ئاخۆ ئەرسەلان بایز دەتوانێ خۆی بکڕێتەوە؟

Monday, 30/04/2012, 12:00

1456 بینراوە




ئەرسەلان بایز، یەکێکە لەو سەرکردانەی یەکێتی بە درێژایی مێژوی ئەم حزبە کەمترین دەوری ئیجابی هەبوە، نەك هەرئەوەش بەڵکو هەمیشە کەوتۆتە ژێر تانە و تەشەری بێ هەڵوێستیی و بێ توانایی و گەندەڵیی کۆمەڵایەتیی و شتی دیکە... . لە ماوەی جێگریی سەرۆکیی پاڕلەمانیشدا چەندین لەزمەی دا بەدەستەوە کە خراپترینیان فرسەت وەرگرتن بو بۆ تێپەڕاندنی بودجەی ٢٠١٠ کە بۆ بەدبەختی ئەم پیاوە لەلاپەرەکانی یوتیبدا بە زیندویی ماوە.. بەڵام هەڵوێستە بچکۆلەکەی سەبارەت بە گۆڕینی شوێنی رەسمە دزێوە و ناشیرینەکەی مەلا مستەفا لەژورەکەیدا، جۆرێك لە سۆز و خۆشەویستی بۆ گێڕایەوە لەلای کادرانی یەکێتیی و ئەوانەی کە ماهیەتی مەلا مستەفا و شەرعیەتی هەڵواسینی رەسمەکەی کە لە ٣١ ی ئابەوەبەدەستی هێناوە، دەزانن. ئەم هەڵوێستە بچکۆلەیە ی ئەرسەلان هەرچەندە زۆر پاکانە و پەشیمان بونەوەی بە دوادا هات، بەڵام جۆرێك ئیعتیباریی بۆ ئەم پیاوە پەیدا کرد.
ئەرسەلان بایز زۆر بە ئاسانی دەتوانێ تەنها لە ڕێگەی شوێن پێکەوتنی یاسا و جێبەچی کردنیی مانیفێستۆ ی پەرلەمانەوە، بە جۆرێك خۆی بکڕێتەوە، کە ببێتە دادوەرێکی پاڵەوان. ئەو دەتوانێ لەجیاتی پاکانە کردن بۆ هەڵوێستەکەی لە مەڕ رەسمە دزێوەکەی مەلا مستەفا، دەتوانێ ئەو ڕاستیە بۆ هەمو لایەك و بنەماڵەی بارازنیییش ڕوون بکاتەوە کە هیچ ئیلتیزامێکی سیاسی و یاسایی و ئەخلاقیی لەسەر شان نیە بۆ ئەوەی ڕەسمی مەلا مستەفا هەڵواسێ، بە لابردنی ڕەسمەکەش پێشێلی هیچ جۆرە یاسا و ڕێسایەکی نەکردوە ئیتر چ پێویستی بە پاکانە و عوزر خوایی هەیە؟ ئەو دەزانێ دەسەڵاتیی فیرعەونانەی بنەماڵەی بارزانیی لە ٣١ ی ئابدا سەدام پێی بەخشیون، ئەگەر نا، ئێستا دەباویە وەك پەنابەر لە یەكێك لە دورگەکانی دەریای کاریبی دا بە ئاوارەیی بژیانایە. ئەرسەلان وەك یەکیەتیەکی ڕاستەقینە(نەك وەك عیماد ئەحمەدی جاسوس) ئینجا هەولێریەك دەزانێ ماڵی مەلا مستەفا چ تاوان و خیانەتێکیان بەرامبەر کوردستان و یەکێتیی و هەولێر کردوە. ئەو دەزانێ باشترین ڕێگە بۆ تۆڵە کردنەوە لەم بنەماڵە خائن و دڕندەیە، ڕێگەی یاسیی و ڕێچکەی بە دامەزراوەیی کردنی دەزگاکانی دەوڵەتە کە دەکرێ پاڕلەمان پێشەنگیان بێ.
ئەرسەلان تەمەنی ٦٢ ساڵ زیاترە، وا گریمان ١٠ ساڵی دیکە بە خۆشی بێ نەخۆشی ژیا، بۆیە دەکرێ لێرەوە مێژویەك بۆخۆیی و بۆ خزمەت کردنی شارە داگیرکراو و زوڵم لێکراوەکەی بنوسێتەوە. ئەرسەلان وەك سەرۆکی بەرزترین دامەزراوەی تەشریعیی کوردستان دەتوانێ و لە توانای یاسیایی دایە باشترین و کاریگەرترین دەور ببینێ بە بێ ئەوەی یەك تۆز زەرەر بکا و کەس بتوانێ دەستی تێوە دا. ئەرسەلان دەتوانێ مانیفێستۆ ی پارلەمان بگٶڕێ بە جۆرێك کە وەك پاڕلەمانی وڵاتانی پێشکەوتوە دیمۆکراسییەکانی دونیا، سەرۆك وەزیر هەفتانە بانگ هێشتی پارلەمان بکا بۆ بەرگریکردن و ڕونکردنەوەی کار و نەخشەی حکومەتەکەی. ئەرسەلان دەتوانێ دەورێکی باشتر بە پاڕلەمان بدا، دەتوانێ دەستور و یاسای قدەغەکردنی خۆ پیشاندان بگۆڕێ یان هەموار بکا لەگەڵ هەمو ئەو یاسایانەی بۆ خزمەتی بنەماڵەی بارزانی لە پاڕلەماندا تێپەڕێنراون، دەتوانێ لەجیاتی هێزە بەکرێ گیراو و جاسوسەکانی بنەماڵە، هێزێکی نیشتیمانی ڕاستەقینە بۆ پارێزگاری کردنی پارلەمان دابنێ، دەتوانێ دەستی ئۆپۆزسیۆن بکاتەوە و ئەندامانی پارلەمان ئازاد بکا لە هەڵوێست و جموجۆڵاکنیاندا بۆ لێپێچینەوە لە هەمو خوارو خێچیی و ناعەدالەتیەك هەر لە گومرگی برایم خەلیل و دزینی داهاتی کوردستان تا ئەگاتە بچوکترین پێشێلکاری بەرامبەر بە ماف و ژیان و کەرامەتی خەڵکیی. بەڵام ئاخۆ ئەرسەلان ئەمانە دەکا؟ من نازانم بەڵام گەر نەیکا ئەو چەند ساڵەشی کە لەتەمەنی ماوە سەرکز و مل کەچ ئەژیی. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە