ئازادنەكردنی عەلی مەحمود مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر یەكێتی و پارتی

Wednesday, 02/02/2011, 12:00

1382 بینراوە




یەكێتی و پارتی بەم رەفتارانەیان هەزار جار دەسەڵات و ناوجاوانیان ناشرین و پیستر دەكەن، دەریدەخەن كە هەمیشە دۆستی دوژمن و دوژمنى كورد بوون، پێویستە چ زووە ئازادی بكەن، بەڵكو پیویستتر ئەوەیە سەرۆكی حكومەت و هەرێم هەوڵی ئازادكردنی بدەن، چونكە خۆشیان باش دەزانن ئەو مرۆڤە زۆر لەوان بەتواناترو چالاكترو دڵسۆزترە، زۆر لەوان كوردترو گەورەترە، بەڵام دەزانم بۆ دوژمنەكانیان ئامادەن نەك عەلی، بەڵكو هەموو عەلییەكانی كورد لەناوبەرن و رادەستی ئەم و ئەوی بكەن.
دەبێت حكومەتی هەرێم و یەكێتی و پارتی و دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە باش بزانن كە عەلی مەحمود (سیاسی) جنسیەی هۆڵەندی هەیەو هەر سبەینێ هۆڵەندای دیموكراسییەت و خاوەن مافی مرۆڤ لێیان دەكۆڵێتەوەو گوێچكەكانیان رادەكێشێت بەوەى بۆ وڵاتی ئێرانی خاوەن چەكی ئەتۆمی و زۆرترین لەسێدرەدانەكانی سەر ئەم زەمینە هاوڵاتییەكی تەسلیم بكات، دڵنیام یەكێتی و پارتیش هەمیشە حسابی تەواویان بۆ وڵاتانی دەرەوە كردووەو ئەگەر بێتو لەمكارەیاندا عاقڵانە نەجوڵێنەوە تووشی گەورەتری زیان دەبن.
ئێمەوەكوو گەنجان و رێكخراوی چاودێری كوردۆسایدو چالاكوانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەى مەدەنى ئەم كارە دژەكوردانەیەی یەكێتی و پارتی قبوڵناكەین و دەبێت باش بزانن گەر ئەو مرۆڤە گەورەیە ئازاد نەكەن لەتەواوى ئەو وڵاتانەی كوردی لێێەو هەموو شارەكانی كوردستان خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەردەبڕین و لەو دەسەڵاتە كوردكوژو تاوانبارە خۆشنابین.
دەبێت یەكێتی و پارتی و دەسەڵاتدارە بێ ئیحساس و خائینەكانیان ئەوە بزانن كە چاودێری كوردۆساید لەگەڵ دەیان رێكخراوى جیهانیدا ئەندامەو لەهەموو وڵاتانی جیهانیشدا لق و كۆمیتەى هەیە، بۆیە بە ئاسانی ئەم كارە بەسەریاندا تێناپەڕێت.
ئێمە دەزانین پارتی دەیەوێت عەلی بەوە ناشرین بكات كە وێنەى تاڵەبانی دڕاندووە، نەخێر ئەوە ئسلوب و ئەخلاقی عەلی نییەو ئەوەى عەلی بناسێت و ناسیبێتی دەزانێت ئەوە گەورەترین درۆیە، بەڵكو ئەو رەفتارى هەموو ئەندامێكی پارتییە كە دوژمنی سەرسەختی تاڵەبانییەو نەك وێنەكەى بەڵكو حەز دەكات خودی تاڵەبانی هەڵدڕێنێت و پارچە پارچەی بكات.
ئەوەى لەپشتی ئەو تۆمەتەوە دەخوێندرێتەوە ئەوەیە كە پارتی سەلماندی كە دەیەوێت وەهمی ئەوە بڵاو بكاتەوە كە وێنەى تاڵەبانی هەر بۆ ئەوە باشە بیدڕێنیت و دەیانەوێت گەنجی كوردو نەوەكانی هانی ئەو كارە بدەن.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە