هەرکەسێک نەتوانێت بە (زمانی دایکیی) خۆی بنووسێت و بخوێنێتەوە، ئەو کەسە نەخوێندەوارە


ده‌زگای دژه‌ تیرۆر یان ده‌زگای تیرۆر

Monday, 26/07/2010, 12:00

1410 بینراوە


ئه‌م خانووه‌ نه‌ ماڵی بن لادنه‌ نه‌ زه‌رقاوی، نه‌ ئه‌و خانوه‌شه‌ کوڕه‌کانی سه‌دام خۆیان تێدا حه‌شاردابوو، بۆ ئه‌وه‌ی به‌هه‌ڵه‌شدا نه‌چن ماڵی ئه‌و تاوانباره‌ گه‌ورانه‌ش نییه‌ ده‌ستیان له‌ خوێنی سه‌دان که‌سی بێگوناهدا سوره‌، ئه‌ی ده‌بێت ماڵی کێ بێت وا ڕووبه‌ڕووی چه‌ندین چه‌کی قورس و هه‌زاران فیشه‌کی قه‌ناس، بی که‌ی سی و کڵاشینکۆف بۆته‌وه‌؟.
شوێن: ده‌ربه‌ندیخان
کات: نزیک یه‌کی پاش نیوه‌ڕۆ
ڕێکه‌وت: 20ی ته‌مموز 2010
پله‌ی گه‌رما: به‌رامبه‌ر ده‌رگای دۆزه‌خ
ڕاستی ڕووداوه‌که‌‌: له‌ماڵه‌وه‌ ویستم که‌مێک ڕابکشێم و پشویه‌ک بده‌م، خوشکه‌که‌م، که‌ به‌سه‌ردان له‌وێ بوو هاواریکرد ته‌قه‌یه‌، منیش گوێم پێنه‌دا چونکه‌ چه‌ند ڕۆژی پێشووش چه‌ند ڕووداوێکی ته‌قه‌کردن ڕویدابوو، ئه‌م جۆره‌ ته‌قه‌کردنانه‌ خه‌ڵک ناوی نابوو (ئه‌و به‌زمه‌ش هه‌یه‌) منیش له‌دڵی خۆمدا گووتم: ڕه‌نگه‌ هه‌ر ئه‌و به‌زمه‌ بێت چه‌ند ڕۆژ و شه‌وی پێشتر ڕوویاندا، که‌ به‌ پێویستی نازانم باسیان بکه‌م، به‌ڵام دیسان خوشکه‌که‌م هاته‌وه‌ گووتی ئۆتۆمبیلی پۆلیس وفریاکه‌وتن له‌به‌رده‌م ماڵ خۆمانه‌وه‌ به‌ره‌ خوار ده‌ڕۆن و ته‌قه‌ به‌رده‌وام گه‌رم بوو، ئاخر خوایه‌ گیان له‌کاتی وادا مرۆڤ چی بکات، ده‌توانیت به‌ره‌و کوێ بڕۆیت، له‌حه‌وشه‌که‌ وه‌ستابووم دایکم به‌په‌له‌ قۆڵیگرتم و به‌ره‌و ژووره‌وه‌ی بردم و گووتی: هه‌رچییه‌ک هه‌یه‌ کێشه‌ی ئێمه‌ نییه‌، من له‌ دڵی دایکم تێده‌گه‌شتم، که‌چه‌ندین ساڵه‌ نه‌مدیبوو ئێستا بۆ لای ئه‌و گه‌ڕاومه‌ته‌وه‌و دوور نییه‌ جارێکی تر نه‌یبینمه‌وه‌ چۆن دڵی بشکێنم، کاتێک ده‌زانم دڵی ئه‌و چۆن لێده‌دات! به‌هه‌رحاڵ ڕۆیشتمه‌ ژووره‌وه‌ ئاگام له‌هیچ نه‌ما تاکه‌ شتێک بۆم کرا ته‌له‌فۆنم بۆ که‌سێکی نزیکم کرد و هه‌واڵه‌که‌م پێگه‌یاند، گووتی خه‌مت نه‌بێت هه‌ر ئێستا وه‌ڵامت ده‌ده‌مه‌وه‌، 5خوله‌کی پێ نه‌چوو ته‌له‌فۆنی بۆکردمه‌وه‌و هه‌واڵه‌که‌ی ئاوا گێڕایه‌وه‌...
''گه‌نجێکی ده‌ربه‌ندیخان به‌ناوی (س.س) ته‌مه‌ن 28 ساڵ پێش چه‌ند ساڵێک له‌گه‌ڵ هاوڕییه‌کی ده‌بێته‌ شه‌ڕیان و به‌ چه‌قۆ هاوڕێکه‌ی ده‌کوژێت، سه‌باره‌ت به‌م کێشه‌ کوڕه‌ سزای یاسایی خۆی وه‌رده‌گرێت و کاتێک به‌رده‌بێت ده‌ربه‌ندیخان به‌جێده‌هێڵیت، ساڵی پار ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ بۆ ده‌ربه‌ندیخان به‌ڵام له‌ بازگه‌ی تونێله‌که‌ له‌گه‌ڵ پۆلیسه‌کان توشی کێشه‌ ده‌بێت و چی ڕوویداوه‌ له‌و کێشه‌ هێشتا که‌س به‌ته‌واوی ئاگادار نییه‌، با ئێمه‌ وا دابنێین ئه‌م کوڕه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی کردووه‌. شه‌وی هه‌مان ڕۆژ بازگه‌که‌ ده‌درێته‌ به‌رده‌ستڕێژ و پۆلیسێکی هاتوچۆ ده‌کوژرێت و یه‌کێکی تر بریندار ده‌بێت، ئه‌وه‌ی گومانی له‌سه‌ره‌ (س.س)ه‌ بۆیه‌ بڕیاری ده‌ستگیرکردنی ده‌درێت ئه‌وه‌یش خۆی نادات به‌ده‌سته‌وه‌و هه‌ڵدێت و که‌س سۆراخی‌ نازانێت، دیاره‌ له‌ڕیگای ده‌زگای زانیاری و ئاسایشی ده‌ربه‌ندیخانه‌وه‌ هه‌واڵ ده‌گات، که‌ ئه‌و کوڕه‌ له‌و ماڵه‌دا خۆی شاردۆته‌وه‌، ئیتر هێز له‌ شاری که‌لار و سلێمانیه‌وه‌ ده‌گاته‌ ده‌ربه‌ندیخان و چوارده‌وری ماڵه‌که‌ ده‌گرن، هێزه‌کانیش بریتیبوون له‌ پۆلیس و ئاسایشی که‌لار و ده‌زگای دژه‌ تیرۆر، که‌ به‌ جلڕه‌شه‌کان ناسراون''، ئه‌وه‌ی له‌ میدیاکان بڵاوکراوه‌ته‌، که‌ به‌ ته‌نها ئاسایش و پۆلیسی ده‌ربه‌ندیخان به‌شداربووه‌ درۆیه‌کی شاخداره‌ و به‌ڵگه‌ی زیندووم له‌به‌ر ده‌سته‌. مرۆڤ له‌کاره‌ساتی وا سه‌ری سوڕ ده‌مێنێ، به‌و گه‌رمای نیوه‌ڕۆ، مناڵ و زۆربه‌ی خه‌ڵک نووستوون له‌گه‌ڕه‌کێکی قه‌ره‌باڵخی وه‌ک ده‌ربه‌ندیخان ئار بی جی ته‌قاندن ده‌بێت چ مانایه‌کی هه‌بێت به‌ره‌و ڕووی ماڵێک که‌ نازانرێت چه‌ند ژن و مناڵی تێدایه‌، ئه‌مه‌ چ به‌ربه‌رییه‌تێکه‌ به‌رامبه‌ر که‌سێک هێشتا تۆمه‌تباره‌ نه‌ک تاوانبار، له‌ماڵێکدا خۆی نادات به‌ ده‌سته‌وه‌و به‌رگری له‌خۆی ده‌کات، ئایا ڕێگای تر نه‌بوو بۆ ده‌ستگیرکردنی، ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت هه‌وڵبده‌ن خانووه‌که‌ بڕوخێنن به‌سه‌ریداو به‌و نیوه‌ڕۆ ترس بخه‌نه‌ دڵی شارێکه‌وه‌، ئایا ئه‌وه‌ ئه‌رکی ده‌زگای دژه‌ تیرۆره‌ یان ئاسایش و پۆلیس ئه‌گه‌ر مه‌رامی سیاسی له‌پشت ئه‌م مه‌سه‌له‌وه‌ نییه‌، بۆ تۆقاندنی ئه‌وانه‌ی دژی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ن له‌و شاره‌دا حوکم ده‌کات.
لێکدانه‌وه‌ی میدیاکان

ئه‌وه‌ی لای من سه‌یره‌ میدیا به‌ناو ئه‌هلییه‌کانه‌ له‌هه‌موویان سه‌یرتر که‌ناڵی KNN و سایتی سبه‌یه‌، که‌ به‌ وته‌ی خۆیان جل ڕه‌شه‌کان هه‌ڕه‌شه‌ی شکاندنی کامێراکانیان کردووه‌ له‌ په‌یامنێره‌که‌یان بۆ زانیاری زیاتر سه‌یری ئه‌م دوو لینکه‌ بکه‌ن (http://sbeiy.com/ku/newsdetail.aspx?id=28563&cat=1) (http://www.awene.com/Direje.aspx?Babet=Hewal&jimare=7901)
کاکی کامیرامان خۆی له‌وێبوو، ئه‌ی باشه‌ پاش ڕۆشتنی ئه‌وان بۆ نه‌هات وێنه‌ بگرێت، ئه‌ی که‌ ئه‌مه‌ی پێ نه‌کرا بۆ نه‌یتوانی ڕاستی ڕووداوه‌که‌ وه‌ک خۆی بگێڕیته‌وه‌و وه‌ک میدیاکانی یه‌کێتی ڕووداوه‌که‌ی ڕوونووسکرد، ئایا کوشتنی مرۆڤێک به‌و شێوه‌ دڕندانه‌ ئه‌وه‌نده‌ ئاسانه‌ به‌سه‌ر ڕۆژنامه‌نووسنادا تێپه‌ڕیت، له‌ چ ووڵاتێکی دونیادا هه‌یه‌ تۆمه‌تبارێک نه‌ک تاوانبار له‌ماڵێکدا خۆی حه‌شاردابێت به‌و شێوه‌ دڕندانه‌ بدرێته‌ به‌ر چه‌کی قورس!.
له‌ 17.4.2010 له‌شاری لیس سه‌ر به‌ کانتۆنی بێرنی سویسرا باندێکی ئۆتۆمبیل دزین له‌ فه‌ره‌نساوه‌ چه‌ندین ئۆتۆمبیلی مۆدێل به‌رزیان دزی، له‌هه‌مان شه‌ودا له‌ڕیگای کامێرای چاودێرییه‌وه‌ پۆلیس ئاگادارکرایه‌وه‌، دوو ئۆتۆمبیلیان هه‌ڵهاتن، ئۆتۆمبیلێکیان له‌سه‌ر ‌هێڵی خێرای نێوان فریبۆرگ و لۆزان که‌وته‌ به‌ر ته‌قه‌ی پۆلیس له‌ ئاکامدا نه‌فه‌ری ته‌نیش شۆفێر ته‌مه‌ن 19ساڵ ده‌کوژرێت، ئێستا پۆلیسه‌که‌ له‌ژێر لێکۆڵینه‌وه‌ی وردایه‌، که‌ ئایا به‌ ئه‌نقه‌ست کوشتوه‌یه‌تی یان نا، تا نووسینی ئه‌م بابه‌ته‌ 2 جار پۆلیسه‌که‌ دادگاییکراوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پۆلیس مافی ته‌قه‌کردنی هه‌یه‌ به‌ڵام مافی کوشتنی نییه‌، پۆلیس ده‌بێت زۆر ئاگادار بێت له‌ ته‌قه‌کردن. ڕووداوی زۆر هه‌ن سه‌باره‌ت به‌ تاوانبار نه‌ک تۆمه‌تبار و پۆلیس، به‌ڵام قه‌ت به‌و شیوه‌ دڕندانه‌ ناکه‌ونه‌ به‌ر هێرشی پۆلیس، یان ڕووداوه‌که‌ی ساڵی پاری شاری ڤینێنده‌ن ی ئه‌ڵمانیا، که‌ گه‌نجێک 10 قوتابی و سێ مامۆستای کوشت و دوو پۆلیسیشی بریندارکرد، به‌ڵام قوتابخانه‌که‌ نه‌درایه‌ به‌ر ئار بی جی فیشه‌ک به‌ڵکو هه‌وڵ ده‌درا هه‌ر به‌ زیندوێتی ده‌ستگیربکرێت تا کۆتایی خۆی کوشت، یان کوشتارگه‌ی ئێرفورت ساڵی 2002 هه‌ر له‌ ئه‌ڵمانیا گه‌نجێکی 19ساڵان 12 مامۆستا، سکرتێره‌یه‌ک، 3 قوتابی و پۆلیسێکی کوشت و دواتر خۆی، که‌ به‌ گه‌وره‌ترین کۆمه‌ڵکوژی دێت له‌مێژووی ئه‌ڵمانیادا له‌ قوتابخانه‌یه‌کدا ڕوویدابێت، دیاره‌ ڕووداو زۆرن سه‌باره‌ت به‌ یاخی بوونی گه‌نج له‌م ڕۆی ئێمه‌دا، بۆیه‌ هیوادارم ئه‌و میدیا ئازاد و به‌ناو ئه‌هلییانه‌ بۆ هه‌ر ڕووداوێک لێکۆڵینه‌وه‌ی وردو درووست بکه‌ن و نه‌که‌ونه‌ ژێر فشاری ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، ئه‌گینا وا بڕوات پۆلیسه‌کان جیگای مافیا ده‌گرنه‌وه‌و و ده‌زگای دژه‌ تیرۆر بۆ خۆیان ده‌بنه‌ ده‌زگایه‌کی تیرۆر.



سه‌یری ئه‌م لینکه‌ بکه‌ن به‌ ئه‌ڵمانییه‌
 http://www.blick.ch/news/schweiz/westschweiz/pk-erschossener

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست