مومکین نیە لە ژێر دەسەڵاتی پارتیدا بتوانیت باسی ئازادی بکەیت

Thursday, 09/05/2013, 12:00

1467 بینراوە









لە نیازی خراپی " نیاز " ئاگادار بن

بیرمە پێش چوار ساڵ بەر لە ئێستا لەبابەتێکدا قورساییم خستبوە سەر بۆچونێک کە ئاوا پێناسەی خۆی دەکات" مومکین نیە لە ژێر دەسەڵاتی پارتیدا بتوانیت باسی ئازادی بکەیت بە ئازادی، بەومەرجەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ستایشی ماڵی بارزانی نەکەیت" لینکی بابەتەکە نادۆزمەوە، بەڵام بیرمە ڕەخنەیەک بوو لە هەڵچون و داچونەکانی فەرهاد پیرباڵ.
نیاز عەبدوڵا کە ئێستا لە کوردستان لەپێشی پێشەوەی ئەو کاروانەدایە کە خۆیان بە داکۆکیکەر لە ئازادی ڕادەربڕین دەزانن. من وەک خۆم بۆ یەکەم جار لە یادی تیرۆرکردنی سەردەشتدا لەمساڵدا ٢٠١٣ ڕووە ڕاستەقینەکەی ئەوم بینی. بۆ یەکەم جار زانیم بە چ فێڵ و دەرونێکی ڕەشەوە خۆی لەوێدا جێگا کردۆتەوە. ئەو خانمە کە بە زمانە لوسەکەی پڕە لە وشەی باق و بریقی موتوربەکراو بە سرودەکانی ئازادی، بەڵام لە ناخدا کۆیلەیەکی راستەقینەی بیر و تێڕوانینێکی کۆنەپەرستانەی خێڵەکی و دواکەوتوانەیە. زۆر بەداخەوە زۆر بێشەرمانە لەسەر گۆڕەکەی زەردەشت دوپات و سێپاتی دەکاتەوە " مەلامستەفا ، (کە لە حەقیقەتدا بابەگەورەی بکوژەکانی سەردەشتە) ڕەمزی کوردایەتی و نەتەوەیی میللەتی کوردە لە کوردستان"
هیچ باکم نیە بەتەنها خۆم بمێنمەوە ئەو زاتە بەڕەمزی هیچ شتێک نەناسم، بەواتایەکی تر ڕێز لە تێڕوانینی هەموو ئەوانە دەگرم کە بەڕەمزی خۆیانی دەزانن و بەرۆژی نیوەڕۆ سرود بە باڵایدا هەڵدەدەن. بەڵام ئەوەی جێگای قەبوڵکردن نیە لەسەر گۆڕەکەی سەردەشت و لە یادی تیرۆرکردنەکەیدا ئاوا بێپەردە و بێشەرمانە ئەو قسە بێمانا و قۆڕە چەندبارە بکرێتەوە. بەبڕوای من ئەوە ئەوپەڕی بێڕێزییە بەو پەیامەی سەردەشت و سەردەشتەکان هەڵیانگرتوە. ئەوە بێئابڕوییەکی مەزنە بەرامبەر بە ئازادی و ئەو مافە زەوتکراوانەی ئازادیخوازان بەڕاستی بەدوایەوەن.
لێرەدا لە نیازەخراپەکانی نیاز دەگەڕێم و زۆر بەئاسانی دەتوانم پێناسەیەکی سادە و ساکار بۆ جموجوڵەکانی بکەم. بەبێ هیچ دوودڵییەک دەڵێم ئەو بەڕێزە لە ئێستادا دەوری دووەمی "مهاباد قەرەداغی" دەبینێت و هەموو هات و هاوارەکانی بۆ جێبونەوەیە لە نازو نیعمەتی کۆیلایەتی بۆ بنەماڵەی بارزانیەکان، بەڵام لەسەر حسابی سەردەشت و پەیامەکەی. گەمژایەتییەکی گەورەیە ئەگەر هەست بەمە نەکەین. مرۆڤێک دێت ئاوا لەناو بەرگی ئازادیخوازێکدا کۆیلایەتی جوان دەکات و لەسەر جەستەی خودی ئازادی زنجیرەکانی دەست و پێی خۆی لەیەخەی ئەوانی تر دەدات. بێمانایە بەم دەروونە تاریکەوە دەتوانێت لە هزری ئەو هەموو هاوڕێ ئزادیخوازەدا جێی ببێتەوە، ئەگەر گەمژایەتییەکی قوووڵ باڵی بەسەر زەمەنەکەدا نەکێشابێت یان هەموو هاوڕێیانی، هاوخەبات و هاوپیشە و هاودەروون و هاوبیر و هاوکۆیلەن.
ئەم بابەتە جگە لەوەی ناساندنێکی هەرزانی ئەو نیازە نیازخراپەیە، لەگەڵ ئەمەدا هەڵوێستەیەکە و ڕووی لە ئازادیخوازنی ڕاستەقینە و داکۆکیکەرانی بوێر و چاونەترس و سەردەشتە نوێیەکانە. ڕووی لە کەسوکارە بەڕێزەکەی سەردەشت و برا و هەڵسوڕاوانی بنەماڵەکەیەتی. لەپێش هەموویانەوە کاک " بەشدار" لەبەر ئەوەی ئەو بەڕێزە زۆر چالاکانە و کۆڵنەدارەنە و بەواتا جوانەکانی برا سات لەدوای سات بیر و هۆشی هەمووی تەرخانکردوە بۆ ئەو براجوانەمەرگەی و وابڕوات لەگەڵ ئەو زامەدا دەبێتە دوانەیەکی ئەبەدی و چیتر لە سەردەشت نابێتەوە.
بێ ئاگا لەوەی لەسەر حسابی کێ و بە کۆمەکی کێ!؟ هەواڵی ئەوە دەبیستین خەڵاتی ڕێزلێنان بەناوی سەردەشتەوە ساڵانە لەیادی شەهیدکردنیدا دەبەخشرێتەوە. ئەمە جگە لەوەی هەوڵێکی جوانە و ڕێزێکی شایستەیە لە سەردەشتەکەمان، بەڵام گرنگە ئەوەمان لەیاد بێت سەردەشت لە پێناوی چ جۆرە ئازادییەکدا گیانی بەخشی. گرنگە بزانین دوژمنە ڕاستەقینەکانی سەردەشت کام جۆرە لە کۆیلایەتی و کۆیلەکان بوو. بۆ ئەوەی ناوی سەردەشت و پەیامە جوانەکەی نەکەونە گێژاوێکی قوڵ و بێبنەوە لەداهاتوودا. گرنگە لە ئێستادا بە هەموومان خەمێک لەوە بخۆین کامە ستاف دەبێت دەست بەو جوانیانەوە بگرن کە سەردەشت بۆی دەکۆشا، کام کۆمەڵە لە خەڵك شایستەن ئەو چالاکی و جموجوڵانە هەڵسوڕێنن کە بەناوی سەردەشت و لەبەر خاتری پەیامەکەی سەردەشت ئەنجام دەدرێت. گرنگە بەڕێزتان بەر لەهەر دەستکەوتێک بۆ سەردەشت خەم لە ئاسودەیی و تەندروست گەیاندنی پەیامەکەی سەردەشت بخۆن. گرنگە ئەم هەڵە گەورەیە و ئەم بێڕێزیەی بە ئێوە و بە سەردەشت کرا بەسەرتاندا تێنەپەڕێت و پۆزش بە نیاز و هەموو ئەوانەی بەو نیازەوە هاتوونە پشتی ئەم کەیسەوە بهێننەوە. هەتا سەردەشت وەک خۆی و بەو هەموو حەزەوە بۆ ئازادی بەرێبکەین بۆ مێژوو.
زۆر ڕاشکاوانە دەڵێم هەوڵێک هەیە بۆ دەرهێنانی نێچیر و کابینەکانی لەو هەموو تاوان و کەمتەرخەمی و گەندەڵی و دواکەوتوویی و دزی و بەبنەماڵەکردنی هەموو دامەزراوەکان. کە لەڕاستیدا ترسناکترین ڕێگایە بۆ دەربازکردنی بارزانیەکان لە ڕوبەڕوبونەوەی دادگا و ملکەچکردنیان لەبەردەم یاسادا. هەوڵێک هەیە هەر بەزۆری زۆرداری ئەو سەرۆکە گەنجە بە ڕۆشنبیر و پشتوپەنای گەنجان و کۆمەڵێک وەسفی پڕ لە تڕوهاتی تر دەناسێنێت. کە لەڕستیدا بەهەموو مانایەک پێچەوانەکەی ڕاستە و ئەنانیترین و گەورەترین تاڵانچی سامان و داهاتی ئەو میللەتە ئەو پیاوە قۆزەیە. هەوڵێک هەیە و دەبێت زۆر بەوریایی نەهێڵین ئەو پەیامە جوانە بشێوێت. هەوڵێک وەک دەسگای " ڕووداو" و ئەم نیازە نیازخراپانەی خزاونەتە ناو ئەم دۆسیە هەستیارانەی وەک دۆسیەی سەردەشت و حەڤدەی شوبات و داکۆکی لە ئازادی.
تا ئێستا من بەناوی خۆمەوە ئەم هەلوێست و هۆشدارییە بڵاودەکەمەوە. ئەگەر هەوڵێک بۆ پاککردنەوەی ئەو ماشێنە نەدرێت کە پەیامەکەی سەردەشتی تێدایە. دوورنیە زیانی زۆر گەورە بە پڕۆسەی ئازادی بگات لە هەرێمی کوردستان. بۆ ئەوەی نەکەوینە ئەو گێژاوەوە هیوام وایە بێنەدەنگ و سنورێک بۆ ئەم کۆیلە بارگاویکراوانە دابنێن تا بە ئارەزووی خۆیان بەناوی سەردەشتەوە و لەسەر حساب و گۆڕ و پەیامەکەی پاروی چەوری خۆیان نەچڕن، من چاوەڕێی هەوڵی ئازادیخوازانەی ئێوەم، ئەگەر نەهاتنە دەنگ! ئەوا ڕوو لەو خەڵکە دەکەم کە فرمێسکیان بۆ سەردەشت ڕشت و لە ناخەوە ئالودەی بیر و پەیامە جوانەکەی بوون، تا بێنە پشت ئەم پەیامە و لێنەگەڕێین کۆیلەکانی بنەماڵە لەژێر ماسکەکانەوە دەست بەسەر هەموو بەها و کڵاوڕۆژنەی ئازادیەکاندا بگرن. .. دڵنیاتان دەکەمەوە ئەگەر بە تاقی تەنهاش بمێنمەوە بێدەنگ نابم و هەموو ئەو هەوڵە قێزەوننانە لە قاو دەدەم.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە