نامەکەی ئارام بۆ عەبادی - حەیدەر عەبادی پێشمەرگە بەهێزی میلیشیاییان ئەزانێ

Friday, 13/03/2015, 12:00

1652 بینراوە




جێگری سەرۆکی نەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوایەك ئاڕاستەی سەرۆك وەزیرانی عێراق(حەیدەر عەبادی) ئەکا و تکای لێ ئەکا کەناوی پێشمەرگەش لەتەك سوپای عێراق و حەشدی شەعبی شیعە بهێنرێ. هەر دوێنێ کاکە حەمەی حاجی مەحمود گلیەی لە عەبادی کرد و ووتی؛ ئەوە ماوەی ١٤ مانگە مووچەی هەرێم و پێشمەرگە بڕدراون لەکاتێکدا پێشمەرگە شەڕی داعش ئەکا و لەبەرەکانی پێشەوەن. کەچی ئەو هەموو مانگە مووچەی ژێر دەستی داعش نێردراوە.

حەیدەر عەبادی ئامادە نیە ناوی پێشمەرگە بێنێ و ستایشی جوامێرانەیان بکا لەبەرئەوەی بەهێزی میلیشیاییان ئەزانێ و لەژێر ڕکێفی هەردوو بنەماڵەدان. ئەم هێزانە نە ئەوەتا هێزی نەتەوەیی کورد بن و لەژێر ئاڵای کوردستاندا بن و بەرژەوەندی گەلی کورد بپارێزن، وە نەئەوەتا بەتەواوی لەژێر دەسەڵاتەکانی ناوەند بن. ئەم هێزانە بەدەست دوو بنەماڵەوە گیرۆدە بوون و لەهەردوو جەژنەکە بوون. نەئەوەتا پارتی و یەکێتی بتوانن مووچەیان لەکاتی خۆیاندا بۆ دابین بکەن وە نەئەوەتا بەهۆی هەڵەکانی نێچیرو ئاشتی هەورامیەوە کەدۆسیەی نەوتیان بەرەو تاریکایی بردوە،کارێکی وای لە ناوەند کردوە هێزی پێشمەرگە لە مووچەی هێزی عێراقی جیابکرێنەوەو وەك سوپاو حەشدی شەعبی هاوتا نەکرێن.

لەڕاستیدا ئەوە هەڵەی مەسعود و بنەماڵەی جەلالە کە وەك کەری جۆگا پێیەکیان لە کوردستانەو پێکەی تریان لە ناوەندە. واتە؛ سەرباری ئەوەی مووچە لە ناوەندەوە نادرێ بە هەرێم،کەچی نەئەوەتا پاشەکشە لە پرۆسەی سیاسی عێراق بکەن و بگەڕێنەوە بۆ کوردستانی باشوور و بەتەواوی واز لەو هەموو پۆست و پلانە بێنن کەوا هیچ کەڵك و خێرێکی بۆ کورد نیە جگە لەگیرفان پڕکردنی ئەو چەند چەتە کوردەی لەوێوە بەناوی وەزیرو ئەندام پەرلەمان. پێمان ناڵێن دوای ١٤ مانگ لەنەناردنی مووچەی هاوڵاتیانی کورد ئەو تۆپەڵە بەناو وەزیر و پەرلەمانتارانە چ کارەن و لە بەغدا چی ئەکەن؟ کەواتە عەبادی مافی خۆیەتی لەو کوردە سووك وچرووکانە بڕوانێ و هیچ حسباێك بۆ کورد و ناوی پێشمەرگە نەکا و مووچەش نەنێرێ. ئەوە مەسعود و ئاشە نەزانەکەیەتی ئەم قەیرانەیان بۆ کورد دروست کردوە . ئەوە نەزانی و لووت بەرزی نێچیر و ئاشتی هەورامی و عادل موراد و چەندینی ترن کە داوا ئەکەن مووچەی هاوڵاتیانی کورد ببڕدرێ.

گەر پێشمەرگە بە ڕاستی پێشمەرگەن و بۆ سەروەری خاکی کوردستان و پاراستنی خەڵکی کوردستان ئەجەنگن،ئەوا پێوستە پیش هەمووشتێ خویان لەداعشەکانی کورد ڕزگار بکەن. مەسعود و هێرۆ و نمونەکانیان گەلێ لەو داعشانەی عەرەبەکان دڕندەتر و بێ مۆڕاڵترن. پێشمەرگە ئەبێ هۆشیار بن و بزانن کەوا هێنانی داعش بۆ سەر کوردستان بە ئاگاداری و ڕاهێنان و پارەی خەڵکی کوردستان بوە. پێشمەرگە ئەبێ چاو کراوە بن و بزانن داعش دروستکراوی مەسعود و نمونەکانیان بۆ ئەوەی دوژمنە سەرسەختەکەی گەلی کورد بشاردرێنەوە و خەڵکی لەدژیان ڕانەپەڕن. پارتی و یەکێتی زۆر زۆر لە داعش و حەشدی شەعبی خراپترن بۆ کورد و کوردستان. گەر پێشمەرگە ئەم ڕاستیانە نەزانن،ئەوا هەتا ماوە لەژێر ژیانی کولە مەرگی و بێ مووچەیی درێژە بەژیانی مەسعود و هێرۆ و نەوشیروان و ئیسلامیەکان ئەدەن. ناکرێ شەڕی دوژمنی وەهیمی بکرێ و دوژمنی ڕاستەقینە بپارێزرێ. دەی گەر ئێوە بەڕاستی پێشمەرگەن و ئامادەن خوێنی خۆتان بەخاك و گەل و نەتەوە ببەخشن یان ئەوەتا ببن بەیەکەیەکی تر لەیەکینەکانی پاراستنی گەل و بچنە ژێر ئاڵا و دروشمەکانی پەکەکە وەیان چەك دانێن و بایکۆتی دەسەڵاتەکانی مەسعود و هێرۆ بکەن. ئەم کارەی ئەمڕۆ ئەیکەن هیچی بۆ ئێوە نیە و جگە لەماڵوێرانی زیاتر و بەهەتیوکردنی مناڵەکانتان. ئەم جەنگەی داعش هەروەك جەنگەکەی (شەڕی ناوخۆیە) بەجۆرێکی تر.

لەهەمووی خۆشتر کاك ئارام لەنووسراوە ئاڕاستەکراوەکەی بۆ عەبادی ناوی خۆی کردوە بە عەرەبی و شێخەکەی ئەلف و لامێکی عەرەبی پێوە کردوە. جا نازانین ئەم داهێنانە زمانەوانیەی لەکوێ هێناوە. ئێستا ئەزانین ئەم کۆمەڵە کوردە کەوا عەرەبی نازانن بۆ هیچیان بۆ کورد نەکردوە. ئەمە تومەز عەرەبیەکەیان دووکەڵ ئەکا و کەس لێیان تێناگەن.

http://www.sbeiy.com/Detail.aspx?id=43586&LinkID=6


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە