سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی هەڕەشەی لێكردوە"كەریم سنجاری" كوردستانی بەجێهێشت

Monday, 06.01.2009, 12:00

1258 بینراوە


دوای ئەوەی لەلایەن لەشكری تایبەتی مەسعود بارزانیەوە عەمیدی ماف عەبدولخالق تەلعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر لەكاتی جێبەجێ كردنی ئەركێكی یاسایی و دەستگیر كردنی بكوژێكدا، 5 رۆژ لەمەوبەر دەستبەسەركرا و، كەریم سنجاریش هیچ بەرگریەكی لێنەكرد، فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی، هەڕەشەی لە كەریم سنجاری كرد و بە ڕەسمی بۆ لێپێچینەوە بانگهێشتی مەكتەبی سیاسی كرد، بەڵام كەریم سنجاری دوێنێ سەرلەبەیانی لەترسی لێكۆڵینەوە، كوردستانی جێهێشت.

سەرچاوەیەكی بەرپرس لە مەكتەبی سیاسی پارتی، وێڕای پشڕاست كردنەوەی ئەو هەواڵە، ئاشكرای كرد كە فازڵ میرانی بەمەبەستی لێپێچینەوە بەفەرمی بانگهێشتی كەریم سنجاری كردووە، بەڵام كەریم سنجاری ئامادە نەبوە لێپێچینەوەی لەگەڵدا بكرێت و دواجار كوردستانی جێهێڵاوە.
هەمان سەرچاوە گوتیشی كە دوێنێ سەرلەبەیانی، لە ڕێگەی چاودێرێكەوە لەفڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، ئاگاداركراونەوە كە كەریم سنجاری و دوو لە حیمایەكانی، لە ناو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بینراوە و مەبەستیشی لەو گەشتەی تەنیا خۆدزینەوە لە كێشەكەی لەشكری تایبەتی مەسعود بارزانیە.
هەفتەی ڕابردوو عەبدولخالق تەلعەت بەفەرمانی وەزیری ناوخۆ، ڕاسپێردرا تا لوقمان سێودینی بكوژ، كە ماوەیەك لەمەوپێش لەنادی مەیخواردنەوەی چوارچرا دو كەسی بێتاوانی كوشت، لە پیرمام دەستگیربكات، كەچی لەشكری تایبەتی مەسعود بارزانی سوكایەتی بە یاسا و بەڕێوەبەری پۆلیس كرد و عەبدولخالق تەلعەتیان دەستبەسەركرد.