دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کوردستان لە 2020دا


كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە: بابەت / وەڵامی بابەتێكی كاك قادر نادر

Wednesday, 10.05.2011, 12:00

262 بینراوە


كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە
Halabja chemical victims society
جمعیە چحایا القسف الكیماوی لحلبجە
بەروار : 4/10/ 2011

بۆ بەڕێز / كوردستانپۆست
بابەت / وەڵامی بابەتێكی كاك قادر نادر
لە بەرواری 3/10/2011 بابەتێكی بەڕێز كاك قادر نادری بڵاوكردۆتەوە لەژێر ناونیشانی (بەئەندام فەخریكردنی (تاڵەبانی و هاشمی) لەلایەن كۆمەڵەی قوربانیانی گەرمیان و هەڵەبجە جێگای دەستخۆشی یان ناپاكیە.
هەرگیز پێمان خۆش نەبوو لەگەڵ كەسێكی بەڕێزی وەك كاك قادر نادردا بكەوینە نووسین و وەڵامدانەوە بەڵام لەبەر ئەوەی لەو بابەتەدا ناوی كۆمەڵەكەمانی هێناوەو لەبەر ئەوەی كاك قادرو خوێنەرانی بەڕێزو هەمووان بە زانیاری هەڵە بەهەڵەدا نەچن پێمان پێویست بوو ئەم وەڵامەمان بۆ ئەو بابەتەی كاك قادر نادر هەبێت (ئەوەی پەیوەندی بە ئێمەوە هەبێت):
1/ ئێمە هەرگیز جەماوەرمان كۆنەكردۆتەوە بۆ پێشوازی كردن لەهیچ بەرپرسێك بە بەرپرسە كوردیەكانی خۆشمانەوە، بە چاك و خراپیانەوە، بەتازەو كۆنیانەوە، چ جای بۆ تارق هاشمی لەبەر ئەوە ئەو وتەیەی كاك قادر دوورە لە ڕاستیەوەو ڕەنگە بەهەڵە پێیان گەیاندبێت.
2/ هەرگیز كەسمان بە پاڕانەوەش نەكردووە بە ئەندامی فەخری كۆمەڵەكەمان چ جای ئەوەی ئێمە لێی بپاڕێینەوە تا ببێتە ئەندامی فەخریمان لەبەر ئەوە ئەمەشیان ڕاست نییەو بوهتانە!.
3/ تارق هاشمی كە (هێنایانە هەڵەبجە) دلێرانەو بوێرانە یەخەمان پێگرت كە داكۆكی نەكات لە بەعسیەكان و دەست وەرنەداتە كاروباری دادگاو هاوكارمان بێت لە بەسزا گەیاندنی بەعسیەكانداو هەرگیز بارەگای بۆ نوێ نەكردوینەتەوە و ئێمە هەر بینایەشمان نیە تاوەكو ئەمڕۆ تا ئەو نوێی بكاتەوەو (لە بارەگای كرێداین 19 ساڵە) ئەندازەی دینارێكیش كۆمەڵەكەمان لە تارق هاشمی و جەماعەتەكەی سودمەند نەبووە لەبەر ئەوە دیسانەوە ئەمەشیان هەر بوهتانە!.
4/ مەدالیایەكمان نییە بەنێوی عمری خاوەرو و هەرگیزیش هیچ جۆرە مەدالیایەكمان بە بەرۆكی هیچ بەرپرسێكی كوردی یان عەرەبیەوە نەكردووە بە تاریق هاشمیشەوە و ئەمەشیان بوهتانە!.
5/ سەبارەت بە هەڵوێستمان لەسەر مەسەلەی تارق رەمەزان هەڵوێستی ئەوپەڕی بوێرانەمان هەبوو لەكاتی خۆیداو ڕووبەڕووی هەموو هەڕەشەو مەترسیەكیش بووینەوە ڕێپێوانمان كرد بۆ بەردەم پەرلەمانی كوردستان لە هەولێر (نەك لە هەڵەبجە) ، چووینە سەر پەرلەمان ، بەیانمان دەركردو دنیامان هەژاندو لەبەرامبەردا تاوەكو ئەمڕۆ لە پێشەوەو لە پشتەوە خەنجەرمان لێ دەدرێت و دووساڵە بەیانیان لە دادگای هەڵەبجە دەوام دەكەین و هەر خەریكی وەڵامدانەوەی شكاتی درۆینەین و چاك دەزانین مەسەلەكەش هەر باس كردنی فڕۆكەوانەكەیەو پێمان سەیرە كاك قادر بەوەی نەزانیوەو بەو شێوەیەی نوسیوە!.
لە كۆتایدا هیوادارین كاك قادر بە ئەنقەست ئەو شتانەی نەنووسیبێت و دەرئەنجامی زانیاری هەڵەبووبێت هەرواشی دەزانین چونكە بەڕێزیان هەمیشە لەسەنگەری بەرگریكردندا بووە لە قوربانیان و كۆشش و ماندووبوونی لەم بوارەدا بەرز دەنرخێنین و بەهاوكارێكی دڵسۆزی كۆمەڵەكەمانی دەزانین و بەڵام دەبوا پێش نووسینی ئەو بابەتەی پەیوەندیەكی پێوە بكردینایە تا بەهەڵەدا نەچێت.

كامل عبدالقادر ویس محمد
وتەبێژی فەرمی كۆمەڵەی
قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە

چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)