پێشمەرگەیەكى یەكێتى چیرۆكى خەساندن و لەپیاوەتى خستنى لەلایەن پارتیەوە بۆ رایەڵ دەگێرێتەوە

Sunday, 25/11/2012, 12:00

4933 بینراوە







ئا:رایەڵ


پێشمەرگەیەكى یەكێتى كە لەشەڕى ناوخۆدا لەلایەن پارتیەوە دەستگیركراوە و دواى زیندانیكردنى بۆ ماوەى چوار ساڵ لەئاكرێ لەلایەن پارتیەوە ئازاد كراوە، چیرۆكى خەساندن و لەپیاوەتى خستنى بۆ گۆڤارى رایەڵ دەگێرێتەوە.
(ع ، ب) پێشمەرگە خەسێنراوەكەى یەكێتى لەساڵى 1981 لەدایكبووە و لەمانگى حەوتى ساڵى 1997 كە ئەوكات تەمەنى تەنها شانزە ساڵ بووە دەستنەڕۆیى وایلێكردووە ببێتە پێشمەرگە و شەڕى برا كوژى بكات.
ئەو پێَشمەرگەیەى یەكێتى دواى تێپەڕبوونى ماوەیەكى كەم بەسەر هەڵگرتنى چەكى پێشمەرگایەتیدا، لەمانگى دەى ساڵى 1997 لە كەپكى حەمەد ئاغا لەلایەن پارتیەوە بەدیلگیراوە و دواتر رەوانەى ئاكرێ كراوە و چوار ساڵ لەوێ زیندانى بووە.
(ع ، ب) دواى بەسەر بردنى چوارساڵى تەمەنى لەزیندان دا و لەمانگى دوانزەى ساڵى 2003 ئازادكراوە، بەڵام پێش ئەوەى ئازاد بكرێت لەرێگەى لێدانى دەرزیەوە خەسێنراوە و لەپیاوەتى خراوە.

چۆنیەتى لە پیاوەتى خستنى

(ع ، ب) وردەكارى چۆنیەتى لەپیاوەتى خستنى لەزیندانى ئاكرێ لەلایەن پارتیەوە بۆ گۆڤارى رایەڵ گێڕایەوە، باسیلەوەكرد هەفتەیەك پێش ئەوەى ئازاد بكرێت واتە لەمانگى دوانزەى ساڵى 2003، چەند كەسێكى نەناسراو لەزینداندا سەردانیان كردووە.
پێشمەرگە لەپیاوەتى خراوەكەى یەكێتى، ئاماژەى بەوەدا ئەو كەسانەى هەفتەیەك پێش ئازادكردنى سەردانیان كرد لەزینداندا، پێیانوتووە و نەخۆشە و بەمەبەستى چارەسەر كردنى دەرزى لێدەدەن.
(ع ، ب) وتى"منیش پێموتن كە نەخۆش نیم و پێویستم بەچارەسەر نیە، ئیتر بۆچى دەرزیم لێدەدەن، بەڵام ئەوان سوور بوون لەسەر ئەوەى هەر دەرزیەكەم لێدەدەن".
دەربارەى شێوازى دەرزیەكە، (ع ، ب) وتى"دەرزیەكە دەرزیەكى سوورى خوێنین بوو شێوەى زۆر لە نایلۆن دەچوو، بەراستى هەر بەبینینى دەرزیەكە هەستم بە ترس كرد و زانیم ئەو دەرزییە دەرزیەكى ترسناكە".
دواى ئازاد كردنى لەگرتووخانەى ئاكرێ و گەڕانەوە بۆ نێو خانەوادەكەى كە چوار ساڵ بوو بوو لێیاندابڕابوو، (ع ، ب) هەرگیز بیرى بەلاى ئەوەدا نەچووبوو دەرزیەكە دەرزى خەساندن و لەپیاوەتى خستنە.
پێشمەرگە بەدیلگیراوەكەى سەردەمى شەڕى ناوخۆ، روونیشیكردەوە دواى تێپەڕبوونى ماوەیەك بەسەر ئازاد كردنى و پشوودان و مانەوە لەماڵ، هەستیكردووە ئارەزووى سێكسى نیە و ئەندامى نێرینەى جم و جۆڵى نیە.
بەوتەى خۆى ، دواتر سەردانى لاى چەندین پزیشكى كردووە و پشكنینى زۆر بۆ ئەندامى نێرینەى كراوە، دواتر بۆى دەركەوتووە ئەو دەرزیەى لەئاكرێ لێیدراوە بۆ لەپیاوەتى خستنى بووە.
(ع ، ب)، روونیشیكردەوە دواتر چەند جارێك سەردانى ئێران و توركیاى كردووە بۆ چارەسەرى نەخۆشیەكەى و هەموو پشكنینەكان دەریانخستووە ئەو دەرزیەى لێیدراوە بووەتە هۆى لەپیاوەتى خستنى.

شەرم و خۆ دزینەوە لە پرسیارەكانى كۆمەڵگا

پێشمەرگە خەسێنراوەكەى یەكێتى ، باسلەوەدەكات سەربارى ئەو كارەساتە گەورەیەى كە بەسەریدا هێنراوە و ژیانى فەوتاندووە، جگە لە ئەندامانى خێزانەكەى خۆى هیچ كەسێك نازانێت ئەو دەردەى بەسەر هێنراوە.
(ع ، ب) ئاماژەى بەوەدا كاتێك خەڵك پرسیارى لێدەكەن بۆچى ژیانى هاوسەرى پێكەوە نانێت، ئەو نازانێت چۆن وەڵام بداتەوە و بەشى شێوازێك خۆى لە پرسیارەكان بدزێتەوە.
وەكو خۆى وتى"چونكە زۆر شەرم دەكەم نهێنى لەپیاوەتى خستنم لاى خەڵك بدركێنم".
هەروەها باسیلەوەشكرد سەدان جار ئاواتى بە مردن خواستووە ئەوەندە ژیانى لا تاڵە، بە تایبەت هەست بەوەدەكات هیچ هۆكارێك نیە ئەو لەپێناویدا بژێت.
(ع،ب) وتى"هەندێكجار بیر دەكەمەوە لەپیاوەتى خستنم بێبەشى كردووم لەهەموو خۆشیەكانى ژیان، ناتوانم خێزان پێكەوە بنێم و منداڵم هەبێت، داهاتووم نادیارە ئیتر نازانم بۆچى و لەپێناوى چیدا بژیم".

بەدواى چارەسەردا وێڵە

دواى بێهیوابوون لە پزیشكەكانى ئێران و توركیا بەوەى ناتوانن دەردەكەى تیمار بكەن ، (ع،ب) زۆر هەوڵیدا لەرێگەى یەكێتیەوە ئەو حیزبەى ژیانى خۆى نایەسەرى بنێردرێتە دەرەوە.
بەوتەى خۆى، بێهیوا بووە لەیەكێتى و هاوكارى پێویست نەكراوە بۆ رۆیشتنە دەرەوە، بۆیە بڕیاریداوە روو لە وڵاتانى ئەوروپا بكات بەمەبەستى چارەسەر كردن و ساڵى پار خۆى گەیاندە وڵاتى سوید.
(ع،ب) لەدرێژەى گێڕانەوەكەیدا بۆ گۆڤارى رایەڵ، باسیلەوەكرد لەسوید رۆیشتووەتە لاى دوو دكتۆر كە یەكێكیان دكتۆرێكى كەنەدى بووە و ئەویتریان دكتۆرێكى خانەقینى بووە بەناوى دكتۆر (بۆتان خانەقینى) كە ماوەى سى ساڵە لەسوید دەژى.
ناوبراو وتى"هەر دوو دكتۆرەكە پسپۆرى میز و میزەرۆ و جنس بوون و پشكنینى وردیان بۆ كردم".

ئەنجامى پشكنینەكان

بەپێى ئەنجامى پشكنینى هەردوو دكتۆرەكەى وڵاتى سوید، ئەو دەرزیەى لە زیندانى ئاكرێ لە (ع ، ب) دراوە دەرزى ژەهراوى و كوشندە بوون، هەروەها سەرسوڕمانى خۆشیان نیشانداوە كەچۆن دەرزیەكە نەیكوشتووە.
پێشمەرگە لەپیاوەتى خراوەكەى یەكێتى، ئاماژەی بەوەدا دكتۆرەكان پێیانوتووە ئەو دەرزییە كوشندەیە جەستەى مرۆڤ دەڕزێنێت دواى تێپەڕبوونى ماوەیەك بەسەر لێدانیدا لەمرۆڤ.
دواتر ئامێرێكى هاوشێوەى باترى رادیۆ لە رانى (ع ، ب) لەلایەن دكتۆرەكانەوە بەستراوە و ئێستاش ئامێرەكە بەجەستەوەیەتى و دەبێت بۆ ماوەى ساڵێك بەقەد رانیەوە بێت.
(ع ، ب) وتى"باتریەو بەشەوورۆژ كاردەكات و نابێت بۆ چركەیەكیش لەرانم بكرێتەوە".
دەربارەى كاریگەرى ئامێرەكە، ناوبراو وتى"ئامێرەكە كاریگەریەكانى ژەهرەكە لەناو جەستەمدا دەستنیشان دەكات و دواتر دكتۆرەكان دەزانن رێژەى ژەهرەكە چەندى ماوە لەجەستەمدا".

شكات كردن لەدەسەڵاتى كوردى

(ع ، ب) پێیوایە ئەو زوڵمەى دەسەڵاتى كوردى لە ئەو كردوویەتى و لەپیاوەتیان خستووە، رژێمە دكتاتۆرەكانیش هاوشێوەى ئەو زوڵمەیان لە هیچ كەسێك نەكردووە.
ناوبراو وتى"حكومەتى بەعس زۆر زاڵم و ستەمكاربوو، بەڵام هەرگیز نەمبیستووە دەرزى لەخەڵك بدەن و لەپیاوەتى بخەن".
پێشمەرگە لەپیاوەتى خراوەكەى یەكێتى لەپاڵ هەوڵەكانیدا بۆ چارەسەركردنى خۆى، هەوڵیشیداوە لەرێگەى چەند رێكخراوێكەوە دۆسیەكەى بباتە دادگاى تاوانە نێو دەوڵەتیەكان.
وەكو خۆى دەڵێت"ئەو زوڵمەى لەو كراوە هیچى لەتاوانى جەنگ كەمتر نیە".
هەروەها جەختیشیكردەوە"رێكخراوەكان بەڵێنیان پێداوە دۆسیەى لە دونیاى دەرەوە بوروژێنن، خۆشى سەردانى دادگاى فیدرالى دەكات لەبەغدا و سكاڵا تۆمار دەكات".



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە