خۆراکی به‌سه‌رچوو، دوژمنێکه‌ وه‌ک ده‌سه‌ڵات سه‌نگه‌ری لێگرتووین !

Sunday, 12.18.2011, 12:00

2100 بینراوە


هاوکاران و هاوڕێکانم له‌ کوردستانپۆست، داوایان لێکردم له‌سه‌ر هاورده‌ی خۆراکی کات به‌سه‌ر چوو (ئێکسپایەر) راپۆرتێک ئاماده‌بکەم، به‌ڕاستی ده‌ڵێم کاتیک کوردستانپۆست له‌ دیارده‌ی ئه‌و دنیا جه‌نجاڵه‌ی ناو بازاڕی نووسیوه‌، که‌م مێدیا هه‌بوو خۆی له‌ قه‌ره‌ی ئه‌و بابه‌تانه‌ بدات. فه‌رموون له‌گه‌ڵ ئه‌م لینکانه‌ !
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=0a952cdd
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=8dbe0db4
ئه‌وانه‌ و ده‌یان زانیاریی و هەواڵی هاوکارانمان له‌ گروپی چیای کوردستانپۆست، که‌ به‌رده‌وام له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ده‌یان ڕیپۆرتاژیان ڕووماڵ کردوه‌، کە پێموایە و ئێمه‌ تاکه‌ نه‌ته‌وه‌ی سه‌ر ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌ین هه‌موو ڕووداوه‌کانمان له‌چرکه‌ ساته‌کاندا بیر ده‌چێته‌وه‌، کاتێک ڕژێمی به‌عس کوێتی داگیر کرد، ئیتر بایکۆتی ئابوریی بووه‌ دیارده‌یه‌کی سیاسیی و له‌وێدا دنیایه‌ک بۆ کۆمه‌ڵێک خه‌ڵک هاته‌ کایه‌وه‌، بوونه‌ قاچاخچی هاورده‌ی خۆراک، کێ باجی ئه‌م بایکۆته‌ی دا، بێگومان خه‌ڵکی عێراق، له‌مه‌دوا ئێمه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ کوردستان و له‌نیشتمانی خۆمانه‌وه‌ و له‌و دیارده‌ ترسناکه‌وه‌ قسه‌ ده‌که‌ین، که‌ بۆته‌ مایه‌ی ترسێک نەتەوەیەک له‌گه‌ڵیدا کەوتۆتە شه‌ڕی مان و نەما. قاچاخچییەکان که‌سانێکن، هەروەکو بەرپرسەکان لە پێستی مرۆڤبوونی خۆیان هاتوونەتە دەرێ، بۆیە ئەو بەرپرسانەش بە ئاسانی هاریکارییان دەکەن و هەندێک جاریش ئەمان بەشیکن لەو قاچاخچییانە، کەم لەم سەرکردە و بەرپرسانە هەن ناتوانین ناوەکانیان لەگەڵ کاری قاچاخچیتی تەریب نەکەین، چونکە هەموویان له‌ ڕووی موراڵه‌وه‌ تێکشکاون، که‌سانێکن خۆپه‌رست و پاره‌په‌رست و نیشتمانفرۆش، به‌های هەموو شتێک تەنها پارە و رابواردنە.
قسه‌ کردن له‌م به‌شي دیاره‌ی ناو کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ هێنده‌ ئاسان نییه‌، چوونه‌ ناو دنیای ئه‌مانه‌ش هێندا ساده‌ نییه‌، بۆیە لاتان وانه‌بێت ئه‌مانه‌ له‌ زیرەکی و وریاییاندایه‌، که‌ ئێمه‌ ناتوانین پەی بێبەرین، نەخێر ئه‌مانه‌ خه‌ڵکانی قێزه‌وند و پۆخڵن، مرۆڤ به‌ بینینیان ڕشانه‌وه‌ی دێت.
له‌دوای راپه‌ڕین و گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌ر پرسه‌کان بۆ وولات، ئیتر دنیای قاچاخچێتی ده‌ستی پێکرد، لە ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە، بووە دیاردەیەکی سیاسییش، سه‌ره‌تا، سه‌دی بێخمه‌ به‌ واژۆی (مه‌سعود بارزانی و جه‌لال تاڵه‌بانی) بە ئێران فرۆشرا و پارەکەشیان خستە گیرفانی خۆیانەوە، لە بیرمە نەوشیروان مستەفا، بەم بۆنەیەوە وتی، من وام چاوەڕوان دەکرد، کە خەڵکی مەبە رازی نەبێت و قبوڵی بکەن، کە کەس دەنگی نەکرد، ئیتر دیاردەکە تەشەنەی کرد.



له‌وه‌ به‌دوا ئیتر به‌رپرسه‌کان زه‌مینه‌ی هه‌راجی نیشتیمانیان کرد، ئێمە دەتوانین لیستێکی فراوان بنووسینەوە کە سه‌دان چیرۆکی قێزه‌ون دەگرێتە خۆی، جا ئەم سیاسییانە چیان ئاودیو نه‌کرد؟ له‌ ئۆتۆمۆ بێل، شۆفڵ و ته‌لیکاره‌با، تەنانەت بەری سنەوبریشیان بە گوێنی کۆدەکردەوە و بە ئێرانیان دەفرۆشت، ئەو شەقامە قیرتاوکراوانەش کە بۆ سنورەکانی ئێران دەچوون، قیرەکانیان هەڵدەکەن و ئەوانەشیان بۆ ئێران ئاودیو دەکرد، ته‌نانه‌ت به‌رپرسه‌کان هه‌رچی که‌ره‌سه‌ی ناو خه‌سته‌خانه‌کانیش هه‌بوو ئاو دیوی ئێرانیان کرد، کاک عومەر فەتاع یەکێک بوو لەو پاڵەوانانەی کە زۆربەی کەرستەکانی بۆ ئێران دەنارد، نەخۆشەکانیش چارەنووسیان دەکەوتە بەردەستی رەحمەتی ئەم بەرپرسانە، لە بیرمه‌ له‌ گۆڤاری (خه‌رمانه‌) دا کاری کاتێڕێکیان کردبوو(دایناسۆرێک بوو ده‌گریا و ده‌یووت خه‌ریکه‌ شۆفڵه‌کان وه‌ک ئێمه‌ قڕیان تێدەکەوێت و وه‌چه‌یان ده‌بڕێته‌وه‌)، کێلی سه‌ر قه‌بر و چادری قه‌بره‌کان و ددانی ئاڵتون و گۆزه‌ و دیزه‌و، هه‌ندێ که‌سی ناکه‌س به‌چه‌ گۆڕه‌کانیشیان هه‌ڵده‌دایه‌وه‌ لاشه‌ی مردۆکانیشیان ده‌برد، جاچیان ئاودیو نه‌کرد؟ تورکیا و ئێرانیش دەروازەی لێکردبوونەوە و هەموو شتێکی دەکڕیی. دیسان من بە چاوی خۆم دیومە کە یاری مندالان و بوکە شووسە و پاسکیلی منداڵانیشیان بۆ ئێران و تورکیان ئاودیو دەکرد، وەکو ئەوەی پێمان بڵێن ئەم وڵاتە وڵاتی پەروەردەکردنی منداڵ نییە، منداڵ نابێت لێرە گەشە بکات، بە زیندویەتی هەموومانیان ئەنفالکرد.


مه‌نجه‌ڵی مس، زیو، زێڕ... هتد هه‌مووی هه‌راج و ئاودیو کران، هێنده‌ چیرۆکی نوێ دزییکردن و قاچاخچێتیی هاته‌ سه‌ر شانۆی ژیانمان، که‌ به‌داخه‌وه‌ ده‌بوو ببوایه‌ته‌ که‌ره‌سه‌ی سه‌دان کتێب و نووسین، به‌ڵام هەر وه‌ک له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م پێدا ئێمه‌ گه‌لێکین که‌مترین ڕووداو لە لامان ده‌بێته‌ به‌ها و وانه‌ی لێوه‌ فێر ده‌بین. ناخۆشی له‌وه‌دایه‌ که‌س لەو تاوانبارانە تا ئیستا داوای لێبوردنیان لەو میللەتە نەکردووە، که‌ ئێمه‌ به‌رخوردمان له‌گه‌ڵدا کردن، به‌و ڕه‌نگه‌ ده‌بوو وانه‌بوینایه‌ ئێمە لێیان ببورین و بیانکەین بە کەڵڵەگا و رابەری خۆمان.
شه‌ڕی ناوخۆ هێنده‌ی تر سیمای گه‌لی ئێمه‌ی ئاڵۆزتر کرد ئه‌وه‌تانێ به‌ڕێز کاک ڕزگار ساڵح ده‌ڵێ کاتێک جه‌بار فرمان له‌به‌رده‌می مه‌ڵبه‌ند قسه‌ی بۆ کردوون پێ ووتوون (لە هەولێردا سەری پارتییەکان بۆ ئێمەوە سەروەتەکانیشیان بۆ خۆتان) بۆ خوێندنه‌وه‌ی ووتاره‌که‌ کلیکی ئه‌م لینکه‌ بکه‌ن.
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=989c160b




کاتێک ئه‌مه‌ریکییەکان عێراقیان داگیرکرد و ڕژێمی سه‌دام و به‌عس ڕوخا، هه‌مان ئاودیو که‌رانی سه‌روه‌تی کوردستان ڕوویان له‌ خواروی عێراق کرد، ئه‌مان په‌یامی نیشتمانیان پێ نه‌بوو، به‌ڵکو شاردنەوەی فایلە پیسەکانی خۆیان و دزیی و به‌کێشکردنی دارو به‌ردی ڕژێمێکی ڕووخاو، هه‌رچی شتی ژه‌نگ گرتوو هه‌بوو، هێنایانه‌ کوردستانه‌وه‌، شیش، به‌رد، ئاسن، ئۆتۆمۆبیل، ووشه‌یه‌کی تازه‌ش خۆی کرد به‌ناو زمانی کوردیدا و مایه‌وه‌ و به‌ناوی (علوج)، واته‌ قولابی، خودی ووشه‌که‌ وه‌زیری ڕاگه‌یاندنی عێراق خاوه‌نی بوو، ئیتر بووه‌ زاراوەیەکی رۆژانە و ته‌نز ئاسا، لە زمانی کوردییدا جێگه‌ی خۆی گرت،
جا به‌راستی نیشتمانی ئێمه‌ بووه‌ علوجخانه‌ و ده‌یان جێگه‌ی بۆ کرایه‌وه‌ و گه‌راجی علوجه‌کان، جێگه‌یه‌که‌ سه‌دان و هه‌زاران که‌س ڕۆژانه‌ سه‌ر دانی ده‌کرد و مامه‌ڵه‌ی ده‌کرد، من خۆم له‌ دواین هێنانی دزینی ئۆتۆمۆ بیله‌کاندا وه‌ک شاهیدحاڵێک ئۆتۆمۆبێلم دیبوو، خوێنی خاوه‌نه‌که‌ی پێوه‌ بوو، دیارده‌یه‌ک بوو بەراستی نامرۆڤانه‌ و دور له‌ هه‌موو رەوشتێکی مرۆڤانە، ئەوانەی کە لەم دیاردەیەدا خۆیان دەولەمەند دەکرد، فێڵیان لە خوا و لە دنیاش دەکرد وایان دەزانی کەس نازانێت، دەچوون له‌ دوایدا مزگه‌وتێکیان ده‌کرده‌وه‌، ئه‌وه‌ش فێڵێک بوو بۆ نەدانی باجی ده‌وڵه‌ت.
دوای هه‌ڵگرتنی بایکۆت له‌ سه‌ر عێراق و دانی 17%ی بودجه‌ به‌ کوردستان بازرگانه‌کان زیاتر شوڵیان لێهه‌ڵکێشا، چونکه‌ ئه‌وانه‌ خه‌ڵکانێک بوون کورد ووته‌نی له‌ پڕێک بوون به‌کوڕێک و هیچ پێشینه‌ی بازرگانی، جگه‌له‌وه‌ش که‌سانی نامه‌سئول و نانیشتمانی و سۆزدار به‌ پاره‌ و خۆپه‌رستیی، ئیتر ده‌ستیان ئاواڵابوو به‌ هه‌ر چوارده‌وردا که‌وتنه‌ هێنانی شتگه‌لی هه‌رزان و بێ‌ به‌ها و بێفه‌ڕ له‌ڕێگه‌ی به‌رپرسه‌کانه‌وه‌ که‌وتنه‌ هێنانی هه‌موو شتێک، که‌ ده‌ڵێم به‌رپرسه‌کان واته‌ ڕاسته‌و خۆ یان له‌پشته‌وه‌ شه‌ریکه‌ به‌شیان بوون و ده‌یان نمونه‌ی زیندووش له‌و بایه‌وه‌ هه‌یه‌، بێ پرسینه‌وه‌ له‌ کوالیتێت، کاتیكیش ده‌که‌وتنه‌ به‌ر تانه‌ یان پێیان ده‌زانین ئه‌وه‌ ڕاسته‌و خۆ به‌ر پرسێک تێدەکەوت و رزگاری دەکردن، سه‌دان نموونه‌ی زیندو هه‌یه‌. ئه‌م دیارده‌یه‌ ته‌نانه‌ت داو و ده‌رمانیشی گرته‌وه‌ له‌کاتی خۆیدا له‌سه‌ر قاچاخچێتی ده‌رمانی خراپ چه‌ندین ڕیپۆرتاژمان ئاماده‌کرد سه‌ره‌ تاوانباره‌کانی ئه‌و بازرگانییه‌ به‌خوێنی خه‌ڵکه‌وه‌مان باسکرد فه‌رموون جارێکی تر له‌گه‌ڵ ئه‌م لینکه‌دا.
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=e203934a
کێ باجی ده‌دات ئه‌وه‌ خه‌ڵکی هه‌ژار و نه‌داری ووڵات ئه‌وانه‌ی، له‌ نیشتماندا ته‌نها درێژه‌ به‌ ژیانێک ده‌ده‌ن، که‌ هیچ ئامانج و هیوایه‌ک له‌ پشتێوه‌ نییە، بگره‌ گوێش به‌وه‌ ناده‌ن چۆن ده‌ژین هاوڕێیه‌کی ڕۆژنامه‌نووسم هه‌یه‌ که‌ له‌که‌ناڵێک کار ده‌کات، ووتی ئاگادار کراین له‌جێگه‌یه‌ک خه‌ریکی سوتاندنی خۆراکی به‌سەر چوون ئه‌مانیش بۆ وێنه‌ گرتن چووبوون، که‌چی چاویان لێبوو، هەندێک لە خۆراکەکانیان لاداو نەیانهێشت بسووتێنرێت، ئه‌م هاوڕێیه‌م گێڕایەوە و وتی من بە یەکێکیانم وت برا خراپه‌ ئه‌وه‌ ئێکسپایەر بووە، توشی نه‌خۆشی ده‌بی، له‌وه‌لامدا ووتوێتی تۆ هەقت چییە من توش ده‌بم نه‌ک ئێوه‌ ، من له‌سه‌ر به‌ر پرسیارێتی خۆم ده‌یبه‌م و ده‌یخۆم، هاوڕێکه‌م ووتی من له ‌فێڵێکی سه‌یر گه‌شتم، کە ڕێکه‌وتنێک بێت له‌ب ه‌ینی پۆلیسه‌کان و ڕه‌نگه‌ ئه‌م خۆراکه‌ به‌رن له‌دوکانێکی تر بیفرۆشنه‌وه‌.
واز له‌وه‌ ده‌هێنین و ده‌پرسین: باشه‌ ئه‌م خۆراکانه‌ چۆن ده‌گه‌نه‌ بازاڕه‌کان؟ کێ بەرپرپرسە لە کۆنتڕٶلکردنی ئەوەدا، که‌ له‌سنوره‌کانه‌وه‌ دێت، سه‌یریان ده‌که‌ن لێپرسینه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆیان یان مه‌مله‌که‌تێکه‌ جگه‌ لە هراجکردنی ئاوا جه‌هه‌نه‌مییەکان به‌خۆراکی به‌سەرچوو بۆ دروست کردووین. ئێمه‌ له‌ ڕیپۆرتاژێکدا ئاماژه‌مان پێدان، که‌ به‌رپرسه‌کان ته‌نانه‌ت مه‌ڕ و ماڵاتیش ده‌هێنن له‌ ڕێگه‌ی فڕۆکه‌خانه‌وه‌ بۆ خۆیان، ئه‌وان هێنده‌ خۆپه‌رستن تا سه‌ر ئێسقان دوژمنن به‌ گه‌لی خۆیان، به‌پلان ئه‌م کارانه‌ده‌که‌ن، فه‌رموون لەگه‌ڵ ئه‌م لینکه‌دا.
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=04f40c2d
خۆڕاکه‌کان، که‌ له ‌مێدیای ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ له‌ که‌ناڵی تێڤێکانه‌وه‌ پیشانمان ده‌ده‌ن و پێمان ده‌ڵێن ئا چه‌نده‌ ده‌سه‌ڵاتێکی دڵسۆزتان هه‌یه‌ خۆراکه‌ به‌سه‌رچووه‌کان ده‌سوتێنرێت و نایه‌ڵێ هاوڵاتییان بیخۆن و بازرگانه‌کانی هێنانی خۆراک سزا ده‌دات، ئێمه‌ش له‌ وه‌لامدا ده‌ڵێین: نەخێر ئێوه‌ جگه‌ له‌وه‌ی نیشتمانه‌که‌مان سوتماک و پیس ده‌که‌ن به‌سوتاندنی ئه‌و خۆراک و کارتۆن و ته‌نه‌کانه‌، ژینگه‌ی نیشتمان زه‌هراوی ده‌که‌ن، به‌ڵێ بازرگانه‌کان بۆ هێنانه‌وه‌ مایه‌ی خۆیان شته‌کانمان لێگران ده‌که‌ن، ئه‌ی باشتر نه‌بوو له‌ جێی ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و هه‌موو هه‌ڕه‌شەیەمان له‌لایه‌ن تورک و ئێرانییەکانه‌وه‌ ڕۆژانه‌ لێده‌کرێت، گونده‌کانی خۆمان ئاوادان بکه‌ینه‌وه‌و له‌ماوەی چه‌ند ساڵێکدا نیشتمان ئاشت بکه‌ینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ژینگه‌دا و ئه‌و پاشاگه‌ردانییه‌ش کۆتایی پێ بێت، که ‌ژماره‌ی نه‌خۆشی کوشه‌نده‌ی وه‌ک شیرپه‌نجه‌ ڕۆژانه‌ له‌هه‌ڵکشاندایه، له‌گه‌ڵ ده‌یان نه‌خۆشی تر وه‌ک شه‌کره‌ و قه‌ڵه‌ویی و زه‌ردوویی جگه‌ر و ... هتد
له‌کاتێکدا خه‌ریکی ئاماده‌ کردنی ئه‌م ڕێپۆرتاژه‌ بووم هه‌واڵێکم بیست که‌ نه‌قیب به‌ختیار به‌رپرسێك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ هاتووچۆی‌ سلێمانی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئاشكراكرد، كه‌ له‌ماوه‌ی‌ سێ ساڵی‌ رابرد‌وودا نزیكه‌ی‌ 140 هه‌زار ئۆتۆمبێلی‌ كرێ و بار و تایبه‌ت له‌ شاری‌ سلێمانی‌ تۆماركراوه‌ و هیچ بڕیارێكیش نییه‌ بۆ راگرتنی‌ پێدانی‌ ژماره‌ به‌ ئۆتۆمبێل له‌ داهاتو‌ودا. کوردستانپۆست به‌ر له‌هه‌موو مێدیای ئازاد و کۆیله‌ له‌ ڕیپۆرتاژێکی مه‌یدانیدا له‌سه‌ر ژینگه‌ و ژیان له‌ سلێمانی ئاماژه‌ی به‌و دیارده‌یه‌ کرد و به‌ دیارده‌یه‌کی ترسناکی له‌قه‌ڵه‌م داو باسیشی له‌وه‌ کرد، که‌ به‌رپرسه‌ چاوچنۆکه‌کان له‌پشتی ئه‌و کاره‌ قێزه‌ونده‌وه‌ن و بازرگانی ده‌که‌ن، بۆیه‌ هه‌موو مانگێک کاتێک ئاماری مردوان و کوژراو برینداری ڕووداوی ئۆتۆمۆبێل بلاو ده‌بێته‌وه‌، ده‌ڵێ وولاتێکه‌ له‌ شه‌ڕداین ئه‌و هەموو کوژراو بریندارانه‌ له‌به‌ره‌کانی شه‌ڕه‌وه‌ هاتونه‌ته‌وه‌، هیچ بەرپرس و په‌رله‌مانیش تاکو ئیستا قسه‌یه‌کی جدیان له‌سه‌ر ئه‌م د یارده‌یە و پاشاگه‌ردانییه‌ نەکردووە، فه‌رموون له‌گه‌ڵ ئه‌م لینکه‌دا.
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=8dbe0db4
له‌کۆتایدا تازه‌ترین دووهه‌واڵتان بۆ بڵاو ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ هه‌فته‌ی ڕابردوو مێدیای ده‌سه‌لات بە شانازییەوە په‌خشی کرده‌وه‌ له‌سه‌ر خۆراکی به‌سه‌ر چوو، گۆشتی خراپی هیندی.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 13 /12 /2011 تیمه‌كانی‌ چاودێری ته‌ندروستی‌ سه‌نته‌ری‌ راپه‌ڕین به‌ ئاماده‌بو‌ونی‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ راگه‌یاندن بڕی‌ پێنج ته‌ن خۆراكی‌ ماوه‌به‌رسه‌رچوویان سو‌وتاند، كه‌ له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرابوو.
له‌ شاری‌ سلێمانی‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی‌ گۆشتی‌ قه‌ده‌غه‌كراو و خۆراكی ماوه‌به‌سه‌رچوو به‌رده‌وامه‌ و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌ 13 /12 /2011 لیژنه‌كانی‌ سه‌ر به‌ قایمقامیه‌تی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ده‌ستیان گرت به‌سه‌ر (350) كیلۆ گۆشتی‌ قه‌ده‌غه‌كراوی‌ هیندیدا.
ئه‌مه‌ ته‌نها دوو هه‌واڵی ناو ڕۆژنامه‌کانه‌، له‌یه‌ک ڕۆژدا دوو هه‌واڵ له‌سه‌ر خۆراکی به‌سه‌رچوو. ده‌کرێ بڵێین ئه‌مه‌ مشتێکه‌ له‌خه‌روارێک.

ئازاد فایه‌ق محه‌مه‌د
په‌یامنێری کوردستانپۆست