ئەنفال گەورەترین تاوان بوو بەرامبەر گەلی كورد پەیڕەو كرا

Wednesday, 13/04/2011, 12:00

1769 بینراوە


پڕۆسەی ئەنفال كە لە ساڵی 1988 لەلایەن ڕژێمی سەدامەوە بەرامبەر بە گەلی كورد ئەنجام دراو تێیدا زیاتر لە 182000 مرۆڤی كورد كە بەشێكی زۆری ژن ومنداڵ بوون بێ سەرو شوێن كران، هێندەی ئەو ژمارەیە زیاتریش هەتا ئێستا لەچاوەڕوانی كەس و كاریاندان، گەورەترین تاوانە كە بەرامبەر گەلەكەمان لەسەدەی رابردوودا ئەنجام درا. ئەم كۆكوژی و جینۆسایدە بەشێك بوو لەو سیاسەتەی كە داگیركەرانی كوردستان پەیڕەویان دەكرد بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی گەلی كورد. كورد تەنیا ئەو تاوانەی هەبوو كە پێكهاتەیەكی كولتوری تایبەتی خۆی هەیەو سیستەمی جیهانی لەسەدەی بیستەمدا ئەم پێكهاتەیەی نەدەناسی و دەیانخواست چوارچێوەی چەمكی یەك دەوڵەت و یەك نەتەوەدا گەلی كورد لەبۆتەی نەتەوەكانی دەوڵەتە سەردەستەكاندا بتوێننەوە. دوای 23 ساڵ هێشتا كاریگەرییە دەروونیەكانی لەسەر كۆمەڵگای كوردستان ماوەو مەترسی دووبارە بوونەوەی ئەم جۆرە روداوە بوونی هەیە، چونكە هەتا ئێستا دەوڵەتانی سەردەستی سەر كوردستان و سیستەمی جیهانی بەهەمان چەمكی دەوڵەت نەتەوە كاردەكەن كەلەناوەڕۆكی خۆیدا كولتوری جیاواز پەسند ناكات و ئەمەش لەهەر كاتێكدا شیمانەی رووداو و كارەساتی لێدەكرێت. ئەم كارەساتە لە مێژوی مرۆڤایەتیدا نمونەی كەمە. چەمكی نەتەوە دەوڵەت بوو وای لەرژێمی سەدام كرد لە كاتێكدا خۆی بە خاوەنی خودی ئەو میللەتە دەزانی،لەلایەكی ترەوە بە توندترین شێوە ڕەفتاری لەگەڵ ئەو میللەتەدا دەكرد،لە هەمان كاتدا ڕای گشتی هەرێمی و نێودەوڵەتی لێی بێدەنگ بوون.لە كاتێكدا زۆربەی دەوڵەتە هەرێمییەكان خۆیان بە موسڵمان دەزانی كەچی لە بەرامبە ر ئەم كارەساتە نەك هەر بێ دەنگ بوون بەڵكو لە زۆر لایەنەوە هاوكاری مادی و مەعنەوی ڕژێمی سەدامیان دەكرد. جوڵانەوەی سیاسی كوردیش لەو سەردەمەدا نەیتوانی سیاسەتێكی وەها پەیڕەو بكات كە دەرفەت بۆ رودانی كارەساتی بەو ڕەنگە كەم بكاتەوە.
لەدوای راپەڕنەوە دەرفەتی ئەوە هەبوو كە كورد كاربكات بۆ ناساندنی ئەم كارەساتە بەجیهان و گەرەنتییەكی نێودەوڵەتی بۆ خۆی دەستەبەر بكات. دوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام لە ساڵی 2003 دا لە لایەن هێزە هاوپەیمانەكانەوە ، دەرفەتەكە باشتر بوو. دەستگیركردنی سەدام حسین و بەشێك لەسەرانی رژێمەكەی دەرفەتی ئەوەی بۆ كورد دروست كرد كە لەدادگایەكی كراوەدا سیاسەتس نێودەوڵەتی دادگایی بكات، بەڵام ئەم كارە ئەنجام نەدرا. دادگای باڵای تاوانەكانی ئێراق تەنیا وەكو تاوانێكی كۆكوژی تاوانەكەی ناساند و رژێمی سەدامیشی وەكو تەنیا بەرپرس دیاری لەو تاوانە دیاری كرد. ئەمە لەئاستێكدا بۆ كورد دەسكەوتێك بوو، چونكە بۆ جاری یەكەم بوو سەرۆكی دەوڵەتێكی سەردەستی سەر كوردستان و رژێمەكەی لەسەر كردەوەكانیان بەرامبەر بە كورد دادگایی بكرێن، بەڵام دەبوایە دادگایەكە لەوە فراوانتر بگیرایەتە دەست.
ئێستاش كە یادی 23 ساڵەی كارەساتی ئەنفال دەكەینەوە، گرنگە كە حكومەتی هەرێم و سەرجەم لایەنە كوردستانیەكان و رێكخراوەكانی تایبەت بەجینۆساید كار بكەن بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتی ئەنفال وەكو جینۆساید بناسرێت و كۆتایی بە سیاسەتی نەناسینی گەلی كورد بهێنرێت. چونكە هەتا كۆتایی بەو سیاسەتە نەیەت ئەوا مەترسی جینۆسایدی تر لەسەر گەلی كورد هەیە. ئەوەتا هەتا ئەمڕۆ لەئێراقدا مافی چارەی خۆنوسین بۆ كورد ڕەوا نابینرێت و لەسەر ئاستی توركیا بەهەموو ڕەنگێك سیاسەتی قڕكردنی كولتوری بەڕێوە دەبرێت و لەسەر ئاستی ئێران و سوریاش بەشێوەی جیاجیا ئەم سیاسەتە بەڕێوە دەبرێت. بێگومان ئەم بارودۆخە هەموو كاتێك زەمینەیە بۆ دووبارە بوونەوەی كارەساتی لەو ێنەی ئەنفال و هەڵەبجە.
ئێمە وەكو پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان لەرابردوو و ئێستاشدا كارمان كردووەو ئێستاش كار دەكەین بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوین و جیهان ئەو كارەساتانە بناسرێن گەرەنتی نێودەوڵەتی دەستەبەر بكەین، ئەویش بە مەحكوم كردنی ئەو جۆرە سیاسەتە. لەسەر ئاستی ناوخۆییش كاردەكەین بۆ خاوەن دەركەوتن لە كەسوكاری ئەنفالەكان و دابین كردنی ژیانێك بۆیان كە شایستەیان بێت.

دەستەی كارگێڕی
پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان
13/4/2011

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە