لە بەرانبەری میتافیزیا - بەشی یەکەم

Sunday, 08/12/2013, 12:00

2204 بینراوە





لاێ ١٥ ڕۆژی پێش ئەم نووسراوەم نووسیبوو، بەڵام بۆ ئەدیت کردن لە بابەتی زمانی کوردیەوە، ناردم بۆ کاک خەلیل غەزەڵی(ماڵپەڕی هەڵوێست) کە پێدا بچێتەوە. لێرەدا، دەسخۆشی لەو دۆستە ئازیزە دەکەم. چاوەڕوانی ئاخرین ئەدیت بووم کە بیستم ڕۆژنامە نووسێك بە ناووی" کاوە گەرمیانی" تیرۆر کراوە. بە بیستنی ئەو هەواڵە دڵتەزێنە، جارێکیتر خۆم چوومەوە بە نووسراوەکەدا وبە هۆی ئەو کارەسات و تیرۆرە لە سلیمانی و پێوەندی نێوان نووسراوەکەو وئەو خەوەرە، بڕیارم دا کە هەربەم جۆرە، بڵاو بێتەوە.
***
هەروا کە لە نووسراوەێ پێشوودا، بەڵێنم دابوو، ئەم جارە لە سەر سێ بابەتی تایبەت، یانێ: ١_ دیاردەی ئیعدام(کوشتن و تیرۆر). ٢_ فنۆمنی بەستراو ٣_ فنۆمنی ئازاد. دەنووسم.
هەر لەو نووسراوە پێشووەدا(یانێ فەرهەنگی ڕاشکاوی) ئیشارەم بەوە کردبوو کە بابەتەکانی ژمارەی یەک و دوو، ئەکەونە بەرەی میتافیزیاوە(Metaphysic) لێرەدا ئەم بابەتەش باسدەکەم و لێکی ئەدەمەوە، کە هۆی ئەم بۆچوونە چیە و چۆنە؟!

١_دیاردەی ئیعدام_ کۆشتن و تیرۆر.
جارێ وورد بوونەوە لە خۆدی ووشەکە، یانێ ئیعدام وناسینی ڕیشەکەی، خۆی جێگای سەرەنجە. چونکوو ئەبینین "عەدەم" ڕیشەی ووشەکەیە. کە ووشە‌یەکی عەرەبیە و مانای بە کوردی دەبێتە "نەبوون" "لەنێو بردن". بەڵام ناتووانرێ بە کەسێک کە هەواسی یان بیر ۆ فیکری لاێ ئێمە نەبێ، بڵین: ها لە "عەدەم"دا! چوونکوو ئەو کەسە، گەرچی فیکری لاێ ئێمە نەبێ، بەڵام بوونی گیان و لەشی لە شوێنێکدا هەیە و حاشاێ لێ ناکرێت. زۆر لە ئایدۆلۆژیاکان ئەڵێن کە ئەم جیهانەی کە هەیە(جیهانی بوون_ existence_ Universe) لە عەدەمەوە،واتا "نەبوون"ـەوە پێک هاتووە و درووست کراوە. کە خۆێ جێگای باس و لێکۆڵینەوەیە. بەڵام لێرەدا، ئێمە بە دوواێ ئەوەدا ناچین ، لەبەر ئەوە جارێ پێوەندیەکی ئەوتۆی بە بابەتەکەی ئێمەوە نیە.
کوشتنی ئینسانەکان بە شێوازی لە سێدارەدان، وەکوو کوشتنی خەڵک لە وڵاتی ئێرانی ئیسلامی ئێستا دا. یان کوشتن بە کارەبا لە سەر کورسی، وەک لە بڕێک لە ناوچەکانی وڵاتی ئەمریکا دا باوە. زییندوو چاڵ کردن کە لە سەردەمی پێش ئیسلام لە وەڵاتی عەرەبستان باو بووە و زۆرترکچانیان زیندووچاڵ ئەکرد؛ هەروەها بەردباران(بەرد تێ گرتن) کردن کە دیارە ئەویش لە فەرهەنگی عەرەب وەرگیراوە کە "رەجم"کردنی پێ دەڵێن. دیارە ئەم دیارەدە دژی ئینسانی‌یە لە وەڵاتی ئێرانی ئیسلامی هێشتا جارجارێک بەدی ئەکرێت. هەموو ئەوانەی کە باسکران، چەند جۆری کوشتن ولە ناو بردنی مرۆڤن.
جێگەی باسە ,کە لە نێوان دە ڕۆژدا(یانێ ٢٧/١٠/٢٠١٣ تاکوو ٥/١١/٢٠١٣)،چل کەس لە ناوچەکانی کرمان، کوردستان و کرماشان لە ژێر دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی‌دا لە سێدارە دران. هۆی ئەوکارەساتە،واتا "ئیعدام کردن" بە ئاشکرایی بابەتی سیاسیە و زۆر نامیلکە لە سەری ئەو ڕووداوە بڵاو کراوەتەوە.
مێژووی وەها کوشتنێک، (ئیعدام)لە نێو کۆمەڵگای جیهانیدا درێژتر لەوەیە کە بتووانین لە نووسراوەئێکی کۆرتدا هەمووی ناخ و هۆەکانی لە ڕیشەوە دەر بخەین. بەڵام بە کۆرتی ئەتووانین بڵین کە هۆێ بناخەیی ئەو فینۆمن یا دیاردەیە ئەگەڕێتەوە بۆ یەک بابەت کە لە خۆارەوە لە سەری ئەدووین:
لە کاتێکدا کەسێک، بەتایبەت لەم سەردەمەدا کە فرم وشێوازی سیاسەت زۆر باوە، دژی سیستەمێک ئەوێستێ، ئەو کەسە ئەکەوێتە بەندیخانەو ودواتر ئیعدام ئەکرێت. ئەم کردارە، لە ناو خۆیا، دەری ئەخات کە جۆرێک ناکۆکی هەیە لە نێوان بیر و فیکری ئەو کەسە و سیستەمێک کە نەبوونی کەسەکەێ، لا گرینگە! هۆی ئەوەش تەنیا پاراستنی خۆدی هێز وسیستەمەکەیە. یان بە واتاێەکیتر، هۆێ ئەو کوشتنە، پارێزگاری لە بڕوای جەماوەرە! چوونکوو جەماوەر، یان خەڵک سیستەمەکەی هەڵبژاردووە و کردوویەتی بە دەوڵەت و حوکمڕان. لێرەدا بۆمان دەر ئەکەوێت کە شێوازی دەنگدان(یان هەڵبژاردن) لانی کەم بەم شێوەیە کە تاکوو ئیستا ئەیبینین، نادرووست و نا-چارەسەرە. بە واتائێکی دی، خۆدی خەڵک و کۆمەڵگایە کە بەرپرسی ئەو دیاردەیانەیە. چ دیاردەی باش وەکوو ڕەوتی پێشکەوتووخۆازانەی تەکنۆلۆژیا ولێکۆڵینەوەی زانستی لە ئەستێرەکان و چۆنیەتی ژیانی گیانلەبەرانی ئاوی و خاکی، هتد.. یان دیاردە گەلی دژی ئینسانی وەکوو کوشتن و بڕین و ئیعدام، یان تیرۆر.
هەر لەم باورەوە، ئەوە روونە کە ئەو کەسەی دەکوژرێت، مەترسیەکی بۆ سیستەمی دەسەڵاتدار درووست کردووە. بۆیە دەسەڵات هەوڵدەدات لەناوی ببات.. بەڵام ئەو مەترسی‌یە چیە؟ دەرک و ناسین و لێکدانەوەی ئەو مەترسی‌یە ئەبێت لە ناوەڕۆکدا فەلسەفەیەکی هەبێت. ئەگینا بۆچی ئەبێ لەم سەردەمەدا، یانێ بە دووای چەند هەزارساڵ بیر و فیکری ئینسانی، هێشتا دیاردەیەک بە ناووی" ئیعدام"، کوشتن و تیرۆر مابێت؟!!
کە ووشەی" تیرۆر" ئەنووسم، ڕیک ئەکەومە بیروخاتیرەی تیرۆری چەند کەسی بە ناوبانگ وەکوو، ڕووداوی میکۆنوس (کوشتنی سکرتێری حێزبی دوموکرات، یاد زیندوو شەرفکەندیی و هاوڕیانی)کە هێشتا، فایلەکەی لە دادەگاکانی چەند وەڵاتدا، کراوەیە!(هەر چەن من بۆ خۆم بڕوایەکی ئەوتۆم بەو کراوە بوونە روالەتیە نی‌یە. چۆنکوو یەک لەو کەسانە کە تیرۆرەکەی ئەنجام دا ئازاد کرا. دیارە ئەوەش ڕوویەکیتری دیمۆکراسی ئەرووپاییە. یان تیرۆری ئینسانێکی بەرێز ودڵسۆزی وەک"مەهاتماگاندی" کە بە رێبازی خەباتی مەدەنی و هێمنانە وڵاتەکەی (هیندوستان) بەسەربەخۆیی گەیاند. بیرمەندی گەورە ئەنشتاین سەبارەت بە "گاندی" ئەڵێت: "پێم سەیرە وەها ئینسانێکی زۆرلاواز کە بەس تۆزێک ئسقان و پێستە، ئەوەندە تێگەیشتوو، دڵسۆز و گەورە بێت!".
تیرۆر، دیاردەیەکی تا ڕادەیەک مۆدیڕنە! یانێ بە دەستی خۆدی ئینسانە کانی مۆدیڕنیتەوە پێکهاتووە. هەر چەند پێشتریش و لە دریژایی مێژوودا، دیاردەی لەم چەشنە، ڕوویداوە بەڵام هەرگیز بەم شێوە مۆدێڕنە نەبووە. تیرۆرکردنی ئینسانەکان، دەرخستنی ناوەڕۆکی دەرک و تێگەیشتنی کۆمەڵگاکانە لە کۆمەڵگای جیهانیدا. هەمووان ئەزانن کە ئەمڕۆ، لە هەر گۆشەی جیهاندا گەر تێرۆرێک ڕوو بدات، تەواوی جیهان لەوە ئاگادار ئەبنەوە. واتە جیهانی ئەمڕۆ بە هۆی گەشەی تەکنۆلۆژیاوە و پەیوەندی نێوان خەڵکان، بە زووترین کات ئەزانن کە شتێکی وەها لە شوێنێکدا ڕوویداوە. مانای باسەکە ئەوەیە کە، لەم هەلومەرجە فیکری_ زانستەیەدا هەمووی جیهانی ئینسانی مەسئوول و بەرپرسی ڕووداوەکانن. هۆی ئەو بەرپرسبوونە، تەنیا ئەگەڕێتەوە بو" ئاگاداری"_ زانست_ ئێش و زامی هاوبەش_ فیکر_ هٶشیاری، کە مانا راستەقینەکەی "فەلسەفە"یە.
بەڵام لێرەدا خاڵێکی سەرسووڕهێنەر بە نهێنی ماوەتەوە! دەی باشە، خەڵکی خۆیان ئەزانن کە بۆ نموونە: لە فڵان شۆێندا، چەند کەس بەرد باران کراون! بە واتایەکی دی هەمووان ئاگاداری ئەوە هەن کە شتێکی وەها ڕوویداوە! ئەی بۆ پێشی پێ ناگرن و بەردەوام ئەو ڕووداوانە دووپات ئەکرێنەوە، بێ ئەوەی کە کارێکی ئەوتۆ کرابێت بەرانبەری ئەو کارەساتە دژ بە مرۆڤانەییە؟! چۆنە کە هێشتا، وەها فینۆمنێک (دیاردەیەک) بەردەوامە؟!
پرسیارێکیتر ئەوەیە بۆ وێنە لە ئێرانی ئیسلامیدا، سەدان جارئەو کردەوانە، بە دیکراوە و کەسێک بە ناوی "ئحمەد شەهید" لە رێکخراوی وەڵاتە یەکگرتووەکان، زۆر جار هەر ئەم باسەێ ئێمەی کردووە و خەبەرەکانی بە گۆێ جیهاندا چرپاندووە، بە ڵام بۆچ کارێکی ئەوتۆ، لە وێستانی ئیعدام و تیرۆر وکوشتنی خەڵک، قەد جێ بە جێ نەکراوە؟! ئایا لێرەدا ڕووی ڕەشی درۆداری دیمۆکراسی، دەر ناکەوێت؟ کام مافی مرۆڤ؟ ئەوەی کە لە وەڵاتی "ڕوواندا"(وڵاتێکی ئافریقایی) روویدا و لە بەرچاو هەمووی جیهاندا لانیکەم دوو میلیۆن کەس کۆژران ، خۆدی رێکخراوی مافی مرۆڤ کە بەشێکە لە رێکخراوی ووڵاتە یەک گرتووەکان(UN)، ئەمری کرد بە سەربازەکانی، تاکووهەمووی ئۆردووگاکان دەس بە جێ خاڵی بکەن و بگەڕێنەوە بۆ شۆێنە دیاریکراوەکان کە خەتەری تێدا نەبوو!! و خەڵکی دەس خاڵی، لە بەرانبەر هێزێکی کۆیرو ئایدیالیست و فەناتیک، بە جێ بێڵن! وەک دیتمان ئەو "کۆمەڵ کوژی"یە کرا.
ئەو ڕووداوەی ووەڵاتی ڕوواندا، بە جووانی دەرخەری ئەوەیە کە شتێک بە ناووی" رێکخراوی مافی مرۆڤ" کە بەشێکە لە UN)، پارێزەری سیستەمەکانە نەک "مرۆڤەکان". لێرەدا پرسیاری ئێمە ئەوەیە کە کۆمەڵگای ئینسانی جیهانی، چۆن لە بەرانبەری وەها ڕووداوێکدا، هیچ ناڵێت؟ ئەگەریش کەسێک تێبکۆشێت کە وورد بێتەوە لە ڕووداوەکان و ڕەخنەی لێ بگرێ، یان ئەکەوێتە بەندیخانە، یان تیرۆر ئەکرێت! سەیر ئەوەیە کە لە کاتی ڕووداوێک وەکوو ئیعدام و کوشتن و تیرۆری کەسێک یان کەسانێک، زۆربەی ڕێکخراوەکان لەسەر سیستەمەکان، ئەنووسن وزۆرلە وەڵاتە ئەرووپیەکاندا خۆپیشاندان بە ڕێوە ئەچێت. بە ڵام ئەوەی من بۆم دەرکەوتبێت، ڕێک وەکوو گارە گاری مریشکەکانە! دۆێنی کەسێکیان لە سێدارە داوە، ئەمڕۆ خۆپیشاندان بەڕێوە ئەچێت، بە دووای چەن ڕۆژدا، هەمووان لە بیر ئەکەن کە سەری کەسێک یان کەسانێک بە پەتەوە کراوە و لەشێک لە ئاسمانەوە هەڵواستراوە. هەر ئەو رووداو و کارەساتە لە کاتێکیتردا دووپات ئەبێتەوە و باز دووبارە، گارە گاری مریشکەکان، کە هەی ڕۆ، باز هەم لە ئێران، سیدارەکان بەردەوامن! سیستەم هەر خەریکی سەر بڕین و خۆێن ڕژاندنە و ئەوانەی کە سەریان ئەبڕێت، کەسەکان و هاوڕیەکانی هەر ئەو خەڵکەن، بەڵام بە داخەوە ئەمان لە بیر ئەکەن کە هێشتا ئەسڵی ئەو ڕووداوە یانی " ئیعدام و لە ناو بردن و کوشتن" هەر بەردەوامە وزۆر لە کەسان، لە بیریان چووەتەوە و ڕێکخراوەکانیش، هان لە فیکری ئەوەی کە چۆن خۆیان لە پەراوێزەوە بمێننەوە!
بە وواتائێکی گشتی، کۆمەڵگای ئینسانی مودیڕن، لە مانای ڕەسەنی ووشەی" ئینسان" بەتاڵ بووە تەوە، بۆیە سیستەمەکان، هەروا بێ ترس بە کاری دژی ئینسانی و کۆمەڵایەتی درێژە ئەدەن. لەبیر نەکەین کە ئینسان، وەکوو فینۆمنێکی ئازاد بە دونیا دێت. ڕووت و قووت_ وێڵ و وبێ سنوور. ئەوەش دەزانین کە هەرگیزای هەرگیز، سیستەمەکان و هێزەکان، ناتوانن بەرگیری لە جیهانی ئەندێشە و فیکر بکەن. بەڵام هەر ئەو ئینسانە بە هۆی کەلتوور و فەرهەنگی شۆێنی لە دایک بوونی، وردە وردە، ئەسیر و دیل ئەکرێت. دانە دانە زنجیرەکان و پاوەنەکان، لە پێ ئەدرێت. بێ ئەوەی کە خۆی باش ئاگای لەو کەلەپچانە ببێت. کاتێک وریا دەبێتەوە و ڕائەچڵەکێتەوە، دەبینێ کە زۆر زۆر دێرە. ئێنجا ئەگەر زۆر ئازا بێت، دەس ئەکات بە ناکۆکی بەرانبەر بە ئەو فینۆمنانە، واتا دژی ساحیبی زەنجیرەکان رادەوەستێ. زۆر جار و زۆر جار، تووشی هەڵە ئەبێت. ئەکەوێتە داوی مادە هۆشبەرەکان، ئەلکۆهول، خەمۆکی و هتد... ئەبینین کە بڕێک لەو کەسانە، بە هۆی زۆر بابەتەوە، نە تەنیا پێشڕەو نامێنن، کە خۆیان ئەبن بە بارێک بەسەر کۆمەڵگەوە، لە سەر شانی بنە ماڵە و بناماڵەی گەورەتر بە ناوی کۆمەڵگا.
پێکهاتە (تەرکیب)ی ئەمڕۆی شارێک وەکوو سنەی سووری خۆێناوی لە کوردوستانی ئێراندا، ئەوەیە کە ئەیبینین، زۆربەی هۆنەرمەندەکانی تووشی تریاک وشیشە وکڕاک وهتد... بوون. دەی باشە، کێ ئەو مادە هۆشبەرانەی خستووتە نێوشارەکەوە؟ کێیە کە بە خەروار و هەزار، ئەو مادانە لە نێو خەڵکا بڵاو ئەکاتەوە؟ ۆ هۆی ڕیشەیی ئەو کارە چیە؟! شاری سنە، هەمووکات بە شۆێنی فەرهەنگ و زانست بانگەواز بووە. ئایا ئەو کارەساتە ئامانجی تایبەتی سیستەمی متافیزیکی ئیسلامی ئێران نییە؟! ئایا ئەم پێکهاتەی ئەمڕۆی سنە و شارە کوردنشینەکانی دیکە وەکوو کرماشان، بە دەستێکی خاێین وماڵ وێرانکەر، بە ناووی کۆماری ئیسلامی بە ڕێوە ناچێت. خۆ هەر لانیکەم، خەڵکی هەڵەبجە و سنە باش ئەزانن کە جەنابی ڕەفسەنجانی(سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی ئێران)چ دەستوورێکی دابوو، بۆ وێرانکردنی شارەکانی کوردنشین، و ئازاد هێشتنی ڕێگاکان، بۆ دزی و بردنی مادە هۆشبەرەکان و بڵاو کردنیان لە نێوشارەکاندا!
ئەوەیە کە ئەبینین، لە ئاکامدا، وردە وردە، ئەو تام و چێژەی، خەبات و شۆڕش بۆ ئازادی وسەربەستی، بەرەوکاڵ بوونەوە ئەڕوات. کە ئامانج و مەبەستی تایبەتی سیستەمی ئێرانی متافیزیکییە. داخی گرانم کە من لە دەرەوی کوردستان، یانێ ڕیک لە هەندەرانیش بە چاوی خۆم بینیومە کە پارەیان بۆ سەید و مەلای ئێرانی، بە ڕی کردووە، کە دۆعایان بۆ بنووسێت!!! تاکووگیرو گرفتی کارەکەیان چارەسەر بکرێت! بۆ دیتنی ئەو ڕاستی‌یە، تۆزێک لە سەر" جەم کەران" لێکۆڵینەوەتان بێت، تاکوو بۆتان دەر کەوێت کە ئینسانی ئاگاداری ئەمڕۆی مۆدیڕن، لە کچ و کۆڕ، چل شەو، ئەڕۆنە سەر چاڵی جەمکەران لە نزیکی شاری" قۆم"کە بتووانن لە تاقیکاری ئاخر ساڵی خوێندن و چوونە نێو زانکۆدا سەر کەون!!! چونکوو سیستەمی میتافیزیای ئێران، وای خشپاندووە بە گۆێ خەڵکیدا، کە ئیمامی زەمان، لە نێو ئەو چاڵەدایە و چارەسەری گشتی تاکە کەس و جەماوەرە!
ئەگەر تەنیا خەڵکی ساکارو تێنەگەیشتوو، بڕۆیشتباێە سەر ئەو چاڵە، ڕەنگە زۆر ئەوەنەدە پڕ ژان نەبوایە، بەڵام ئەوەی کە ئیدەعای زانست و زانکۆ بکات و لە سەر وەها چاڵێک چل شەو دابنیشێت، ئەبێ گەورەترین پڵتۆک بێت بۆمێشکی ڕووناکبیری پەسا_ مۆدیڕن!
لێرەدا ئەتووانم ڕاشکاوانە بڵێم کە، سیستەمێکی وەها کە بووەتە خاوەنی سەر و ماڵ و گیانی کۆمەڵگا، جیاواز لە تایبەتمەندی میتافیزیک بوونیەوە، فینۆمنێکی بەستراوە.
لام وایە کە بە پرسیارکردن، ئەو فینۆمنە بەستراوەیە، درزی تیدەکەوێت. قەڵەش ئەبات و ووردە ووردە، لە ڕیشەوە ووشک ئەبێت. بەڵام کام پرسیار؟ چۆنکوو هەرپرسیارێک، پرسیاری ئێمە نیە. ئێنجا پرسیارەکان لە لایەن کێ؟ و ئاراستەێ کێ بکرێ؟ ئەمانە گرینگن، ئەگەینا ئۆپۆزۆسیونەکان زۆر جار پرسیاریان کردووە. بەڵام وەڵامیان وەرنەگرتووە هیچ، تازە بوونەتە هۆی سووک بوونیش لە بڕێک بابەتەوە. بۆ وێنە، حیزبی وا هەیە ئیدیعای رووخانی حکوومەت و شۆڕشی جیهانی دەکات کەچی کاتێک بەکردەوە دێتە مەیدان ئەکسیۆنی یازدە کەسی لە هەندەراندا وەڕێ دەخات. کە دۆژمن بە ڕاشکاوانە، نەک هەر گاڵتەی پێدەکات، بەڵکوو پێ ئەکەنێ! دەر ئەنجامی وەها دیاردەیەک، کاریگەریەکی زۆر خراپ دادەنێ لە سەر هاووڵاتیان لە نێوخۆی وەڵات و هاوشارۆوەند لە هەر شۆێنێکی تردا.
من واێ بۆ ئەچم کە پرسیار ئەبێت لە خۆدی خەڵک و جەماوەر بکرێت. مەسەلەن ئەم پرسیارە کە ئایا ئێوە هێشتا هێشتا بڕۆاتان بە "دەنگدان" هەیە؟ ئایا تاکوو ئێستا ئاکامی ئەم دەنگدانەتان، بۆ دەر نەکەوتووە؟ مەگەر بەهۆی ئەم دەنگ دانەوە، نییە کە چەن کەس هەڵئەبژێردرێت؟ و هەر ئەو کەسانە بە وەدەست هێنانی هێزو دەسەڵاتەوە، دەس ئەکەن بە کوشتن و بڕین و تیرۆری جۆراوجۆر. وکو تیرۆری فیکری وزانستی کۆمەڵگا؟ ئایا کاتی ئەوە نەگەیشتووە کە وەها فیکرێک (سیستەمی دەنگدان)کە سەدان جار تەجرۆبە کراوە بگۆڕدرێن؟! بۆ وێنە گۆڕینی ئەو سیستەمە ناکۆکە، بۆ شێوازی "دیالۆگ"(اقناع_ قەناعەت کردن یان قەناعەت هێنان بەویترلە ڕێگای دیالۆگەوە). لە وەها شێوازێکدا، ناکرێت تەنانەت دەنگ و فیکر و بۆچوونی یەک تاکەکەسیش بخرێتە پەراوێزەوە. ڕاستە وەها پێشنیارێک لە ڕادەبەدەر سەختە، بەڵام ئەکرێت لە هەر ئێستەوە هەمووی کۆمەڵگا، هەوڵی بۆ بدات. ئێنجا لەو هەوڵ و تێکۆشانەدایە کە، سەخڵەتی‌یەکان بە جووانی دەر ئەکەون. بەس، لە ئاکامدا هەزاران سەخڵەتیتری نالەبار، بۆکۆمەڵگای ئینسانی چارەسەر ئەکرێن. ئایا کۆمەڵگای کوردەواری، ئامادەی گۆڕینێکی وەها، هەیە؟بۆ جێ بەجێ کردنی ئەم دوو فەهم ودەرکە، ئیش و ئەرکی ڕووناکبیرەکان وهۆنەرمەندانی ئەو کۆمەڵگایە چین؟
گۆڕان لە شێوازی فیکرو بۆچووندا و لە بۆاری کردەوەدا یەکێک لە چارەسەرییەکانی ئەو هەمووسەخڵەتی و توند و تیژیەن کە بەرانبەر بە تۆی" ئینسان" بە تۆی" کۆمەڵگا" دەکرێت. نووسیم "گۆڕان"، بەڵام مەبەستی من شتێک بە ناوی ڕیفۆرم نییە. چۆنکوو خۆدی فینۆمنی ڕیفۆرم (Reform)وەها بە زیانی کۆمەڵگای ئینسانی، هەنگاوی هەڵێناوە کە بە ڕاستی لە ڕادە بەدەرە. لە ڕیفۆرمدا، تەنیا ڕواڵەتی هێزەکان و کەسەکان دەگۆڕدرێن. سیستەمەکان بە دووای ڕۆخاندنیانا، تەنیا ڕواڵەتیان ئەگۆڕدرێت وڕەنگە هەر ئەو کەسانە یان هەر ئەو تێگەیشتن و بۆچوونانە هەم دیسان سەرهەڵێننەوە و دەسەڵات بگرنەوە دەستەوە و درێژە بە رێباز و روانگەی سیستەمی پێشوو بدەن! ئەوە ڕیفۆرمە، ئەوە شۆڕشی ڕاستەقینە نەبووە و نیە. واتە گۆڕان لە گەڵ ڕیفۆرمدا، لای من زۆر جیاوازن. مەبەستی من لە گۆڕان، ڕێک پێجەوانەی فینۆمن و واقیعی ڕیفۆرمە کە لە کاتێکیتردا بەڕووناکی لە سەری ئەدووین.
ئێمە وای تیگەیشتووین کە، هەر کات فینۆمنی" هێز" خۆی ئەنوینێ، دەس بە جێ فینۆمنیکیتر بە ناووی "بەرگیری" خۆی ئاشکرا ئەکات. ئەمەش بە دەستی من و تۆ نییە. بنە ماو و ناوەڕۆکی سرۆشتی و ڕەسەنی خۆدی سروشتە لەهەموو جێگائێکدا کە خۆێ نیشان ئەدات. بۆ نموونە: کشتوکاڵ.Agriculture) (کاتێک کە جوتیار، یان وەرزێر، زەوینەکە ئەکێڵێت، مەگەر زەووینەکە سفت و سەخت نییە؟ ئەو هێڵە کە تێدەکۆشێت زەوینەکە لێک باتەوە، خۆی دیاردەیەکە، کە ئێمە ناووی ئەنیین "هێز" یان "دەسەڵات". ئایا بە ڕوونی و ئاشکرایی، دیار نییە کە زەوینەکە تێدەکۆشێت بەرگیری بکات لە "گێڵان"ی؟ لەم ڕووداوە دا، ڕێك و ڕاست، بەرگیری لە بەرانبەر هێزەوە وێستاوە، یانێ بوونی هەیە و ئەو بوونە(ئیگزیستانسیالە) حاشا هەڵنەگرە.
لە نێو هەر چەم و ڕووبارێکدا، یان تەنانەت لە ناو تەشتێکی ئاو دا ئەگەر ماسی یەک خەریکی مەلەیە، ئایا بە هێز و جووڵاندنەوەی باڵ وئەندامی ماسی یەکە، ئاو وەکوو فینۆمنی" بەرگیری" نەوێستاوە؟ و لە بەرانبەری هەر جووڵەئێکدا(دەسەڵات_هێز_Power (دیاردەی" بەرگیری"(Resistance)، خۆی نانوێنێ؟
بە وورد بوونەوە لە هەموو ئیگزیستانسیالەکان، دوو فینۆمنی " هێز" و " بەرگیری" بە جوانی و ئاشکرایی دیارن و حاشاکردنیان، زانستی نی‌یە.
سەرجەمی باسەکە لەم نوقتەدا ئەوەیە کە، دەکرێت بە زانین و تێگەیشتنی درووستەوە، چاو لە سیستەمەکان، دەزگا فیکرییەکان و فەلسەفەکان بکەین. واتە ئێمەی ئینسانی ئەمڕۆ و هەروەها کۆمەڵگای جیهانی، کە بەر پرسی ئەو ڕووداوانەین کە بە روونی دەیانبینین، چۆنیەتی هەڵسوکەوتی ئەوەی کە بەرانبەری ئێمەیە و تێدەکۆشێت، تاکوو درێژە بە دەسەڵاتی دژی ئینسانی خۆی بدات. ئێمە بەرپرسین و ئێمە خەتابارین. خۆمان بووینەتە سەبەب و هۆی، پێکهاتەکان و ڕووداوەکانی دەورو بەرمان. خاوەنی هەموو شتێکین و بی هیچ شتێک ماوینەتەوە. تەنانەت جار جاریش، ڕۆڵەکانمان ئەکوژن و لە سێ دارەیان ئەدەن. مەگەر بەندیخانەکان پڕ نەبوون لە رۆڵەکانمان کە زۆربەی هەرە زۆریان کەسایەتیە سیاسیەکانن؟ ئێمەێ کۆمەڵگا، ئێوەێ ڕووناکبیر و خەڵکی زانست و زانکۆ و کۆڵان و بازاڕ، ئایاخۆمان بەرپرسی هەمووی ڕووداوە تاڵ و خۆشەکان نیین؟! مەگەر کۆمەڵگا نییە کە خۆی هەڵئەبژێرێت؟ ئایا ئەمە ئامانج ومەبەست و خۆاستی کۆمەڵگایە؟ ئایا بەس بە " بەرگیری" کردنی کاتی دەتووانرێت، هەمووی چەرمەسەری یەکان و سەخڵەتی یەکان چارە سەربکرێن؟

دەسا، ڕۆڵەکانی داهاتوو، یان وەچە وجیلی داهاتوو، ئەبێ چی بڵێن و چۆن لە ئینسان و کۆمەڵگای ئەمڕۆەکە گلەیی نەکەن؟! مەگەر ئەوەی ئەمڕۆ ئەبێتە پێکهاتە، بەیانی نابێت بە ڕێکەوت و دەسکەوت بۆ ئەوانەی کە بە ڕێوەن بۆ هاتنە نێو جیهانەوە؟ دیاری ئەم کۆمەڵگایە چیە بۆ ئەوان؟
نووسینەکە (وەکوو ئێوارەیەکی لێڵ) خەریکە درێژ ئەبێت. بۆ بەرگیری کردن لەوە، بە پەلە چاو دەگێڕم بەچەند خاڵی گرینگ لە سەر، فینۆمنی بەستراو و کراوە.(Close _open)
من بە ڕوونی ئەزانم، کە فینۆمنی بەستراو(close)، یەکێک لە ئیگزیستانسیالە میتافیزیاکانە. فینۆمنی بەستراو، بە هۆی دەیان شتەوە، تێدەکۆشێت کە هەرووا، "بەستراوە" بمێنێت. وەها شتێک، هەرگیزای هەرگیز، پێخۆش نیە کە هەر فینۆمنێکیتر، ئەو حاڵەتەی لێ بستێنی و بیکاتە کراوە. واتە ئەو دوو فێنۆمنانە بە ناچار، لە بەرانبەری یەکدا ئەوەستن. واتا "ناتەبایی"‌یەکی قووڵ و قۆرس لە نێوان ئەو دووانە هەیە.
ڕەنگە ئەو پرسیارە بێتە ئاراوە کە لە ئاکامدا، کام لایەن سەرکەوتوو ئەبێت؟ لاموایە کە وەڵام بەم پرسیارە هاسان نیە. چۆنکوو درێژەی فینۆمنە بەستراو و کراوەکان ئەوەندەن کە بە ڕاستی سەر سووڕ هێنەرن. بۆ وێنە خۆدی سیستەمەکان لە نێو کۆمەڵگاکاندا. یان هەر دیاردەیەکیترلە هەر شۆێنی سرووشتدا. یان زۆر ئاشکراتر، فینۆمنێک بە ناوی" ڕێبەر". کە لە فەرهەنگی کۆمەڵگای جیهانیدا، هێشتا بە سەختی و زەختێکی سەیرەوە خۆی ئەنوێنێت. هەر کەسێکیش بیهەوێت فینۆمنی ڕێبەر، ‌بکاتەوە وبیکات بە فینۆمنێکی کراوە، تووشی خەتەر و ئامرازی جۆراوجۆر ئەبێت. شتی "بەستراو" بەڵام هەرگیز ناتووانێت "ڕەها"(موتڵەق) بمێنێتەوە. لە هیچ شۆێنێکدا، یەک ڕێبەر، وەکوو ڕێبەرێکی ڕەها و مۆتڵەق، نەماوەتەوە، بەڵام خۆدی ئیگزیستانسیالی" ڕێبەر" بە هۆێ چەند دیاردەوە، هێشتا بوونی هەیە. یەک لەوانە قبووڵ کردنی کەسایەتی یەکان و ڕێکخراوە و سیستەمەکانن، کە زۆربەی هەرەزۆریان بە دەستی یەک ڕێبەر و بە شێوازی جۆراوجۆر، کۆنترۆڵ ئەکرێن، یان ئەبن بە دیاردە.
یەکێک لە بنەما گرینکەکانی ئەم فینۆمنە یانێ ڕێبەر، بۆچوون و پێویست بوونی" ڕەهایەتیە ". فینۆمنی بەستراو، هەموو کات تێدەکۆشێت کە بە دەوری خۆیا، دیووارێک سەخت وسفت، بکێشێت. تاکوو هیچ دیاردەیەکیتر نەتووانێت، ئەو حاڵەتەی لێ بسێنێ. وواتە شتێ بەستراوە، لە فینۆمنی" کراوە" زۆر ئەترسێ. ئەو ترسە، نەک گۆمانە و نەک دوورە. بەڵکوو ڕێک لە گەڵ خۆیا، ژیانی هەیە و بوونی هەیە.
بە مانایەکی دروست‌تر، فینۆمنی بەستراو، لە فینۆمنی کراوە، دوورنیە. ئەوەیە کە شەڕی نێوان ئەو دوو فینۆمنە، ئیگزیستانسیالی هەیە و حاشاهەڵنەگرە. هەر دولاش هەوڵی ئەوە دەدەن کە ئەویتریان بکەنە وەکوو خۆیان. بۆێە مەسەلەن، دیاردەی ڕێبەر پێویستی بە بەستراوە بوونی خەڵک و جەماوەری دەوروو بەری خۆیە. دیارە کە ئەو بەستراوە بوونە، ئەبێتە هۆێ ئەوە کە دیاردەکانیتر، لە نێو تارماییدا، بمێننەوە و قەد ڕێگە بە فێنۆمنە کراوەکان نەدەن. چوونکوو بە کراوە بوونی ئەوان، کاریگەری وبەرگیری و توانایی وهێزی فیکری وکردەوەییان، زۆرتر ئەبێت و لە ئاکامدا، دیاردەی" ڕیبەر" ئەکەوێتە جێگای شک و گۆمانەوە.
ئەگەر ئەم شەڕە، بەو ڕادە گەیشتبێت، ئیترگومان دەکەوێتە سەر فینۆمنی بەستراو، بۆیە ڕێبەرەکان، لە پرسیاری خەڵک بێزارن. تەنانەت لە پرسیاری زۆر ساکاری ئەوانەی کە خۆی پەروەردەیانی کردووە و لە دەوروبەری خۆیدا ئەژین. باشە، هۆی ئەوە ئەبێ چی بێت؟ جێا لە وەی کە فینۆمنی بەستراوە، لە پرسیاری کراوە، ترسێکی زۆر قۆرسی هەیە؟!
شتی کراوە، لە پرسیار و لێکۆڵینەوە و گۆڕین ترسی نیە و زۆریش پێشوازی لێ ئەکات، چۆنکوو ئەزانێت بە کراوەتر بوون، ئەبێتە هۆی گەورەتر بوونی خۆی. ئەم خاڵە زۆرتر بۆ ڕووناکبیرەکان، ئەبێ گرینگ بێت. یانێ ڕووناکبیری ڕەسەن و ڕاستەقینە، نەک هەر لە پرسیارو ڕەخنە ناترسێت، کە ئەزانێت، هیچ دیاردەیەکی "ڕەها"، بوونی نییە. ئێنجا ئاگاداری ئەوەیشە کە فیکرەکان و بۆچوونەکان و دیاردە تازەکان و ناسینیان(شارەزایی و لێزانینی فەلسەفی) زۆر یاریدەرە بۆ دەربازبوونی لە هەر شک و گۆمانی دیل بوون بە دەستی بەستراوەکان! بە واتایەکیتر، هەر چی کراوەتر بێت، بە کەمی ئەزانێت. ئێنجا ئاگاداری ئەویشە کە ڕادەی ئەو کراوە بوونە، درێژخایەن_ بایەخدار وڕەسەنە.
بۆیە، فینۆمنی بەستراو، ترسێکی سەیری لە فینۆمنی کراوەیە. شتی کراوە، بە پێچەوانەوە، ئامادەیە کە هەر ڕووداوێکی بە سەرا بێت، بەڵام سرووشت و ڕەسەن بوونی خۆێ لە دەسنەدات. لەو لاوە، خۆاستی فینۆمنی بەستراو، ئەوەیە کە حاڵەتی ڕەسەن بوونی "کراوە" بدزێت، یان ئیدەعاێ بکات، یان خۆێ وەها نیشان بدات (demonstration_ show off) بەڵام فینۆمنە کراوەکان، باش ئەزانن کە ناوەڕۆکی ئەو مەبەستە و ئەوخۆاستە چیە؟

رەهەندێکیتری زۆر گرینگ لە نێوان فینۆمنە بەستراوەکان و کراوەکان بەم جۆرەیە...
لە پێوەندی نێوان فینۆمنی کراوە و بەستراوە، دوپاتی ئەکەمەوە کە، هەر دولا، لێك دانەبڕاون و قەد لێك جێا نابنەوە. بەڵام ئەم چیڕۆکە هەر لێرەدا بە ئاخر ناگەێت. چونکە کەسێک رەنگە بڵێت: "من کراوەم، بۆ هەر چەشنە ڕووداوێك. بەڵام ناتوانم لە سەر بەستراوەکان، کاریگەریەکی ئەوتۆم هەبێ. بۆ نمونە، پێم خۆشە فینۆمنی ڕیبەر، لە حاڵەتی بەستراوە بونی، دەربێت و لە گەڵ خەڵکا، بە کراوەیی، هەڵسوکەوت بکات، بەڵام ڕێبەر، ڕێگای ئەو کارەی لە من بەستووە! ئەبێ چی بکەم؟ چارەی ئەم گرێیە کۆێرە، لەکۆێدایە؟". بۆ لێکدان و فامی باشتری باسەکە، ئەڕۆمە سەرچەند نموونە. ئێنجا دێمەوە سەرهەڵوێستی ئەم کەسە.
دیاردەی تلەفیزیۆن، شتێکی بەستراوە. بۆ کردنەوەێ، دیاردەیەکیترمەسەلەن منداڵێك، بە کۆنترۆڵەکە، ئەیکاتەوە و تەواشاێ بەرنامەکان دەکا. مێشکی منداڵیك کە تازە ڕٶیشتووە بۆ مەکتەبی دەرس(فێرگە)، فینۆمنێکی بە نیسبەت بەستراوە، بە بیستنی هەوەڵ وشەکانی زانست و فێرگە لە سەر زمان، وردە وردە، ئەو فینۆمنە بەستراوە، ئەکرێتەوە. ئێمە هەرگیز لە فینۆمنە بەستراوەکان نەك دوور بوین، نەك شەڕەکە بە ئاکامێکی گشتی و وێستاو، گەیشتووە. بۆیە ئەڵێم درێژەی ئەو کێشە و سەلمێنەروبەدیکراوانە، ناکۆتاییە.
تەنانەت یەك شامپانزە کە ئەێهەوێت، ئاناناسێك بخۆات. باش ئەزانێت کە ئەو مێوەیە بەستراوە. بە ناچار ئەیباتە سەر دارێک و فڕی ئەداتە خۆارەوە، یان زۆر جار بینراوە کە بەردێك ئەگرێت بە دەستیەوە و لێدەدا، تاکوو بشکێت. ئێنجا دەس ئەکات بە خۆاردنی. گٶڵێك کە ئەیەوێت سەر هەڵبدا، هیچ چارەیەکی نیە کە لە گەڵ زەویەکەدا، بە شێوازی خۆی، هەڵسوکەوت بکات، بەس وردە وردە، ئەو سەختی و سفتییەێ زەویەکە، ئەگۆڕێت بە جۆرێکی کراوە و لە کاتێکدا، گۆڵەکە هەر لەو شۆێنە، سەر هەڵدێنێ.
بۆ ورد بونەوە و تێگەیشتنێکی قووڵتر، ئەڕۆمە سەر چەند میسالی دیکە. فینۆمنی "نامە". نامەی بەستراوە، ئاخرەکەی بە دەستی کەسێک ئەکرێتەوە. واتا هەتاهەتایی ئەو بەستراوەبوونە درێژەی نابێ و کاتێک ئەگات کە نامەی بەستراوە، ئەبێت بە نامەیەکی کراوە. هەر لەم نمونەدا، ئەتوانین ئیشارە بکەین بە دیاردەیەکیتر بە ناوی" نامەێ کراوە" کە زۆر کەمن. بەڵام بینراوە کەسێک نامەیەکی کراوەی نوسیوە بۆ کەسێکی تایبەت وەکوڕێبەرێک یان ڕێخراوەیەك، بەڵام ڕێک وڕاست نامەکەی بۆ ئەو کەسە بەڕێ نەکردوە وبە پێچەوانەوە ناردوویەتی بۆ دەزگا ڕاگەیاندنەکان، ماڵپەڕ ومێدیاکان. لەم ڕێگاوە، ڕێبەرەکەی تێگەیاندوە لە ناوەڕۆکی نامەکە ومەبەستی لە نووسین. هەر لێرەشدا نامەکە، دیاردەیەکی کراوەیە کە دژی فینۆمنی بەستراو(Receiver) بە کار هاتووە.
پێچەوانەی ئەوەێ باسمان کرد، شتێکە بە ناوبانگی" نامەی کۆدەتا" Letter coup) (کە زۆر زۆر سڕی ونهێنی وگرینگە. ئەوانەی کە ئەیانەوێت کودەتابکەن، لەم چەشنە نامەگەلە بۆ یەکتر ئەنووسن. من خۆم لە کاتی تێکۆشان وچالاکی سیاسیدا لە ساڵانی زۆر پێشوو، گەلێک نامەم ئەنووسی بە ئاوی پێواز، کە پێشمەرگەێتر، لەکاتی وەرگرتنی نامەکە (ڕێنوسەکە) ئەیخستە سەر شەمێک یان گەرمایی یەکی زۆر کەم، تازە وشەکان ئاشکرا ئەبوون. ئەو کەسە بە دواێ تێگەیشتن لە ناوەڕۆکی نامەکە، دەس بە جێ ئەیسووتاند.
واتا هەر نهینی یەك، لەکاتێکی تایبەتدا ئاشکرا ئەبێت وئەکرێتەوە. درێژەی ئەم کراوە و بەستراوە، سەر سووڕهێنەرە‼ ئەمانەی باسمان کردی، جیهانی ووشەکانن. کەسێکی زۆرزان هەبووە کە لە هەوەڵین دێری کتێبی بایبڵ نووسیویەتی: ئەوەڵ وشە بو، و وشە لە گەڵ خۆاوەندا بو و وشە خۆا بوو.
"In the beginning was the Word and the Word was with God and the Word was God." John 1: 1-14
لەنێوان یاری" بەستراوەکان و کراوەکاندا"، دیاردەێ وشە لە درێژایی میژویاندا، شتێکی زۆر ئاڵۆز بەڵام جووانە. چۆنیەتی وشەکان و بارێکی گران کە بە سەر شانیاندا بوونی هەێە. وەکو ژنێکی دووگیان، کە بارێکی گران لە ناو سکیەوە پەروەردە دەکات. کە پەروەردە بو، ئەبێت بە فینۆمنێک بە ناوی مرۆڤ. مرۆڤێك کە لە شۆینێکی تاریک و سنوردار وخلیسکەوانەوە، تا ڕادەیەکی بەرز بەستراوە، بە دواێ نۆ مانگدا ئازاد ئەبێت و ئەگۆڕدرێت بە فینۆمنێکی ڕووت، ئازاد، کراوە، بەرەڵاو و نەترس. (ترس لێرەدا بە مانای فیکر) بەڵام بە دونیا هاتنی لە گەڵ چەند ڕیفلێکسە، وەکو رێفلێکسی گریان.
ئەوە فەرهەنگی دایک وباوک وبنەماڵەی گەورەیە(کۆمەڵگا _ Society) کە وردە وردە ئەو کراوە ئازادە، ئەکات بە بونەوەرێکی بەستراو...!
پێشتر وتمان کە ئەمە شەڕێکە لە نێوان هەر دو فینۆمنی بەستراو و کراوە دا. کام لا، لە سەرتێکۆشان، بەردەوام بێ، ئەوە کە یاریەکە، بە ئەنجام ئەگەێنێت وقسەێ ئاخر ئەکات. چونکە بەستراوەش، تێدەکۆشێت کە فینۆمنی کراوە بکاتە ڕەنگ و ڕووی خۆی. واتا فینۆمنی"ڕێبەر" کە پێشترناسراوە بە دیاردەیەکی بەستراو، تێدەکۆشێت ڕێگا نەدات بە کراوەکان، تاکوتووشی لە دەس دانی کورسی وهێزی خۆی نەبێت. بەلام یەک پرسیار. کورسیەکە لە ڕاستیدا هێ کییە؟ کێ خاوەن و پێکهێنەری ئەو کورسیەیە؟ ئایا هاتووینەتە سەر ئەوەی کە بڵین، هەمووی ئەمانە شەڕی"هێزە"؟! بەڵی. واێە.
وشەێ هێز، شتێکە کە زۆر گرینگەو ناتووانین بە خێرایی بەسەریدا، تێپەڕ بین. بۆیە ئەم بابەتە گرینگەش، دیاری ئەکەین بۆ کاتێکیتر، تاکولێدوانێکی زانستیانەێ قووڵمان لە سەری هەبێت. بەس لەم خاڵەدا بۆمان دەرکەوتوە کە شەڕێکی قووڵ و قۆرس هالە نێوان دو فینۆمنداو شەڕەکە لە سەرهێزە.


لیرەدا، بە ڕاشکاوی ئەبێ بڵین کە فینۆمنی کراوە، لاێ ئێمە بە فینۆمنی "دژی میتافیزیا" ناسراوە. ڕێک بەرانبەری ئەم بابەتە، یان ئەم دیاردە یە، ئەزانین کە فینۆمنی بەستراوە، ها لە خزمەتی میتافیزیکدا.
پێشتر ئیشارەمان کردبوو کە میتافیزیک و ئەفلاتوون باوەڕی و ئایدیالیزم، هەر سێ لە ناخدا یەکێکن. ئەم تیکرارو دووپات کردنە، لاێ من پێویست و زەرووریە. چۆنکوو دەیان ڕووناکبیر ئەناسم، کە تێنەفکراون و ئەم بابەتە تێکەڵ ئەکەن. یانێ لە نێوان ئەفلاتوون باوەڕی و ئایدیالیزم و میتافیزیک، جێاوازی دادەنێن. کە پێچەوانەکەی درووستە.(لە زۆر شۆێنیتردا و نووسراوەکانیتردا، ئەم بابەتەم لێکداوەتەوە). قسەکەیش هێندە تازە نیە و فەیلەسوفی ناودار، "ژاک دریدا" و هەر وەها "نیچە"، ئەوەیان پێشتر بەیان کردووە. بەڵام هۆگرانی بەرەی میتافیزیا، لە سەدان دیاردەێتردا، خۆیان نوواندووە. بۆ وێنە باسی" عەقڵانییەت"، یان عەقڵ گەرایی! بە وتەو بۆ چوونی " ڕینە دێکارتی" فەرەنسی، کە بەتەواوی ها لە خزمەتی ڕاشنالیسمدا. بەو وتارە کە هەمووی فەلسەفەکەیەتی، ئەڵێت:Cogito Ergo Sum واتە: "من فیکر ئەکەمەوە، بۆیە هەم". کۆگیتۆێ دێکارت لێرا، کۆگیتۆێ بەستراوە.
بەڵام بۆچی بەستراوە؟
یەکەم ئەوەی کە پێش فیکر کردنەوە، ئێگزیستانسیالێک، هەیە کە بوونی خۆی پێشتر سەلماندووە. یانێ ئەگەر کەسێک نەبێت، ناتووانێت عەقڵانییەتی هەبێت. واتە، ئیگزیستانسی ئەو کەسە کۆنترە. ئێنجا دیاردەێ" فێکر" دێتە ئاراوە. دێکارت لە ئەنجامدا ئەڵێت: کەسێکی زاناتر لە هەمووان، شتێکی بە ناوی" ڕۆح"ی لە منا چاندوە و بە یادگاری بە جێ هێشتووە، تاکوو بوونی خۆێ بە من نیشان بدات. واتە، خۆا دروستکەری هەموو جیهان و دیاردەیەکە، بەڵام گەورەترین ڕۆح، خۆدی خۆایە! و من ناتوانم لە چۆنیەتی ئەو تێبگەم!
لێرەدا بە ئاشکرا دەردەکەوێ کە عەقڵانییەت(Rationalism) ئەدات لە دهۆڵی میتافیزیا ولە ئایدیالیستی بوونی کەمترین گۆمانمان نیە. دێکارت خۆی(وەکوو نوێنەری هەموو ئینسانەکان) بە ناتەواو و نەزان دادەنێت و ئیزافە ئەکات کە لێکداوەکانی ئینسانەکان نادرووست و نا تەواون و فیمۆمنەکان بە لێڵی ئەبینن. بۆیە ئەبێت "خودا"یەک هەبێت کە پێشتر هەموو شتێکی زانیوە. پاش دێکارت، ئەوەڵین فەیلەسۆفی ئاڵمانیا بە ناووی" لایپ نیتس" تەواوی وتراوەکانی دێکارتی قبووڵ کرد و ووتی: هەموو دیاردەکان لە شتێک بە ناوی "مۆناد" پێک هاتوون و مۆناد شتێکە ئیتر ناتووانرێت دابەش بکرێت و مۆنادەکان هیچ ڕەهەندێکیان نیە!چۆن ڕەهەندیان نیە، وەها شتێک بە ناچاری، ڕۆحە و جیهانی گەورە، هەمووی پێک هاتووە لە مۆنادەکان(ڕۆحەکان) کە بە گشتی ، جیهانی پێکهاتە یانێ خۆداوەند!
جوان دیارە کە ئەم عەقڵانیەتی دێکارتی و "لایپ نیتسی"یە، تەنانەت ئیگزیستانسیال یان بوونی" مادە" ش، ئینکار ئەکەن. چوونکو ولایپ نیتس ئەڵێت: تەواوی جیهان بەس مۆنادە و مۆناد یانێ ڕۆح! و گەورەترین ڕۆح خۆدایە.
پێشتر ئیشارەم کردبوو بەوەی کە میتافیزیا لە زۆر شۆێندا سەر هەڵ‌ئەهێنێت وبەرەیەکی تایبەتمەندە. لێرەدا ڕێڕەوی دێکارت و باسی عەقڵانیەتێک کە زۆربەی کۆمەڵگاکان لە سەری سوورن، ڕێک بەستراونەتەوە بە میتافیزیاوە. ئەمە لە کاتێکداێە کە باش ئەزانین عەقڵانیەت لێرەدا و لە درێژایی مێژوودا، بوتە هۆێ چ کارەساتگەلێکی نالەبار. ئەگەر پرسیار بکەین، ئەو کەسەێ کە ئیش وکاری ئەشکەنجە و ئازاری دەسبەسەر کراوەکانی نێو بەندیخانەکانە، بۆچی بە عەقڵانییەتێکی تایبەتی خۆیەوە و بە ئاوەڵایی دڵ و دەروونیەوە، ئەشکەنجە و ئازار ئەدات؟ وە ڵام چیە؟ یان ئەو کەسەێ کە بە دڵاوایی تایبەتەوە دەست ئەدات بە تیرۆر! وە ڵام چی ئەبێت؟ ئاێا عەقڵی ئەو کەسە ئیش ناکات؟ مێشکی لە کار کەوتووە؟! ئاخۆ نازانێت ئاکامی کارەکەێ چیە؟
بەڵام ئێمە باش ئەزانین کە چۆن ئەو کەسانە کە بە نموونە هێنامانەوە ئەسیر و دیلی سازمان و دەزگایەکی میتافیزیانەن. ڕاست و رەوان ئەزانین کە ئەوانە، دیاردە بەستراوەکانن و زۆر لە کراوە بوون و بەرانبەر بوونیان لە گەڵ فینۆمنی ئازاد دەترسن! بەستراوە بوونی ئەوان و کۆمەڵگا بە تەواوی، بە قازانجی چ دیاردەئێک تەواو ئەبێت؟ ئێنجا بۆچی سیستەمەکان و فینۆمنە بەستراوەکان، زۆربەی تێکۆشانی خۆیان، تەرخان کردووە بۆ بەستراوەتر کردنی ئینسان و جەماوەر؟
لام وایە کە لەم کاتەدا، ئەبێت بۆمان ئەوە، دەر کەوتبێت کە دیاردەکانی "هێز و بەرگیری"، چۆن لە گەڵ یەکدا هەڵسوکەوت ئەکەن.تێگەیشتن و دەرکی ئەو دیاردانە لە ناخ و چۆنیەتی بوون و ئیگزیستانسیالیان، زۆر شت و بابەتی ترمان بۆ ئاشکرا ئەکەن. بەڵام بێ وورد بوونەوە و بینینی رەسەن لە ناوەڕۆکی دیاردەکان، بە شێوازی فەلسەفی و فیکری قووڵ و کراوە بوون و فەرهەنگی ڕاشکاوی، دیاردەکان و فینۆمنەکان لە ناو دیوارەکانی خۆیاندا ئەمێننەوە. ئەوە کام ڕووناکبیری ڕەسەنە کە زەنگوڵەێ (جەڕەسی) هۆشیاری وفیکری کراوە وڕەسەنی ئینسانی، بخاتە مل پشیلەیەکەوە، کە لە نێو کۆڵانەکاندا لەم ماڵ ئەڕوات بۆ ئەو ماڵ؟! من وەکوو تاکە کەسێك لە هەندەران ، ڕاشکاوانە چاوی وەها ڕووناکبیر و ئینسانێک ماچ ئەکەم و لە دوورەوە پێ ئەڵێم: ئەگەرچی بە چاو نەتبینم، بەڵام بە دڵ، لاێ من ڕێزێکی زۆر تایبەتت هەیە و ئەوە بزانە کە مێژوو قەد تۆ لە بیر ناکات.
لە ئاخرەوە، بابەتێکیتر بە ناوی" شێتی" و" عەقڵانیەت" کە سووکە ئاماژەیەکیان پێکرا، دیاری ئەکەم بۆ نووسراوەیەکیتر.
ئەو لینکە لە خۆارەوە، نیشاندەری بڕێك ئیعدام لە ئێرانداێە... ئەوەێ کە لەم ماوەێەدا، سێدارەدان لە ئێران، گەیشتووتە بانترین ڕادەێ . تکایە منداڵان، لە تەواشاکردنی ئەم لینکە دوورەپەرێز بمێنن.

http://www.youtube.com/watch?v=xogyknRr99M&feature=share


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە