كەركوك لە جەرگەى گەندەڵیدا

Wednesday, 22/06/2011, 12:00

1333 بینراوە


هەفتەى ڕابردوو لە خولێكى "5" ڕۆژەدا باسی ئەو داتا و ژمارە قەبانەى نەوت كرا، كە لە كەركوك دەردەچێت و هەندێكى پشەكە دەیخوات، بەشداربووان تووشی سەرسووڕمان و حەپەسان بوون، چەند ساڵێك لەمەوبەر كاتێ سەرنووسەری كەركوكى ئەمڕۆ بووم، لەپڕ بەڵێندەرێكى ناسیاو لەگەڵ ئەندازیارێك و یەك دوو تورك خۆیان كرد بەژوورەكەمدا و قسە و باسی زۆر كرا، بەڵێندەرەكە گوتى"ڕاست و ڕەوان ئێمە بۆ ئەوە هاتووین، فڵانە كارمان بۆ دەربچێت، تۆ ئەوەندەت لەسەرە بەكاك فڵان بڵێیت و دووسەت هەزار دۆلار وەربگری، سەتى بۆ ڕۆژنامەكە و سەتى بەرە لە شۆڕش بیدە كەسوكاری ئەنفالكراوەكان" كە بەڵێندەر و میوانەكانم شەرمەزار كرد. بەڵێندەرەكە گوتى"دەمزانى وایە، بەڵام پێم نا بە جەرگى خۆمدا"، من ئەوانم دەركرد، بەڵام نەمزانى من لە وڵاتێكى ئاوادا گێلەپیاوم، یان ئەوان و ئەو كەسانەش كە كارەكەیان بۆ دەكەن، ئێمە ئەو ڕۆژگارە مەمرە و بژی كەركوكى ئەمڕۆمان دەردەكرد، تەنانەت ئەو كوڕانەش كە لەگەڵم بوون، هەموو دەستیان كورت بوو، لە ژیانمدا گەنە كاری و گەندەڵی زۆرم دیوە، كە ئەمە چیرۆكێك لە چیرۆكەكانە، بەپێی یەك دوو بەڵگە كە تا ئێستا لەبەر دەستى منن، كۆمپانیایەكى خواپێداو تەنیا لە بێنەوبەرەیەكدا (130) دەفتەر دۆلار حەپەلووش دەكات، سەیر لەوەدایە ئەم ژمارەیە دەڵێی وەك شیرینى زیادكراوە، هەموو كارەكانیشی یاسایی كراون، ئیمزا و ناو و مێژووى نووسراوەكان دیارن، لام وایە (130) دەفتەر ملیۆنێك و سێ سەت هەزار دۆلار دەكات، داخوا ئەو پارەیە كارەباى بیست گوندى پێ دابین ناكرێت، ئەم گەندەڵییە لە شارێكدا دەكرێت، كە پێی دەڵێن دڵ و قودس، باشە لە نێو دڵی نیشتماندا و لە شوێنێكدا كە وەكو قودس پیرۆزبێت ئەم دزیە بكرێت، هاوار بۆ شوێنەكانى دیكە.
نزیكەى دوو مانگ لەمەوبەر لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ دكتۆر نەجمەدین كە باس هاتە سەر گەندەڵی ئەو گوتى"بە من بڵێن، ئێستا ئەوەتا گەندەڵی لە پەناى ئەوەوە دەكرێت و دەشێ هەزار و یەك فێڵیشی لێ بكرێت".
من ئێستا تێدەگەم گەندەڵ و گەنەكاران لە ئێمە زیرەكتر و بەتواناترن، ئەوان زۆر باش دەتوانن ڕێگا قانونییەكان بدۆزنەوە بۆ ڕووتاندنەوەى ئەم نیشتمانە، ئاخر كێ دەڵێ بەم ڕێگا ناقانونییە سەدان ملیۆنێر و ملیاردێری خائین دروست نەبوون، كە ئەوانیش هیچیان لەو موستەشارانە كەمتر نییە، كە ڕۆژگارێك پێش قەرەوڵی سوپای دوژمن بوون، بە بڕواى من گوناهى موستەشارەكان "جاشەكان" زۆر كەمترە لە گوناه و تاوانى ئەو دز و گەندەڵانە، ئەوانە زۆربەیان لە پەناى ئەو خیانەتە نیشتمانییەوە ناسنامەى نیشتمان پەروەریان لەباخەڵدایە، ئەشێ ئەگەر ئەو ڕۆژگارە پێشنیازەكەى ئەو بەڵێندەرەم قەبوڵكردایە، ئێستا میدیاكارێكى بزنس بام، میدیاكارێكى بزنس كە ڕەنگەزۆرێك لە دەسەڵاتدارانیش منیان بە میدیاكارێكى سەركەوتوو دەستنیشان كردبا، كێ دەڵێ لە مێژوودا هەزاران خائینى ئاوا نەبوونەتە تێكۆشەر و نیشتمانپەروەر، لە سەندیكاى ڕۆژنامەنووسان زۆرجار خەڵكانى دەسكورت و نەخۆش ڕوومان تێدەكەن، وەك ئەوەى ئێمە سندوقی كۆمەكمان هەبێت، لەنێو هەموو ئەوانەدا ژنێك چەند جارێك هاتووە، كەباری تەندروستى زۆر خەراپە و هەرجارە ئێمە كەم و زۆر هاوكاری دەكەین، ئەو ئافرەتە ڕەنگە بە بڕینەوەى مووچەیەكى كەم لەو مەینەتییە ڕزگاری بێت، من ئێستا لە خۆم دەپرسم خودایە، ئەمە چ دادپەروەرییەكە، كەسێك وەكو شیرینى لە چركەیەكدا ملیۆنێك و سێ سەت هەزار دۆلار لێبدات و كەسێكى دیكەش مانگانە پێویستى بە (150) هەزار دینارێك بێت، بەڵام دەسەڵات و حكومەت هەرگیز ڕێگاى ماڵیان نەدۆزنەوە !!



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە