هێرشەكانى داعش چ شتێكیان ئاشكرا كرد؟

Monday, 25/08/2014, 12:00

1839 بینراوە




بەر لەهێرشەكانى داعش بۆسەر كوردستان و بەشێوەیەكى دیارییكراویش بەر لەداگیركردنى شەنگال لەلایەن تێرۆریستانەوە، زۆر شت نادیار و نەزانراو بوون لاى زۆربەى هەرە زۆرى خەڵك، وەك: تواناكانى هێزى پێشمەرگە، ئاستى هەڤاڵبەندییەكانى هەرێمى باشوورى كوردستان لەگەڵ وڵاتانى دەرەوە، تواناى دەسەڵاتى سیاسیى هەرێمى باشوورى كوردستان لەپێشبینی وخوێندنەوەى ڕووداوە سیاسییەكان، ڕۆڵى میدیا و ئاستی ڕاستگۆیى دەزگاكانى ڕاگەیاندن و ... هتد.
ئەوەى كە لەم ناوەدا بەبڕواى من لەهەموو شت گرنگتر بوو و ئاشكرابوو و بووە مایەى كارەسات، ئەمە بوو كە دەسەڵاتى سیاسی بەپێشەنگی پارتى دیموكراتى كوردستان، گشت هیواكانى بەهێزى دەرەكى بەستبوو و گشت پلان و پرۆژەكانى لەسەر ئەم هیوایە بنیاتنابوو. دامەزراندن و ڕێكخستنى هێزى بەرگریى و پاراستنى خودى تائاستێكى زۆر پشتگوێ خرابوون. لەم ناوەدا هیچ حسابێك بۆ ئەمە نەكرابوو كە ئەگەر ئەم پشتیوانیى و هاوكارییە دەرەكییانە لەبەر هەر هۆیەك بەپێى پێویست نەبوون، یان لەكاتى خۆیاندا نەگەیشتن و دوواكەوتن چى ڕوودەدات؟ كە دیتمان ئاكامى نەدیتنەوەى وەڵام بۆ ئەم پرسانە تراژیدیاى شەنگاڵى لێكەوتەوە.
لەحاڵێكدا پێویستە ئەمەش بزانین كە هێزە سەربازیى و هەوڵگرییەكانى ئەمەریكا، لەڕێگاى مانگە دەستكردنەكانییانەوە كە بەئاسانى دەتوانن ژمارەكانى ئۆتۆمبێل و خانوو ... ببینن و بخوێننەوە. لەكاتێكدا بێگومان وردترین جووڵە و پێشڕەویەكى هێزەكانى داعشیان لەسووریا و ئێراق لەژێر دید و كۆنتڕۆڵدایە و لەیەكەمین ساتەكانەوە زانیویانە كە ئەم هێزانەى داعش بەرەو كوێ دەكشێن و قەبارەى ئەم هێزانە چەندە و چ چەكێكیان پێیە و ... بەواتایەكى تر، بەئاسانى تواناى پێشگرتنى ئەو هێزانەیان هەبووە، بەڵام، دواى نزیك بەهەفتەیەك لەكارەساتى شەنگال، تازە فڕۆكە جەنگییەكانى ئەمەریكا بۆمبارانى سەنگەرەكانى داعش دەكات و خۆراك بۆ ئاوارەكان فڕێدەداتە خوارەوە كە چى دەسەڵات كە هەموو پارتە سیاسییەكان لەخۆى دەگرێت، بە میدیا و تەواوى پەراوێز و دەوروبەرەكەیەوە بەمە خۆشحاڵن كە فڕۆكەیەكى ئەمەریكى دێت و چەند بۆمب بەسەنگەرەكانى داعشدا دەدات و هێشتا بەمەیان نەزانیوە كە كارەساتى شەنگال ئاكامى گەشبینى لەڕادەبەدەر بە پشتیوانى دەرەكى و پشتگوێخستنى هێزى بەرنگاربوونەوەى خودى بوو.
دەبێ ئەمەش بەباشى بزانین كە برینى شەنگال هێشتا گەرمە و هەستمان بەگشت ئازارەكانى نەكردووە؛ چونكە هێشتا شتێكى ئەوتۆ دەربارەى ئامارى شەهیدەكان، فڕێندراوەكان، بریندار و پەككەوتەكان و ئەو ژن و كچانەى دەستدرێژى سێكسییان كراوەتە سەر و وەك كەنیزەك لەدەربارى خەلیفەدان و ئاكامە دەروونییەكانى ئایندە ... نازانین. لەمە بەولاوەتریش، كارەساتەكە هێشتا كۆتایى نەهاتووە و هەر ڕۆژ تراژیدیایەكى نوێ دەقەومێ و ئامارى قوربانییەكان زۆرتر دەبن.
بەرلەم ڕووداوانەى ئەم دواییە دەسەڵاتى سیاسی و بەتایبەتیش سەرۆكایەتییەكەى هێندە لەخۆباییانە ڕەفتاریان دەكرد و دەدوان، كە پێكەنینیان بەپاشەكشەكردنى هێزەكانى سوپاى ئێراق لەموسڵ دەهات و هێندە كورتبین و لەخوێندنەوەى ڕووداوەكاندا داماوبوون كە پێشبینییان نەدەكرد ئەوەى بەسەر سوپاى ئێراقدا هات دەتوانێ بەسەر هێزەكانى ئەوانیشدا بێت و خراپتریش.
جگە لەمە ئەم ڕووداوانە، ڕووى ڕاستى میدیاى حزبیان لەباشوورى كوردستان ئاشكرا كرد كە وەك هەر دەزگایەكى ڕاگەیاندنى ستاندارد نین بۆ ئاشكراكردنى ڕاستییەكان؛ بەڵكو بەپێچەوانەوە، دەزگاى شاردنەوەى ڕاستییەكانن. تەنانەت ئەو سەروەرییەش دەشارنەوە كە بەنسیبى شەهیدەكان دەبێت. ناو و ژمارەیان ڕاناگەیەنرێت و ئەگەر هێزەكانى پێشمەرگە و خەڵك بە شەهیدبوونى ڕۆڵەكانیان ورەیان بڕوخێت، دەبێ ئەم دەسەڵاتە لەماوەى پتر لە22 ساڵى تەمەنیدا چ باوەڕێكى لەرزۆكى لەدڵى خەڵكیدا چاندبێت ...؟!.
جێگاى ئاماژەیە كە سەرقافڵەى ئەم دەزگایانە لەچەواشەكارى و درۆ و شێواندن، كەناڵى تەلەفزیۆنى (ڕوداوە) كە وەك دەزگایەكى سەربەخۆ و پرۆفیشیوناڵ، پێناسەى خۆى دەكات و كاتێكیش چاودێرێك بەووردى بەدوایدا بچێت وادەزانێت سەیرى كەناڵێكى سەر بە (میت)ى تورك، بەزمانى كوردی، نەك دەزگایەكى كوردستانى دەكات. دەزگایەك كە لەحاڵێكدا هەمووان، خواستى لەبیربردنەوەى ناكۆكییە نێوخۆییەكانیان هەیە و داواى یەكێتى و برایەتى دەكەن، ڕووداو لەجاران پتر و لەجیاتى دەزگاى هەوڵگرى تورك دژایەتى بزووتنەوەى باكوور و ڕۆژئاواى كوردستان دەكات.
ڕووداو كە دەزگایەكى سەربە پارتى دیموكراتى كوردستانە، نەك هەر سەربەخۆ و پیشەیى نییە؛ بەڵكو زێدە خەڵەتێنەریشە. فەرموو ببینن لەپشتى دیوارێكەوە هاوەنێك دەتەقێنرێت و دەڵێت گوایە سەنگەرەكانى هەرە پێشەوەى شەڕە لەشەنگال ...! مەگەر هەركەس ناتوانێت لەپشت هەر دیوارى ماڵێكى كاولى گوندێكەوە ئەم شانۆگەرییە سازكات ...؟ تەنانەت درۆ بەناوى ئەمریكاوە دەكات كە گوایا ئەمریكا لەبەر دەستێوەردانى پەكەكە لەشەنگال وازیان لەئازادكردنى ئەم ناوچەیە هێناوە. ئەگەر ئەم كەناڵە ناپرۆفیشیوناڵە لەوڵاتانى ڕۆژئاوا بووایە دەمێك بوو لەبەر بنپێكردنى بنەماكانى ڕۆژنامەوانی، دادگایى و سزادرا بوو.
............................

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە