ڕێبوار ئابدانان:"ئەو كەسانەى پێشتر خۆیان بە كورد نەدەزانى ئێستا پشتگیرى پەژاك دەكەن"

Wednesday, 25/11/2009, 12:00

2041 بینراوە


(ڕێبوار ئابدانان) خەڵكى (ئیلام)ى ڕۆژهەڵاتى كوردستانە، نزیكەى (10) ساڵە لە چیاكانى كوردستان گەریلایە، تەمەنى (29) ساڵە، كۆلێژى ئەندازیارى لە ئیلام خوێندووە و ئێستا ئەندامى ناوەندى چاپەمەنى و ڕاگەیاندنى پارتى ژیانى ئازادى كوردستان (PJAK)ە، لەم چاوپێكەوتنە تایبەتەى گۆڤارى هەناسەدا باس لەو سیاسەتە دەكات كە لەسەر خەڵكى ئیلام و لوڕستان و ئەهلى حەق لە ڕۆژهەڵاتى كوردستان پەیڕەو كراوە و هۆكارى بوون بە گەریلایەتى خۆیشى ڕوون دەكاتەوە، هەروەها ئاماژە بە لاوازبوونى پارتە كوردیەكانى ئێران دەكات و ئەوەش دەڵێ كە ئەوان چەكیان بۆ ئازادى هەڵگرتووە..
چاوپێكەوتنى/ كاروان ئیبراهیم
پرسیار/ دەمانەوێ سەرەتا لەوەوە دەستپێبكەین، پەیوەندى نێوان كوڕان و كچان لەناو ئێوەدا چۆنە و لەسەر چ بنەمایەكە؟ چۆن دەتوانن پێكەوە شەڕ بكەن؟
ڕێبوار ئابدانان: بنەماى ئەو شتە لاى ڕێبەر ئاپۆ دیار بووە وەكو هێڵێكى فەلسەفى ئایدۆلۆژى، دیارە ئەگەر ئێمە بخوازین وەكو ناو كۆمەڵگا ئەو شتەى كە هەتا ئێستا بووە و هەزاران ساڵە هەیە، ئەگەر هەڵسوكەوتى ئێمەش وەها بێ دیارە ئێمەش توشى هەڵە دەبین، لەبەرئەوە كارى ئێمە ئەوەیە ئەو پەیوەندیانەى كە ناهێڵن ئازادى ڕاستەقینە و ئەشقى ڕاستەقینە لەدایك ببێ ئێمە دەمانەوێ لەو پەیوەندیانە تێپەڕ بین، لەبەر ئەوە بنەماكانى پەیوەندى نێوان كچ و كوڕ لەناو ئێمەدا لەسەر بنەماى ئازادیە، ئازادیەك كە هەم كوڕ و هەم كچ یەكتر بەرەو كۆیلایەتى نەبەن، وەك هەڤاڵى یەكتر هاوكارى دەدەنە یەكتر و بتوانن بەرەو ئەو ژیانى ئازادە و دنیاى ئازادە بڕۆن، واتا ڕوانگەیەكى فەلسەفییە. ڕەنگە لەلاى زۆر كەس ئەو شتە زۆر دژوار بێ، بەڵام ئەگەر لەبوارى فەلسەفى و ئایدۆلۆژى بچیتە قوڵایى ئەو شتە ئەوا دەتوانرێ هەنگاو بنرێ، لەبەرئەوە ئەشق شتێكى پیرۆزە، هەقیقەت شتێكى پیرۆزە، هەر مرۆڤێك لێگەڕینى هەیە كە بگاتە ئەوشتانە، لەبەرئەوە ئەگەر مرۆڤ هەموو جۆرە فیداكاریەك بكات هەموو جۆرە سەختییەك قەبوڵ بكات بۆئەوەى بگاتە ئەو ئامانجە، شتێكى شایستە و ڕەوایە، لەسەر ئەو بنەمایە پەیوەندى نێوان كوڕ و كچ لێرە لەسەر بنەماى ئازادییە، نەك لەسەر بنەماى ئەوەى یەكترى بخەنە ژێر دەسەڵات و مەیل و هەوەسى خۆیان.

پرسیار/ چى شتێك كاریگەرى لەسەر تۆ كرد و بووە هۆى ئەوەى زانكۆ جێبهێڵیت و خۆت لەسەر چیاكانى كوردستان ببینیتەوە؟
ڕێبوار ئابدانان: وەك دەزانن هەر بەشێك لە كوردستان سیاسەتێكى تایبەتى لەسەر بووە، دوژمنان ویستویانە مرۆڤى كورد لە ڕاستینەى خۆى دووربخەنەوە، لەهەر پارچەیەكى كوردستان سیاسەتێكى تایبەتیان پەیڕەوكردووە، یەكێ لەو بەشانەش ڕۆژهەڵاتى كوردستانە، ڕۆژهەڵاتى كوردستانیش لەبوارى زارەوە و كەلتوریەوە زۆر ڕەنگاو ڕەنگە، واتا زارەوەى جیاوازى تێدایە. یەكێ لە ناوچەكانى ڕۆژهەڵاتى كوردستان ناوچەى خوارەوەى ڕۆژهەڵاتى كوردستانە، ناوچەیەكە كە كوردەكانى كەلهوڕ و لەك و فەیلى و لوڕ تێیدا دەژین، ئەو ناوچەیە لە ڕابردوودا هەمیشە سیاسەتێكى تایبەتى لەسەر پەیڕەو كراوە، لەسەر بنەماى ئەوەى كە لە كوردستان دایبڕن و بیتوێننەوە، بەهۆى ئەوەى مەزهەبى كوردەكانى ئەو ناچەیە شیعە و ئەهلى حەقن (كاكەیى)، هەوڵیان داوە ئەوانە بەرەو ڕووى خۆیان كێش بكەن و لەبەشەكانى ترى كوردستان دووریان بخەنەوە، ئەو هەست و فكر و فەلسەفەیە بە ئەوانە بدەن كە ئەوانە كوردێكى جیاوازن، هەتا نكوڵى لە كوردبوونى خۆشیان بكەن. لەساڵى (1999) لەدواى ئەوەى كە سەرۆك ئاپۆ دەستگیركرا، دواى ئەو پیلانگێڕیە جیهانییە، گەلى ڕۆژهەڵاتى كوردستانیش سەرهەڵدانى كرد، لە زۆر جێگا ئینسانەكان خۆیان بۆ سەرۆك ئاپۆ سوتاند، لەهەر شوێنێك ناڕەزایەتى خۆیان دەربڕى. پارتییەكانى تر نەیاتوانیبوو ئەو ناوچانە بخەنە ژێر كاریگەرى خۆیان، بەڵام پەكەكە و ئایدۆلۆژیاى سەرۆك ئاپۆ كاریگەریەكى زۆرى لەسەر گەلى ئەو ناوچەیە كردبوو، چونكە لە جیاتى ئەوەى جیاوازى زاراوەیى و مەزهەبى بە بنەما بگرێ پەكەكە ئازادبوونى ئینسانەكانى ئەساس گرتووە، خواستویەتى هەر ئینسانێك بە ڕەنگ و بیروباوەڕى خۆى لەناو چوارچێوەى وڵاتى كوردستاندا حەرەكەت بكات، لەبەرئەوە لەو ناوچەیەش لەبەرامبەر گرتنى سەرۆك ئاپۆ ناڕەزاییەكى زۆر نیشاندرا و گەنجەكان ڕوویان كردە شاخ، ئێستا گەنجێكى زۆر لەناو ڕیزەكانى گەریلادایە. لەو كاتەشدا كاریگەرى لەسەر ئێمەش كرد بە خوێندنەوى كتێبەكانى سەرۆك ئاپۆ شتێكى نوێم بینى، وەكو ئینسانێكى كورد سەرۆك ئاپۆ بەشێوەیەكى زۆر جوان پێناسەى ئینسانى كورد دەكات، چۆن ئینسانى كورد ناسنامەى خۆى لەبیركردووە، زمانى خۆى لەبیرچووە، لەبوارى فكریدا تواوەتەوە، ئەوە شتێكى زۆر تازە بوو بۆ من، ڕەوشمان خراپ بوو، دوژمن تۆ ئینكار دەكات، گەل خۆى بچوك دەبینێ، پارتە كوردیەكانى تریش كاریگەریان نەمابوو.

پرسیار/ ئەو زەحمەتیانەى كە لەم شاخانە ڕووبەڕوتان دەبێتەوە چین؟
ڕێبوار ئابدانان: بێگومان شۆڕشى ئێمە شۆڕشێكى ئاسان نییە، شۆڕشێك نییە ڕوكەشى بێ، شۆڕشێكە زۆر قوڵە، لایەنى فكریەكەى زۆر قوڵە، هەتا نەتوانى هەر شتێك بە باشى فكر بكەى و تاوتوێى بكەى ناتوانى شۆڕشێكى ڕاستەقینە بكەى. زەحمەتى زۆر هەیە، بەڵام لەبەرئەوەى ئامانجى زۆر گەورە هەیە و فەلسەفە و ئایدۆلۆژیایەكى زۆر قورس لەپشتیەوەیەتى لەبەرئەوە ئەو سەختیانە وەكو شتێكى باشن، واتا گەریلا لە سەختى ڕاناكات، سەختییەكان شتێكى تاڵ نین، وا دەكات لە هەر دژوارییەك ئەزمونێك وەر بگرێ و كەسایەتى خۆى بەرزبكاتەوە.

پرسیار/ لە ڕۆژهەڵاتى كوردستاندا زۆر پارتى سیاسى هەن، بەڵام تۆ ڕووت لە پەژاك كردووە، ئەمە بۆچى؟ هەروەها هەندێك دەڵێن ئەو ناوچانەى كوردستان وەكو ئیلام و لوڕستان لە شۆڕش و لە كوردایەتى دابڕاون، هەندێك وەكو كورد ناویان ناهێنن، تۆ لەسەر ئەوانە چی دەڵێى؟
ڕێبوار ئابدانان: بێگومان ئەو پارت و لایەنانەى كە لەسەر بنەماى ئایدۆلۆژیاى نەتەوەپەرستى سەرەتایى دەجوڵانەوە لە ڕۆژهەڵاتى كوردستان، نەیاندەتوانى ئەو ناوچانە بەرەو خۆیان كێش بكەن، تەنانەت بوونە هۆكارى ئەوەى كە زیاتر خۆیان دووربخەنەوە لە بەشەكانى ترى كوردستان، پەژاك وەكو پارتییەكى سیاسى و ئایدۆلۆژى توانیتى ئەو میتۆدە تێپەڕێنێ، لەبەرئەوەى كە پەژاك ئایدۆلۆژیاى سەرۆك ئاپۆ بە بنەما وەردەرگرێ، هەوڵ دەدات كە ئەو ئایدۆلۆژیایە لە ڕۆژهەڵاتى كوردستان بڵاوبكاتەوە، لەبەرئەوە من بەشدارى پەژاكم كرد، لەبەرئەوەى پەژاك ئیرادەی سیاسى و نرخ دەداتە ئینسان، پەژاك تەنها شۆڕشێكى سیاسى كوردى ڕووت نییە، بەڵكو لایەنى كۆمەڵایەتى و سیاسى و فەلسەفى هەیە، لەبەرئەوە شۆڕشێكى زۆر قوڵە. دەتوانێ ئەو لێگەڕینانەى كە من ئاماژەم پێكرد وەڵام بداتەوە، وەك كەناڵێكە كە بتوانم ئەو لێگەڕینانەى خۆم بدۆزمەوە، بتوانم ئیرادەى خۆم لەگەڵ ئەو حەرەكەتە تێكەڵ بكەم، منیش وەك گەریلاكانى تر حەرەكەت بكەم لەبەرئەوە من پەژاكم هەڵبژارد.

پرسیار/ ئێستا لەم قۆناغەدا پەژاك چ كاریگەریەكى لەسەر خەڵكى ئەوێ هەیە، بەتایبەتى لە ڕووى بوژاندنەوەى هەستى نەتەوایەتییەوە؟
ڕێبوار ئابدانان: دەتوانم بێژم ئەگەر ئێستا كوردێتى و هەستى نەتەوەیى لە باشورى ڕۆژهەڵاتى كوردستان وەك ئیلام و كرماشان و لوڕستان دروست بووە، بێگومان ئەوە لەژێر كاریگەرى پەژاكە، ئەوە ڕاستى خۆى هەیە ئێمە ئەوە بەچاو دەبینین، رۆژانە گەنجەكانى ئەو ناوچەیە پشتگیرى خۆیان لە پەژاك نیشان دەدەن و بەشدارى پەژاك دەبن، لەبەرئەوە من دەتوانم ئەوە بڵێم یەكجار كاریگەریەكى زۆرى كردووە لەسەر ئەو ناوچەیە. ئەو بەرنامەیەى پەژاك هەیەتى بۆ هەموو ناوچەكانى كوردستان بێ جیاوازى ئەو ئومێدە دەداتە مرۆڤ كە لە داهاتوودا، ئەو ناوچەیەى ڕۆژهەڵاتى كوردستان بتوانن شۆڕشێكى زۆر گەورە لە ڕۆژهەڵاتى كوردستان بكەن، هەتا ئێستاش هەندێ پێشكەوتن دروستبوون ئەو كەسانەى كە پێشتر خۆیان بە كورد نەدەزانى ئێستا بێ جیاوازى پشتگیرى پەژاك دەكەن، هەست بەوە دەكەن لەگەڵ كوردەكانى پارچەكانى تریش هەڵسوكەوت بكەن، ئەوەش بۆخۆى شۆڕشێكى زۆر گەورەیە.

پرسیار/ دەمانەوێ باسى ئەوە بكەین، پارتە كوردیەكانى تر وەكو دیموكرات و كۆمەڵە لە ڕابردوودا لە قۆناغێك لە قۆناغەكاندا زۆر بەهێز بوون و بوونەتە خاوەن پێگەیەكى جەماوەرى و چەكدارێكى زۆر، بەڵام ئەبینین لە ئێستادا لاوازبوونە، ئایا تۆ باوەڕت وایە كە پەژاكیش توشى هەمان نەخۆشى نەبێ؟
ڕێبوار ئابدانان: بە بۆچوونى من بەهێزبوون تەنیا بەوە نییە كە تۆ لەبوارى جوگرافیاییدا كاریگەریت چەندە بێ ، یان ژمارەى چەكدارت چەندە بێ، بەهێزبوون لە ڕوانگەى من ئەوەیە كە تۆ بتوانى ئینسانەكان لە ڕاستیدا ئازاد بكەى، وڵاتەكەت بە ڕاستى نزیكى ئازادى بكەى. كاتێ من لەو ڕوانگەیە تەماشاى پارتییەكانى تر دەكەم، دیارە ئەوانە نەیانتوانیوە ئەو شتە بخولقێنن، ڕاستە بەڵكو فیداركاریەكى زۆر كرابێ، شەهید زۆر درابێ، بەڵام لەبەرئەوەى ئایدۆلۆژیایەك كە بتوانێ داخوازى گەلى كوردستان بە تەواوى جێبەجێ بكات نەبووە، ئەو هێزەش كە هەیان بووە زۆر كاتى بووە، نەیتوانیوە هەمیشەیى بێ. بە بۆچوونى من لەبەرئەوەى پەژاك بە ئایدۆلۆژیاى ڕێبەر ئاپۆ كاردەكات ئەو مەترسییە نابینم كە پەژاك لاواز بكەوێ، بە پێچەوانەوە پەژاك ڕۆژ بەڕۆژ بەهێزتر دەبێ، لەبەرئەوەى ئەزموونى ژیانى ئێمە، ڕۆژانە ئەوە دەسەلمێنێت، كە چەندە ئینسانەكان بەرەو پەژاك دێن ئەوەندە بە ئازادى نزیك دەبن، ئەوەندە هێز دەگرن و بە ئیرادە دەبن. ئەمە وەكو پێشتر نییە ئینسانى كورد تەنها بە هەست كار بكات، بۆ نمونە، هەست بە كوردەوارى بكات هاوكارى بكات لەگەڵ پارتییەكان و زەخت لەسەرى بێ دانیشێ، یان نائومێد بێ یان بشكێت، ئەوە لەناو كارد و لایەنگرى پەژاكدا نییە، بە پێچەوانە چەندە زەحمەتى زۆربێ كادرى پەژاك بەهێزتر دەبێ، واتا بەهێزتر دەبێ.

پرسیار/ تێڕوانینتان لەسەر هەڵوێست و سیاسەتى یەكێتى و پارتى چییە؟ بە تایبەتى لەبەرامبەر ڕۆژهەڵاتى كوردسان و ئێوە وەكو پەژاك؟
ڕێبوار ئابدانان: بێگومان ئێمە لە دەستكەوتەكانى باشورى كوردستان هەمیشە پشتگیرى خۆمان نیشانداوە، وەكو پەژاك ئەوە بە دەستكەوتى هەموو گەلى كورد دەزانین، بەڵام بە داخەوە لەلایەن ئەو دەسەڵاتەى لە باشورى كوردستان هەیە سیاسەتى نەتەوەیى كە بتوانێ پارچەكانى كوردستان نزیكى یەك بكات، سیاسەتێك كە بتوانێ لەبەرامبەر سیاسەتەكانى داگیركەران و دوژمنانى كوردستان بە باشى بتوانێ وەڵامدەرى داخوازیەكانى گەلى كورد بێ ئەو سیاسەتەیان نەبووە. ڕەخنەى ئێمە لەسەر ئەو دەسەڵاتە ئەوەیە، ئێمە دژى ئەوە نین كە لەگەڵ توركیا و ئێران دادەنیشن، بەڵام ئەو دانیشتنانە پێویستە لەسەر قازانج و سود و بەرژەوەندیەكانى گەلى كورد بێ، واتا تەنیا داخوازى پەژاك ئەوەیە كە ئەو سیاسەتانە و بنەما و پرنسیپى ئەو پەیوەندیانە لەگەڵ دەوڵەتەكانى دراوسێ ئەوە بێ كە یەكێتى و بەرژەوەندى گەلى كورد بپارێزێ، بەشێوەیەك نەبێ كە پارت و ئۆپۆزسیۆنە كوردیەكان نەخاتە ناو زەخت و گوشارەوە. پەژاك وەك ئیرادەیەكى سیاسیە لە ڕۆژهەڵاتى كوردستان گەلى كورد ئەوەى قەبوڵ كردووە، خەڵكێكى زۆر لە ڕۆژهەڵاتى كوردسان پشتگیرى لە پەژاك دەكەن، لەبەرئەوە سیاسەتى باشورى كوردستانیش پێویستە لەسەر ئەو بنەمایە بێ كە یارمەتیدەر بێ، نەوەك لەسەر ئەو بنەمایە بێ پەژاك بێ چەك بكرێ.

پرسیار/ زۆر لایەن ئەوە دەڵێن كە باوى خەباتى چەكدارى نەماوە؟
ڕێبوار ئابدانان: بێگومان ئێمە ئەزمونى پارتییەكانى ترمان دیوە، ئەو فكرە و ئەو بڕوایەى كە دەڵێ زەمانى چەك نەماوە ئەو پارتیانەى ئەو سیاسەتەیان پەیڕەو كردووە ئەمڕۆ ئێمە دەبینین كە لە چ ڕەوشێكدان؟! واتا لە جیاتى ئەوەى كە بتوانن ئیرادەیەكى سیاسى بۆ گەلى ڕۆژهەڵاتى كوردسان بخولقێنن بۆخۆیان پێویستیان بەوە هەیە كە لەناو ئەو كێشەو قەیرانانە دەربخرێن، پارتێك بۆخۆى لەناو كێشە و قەیران بكەوێ ئیرادەیەكى نەبێ نەتوانێ هەڵسوكەوتێكى سیاسى باش بكات، نەتوانێ پێشەنگ بێت ئەو لایەنە ناتوانێ دەستكەوتێكى هەبێ. لەبەرئەوە پەژاك ئەو سیاسەرتە پەیڕەو ناكات، چەك وەكو ئامرازێك كە دەیخەیتەخزمەتى گەل بۆ پاراستنى دەستكەوتە ڕەواكانى خۆى، لەبەرئەوە ئەو سیاسەتانەى كە بیانەوێ پەژاك بێ چەك بكەن، یان فشارێكى وا كە پەژاك بێ لەناو كەمپەكان دابنیشێ، ئەوانە بە بنەما ناگرێ و بەڵكو بەرژوەندیەكانى گەلى كورد لە ڕۆژهەڵاتى كوردستان و لە هەمو پارچەكانى تر بە بنەما دەگرێ و ئەو سیاسەتانە پەیڕەو دەكات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە