ئەو پرسیارەی کە هەموان دەبێت بە دوای وەڵامەکەیدا بگەڕێین: کێ لە پشت ئەنفال کردنی یەزیدیەکانەوەیە؟!

Friday, 15/08/2014, 12:00

2149 بینراوە






ڕۆژی شەممە ٢ ی ئاب هیچی کەمتر نییە لە تاوانی ٣١ ی ئاب لە هەردوو ڕووداوەکەدا شارێک و سەرجەم دانیشتوانەکەی بێ ئاگادارکردنەوە درانە دەست سوپایەکی خوێن ڕێژ و تاڵانچی.
جارێ هیچ بەڵگەیەک بە دەستەوە نییە کە بیسەلمێنێت پارتی ئەو ناوچانەی لەسەر داوای ئەمریکا و تورکیا بۆ داعش بەجێ هێشت بەڵام هەرچۆنێک لێک دەدرێتەوە پارتی بەشێکی سەرەکی تاوانی کوشتن و بڕینی شنگالیەکانی دەکەوێتە ئەستۆ.
چونکە تەسلیم کردنی ناوچەیەکی بەرفراوان و بێ ئاگادارکردنەوەی خەڵکەکەی لەو مەترسیەی کە لەسەریانە لە هیچ فەرهەنگێکی سەربازی و سیاسیدا جێگەی نابێتەوە و هیچ پاساوێک لە قورسی ئەو تاوانە کەم ناکاتەوە.
بەڵام لە ماوەی دوو سێ ڕۆژی ڕابردوودا لە ڕۆژنامەی ڕووداودا و لە دوو وتاری جیادا خەریکە پاشەکشەی هێزی پارتی لە خەڵکی دەکەنە شانازی و دپلۆماسیەت و سەرکەوتن.
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=a246831a
ببورن لینکەکەی ڕوداوی ئەم وتارەم دەست نەکەوت.
وەکو ئەوەی خەڵکی ئاگاداری ڕووداوەکان نەبێت و هەموان بە چاوی خۆمان نایبینین چۆن بە سیناریۆیەکی سەربازی و موخابەراتی و سیاسی لە ڕێگەی ئەنفال کردنی یەزیدیەکانەوە شوێن پێیەک بۆ سوپا داگیرکەر و وێرانکەرەکەی ئەمریکا دەکرێتەوە تاوەکو لە نزیکەوە و لە ڕێگەی درۆنە (فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان) ەوە جاسوسەکانیەوە چاودێری پەکەکە و یەپەگە و شۆڕشی ڕۆژئاوا بکات و کەیش بە دڵی نەبو لێیان تێک بدات. (ئەگەر ئەمە گومانیش بێت خەڵکی مافی خۆیەتی گومانی لە کردەوەکانی ئەمریکا هەبێت)



یەکێتی و پارتی بە نەزانی کوردیان خستۆتە شەڕێکەوە کە ڕاست و دروست یاری کردنە بەو ئاگرەی کە لە وتارەکەی ڕوداودا هاتوە.
http://rudaw.net/sorani/opinion/140820141

لە سەرەتای شەڕی ئەمریکا بۆ داگیرکردنی عێراق جۆرج بوش و تۆنی بلێر تا توانیان هەوڵیان دا کەیسی هەڵەبجە و ئەنفال بەکاربهێنن بۆ شەرعیەت دان بە داگیرکردنەکەیان و لەو پێناوەدا جار جارە بۆ هەڵخەڵەتاندنی یەکێتی و پارتی (لە ڕێگەشیانەوە گەلی کورد) دەیانوت باشوری کوردستان نمونەی دیموکراسیەتە بۆ عێراق و چاویان لە هەمو تاوانەکانی یەکێتی و پارتی پۆشی تەنها لە پێناوی بەکارهێنانی کورد و ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی وەک داردەستێک بۆ دەست تێوەردان لە عێراق.
لە گێڕانەوەی ئەو مێژوەدا بەڵگە زۆرە بیهێنینەوە و خوێنەری شارەزا بۆ خۆی دەزانێت کە چۆن وڵاتانی ئەوروپیش هاتنە ژێر باڵی سیاسەتە درۆکەی ئەمریکا و بەریتانیا و چۆن بە شان و باڵی باشوری کوردستانیاندا هەڵدەدا و ئەوەبو گەیشتە ئەو ڕادەیەی کە سیاسەت مەدارێکی سویدی فەتوای ئەوە بدات کە کوردستان مێرگی دیموکراسیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

بێ خەبەر لەوەی کە لە باشوری کوردستان نە دیموکراسی هەیە و نە مافی مرۆڤ ڕێزی لێ دەگیرێت و نە ڕۆژنامەنوسی ئازاد و نە ئازادی ڕادەبڕین و خۆپیشاندان هەیە ، بە زۆری زۆرداری دەیانویست باشوری کوردستان بکەنە سویسرا و نەرویج و لەو پێناوەدا گوێیان بە ڕەخنەی کەس نەدا و چاویان لە خۆپیشاندانەکانی هەڵەبجە و کەلار پۆشی و ١٧ ی شوباتیش لە کاتی بەهاری عەرەبیدا تەنها تۆزقاڵێک ڕای ئەوانی نەگۆڕی بەرامبەر بە دەسەڵاتە گەندەڵەکەی یەکێتی و پارتی.
ئەوەبو هەر لە سەرەتای هێرش کردنی ئەمریکاوە زوو زوو بەرپرسانی ئەمریکا دەیانوت باشوری کوردستان دەرگایەکە بۆ چونە ناو عێراق و دەمانەوێت دیموکراسیەتەکەی کوردستان بەرینە ناو عێراق، ئەم قسەیە وەک نوکتەیەک زۆر لە شارەزایانی بواری سیاسی دەخستە پێکەنین و سەریان دەسوڕما کە چۆن ئەمریکا و بەریتانیا توانیان بەو سیاسەتە گەوجانەیە کورد هەڵخەڵەتێنن و دیمەنە وێرانەکەی باشوری کوردستانیان لێ بکەنە بەهەشتی عەدەن؟!
هەمو ئەمانە تەنها لە پێناوی شەرعیەت دان بە دەست تێوەردان لە خاک و ئاو و نەوتی کوردستان و لە ڕێگەی ئەویشەوە دەست خستنە ناو کاروباری ناوچەکە و گۆڕینی کوردستان بە مەیدانێکی تەراتێنی ئیستیخباراتی و عەسکەری بۆ هەڵمەتە سەربازی و فیتنە سیاسیەکانی ئەوروپا و ئەمریکا و بەریتانیا لە ناوچەکەدا.
بۆ نا؟ ئایا جوگرافیا هەیە لەم دنیایەدا لە کوردستان زیاتر زەوی بێ کەسە بێت؟!

ساڵ هات و ساڵ چوو نە کوردستان بوە ئەو سویسرایەی کە یەکێتی و پارتی بێ گەوج کرا و نە ئەمریکا و ئەوروپاش توانیان لە ڕێگەی کوردستانی کۆڵۆنی کراوەوە ئامانجەکانیان لە عێراق بهێننە دی.

بۆیە بە ناچاری و لە فینتەنەیەکی سیاسی تردا بە دەستێوەردانی هەمان ئەو وڵاتانەی ڕۆژئاوا بەزمێکیان لە وڵاتە عەرەبیەکان نایەوە بە ناوی بەهاری عەرەبی و تیایدا ئەمریکا و بەریتانیا بە هەمان سیناریۆکەی باشوری کوردستان هەتا توانیان فویان کرد بە دەسەڵاتە ناشرینەکەی سعودیەی عەرەبی و میرنشینی قەتەردا و بە موکیاجێکی سیاسی ناشرینەوە دەستیان دایە ڕازاندنەوەی ڕووی ڕەشی دەسەڵاتە گەندەڵ و پارەدارەکەی ئەو دوو میرنشنینە و تاوەکو لە ڕێگەی هەڵخەڵەتاندنی ئەوانەوە دەست بخەنە وڵاتە عەرەبیەکانی تری وەک میسر و لیبیا و یەمەن و سوریا.
ئەمەشیان وەک نوکتەکەی پێشو پێشکەشکاری کەناڵی ڕوسیای خستە پێکەنین و لە بەرنامەیەکدا وتی ئەبێت ئەو دیموکراسیەتە چی بێت ئەمریکا لە ڕێگەی سعودیە و قەتەرەوە بڵاوی دەکاتەوە؟
ڕاستیش دەکات ئەو دوو وڵاتە خۆیان لە ئازادی نەوت فرۆشتن زیاتر چ ئازادیەکی تریان تێدایە؟
بۆیە ئەم جارەشیان دەستە فێڵاویەکە و ساویلکەیی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرکەوتەوە و ئەمجارەیان ڕوسیا و ئێران و چاینە (سین) هاتنە ناوەوە بۆ بەرگرتن لەم یاریپێکردنەی وڵاتانی ڕۆژئاوا.
هەروەک هەموان دەزانین لە نێو هەمو ئەو وڵاتە عەرەبیانەی کە ناومان هێنان سوریا بوە شوێنی یەکلایی کردنەوەی ئەم یاری پێکردنە لە نێوان ئەو دوو بەرەیە ، واتە بەرەی ڕوسی و ئەمریکی هەریەک بە هاوپەیمانەکانیانەوە.
دیارە پێویست بە گێڕانەوەی ئەو ڕووداوانەش ناکات چونکە هەمومان دەزانین چۆن سوریا لە ڕێگەی ڕوسیا و ئێرانەوە توانی ڕێگە لەو دەست تێوەردانانە بگرێت کە تا ئەو ساتە بەرەی ئەمریکا بە ناوی بەهاری عەرەبیەوە و لە ڕێگەی دوو داردەستەکەیەوە واتە سعودیە و قەتەر ئاگری شەڕیان پێ خۆش دەکرد لە ناوچەکەدا.
ئیتر لە دوای ئەو ساتەوە خەریک بو کەشێک لە چەقبەستوویی باڵی بەسەر ناوچەکەدا دەکێشا چونکە سوریا بوە خاڵی یەکلاکەرەوەی یاری پێکردنەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.
بۆیە ئەوەی کە ئێستا ڕوودەدات لە ژێر ناوی داعش دا تەنها بەردەوامی دانە بەو یاری پێکردنە کە ئەمجارەیان ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دووبارە ڕوویان کردۆتەوە یەکێتی و پارتی و دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەوانەوە ئەو یاریە تەواو بکەن کە لە سوریا خەریک بو کۆتایی پێ دەهات.

چونکە هەمو وڵاتەکانی تری ناوچەکە بە سۆماڵی پڕ لە شەڕ و ئاشوبی عەشایەریشەوە تۆزێک سەربەخۆیی و کەرامەت و سەروەری نەتەوەییان هەیە کە نەهێڵن هەمو دنیا دەست بخاتە کاروباریانەوە، ئەوە تەنها کوردستانە بۆتە دەشتی بێ کەسە و کەس خاوەندارێتی لێ ناکات.

کورتەی مەبەست لەم گێڕانەوەیە ئەوەیە کە یەکێتی و پارتی دووبارە کەوتونەتە جێبەجێکردنێکی کوێرانەی ئەو داواکاریانەی کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆیان دادەڕێژن و لەو پێناوەشدا جار جارە تەلەفیزۆنێکی ئەوروپی دان بە باشوری کوردستاندا دەنێت و و گۆرانی بێژێکی ڕاپیش دەڵێت تەنها کورد شایانی سەربەخۆیین و لەم لاوەش تەنها بۆ بەردەوامی دان بە هەڵخەڵەتاندنەکە جۆ بایدن دەست دەداتە تەلەفون و قسەی خۆش بۆ بارزانی دەکات.
ئەوەی کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە سوریا بۆیان جێ بە جێ نەکرا یەکێتی و پارتی بە خۆڕایی و بە هەرزان فرۆشی پێشکەشیان کردن.

ئەمریکا لە سەرەتای قەیرانی سوریاوە دەیویست فڕۆکە هەڵسێنێت بۆردومانی سوریای پێبکات و وەک لیبیا وێرانی کات بەڵام ڕوسیا و ئێران نەیانهێشت ئێستا بە چ پێش مەرجێک و لە بەرامبەر چی پارتی و یەکێتی ڕێگەیان دا داعش شنگال داگیرکات و فڕۆکەی ئەمریکیش بێت بۆردومان بکات تەنها ئەو سیاسەت مەدارە فێڵباز و دوو ڕوو و تاوانبارانە دەیزانن کە ژێر بە ژێر لە ژوورە تاریکەکاندا خەریکی یاری کردنن بە سەر و گیان و ماڵی خەڵکی؟!
هاتنی ئەمریکا بۆ ناو کێشەکە واتە قوڵ بونەوە و درێژخایاندن و کارەساتی گەورەتر، ئەمە بە تەواوەتی لە وتاری ڕۆژ ئەحمەددا ڕوون کراوەتەوە کە لە کوردستان پۆستدا بڵاوکراوەتەوە.
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=28c562c2

بە بڕوای من ئەوەی کاک ڕۆژ لەو وتارەدا نوسیویەتی زۆربەری هەرە زۆری مەترسیەکی جدیە کە ڕەنگە لە هەر کاتێکدا ڕووبدات و کوردستانیش وەک ئەفغانستان توشی بێنە و بەرەی شەڕی تیرۆر بکرێت.

پێویستە ئەگەر پەکەکە ڕاست دەکات و خەباتی نەتەوەیی و جەماوەری دەکات لەبەرامبەر ئەم مەترسیەدا هەڵوێستی ئاشکراو و ڕوونی هەبێت چونکە گومان هەیە کە هاتنی ئەمریکا بەشێکی بۆ لە ناو بردنی باڵی نەتەوەیی و پشت بەخۆبەستوی پەکەکە بێت.
هیوادارین ئەگەر یەکێتی و گۆڕان و لایەنە ئیسلامیەکانیش جورئەتیان هەیە و ڕاستگۆن لەگەڵ خەڵکی کوردستان بە ئاشکرا بۆ خەڵکی ڕوون بکەنەوە لە بەرامبەر چی ڕێگەیان دا ئەمریکا بێتە ناو ئەم شەڕەوە و کوردستان لە بەرامبەر بە چی داخڵی شەڕی تیرۆر دەکرێت؟!
خۆزگە ئەو لایەنانەی کە لە نزیکەوە ئاگایان لە ئەنفال کردنی یەزیدیەکان بو (بە تایبەتیش یەکێتی و پەکەکە) بێ ترس و سڵەمینەوە و لە پێناوی ڕێگەگرتن لە چەواشەکاری میدیاکاران و گومان کردنی زیاتری خەڵکی سادەی کوردستان بە ڕوونی و ئاشکرایی ئەوی لە ژێر بەڕەیە دەیان هێنایە سەر بەڕە ، تاوەکو بۆ خەڵکی کوردستان ڕوون و ئاشکرا بێت کە چۆن و لە کوێی ئەم دنیایە هەزاران هەزار خەڵکی بێ چەک و بێ تاوان و بێ دیفاع دەخرێتە بەردەم سوپایەکی دڕندە و چ ویژدانێکی مرۆڤایەتی قبوڵ دەکات خۆت ڕاکەیت و بە خەڵکی شارەکە نەڵێیت فریای خۆتان کەون دوژمن هات؟!
هاوشێوەی ٣١ ی ئاب کە هەولێری داگیرکرد، پارتی سەلماندی کە لە پێناوی خۆپاراستنی دەسەڵاتەکەیی و لە پێناوی جێ بەجێ کردنی ئەجیندەی وڵاتانی دنیا ئامادەیە وەک هەمیشە کوردستان وەک ئەرزی بێ کەسە تەماشا کات و بە لایەوە گرنگ نییە کێ لەناودەچێت و کێ گولە باران دەکرێت.
ئەنفال کردنی یەزیدیەکان بە بەرنامە بوبێت یان بە هەڕەمەکی بۆتە هۆکاری ڕێگە خۆش کردن بۆ دەست تێوەردانی سەربازی وڵاتانی دنیا لە ناوچەیەکی فراوانی کوردستان کە هەمو ئان و ساتێک مەترسی ئەوەی لێ دەکرێت وەک ئەفغانستان ببێتە خاڵی یەکلاکردنەوەی ئەجیندە ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکان. ئەوەی کە ڕووی داوە ئەگەر هێزێکی نەتەوەیی کوردستانی نەتوانێت بەرەنگاری بێتەوە و لە بەرژەوەندی کوردستاندا بیقۆزێتەوە مەترسیەکان لەسەر کوردستان زیاتر دەبن و کەمتر نابن.

ئەگەر پارتی و یەکێتی پێیان وایە بە چەکی قورس کێشەکە چارەسەر دەبێت باشە کێ هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێندەی ئیسرائیل و تورکیا چەکی قورسیان هەبێت ئەی کوا ئارامی و ئاسایشی ئەو وڵاتانە بۆچی تاسەر نییە؟
ئەمریکا کە خۆی خاوەنی ئەو هەمو چەکە قورسەیە لە دنیادا زۆرترین دوژمنی بۆ خۆی دروست کردوە و هەمیشە دەڵێن ترسمان هەیە ١١ ی سێپتەمبەرێکی تر ڕووبدات، کەواتە تەنها چەکی قورس ئارامی و ئاسایش دابین ناکات.
پاشان ئەگەر ئەو چەکە بێت دەدرێت بە کێ و نادرێت بە کێ؟ ڕۆڵی پەکەکە لەم چەک وەرگرتنەدا چی دەبێت؟!
کێشەی کوردستان لە بنەڕەتەوە کێشەیەکی سیاسیە و هەر دەبێت بە دانیشتن و دپلۆماسیەت چارەسەر بکرێت. دیارە دانیشتنین لەگەڵ ئەوانەی کە سەڕچاوەی کێشەکەن واتە هەرسێ نەتەوەی فارس و عەرەب و تورک.

هەمو فێڵکردن و گەوج کردنێکی سیاسی قوربانییەکی هەیە، بە داخەوە قوربانی ئەم جارە یەزیدی و شنگالیەکان بون.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە