وڵاتی شێخ و مەلا و موقەدەسات !

Sunday, 21/04/2013, 12:00

1972 بینراوە







ئای چەند سەخت و سەیرە لەم چەرخەدا، لەم لوتکەی بەجیهانیبوون و کەڵەبرەیشنەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و جیهاندا، هەوارێک هاوشێوەی ئەم هەرێمە داڕوخاوە، سیستمی حوکمڕانی و سیاسەت تیایدا بەڕێوە بچێت، خۆزگە گەڕیدەیەکی تری وەک "فێردیناند ماجەلان" هەڵکەوتایە بۆ گەڕان بەسەر زەویدا، بەڵام ئەمجارە لەسەر سۆسیۆلۆژی و کۆمەڵناسی نەتەوەی کورد بە بەراورد لەگەڵ نەتەوەکانی تری ڕاڤە بکردایە، ڕاڤە کردن و شیکار بە مەفهووم و چەمکە گشتیەکەی، واتا قۆناغەکانی گۆڕان بە گوێرەی بارودۆخ و ساتەکان؛ چ لە ڕووی کولتور ، جەنگ، سیاسەت، زانست، پێگەیاندن، ئەخلاق ...هتد؛ ئەو قۆناغەی کە لە سەردەمی شۆڕشی فەڕەنسی و ڕێنسانسی ئەوروپادا ڕووی دا بە جارێک تێکشکاندن و لاوازکردنی تیۆرە سەقەت و بیروباوەڕە کلاسیکەکانی کردە ئەنجام کە لە سایەی حاخام و پاپا و قەشە مەسیحیەکاندا دەستی بەسەردا گیرابوو، ئەوان وەک ئێمە نەبوون!
ڕاستە چەندین سەدە بەسەر ئەو ڕوداوانەدا تێپەڕیوە بەڵام ئێمە شایانی لێدانەوەی چەندبارەی ئەو قەوانە کۆنەین تا دەچێت بە مێشکماندا و بە کرداری بەرجەستەی دەکەین، ئەڵێ "هەتیو قسە بە شێخ مەڵێ دەمت خوار ئەبێ"، نازانم گالیلۆی ئیتاڵی و شکسپیر و ڕۆسۆی فەڕەنسی بۆ دەمیان خوار نەبوو!
حەز ناکەم خوێنەری ئەم بابەتە من بە کەسێکی مارکسی و کافر بێنێتە بەرچاو، من لێرەدا مەبەستم ڕەخنە گرتن لە هیچ ئاینێک نیە، بەڵکو لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزو نەوازشم بۆ بیروباوەڕو عەقیدەی ئیسلامی وەکو عەقیدەی تاکێکی سەربەخۆ، ڕەخنەکەی من لەو بە پیرۆزی کردنەیە یاخود قودسیەتدان بە کەسایەتیەکان لە سایەی عەقیدەیەکی دیاری کراودا؛ ڕەنگە ئێستا بڵێی باشە خۆ سەرکردەکانی کورد هەموو شۆڕشەکانی شێخ و مەلا کردیان! شێخ سەعیدی پیران، شێخ مەحموودی نەمر، شێخ عوبەیدووڵای نەهری، مەلا مستەفا ... هتد، نا منیش لەو ڕاستیەدا پێشت دەکەوم و چەواشەتان ناکەم، بەڵام وەرە هۆکارو ڕاستیەقینەبوونی ئەمانە لێکبدەرەوە!
 لە کۆمەڵگایەکی ڕەشۆک و نەخوێنەواردا کە قۆرخکراوی دەستی دەسەڵاتی خێڵایەتی و ئاغا و شێخ و دەربەگ بێت، ڕێگر بن لە بەردەم ئەوەی خەڵک خوێنەوارو چاوکراوە بێت، بۆ ئەوەی هەست بە ستەم نەکەن!، چونکە (کۆمەڵگای نەخوێندەوار زۆر هەست بە ستەم ناکەن)، ئایا لە ئان و کاتە سەختەکاندا خەڵکە ڕەشۆکەکە پەنا بۆ کێ دەبات؟! ناچاری پەنا بۆ گەورەکانیان، گەورە و دەم سپیەکانیش هەر ئەوانە بوون، ئەوانیش لەبەر ئەوەی گەورەیی و ئاغایەتیەکە لە دەست نەدەن ناچار دەبوون لە بارودۆخە سیاسییە سەختەکانیشدا پێشڕەوی بکەن، چونکە خەڵک لەوان زیاتری شک نەدەبرد!
ئەویش هەر بەو هۆیە بوو کە خۆیان ڕێگر بوون لەبەردەم چاوکردنەوەی خەڵکدا، بۆیە دەبوو بەو پێشڕەوی کردنە باجەکەی بدەن؛ بەڵام ئایا ئەم پێشڕەوی و سەرکردایەتی کردنە چ سودێکی هەبوو بۆ کۆمەڵگای کوردی ؟! بەدەر لەو هەموو بە کوشتدان و قوربانیدانەی دراوە بە خەڵکە چاونەکراوەکە بەڵام سەرەڕای ئەوە هێشتا لە دەسەڵات، دارایی ، موڵکایەتی، دەست ڕۆشیتووی ..هتد، هەتا ئەم ساتەی من ئەم دێڕانە دەنووسم هەر ئەوان باڵادەست ترن! ڕەنگ بێت لە ساڵی ١٨٨٢ بە دوواوە ئەگەر دەسەڵات و سەرکردایەتی لە دەست سەرکردەیەک بەدوور لەوانەوە بوایە ئێستا حاڵی کورد باشتر دەبوو، ناتوانیت بیردۆزەکەم بەدرۆ بخەیتەوە چونکە تا ئەم ساتەش ڕووی نەداوە بەدەر لەو کەسایەتیانە تاکێکی سەربەخۆ لە کوردستانداخاوەن دەسەڵاتی ڕەها بێت، ئێستاش نەوەی شێخ و مەلایە هەر ئەم وڵاتە بەڕێوە دەبات،
بڕوانە سەرکردەکانی هەردوو هەرێمەکە! حاشا هەڵنەگرە، لافی دیموکراسیەت لێ ئەدەن، ئادەی ئەو هێڵە سوورە ببەزێنن، با کەسایەتیەکی ڕۆشنبیر و قەڵەم بەدەستی ڕاستەقینە غەیری ئێوە وڵات بەڕێوە ببات، ئەوەندی لە سایەی دەسەڵاتی ئەمانەدا فەسادی و قات و قڕی ڕەوشت ڕووی کردۆتە ئەم وڵاتە، ڕەنگبێ لە سایەی کەسێکی کۆمۆنیستدا بەو شێوە نەبوایە، ئێوە چەمک و مەفهوومی ئازادی تەنها بە بەرەڵا کردنی غەریزەی جنسی خەڵک تێگەیشتوون، پێتان وایە هێنانی لەشفرۆشە چینی و سوریەکان شەرعیەتدانە بە ئازادی لاوەکان! ئای چەند هەڵە و سەهوون!چەمکی ئازادیتان شێواند، ئای کۆمەڵگاکەش چەند نەزان و خەڵەفاوە!، ڕەنگبێ لەسەرێکیشەوە ئیوە حەقتان بێت ئەی چینی دەسەڵات! چونکە جەماوەری گێل شایانی ئەو سیستەمەن کە ئێوە پیادەی دەکەن، بە ڕادەیەک نائومێدی ڕووی کردۆتە ڕۆشنبیرانی ئەم وڵاتە مەگەر دەستێکی ئیلاهی لە ئاسمانەوە بێت ئەم میللەتە ڕزگار بکات، هێندەی تاڵە پوشێک ئومێد نەماوە لە هزری کۆمەڵگادا، ئەوانەی کە ڕاپەڕینەکەی ١٩٩١ یان ئەنجامدا هەمووی کوڕە شێخ و مەلا بوون!؟ قوربانیەکان ئەوان دایان، خەڵکی ڕەشۆک خواردی!؟ نیشانەی سەرسوڕمان ئینجا پرسیار! بەڵێ ئێوە و ئێمەش لنەوقوچ شتەکان دەبینین؛ چەندین شاعیری پایەبەرزیش مەلا بوون، بەڵام ڕۆشنبیر و ڕاست بێژ، هەرگیز قۆرخی ئەو پلە و پۆستەیان نەکردووە بۆ گەوجدانی کۆمەڵگا، هەمیشە ڕەخنەیان لە ڕیایی سۆفی و زاهید بەناو موقەدەسەکان دەگرت، لە نالی شاعیرەو هەتا قانع، ئایا ئەمانە مەلای ڕاستەقینە بوون کە خەڵکیان لەو گێژاوی پیرۆزایەتیکردنە هێنایە دەر یان ئەوانەی کە خەڵکیان ملکەچ کرد بۆیان؟!
مەسەلەکە زۆر لەمە ئاڵۆزترە، شیاوی لێکۆڵینەوەیکی مێژووی سۆسیۆسایکۆلۆژی ئەم میلەتەیە، بەڵام وریابە بڤەیە نەتکوژن!! من تەنها ویستم لەم ڕاپۆڕتەدا تیشکێک بخەمە سەر یەکێک لە هۆکارە زەق و بەرچاوەکان کە کورد بۆچی ناگات بە ئامانج وەک تاکەکان، نەک وەک سەرکردەکان!، سەرکردەکان بە ئامانج گەیشتوون، دەبێت ئەم کۆت و بەندە بشکێنین کە لە سایەی بەو پیرۆزی کردنە کراوەتە ملی خەڵکی، لە کۆتایی وتارەکەمدا ڕێزم بۆ ئەو کەسایەتیە سیاسیانەی لەسەرەوە ناوم بردوون، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە مێژوودا ئەنجامی باشتر هەبوو کە دەتوانرا بە دەست بهێنرێت بۆ میللەتی کورد، چ جەنگیزخان و ناپلیۆن و فرانسیسکۆ پیزاررۆ کە بە گژ ئیمپراتۆرە زەبەلاحەکاندا چوونەوە هەر هێندەی ئەمان بوو ئەوکاتەی سەرتاکانیان بەلەشکر دەست پێکرد، من لە کۆتاییدا دەڵێم: لێگەڕێن با کەسایتیە بەهرمەندە بەتواناکان دەرکەون بەدەر لەوەی ڕەچاوی ئەوە بکرێت ئایا کوڕە شێخە یان مەلا، ئایا باوانیان دەسەڵاتدار بوون یان مسکێن، نەخێر تۆ ئەی تاکی خاون بیرو هۆش! دڵنیابە هیچ بنچینەیەک بە ناوی قودسیەت و پیرۆزی کەسایتیەکان چ لە سایەی ئاین یاخود بەدەر لە ئاین، نەبووتە هۆی ئەم پێشکەوتنەی کە لە ئێستادا مێژووی مرۆڤایەتی بەخۆوەی بینیوە.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە