقدا چۆن بن !؟ بۆیە كاركردنى سەرۆكى هەرێم لەسەر یەكخستنەوەى ناو ماڵى عەرەب و ئەو هێزانەى كە دوژمنى سەرسەختى داواكانى كوردن ،جێگاى هەڵوەستە كردنە!!! كە رەنگ بێت كاریگەریەكى یەكلایى كەرەوەى هەبێت لە هەڵبژاردنى داهاتوو ، (ئەگەر بوارى ئەنجامدانى بۆ بمێنێ!!!) لەسەر دەنگدانەوە بە بارزانى !!!
لە ماوەى نۆزدە ساڵدا ، ئەگەر تۆزێك بێینە دواتریش ، لەماوەى ئەو حەوت ساڵەى دواى نەمانى رژێمى بەعس ، كە كوردستان روو بەرووى گۆڕانێكى زۆر گەورە بوەوە !كە لە راستیدا ئەگەر هەڵێكى نوێى لەگەڵ خۆیدا بۆ كورد هێنابێت ،ئاڵۆزى و گەورەیى ململانێكان ، ئەگەر مەترسیەكانى لە قۆناغى سەدام حوسێن بۆ كورد زیاتر نەبێت هەرگیز كەمتر نیە! لەو ماوەیەدا هۆى چى بوو سەرۆكى هەرێم پڕۆژەیەكى پێنەبوو ، یاخود راستتر لە رووى كرداریەوە نەیتوانى ئیدارەیەكى یەكگرتوو لە نێوان سێ نیمچە شارى كوردستان یەكبخات و كار لەسەر ئەوە بكات كە حكومەتێكى وا لەو هەرێمە دابمەزرێت كە بتوانێت بە بێڕێگر لە هەموو ناوچەكان وەكو یەك كارەكانى رایى بكات !!! دەكرێت سەرۆكى هەرێمێك هێندە بەتەنگ رێكخستنەوەى ناوماڵى ئەگەر نەڵێین دوژمن ، بڵێین ركابەرە سەرسەختەكانى بێت و ماڵى خۆشى فەرامۆش بكات! ئەگەر ئەو هەستە قووڵەى عیراقى بوون لاى بەڕێزیان رەگى داكوتاوە ، وا چاكە واز لە فیدراڵیش بهێنین و بە تەنها بە مافى هاوڵاتى بوون رازى بین لە وڵاتێك كە هەرگیز ئامادەنیە لە نیشتمانى دایك ، نیشتمانى عەرەبى جیابێتەوە !!! ئەو كاتەش ئەو خوێنەى كە بەفیڕۆدران وئەو هەموو خوێنەى كە بەفیڕۆ دەدرێن هیچ واتایەكى بۆ نامێنێتەوە !!!
هەوڵدان بۆ یەكخستنەوەى ناو ماڵى عەرەب وكورتكردنەوەى مەسەلەى كورد لە چەند پۆستێكى حكومەتدا ، بە تایبەتیش پۆستى سەرۆك كۆمار ، كە مەبەستى سەرەكى تیایدا رەوانەكرنى تاڵەبانیە بۆ تاراوگەو دوورخستنەوەیەتى لە ململانێكانى كوردستان ، كە لە ماوەى چوارساڵى رابردوو ئەوەشیان سەلماند ، ناتوانن ئەو پۆستانەش بە شێوەیەكى تەندروست لە پێناو خزمەتكردنى كوردا بەكارى بهێنن هەر بە تەنگ بەرژەوەندیەكانى خۆیان بوون !!! بچووككردنەوەیەكى زۆر مەترسیدارى دۆزى كوردە! دەبێت سەرۆكى هەرێم بزانێت خەڵكى كوردستان ئەو هەموو قوربانیەى بۆ ئەوە نەداوە ، كە چەند بەرپرسێك پۆست و پایە لە حكومەتى عیراقدا وەرگرن، بۆیە بە ستراتیژیكردنى شەڕ لەسەر پۆستەكان ، هەرگیز لەبەرژەوەندى كورد دانیە ، چونكە ئەگەر مەسەلە تەنیا پۆست بێت ، لە رژێمى سەدامیشدا كورد زۆر پۆستى گەورەیان وەرگرت ، چۆن ئەو بەرپرسە كوردانەى ئێستا كە چوونەتە بەغدا شەڕى ناوخۆیان ئەنجامداوو گوندو ماڵى كوردیان وێرانكرد ، ئەوانیش دەستەراستى سەدام بوون و باوەڕى تەواویشیان بە پڕۆسەى ئەنفال هەبوو!!!
بۆیە ئەگەر لەو گۆشە نیگایەوە لە دەرئەنجامەكانى پڕۆژەیى مێزى بازنەیى سەرۆكى هەرێم بكۆڵینەوە ، یەكەم دانیشتنى پەرلەمان سەرەداوى ئەوەمان بۆ دەردەخا كە ئەو پڕۆژەیە نەك بە تەنیا لە بەرژەوەندى كورد نەبووە ، بگرە زیانێكى گەورەو راستەقینەشى بە كورد گەیاندوە!!! چونكە ئەو دانیشتنەى پەرلەمان ئەوەى زیاتر روونكردەوە كە گۆڕانكاریەكانى عیراق نەك بە تەنیا لە بەرژەوەندى كورد دانیە ، بەڵكو مەترسیەكانى سەر هەرێمیشى گەورەترو چڕتر كردۆتەوە! راگەیاندنى دەسەڵاتى كوردى دەیانەوێ هەرچۆنێك بێت ئەو هەوڵە بەسەركەوتن وێنا بكەن و نیشانى خەڵكى بدەن ، بەڵام ئەوەى لە راستیدا بینیمان ، سەرەتاى داگیركردنى پەرلەمانى عیراق لە لایەن باڵى ناسیونالیستى توندرەوى عەرەب دەستى پێكرد! سەرەتاى كودەتایەكى سیاسى ... پەرلەمانى ، كە ئەگەرى ئەوەى هەیە لە داهاتووشدا ببێتە كودەتایەكى سەربازى دەستى پێكرد! چونكە وەك دیارە لەماوەى رابردوودا بە هەزاران ئەفسەرو پلەدارى پێشووى رژێم گەڕاونەتەوە نێو سوپاى عیراق و تا رادەیەكى زۆر وەزارەتى ناوخۆشیان كۆنترۆڵ كردوە ، ئەوانە هەست دەكەن كە بە داگیركردنى عیراق و لە ناوبردنى رژێمى بەعس كەرامەتى عروبە زامداربووە ، بۆیە هەمیشە لە دەرفەتێك دەگەڕێن ،جا ئەگەر وەزارەتى دەرەوەش بدرێت بە لیستى (العراقیە) ئەوا سیناریۆكە تەواو دەبێت و هەموو وڵاتە عەرەبیەكان لەم هەوڵەیاندا پشگتیریان دەكەن ! ئەمە سەربارى ئەوەى گریمانى ئەوە دەكرێت كە ئەمریكاش پاڵپشتیان بكات و سەقامگیرى لە رێگاى ئەوانەوە بۆ عیراق بگەڕێنێتەوەو ئەو ململانێیە ئاڵۆزە بە كۆتا بێنێ!!!
لەرێورەسمى وەرگرتنى پۆستى سەرۆكى پەرلەمان لە لایەن (ئوسامە نوجێفى)یەوە ، دواى رووخانى رژێمى سەدام ، بۆ یەكەم جار باڵى توندرەوى ناسیونالیستى عەرەبى توانیان بە شێوەیەكى راشكاوانە لەبەردەم پەرلەمانى عیراق ئامانجەكانى خۆیان زۆر بە ووردى بخەنە روو، سەرۆكى نوێى پەرلەمان بە خێرایى دەرفەتى قۆستەوەو ووتارێكى پێشكەش كرد، تیایدا پڕەنسیپەكانى بەعسیە نوێیەكانى عیراقى ئاشكرا كرد ، كە دەتوانین لە چەند خاڵێكدا كۆى بكەینەوە:
1- رەتكردنەوە دەستوورى نوێى عیراق ، سەرۆكى نوێى پەرلەمان رایگەیاند كە ئەو دەستوورە زۆر بەخێرایى نووسراوەتەوەو پێكهاتەیەكى گەورەى عیراق ، كە مەبەستى پێكهاتەى سوننە بوو تیایدا پشتگوێخراوەو نەیتوانیوە بەقەبارەى خۆى رۆڵ ببینێ! ئەمەش قۆناغێكى ترى گۆڕانێكى نوێیە لەدژایەتیكردنى كردنى دەستوور ، كە سەرەتاكانى لە كۆتاییەكانى قۆناغى نووسینەوەى دەستوور دەستیپێكردو توانیان مادەى (142) بخەنە دوو توێى دەستوورەوە، كەباس لە پێداویستى ئەنجامدانى هەمواركردنى دەستوور دەكات ،بۆ كاركردن و بە پڕۆژەكردنى هەمواركردنى دەستوورلە ناوپەرلەمان !
2- داواكردنى گەڕاندنەوەى عیراق بۆ ناو باوەشى ئوممەى عەرەبى !!! واتە هەمان دروشمى بەعس لەسەر سەكۆى پەرلەمانى عیراقى راگەیاندرایەوە!!! كە عیراق بەشێكە لە نیشتمانى عەرەب ! ئەمەش بە شێوەیەك لە شێوەكان داگیركردنەوەیەكى ترى تیوریى كوردستانە ، چونكە كوردستان نە بەشێكە لە ئوممەى عەرەبى و نە بەشێكیشە لە نیشتمانى عەرەبى ! جێگاى سەرنجە بەشێكى زۆریش لە شیعە ناسیونالیستەكان ئەو دروشمەیان لا پەسندەو لە كاتى نووسینەوەى دەستووردا شەڕى چەسپاندنیان دەكرد! جا راگەیاندنەوەى لە لایەن سوننەوە ، گومانى ئەوەى لێدەكرێت كە شیعە ناسیونالیستەكانیش پشتگیرى لێبكەن لە رێگاى دیموكراسیەتى پەرلەمانەوە كە زۆرینەن ، عیراق بگەڕێننەوە دۆخى بەر لەساڵى 2003 .
3- سەرۆكى نوێى پەرلەمان لە وتارەكەیدا ئەوەى راگەیاند كە پێویستە كێشەكانى نێوان هەرێم و مەركەز چارەسەر بكرێت و ئەو نا هاوسەنگیە راست بكرێتەوە كە لە ماوەى رابردوودا ، بەهۆى بارودۆخى ئاڵۆزى عیراق لەو پەیوەندیە هاتۆتە ئارا!!!
ئەوەى شارەزاى بیرو باوەڕى سەرۆكى نوێى پەرلەمان بێت ، كە سەرۆكى لیستى حەدبا-نەینەوا یەو مێژووێكى پڕ ململانێى لەگەڵ كورددا هەیە ، لەوە تێدەگا كە راستكردنەوەى ئەو پەیوەندیە لە روانگەى ئەودا گەڕاندنەوەى بارى كوردستان و ئۆتۆنۆمیەكەى بەر لە ساڵى 2003 یە . ئەو كێشەو تەنگژانەى لە نێوان كوردو لیستى سەرۆكى پەرلەمان دوا بە دواى هەڵبژاردنى پارێزگاكان روویدا ، تائێستاش چارەسەر نەكراوەو رێگا نەدراوە كورد بەگوێرەى رۆڵى نوێى لە عیراق و دیموكراسى توافقى وەك سەركردە كوردەكان دەڵێن ، بەشدارى لە بەڕێوەبردنى ئەو شارەدا بكات!!! هەرچەندە كورد زوو دەستى بەردارى ئەو شارە بووەو لە زمانى پارتیەوە بە شارێكى عەرەبى لەقەڵەم دراوە ،بە واتایەكى تر، سەرۆكى نوێى پەرلەمان نەك باوەڕى بەوە نیە كە هیچ دەسەڵاتێك لە بەغدا ، بەڵكو لە هەرێمى كوردستانیش لەدەست كورد بمێنێتەوە!!! دیارە لەمەشدا توركیا وەكو زلهێزێكى هەرێمیدا بە تەواوى دەستى خستۆتە نێودەستیان و پشتگیریان دەكات !!! كەواتە ئەو دەنگەى كە لە لایەن سەرۆكى پەرلەمانەوەو وەك دەرئەنجامێك بۆ پڕۆژەكەى سەرۆكى هەرێم بەرزبووەوە ، نەك بە تەنها باوەڕى بە جێبەجێكردنى دەستوورو لە ناویشیدا مادەى (140) نیە ، بەڵكو دەیەوێ ئەو دەسەڵاتانەش كەم بكاتەوە كە ئەمڕۆ لەو سێ پارێزگایەى هەرێم لە دەست كوردە !!! جێگاى داخە كە پەرلەمانتارانى كوردیش لە رێگاى ئەو پرۆِژەیەوە ، بە تێكڕاى دەنگ ، دەنگیان بە سەرۆك پەرلەمانى نوێدا !!! و چاوەڕێى جێبەجێكردنى مادەى (140)یشى لێدەكەن !!!
4- بەرامبەر دەنگدانى لیستى كوردى بە سەرۆكى پەرلەمان ، بە گوێرەى رێكەوتنەكە دەبوایە لیستى (العراقیە) دەنگ بە پاڵێوراوى كورد بۆ پۆستى سەرۆك كۆمار تاڵەبانى بدەن ،كەچى ئەوان لە پەرلەمان چوونە دەرەوەو بۆ یەكەم جار رێكەتنەكانیان پێشێل كرد ، واتە دواى ماوەیەكى كەم لە دانیشتنى پەرلەمان ئەو رێكەوتننامەیە بێبەها كرا كە لە ئەنجامى پێشنیارەكەى سەرۆكى هەرێم گرێدرابوو ، بەرپرسانى كورد پاساویان بۆ ئەو هەڵوێستەى (العراقیە) بەوە هێنایەوە كە دەرئەنجامى كێشەوململانێكانى ناوەخۆى لیستەكەیە !!! لیستەكە خۆشى رایگەیاند كە ئەو هەڵوێستە لە ئەنجامى رێزنەگرتن لە تەواوى رێكەوتننامەكەیەو بە شێوەیەك لە شێوەكان هاوبەندى نیشتمانیان تاوانباركرد ، بەمەش خۆیان لە جێبەجێكردنى ریكەوتننامەكە دزیەوەو دەنگیان نەدا بە كورد ، كە ئەمە هەڵوێستى راستەقینەى ئەوانە! ئەمە ئەو كردە سیاسیە بوو كە لە ناو پەرلەماندا ئەنجامیاندا ، ئەوەى لە دەرەوەى ئەو بازنەیەوە دەگوترێت ، پاساوو بۆچوونى سیاسین و لە بوارى پراكتیكدا جێگایان نابێتەوە !
كەواتە یەكەم دۆڕاندن و شكستهێنانى پڕۆژەكەى سەرۆكى هەرێم لە یەكەم دانیشتنى پەرلەمان دەستیپێكرد! ئاسۆى مەترسیەكانى ئەو پڕۆژەیەش لەو دانیشتنەدا تا رادەیەكى زۆر بە دیار كەوت! لە پاڵ ئەمەدا رووداوەكانى ناو پەرلەمان ئاستى بوژانەوەى ناسیونالیستى توندرەوى عەرەبى بە روونى بەدیارخست ، چونكە بە تەنها سوننەكان نەبوون كە دەنگیان بە تاڵەبانى نەدا ، بەڵكو ژمارەیەك لە ئەندام پەرلەمانە شیعەكانیش دەنگیان پێنەدا! ئەوەى تێبینى كرا هەندێك ئەندام پەرلەمان ئامادە نەبوون كە دەنگ بەو بەندانەش بدەن كە لیستەكانیان لەسەرى رێكەوتبوون! كە ئەمەش دەكرێت بكرێتە سەرەتایەك بۆ هاوبەندیەكى ناسیونالیستى توندرەوى عەرەبى لە ناوپەرلەمان! كە لە بایەخى رێكەوتننامەكان و كاریگەرى لیستەكان كەم دەكاتەوە! ئەمەش حاڵەتێكى زۆر مەترسیدار دەبێت بۆ كورد!
لە كۆتاییدا دەتوانین ئەوە هەڵێنجین كە پڕۆژەكەى سەرۆكى هەرێم نەك لە قازانجى كورد نەبوو ، بەڵكو دەكرێت بە هەڵەیەكى پشتشكێنیش لەقەڵەم بدرێت  دەشێت وەكو دەستكەوتێكى كەسى بێت بۆ كەسایەتى سەرۆكى هەرێم سەیربكرێت، بەڵام لە ئایندەدا مێژوو باشى هەڵناسەنگێنێ و بە پێچەوانە دەشكێتەوە! چونكە هەر لە ئێستاوە وا لیستى (العراقیە) لە رێگاى زیندوو كردنەوەى پڕۆژەكەى شانشینى سعودیە ،خەریكە لە بایەخى ئەو دەستكەوتە كەسیەش كەم دەكاتەوە .بەڵام ئەوەى پەیوەندى بە كوردو بەرژەوەندى كوردەوە هەیە ، هەڵەیەكى مەترسیدارى تر بوو ئەنجام درا، لە ئایندەیەكى نزیكیشدا دەرئەنجامە ترسناكەكانى بە دیاردەكەون ، ئنجا هەمدیس دەبێت گوێ بۆ ئەو پاساوە بێمانایانە رادێرێن كە دواى سەركەوتنە پشتشكێنەكان دەكرێن !

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە