ئاڵاى كوردستان ... سیمبوڵ ، یاخود دروشمێك بۆ فریودان

Thursday, 20/10/2011, 12:00

1796 بینراوە


ئاڵا لە نێوان ئەقڵ و هەست و سۆزدا

دیارە ئاڵا بۆتە سیمبوڵیكى نەتەوەیى پیرۆز لاى هەموو گەلانى دنیا ، هەرچەندە لە واقعدا كۆمەڵگاكان ئاڵایان داهێناوە بۆ تێركردنى پێویستیە سۆزاوى ئەندێشەییەكانى مرۆڤ ،بۆ ئەوەى ئەو هێزە وەك ئامڕازێك بەكاربهێنن لە پێناو مانەوە بەرژەوەندى دەسەڵاتدارەكان !ئەگینا ئەگەر ئاڵا بەراورد بكرێت لەگەڵ بچوكترین پێداویستیە ماتریالیەكانى مرۆڤ ، بۆنمونە وەك تیكە نانێك لەكاتى برسیەتیدا ،هیچ بایەخێكى نامێنێتەوە ، لەو حاڵەتەدا ئاڵا جگە لە پارچە پەڕۆیەكى رەنگدار و بێگیان هیچى تر نابێت ، لەگەڵ ئەوەشدا وەك دیارە كۆمەڵگا تاكەكانى وا گۆش دەكات كە هەزاران گیان بكرێتە قوربانى ئەو سیمبوڵە ، بە واتایەكى تر ئەو پارچە پەڕۆیە !!! هەر ئەمەشە مرۆڤ لە هەموو بوونەوەرەكانى تر جیا بكاتەوە ، كە زیاتر بایەخ بە پێویستیە گیانیەكانى بدات و واقعانە مامەڵە لەگەڵ خودى ژیان نەكات ...
لە كوردستان سەربارى تێنووێتى خەڵكى كوردستان و بۆ سەربەخۆیى و بە پیرۆز راگرتنى ئاڵا ، تا ئێستا ئاڵاى كوردستان ، جگە لە ئامڕازێك بۆ فریودانى راى گشتى ، نەیتوانیوە رۆڵى زیاتر بگێڕێت ، ئەگەرچى خودى دەسەڵاتى سیاسى لەكوردستان نەیتوانیوە رێز لە ئاڵاكە بگرێت ، بەردەوام هەوڵیانداوە ، لە پەناى ئاڵاى كوردستاندا خەڵكى كوردستان لە پێناومەبەستە سیاسیەكانى خۆیاندا بەكاربهێنن ، كە شەست ساڵى رابردوو لەتەمەنى ئەو حیزبانەى دەسەڵات ئەوە دەسەلمێنى ، كە هەموو هەوڵە سیاسیەكانیان پێچەوانەى بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانى كورد بووەو هێندەى خزمەتى دوژمنانى كوردى كردووە نیو هێندە خزمەتى كوردى نەكردووە !كە واتە ئاڵاى كوردستان لاى دەسەڵات هیچ رێزو بایەخێكى نەبووە تەنیا لەو كاتانەدا نەبێت كەپێویستى پێى بووە ، یا بۆ مامەڵەكردن و هاندانى خەڵك بۆ ئەوەى سیاسەتێكى ئەو پیادە بكەن ، یاخود بۆ ئەوەى نیگاى خەڵك لەسەر رووداوێك دوور بخاتەوەو بەرەو لایەكى ترى ئاڕاستە بكات ، واتە بۆ فریودان و چەواشەكردنى راى گشتى لە كوردستان ، بە دەستەواژەیەكى تر بەكارهێنانى ئاڵا بەشێوەیەكى دیماگۆكیانە و پێچەوانەى خودى چەمك و واتاى راستەقینەى ئاڵاكە ...
ئەوەى ئێستا لە كوردستان دەگوزەرێ ، ئەوە رون دەكاتەوە ، كە ئەقڵ و بیركردنەوە ، نەك تەنیا لاى خەڵكە سادەو ئاساییەكە ، بەڵاى خوێندەوارو رۆشنبیرانیش ئامادەیى نییە ، بەداخەوە هەرچەندە لاف بە رۆشنبیرى و خوێندەوارى لێدەدرێ ، بەڵام تا دێت ئاسانتر دەكەونە داوى پلانەكانى دەسەڵاتێكى بێهەڵوێست و تا ئەژنۆ تێئاڵاو لە خیانەتى نیشتمانى و ، گەرمتر دەكەونە پێ مەلە ... ئەوەتا لە خۆپیشاندانەكان بۆ بەرزكردنەوەى ئاڵا وەك هەڵوێستێك بەرامبەر ئەو سیناریۆیە دروست كراوەى خانەقین ئەمە بە زەقى دەبینرێت ...
بۆچى لەو قۆناغەدا شەڕ دەكەوێتە سەر ئاڵاى كوردستان ، لە كاتێكدا هەموو خەڵكى كوردستان دەزانێت كەوا توركیا ماوەیەكە خۆى بۆ هێرشكردنە سەر گەریلاكانى pkk ئامادە دەكاو ئێستاش كاتى ئەنجامدانى هێرشەكەیە ، یاخود زۆر نزیك بۆتەوە ، كە ئاشكرایە دەسەڵاتى كوردیش بەشێكە لەم گەمە قێزەونە ، واتە لە كاتێكدا خەڵكى كوردستان خەریك دەكرێن بە شەڕێكى بێ مانا، لەو كاتەدا دەروازەى هەرێمى كوردستان بۆ سوپاى توركیا دەكرێتەوە بۆ ئەوەى براكوردەكانیان لە باكور قەتل و عام بكەن ... ئەوە چ گەلێكە هێندە ساویلكەیە ، كە وا بەئاسانى فریوبخواو رووى لە لاى راستەقینەى رووداوەكان وەرچەرخێنى َ ، ئەوە چ جۆرە هزرمەندو رۆشنبیرێكن كە بە گۆلمە ئاوێك دەكەونە مەلەو كاتێك پەنجەیەك بە ژێى نەتەوایەتیان دادەهێنرێت ، ئەوان ماڵئاوایى لە ئەقڵو بیركردنەوە دەكەن ، ئەمەى ئەوڕۆ لە باشورى كوردستان روو دەدات ، ئەو راستەقینە تاڵە دەردەخات ، كە سەربارى گۆڕانكاریە گەورەو گرنگەكانى ناو كۆمەڵگاى كوردى ، تا ئێستا كورد فێر نەبووە ، لە تەنگانەكاندا بە ئەقڵ بیر بكاتەوە ، ئەمەش ئەو كەلێنەیە كە دەسەڵاتى كوردى تا ئەوپەڕى سوود وەرگرتن سوودى لێوەرگرتووە .بۆیە لە كاتى ئێستا لە هەموو قۆناغێك بۆ كورد گرنگترە ، كە بەئەقڵ و ئاوەز رووداوەكان ببینێت ، شتەكان وەك ئەوە ببینێ كە هەیە ، نەك وەك ئەوەى كە دەیانەوێت بۆى وێنا بكەن ، بەمەش نەك تەنیا بوونى خۆى وەك بوونەورێكى ئەقڵمەند لە دەست دەدات ، بگرە دەبێتە كەل وپەلێكى بازرگانى بێبەهاش لەدەستى بەرپرسە دزو چاچنۆكەكانەوە ...

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە