رەحزبی ئێستای كوردستان بەرهەمی فرە میلشیایی شاخە

Sunday, 18/07/2010, 12:00

1645 بینراوە


مەسعود عەبدولخالق نووسەر و چاودێری سیاسیی لە رێی ئەم دیمانەیەوە باس لە پێگەی داهاتووی كورد لە عێراق و رۆڵی ئۆپۆزیسیۆن لە هەرێمی كوردستان و چەند پرسێكی تری هاوشێوە دەكات.
ستیڤان:هەندێك بۆچوون جەخت لەوە دەكەنەوە چیدی كورد هێزێكی سەرەكیی هاوكێشە سیاسییە نوێیەكانی عێراق نییە و سەركردە كوردەكان بەهەمان كاریگەریی سەرەتای رووخانی رژێمی بەعسەوە جێ پەنجەیان بە بارودۆخی تازەی عێراقەوە دیار نابێت. من پرسیار دەكەم ئایا پێگەی كورد لەعێراقی دوای هەڵبژاردنی 7-3-2010 چۆن دەبێت؟. ئایا بارودۆخەكە بەرەو ئەوە دەڕوات كورد بچێتە پەڕاوێزی بڕیارەوە لە عێراقدا؟.
مەسعود عەبدولخالق:لەدوای دروستبوونی دەوڵەتی عێراق لە ساڵی 1921 یەكەمجارە لەدواى 2003 دەرفەتێكی وا زێڕین بۆ كورد هات، كە تیایدا ئەزموونی حوكمەتایەتییەكی دامەزراوی تەمەن 12 ساڵ لەكوردستان هەبوو، بەغداش بێ سوپا و پۆلیس و هێز بوون، لەوەش زێڕینتر عەرەب رووبەڕوو دابەشبوون بۆ (شیعە و سووننە)، بە شێوەیەك كە شیعەكان بە هەموو جۆرێكى كورد قایل بوون، هەموو ئیشە قورسە كەڵەكەبووەكانی 80 ساڵەی رابردووی عێراق كە خرابووە سەر كورد نۆرەی چارەسەری هاتبوو، جێگەی داخە هەروەك لە كتێبەكەى "پۆڵ بریمەر"یش باس دەكا جارێ كورد خەریكی خۆ بچووككردنەوە بوو. داوای سادەی ماددیی و پایەی سەفیر و فەوج و خانوویان بۆ خۆیان و خزمەكانیان دەكرد، تا ئەو ساتەش سەركردایەتی كورد نە وەڵامی ئەوەی پۆڵ بریمەریان داوەتەوە نە وەڵامی جەعفەری و "مالكی"یان داوەتەوە كە دەڵێن "ئێمە هەموو داواكانی برایانمان (پ.د.ك) و (ی.ن.ك) جێبەجێ كردووە، ئەوان داوای كەركووك و ماددەی 140 یان نەكردووە، ئەوەشی كرابێت لە سەرۆكایەتی وەزیران بەچاكی بەڕێكراوە لە سەرۆكایەتی كۆمار گیربووە"!. ئەوە لەسەر ئاستی پەیوەندیی كوردستان و بەغدا، لەكوردستانیش لەو فەترە زێڕینە زیاتر خەریكی بەرجەستەی دوو ئیدارەیی و كۆكردنەوەی سامان و گەندەڵی بوون، زیاتر خەریكی نەوت و فرۆشتنی بەقاچاغ بوون، تا ئەو ساتەش هەروا دوو ئیدارەیی و دووسوپا و دوو دارایی و دوو جۆرە گەندەڵی هەبوو، لەگەڵ رێزیشمان بۆ بەشێكیان كە بەدڵسۆزیى كاریان كردووە، لەبەرئەوە بەرە بەرە پێگەی كورد لاوازبوو و ناوەند بەهێزبوو، ئەوەش هەر لەكەمی كورسییەكان بەدی ناكرێ، بەڵكو لەسەرتاپای پرسەكان هەستی پێدەكرێ.
ئەگەر بەوردیی سەرنج بدەین دەبینین لە عێراق سێ پێكهاتە هەیە بۆ هەموو حیسابێك دەبوایە كورد لە سێیەم پێگەی كورسی تێپەڕ نەبێ كەچی چوارەمە، لەوەش خراپتر دەبینین پێكهاتەی سووننە بەئەندازەی كوردن هەر یەكەیان (22%) رێژەی دانیشتوانی عێراق پێكدەهێنن، كەچی سووننە (لیستی عێراقییە) 91 كورسیان هێناوە لەبەرامبەردا كورد (57) كورسی هێناوە، كەسیش لەسەركردەكان ئەو جیاوازییە روون ناكەنەوە، وەڵامی ئەوەش نییە بۆ لەهەولێر 49000 دەنگی ویستووە هەر كورسییەك، بەڵام لە شوێنەكانی تر (20 تا 30) هەزار دەنگی ویستووە، بۆ تەنیا مووسڵ بە قەد هەر سێ پارێزگاكەی هەرێم كورسی هەبێ، لە رووی ئیقلیمی بەردەوامی كێشەی سەرسنووری كوردستانی باشوور لەگەڵ ئێران و توركیا زیاتر دەسەڵاتی هەرێم مەجبوری بەغدا دەكا و پێگەی لاواز دەكاو گەڵاڵەى بوونى هێزى عەسكەریى بەغدا بۆ سنوورەكانى كوردستان زیاد دەكا، جگە لەوانە پەرتەوازەیی نێوخۆیی و راپۆرتەكانی نێودەوڵەتی سەبارەت بە رەوشی مافی مرۆڤ و زۆر لای تری ئابووری و سیاسیی و فەرهەنگی پێگەی كوردی لاواز كردووە، وای كردووە تەنیا پێداگیریی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار بكرێ، هەرچەندە ئەو پۆستە جێگای دڵخۆشی هەموو كوردێكە لەهەرشوێنێك بێ، بەڵام ئەمجارە خاوەنی ڤیتۆ نییە، بەو كەمە كورسییە پەرتەوازەش زیاتر پێگەی كورد لاواز دەكا ناتوانێت شەریكایەتی خۆی بپارێزێ و لە بڕیاری عێراقیش پەڕاوێز دەبێ، هەرچەندە دەرفەتی زێڕین رەتبووە، بەڵام هێشتا دەرفەتی زیویی ماوە ئەگەر سەركردایەتی كورد بەتایبەتی سەرۆكایەتی هەرێم بەم كارانە هەڵسێ، لەوانە:
1-هەڵسێ بەچاكسازیی ئیداریی و سیاسیی و دروستكردنی حكومەتی موئەسەساتی دوور لەدەسەڵاتی حزبی.
2-بنەمای دیموكراسی لە شەفافییەت و ئازادیی و هەڵبژاردنی پاك و دەستگۆریی دەسەڵات و پێدانی مافی معارەزە و پیادەكردنی دادگەریی.
3-داڕشتنەوەی فەرهەنگ و سیاسەت و تەعلیم لە كوردستان لەسەر بنچینەی كوردایەتی و بەستنەوەی بە بنەماكانی ئاینیی، هەموو هەنگاوە ئابووری و سیاسیی و كۆمەڵایەتییەكانی لەپێناوی بگرێتە بەر، كە ئاسایشێكی نەتەوەیی دڵنیا فەراهەم بكرێ.
4-هەرسێ پێگەی ئابووری (كشتوكاڵ، پیشەسازیی، بازرگانی) دابڕێژێتەوە لەسەر بچینەی سیستمی ئابووری رزگاریی نیشتمانی، كە تیایدا ژێرخانێكی ئابووری چالاك بەرپا بكرێت، كەرتی كشتوكاڵی و هەموو گوندەكان ئاوەدان بكرێتەوە، كە دەرفەتی كار ئەوەندە زیاد دەكا دوژمن نەتوانێ بە ئابڵوقەی ئابووری یان هەر فشارێكی ئابووری و دارایی تەنازولی سیاسیمان پێ بكات.
5-لەگەڵ زۆر خاڵی تر، پیادەكردنی كەسی شایستە بۆ شوێنی شایستە، سەروەری یاسا و رۆڵگیڕانی سیاسیی.
ستیڤان:بەبڕوای "جەوهەر نامیق" سیاسەتمەداری ناسراوی كورد، كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەند، نەك چارەسەر نابن بەڵكوو بەرەو زەقبوونەوەی زیاتر دەڕۆن!. ئایا ئێوە پێتانوایە لە خولی نوێی حكوومەتی عێراقدا ئەو كێشانە چارە دەكرێن؟. بەكورتی ئاسۆكە روونە یان نا؟.
  مەسعود عەبدولخالق: پێموایە بەڕێز جەوهەر نامیق بەهەڵە نەچووە ئەگەر دەسەڵاتی كوردیی لەو بەهێزییەی سەرۆك كۆمار و وەزارەتی دەرەوە و سەرۆك ئەركان و هەرچی دەسەڵات بوو دۆستی خۆی بوو، لەچوارچێوەی هاوپەیمانەتییەكەیان كەچی نەیانتوانی ناوچە دابڕاوەكان بگێڕێتەوە و ماددەی 140 جێبەجێ بكات، ئەمجارە پێگەی كورد لاوازە و لەبەرامبەردا پێگەی بەرامبەر بەهێز بووە، ئەو ئومێدە دوور كەوتۆتەوە.
زۆرجار دەڵێن ئەمانە گرنگ نییە مادام ئێمە شەریكین و حكوومەتی تەوافقمان پێكهێناوە، لە راستیدا وا نییە و ئەمە هەڵەیەكی باوە، لەحكوومەتی عێراقی و دەوڵەتیشدا تەوافق و شەراكەت نەچەسپاوە، یەكێ لە نیشانەكانی تەوافق ئەوەیە هەر لایە پۆستێكی مسۆگەریان هەیە، لە لوبنان سەرۆك كۆمار مسۆگەری مەسیحییە، سەرۆك وەزیران سووننی، لە قوبرس و چیكۆسلۆڤاكیاش ئاوا، كەچی ئێستا هیچ پۆستێكی مسۆگەر بۆ كورد بوونی نییە، ئینجا ئەگەر تەوافق و شەراكەت هەبوایە ئێستا كورد لە موسڵ معارەزە نەدەبوو، لە راستیدا كورد لێرەدا هەنگاوی پێچەوانەی ناوە، هەڵساوە لە حكوومەتی كوردستان تەوافقی پەیڕەو كردووە كە پێویست نەبووە، هەروەك لە رێكەوتننامەی ی ن ك و پ د ك دوو جار داكۆكی لە تەوافق كراوەتەوە لەفەقەرە دووی ماددەی دووەم و فەقەرە 4 ماددەی سێیەم، بەڵام ئەوەی بەغدا تەوافقی نییە، ئیئتیلافییە، كە لەگەڵ تەوافقی زۆر لەیەك جیان.
كەواتا لاوازیی پێگەی كورد لە كورسی و دەسەڵاتی پۆستی سەرۆكایەتی كاریگەریی كوشندەی هەیە و دەبێ، بۆیە بەهەموو پێوەرەكان ئەمجارە ئەگەری هێنانەدی و جێبەجێكردنی ماددەی 140 و گێڕانەوەی ناوچە دابڕاوەكان زۆر زەحمەتترە لە رابردوو، بە رای من ئەوانە جێبەجێ ناكرێ هەتا عێراق نەبێتە سێ هەرێمی فیدراڵی، هەر هەرێمی دەبێ سنووری خۆی هەبێ و سنووری كوردستانیش ساناتر دیاری دەكرێ، ئەوكاتی كێشەی سنووری كوردستان لەگەڵ عێراق نابێ، بەڵكو لەگەڵ هەرێمێكی عێراقی دەبێ، ئەوەش خەریكبوو بێتە دی لە ساڵانی نێوان 2003 بۆ 2007 بەڵام بەداخەوە هۆشیاریی سەركردایەتی لاوازبوو هانی سێ هەرێمیان نەدا. وەك شاهیدی مێژوو ئەندامێكی (م س) حزبێكی دەسەڵاتداری كوردستان گەڕایەوە دەیووت "برادەرانمان لە بەغدا نیگەرانن چوونكە ئێمە داوای فیدراڵی دەكەین، خوارەوەش داوا دەكەن و لە ئێمە بوونەتە بەڵا"!!.
ستیڤان:دوو ساڵ و نیو بەسەر وادەی یاسایی و دەستووریی ماددەی سەد و چل تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا سەركردایەتی كورد مكوڕە لەسەر جێبەجێكردنی ئەو ماددە دەستوورییە. ئایا هیچ ئومێدێك هەیە ئەو ماددەیە بەهەمان ئەو ناوەڕۆكەی كورد دەیەوێت جێبەجێ ببێت؟. بەكورتی چۆن دەڕواننە كێشەی ناوچە دابڕاوەكان و ماددەی سەد و چلی دەستووری هەمیشەیی عێراق؟.
مەسعود عەبدولخالق: ئەو كێشەیە كەمێك پێش سەرهەڵدانی عێراق سەریهەڵداوە، یەكەمجار لە رێكەوتننامەی سایكس بیكۆى 1916پێش دروستبوونى دەوڵەتى عێراق، كەركووكى لەكوردستان جیا كردەوە و خستیە سەر بەشى بەریتانى، دوایی لە كێشەی ویلایەتی موسڵ هەوڵیدا لەتەواوى كوردستان ژمارەى عەرەب زیاد بكا، ئیتر لەو كاتەوە تەعریبى ئەو ناوچەیە بەردەوامە. لەگەڵ داڕووخانى بەعس لە 2003 یەكەم گورز لە(ئومێد)ی كەركووك و ئەوانەی ئێستا پێیدەوتری ناوچە دابڕاوەكان لێیدراوە، بەوەی هەریەكە لە (پ.د.ك، ی.ن.ك) پەیوەندییان بە تەعریبچییەكانەوە كرد و وەك دەنگ و رێكخستن دڵنیایان كردنەوە لەپێناو حزبایەتی تەسك، كە دەبوایە بتۆقێنرابانایە و ماڵ و سامانیان جێهێشتبایە بەرەو زێدی با و باپیرانیان، گورزی دووەم ئەوەبوو رەفتار و هەڵسوكەوتی ئەو دوو حزبە وای كرد پێكهاتەكانی تر (توركمان و ئاشووری و كلدانی) نەبوونە یارمەتیدەری كورد، تەنانەت كوردانی ئەو ناوچانەش خەریكە ماندوو و بێئومێد بن لە دەسەڵاتی كوردیی، هەروەك لەو ساردیی و سڕیی هەڵبژاردنی ئەو دواییە دەركەوت، لەبەرامبەردا عەرەبەكان و ئەوانەی دژ بە كوردن گەرموگوڕ بوون و ئەوە بوو چۆن لە موسڵ لە كوردیان بردەوە لە كەركووكیش پاشەكشەی ترسناكیان بە كورد كردووە.
ستیڤان:دەستووری هەرێمی كوردستان پار ساڵ هەرایەكی زۆری نایە و ئێستاش لێرەو لەوێ باس لەوە دەكرێت رەنگە لەكاتێكی نێزیكدا بخرێتە راپرسییەوە. ئێوە وەك چاودێرێكی سیاسیی چۆن دەڕواننە ئەو دەستوورە؟. بە دیتنی ئێوە كەموكوڕیی و خەلەلە بنەڕەتییەكانی دەستووری هەرێم لەچیدا خۆیان دەبیننەوە؟.
مەسعود عەبدولخالق: هەموو لایەك دەزانین لە ساڵی 1994ەوە رەشنووسی دەستوور گەڵاڵە كراوە، جێگەی داخە تائێستا نەهاتۆتە واری جێبەجێكردن، دەبوو بەلایەنی كەمەوە پێش دروستبوونەوەی عێراق دەستووری كوردستان لەكار بووایە، ئەوسا دەبوایە دەستووری عێراق بگونجێندرێ لەگەڵ دەستووری هەرێم، كەچی ئێستا بەپێچەوانەوەیە، ئەو دوو دۆخە سیاسیی و یاساییەش زۆر لەیەك جیان، ئەگەر بەڕاشكاوانە بڵێین هۆی گەندەڵی و دابەشی و قۆرخی دەسەڵات وای لەهەردوو حزب كرد دەستوور پشتگوێ بخەن، جا ئەو خەمساردییە زەرەری زۆری بۆ ئاسایشی نەتەوەیی كورد هەیە یان نا گوێیان پێنەداوە، تا ئەو ساتەش ئەو هاوكێشەیە پیادە كراوە، گەر بەرژەوەندیی گەل و بەرژەوەندیی حزب تێكگیرا ئەوا ئۆتۆماتیكی بەرژەوەندیی گەل تەرت و وێران دەكرێ. لەگەڵ ئەو تاخیر بوونەش مەودایەك نییە بۆ بەدەستهێنانی دەستوور، ئینجا پڕیەتی لە كەموكوڕیی، لەوانە:
1-ئەو دەستوورە بۆ ئەو بارودۆخە سیاسیی و ئابووری و ئیدارییەی ئێستا دانراوە كە بەرجەستەی دیفاكتۆی دابەشی كوردستان دەكاتەوە.
2- دەسەڵاتی زۆر بە سەرۆكەكان دراوە، لە بەرامبەردا گرنگی بە موئەسەسات نەدراوە.
3-ئاماژە بەگەورەترین دەسەڵات لەهەرێم نەكراوە، ئنجا ئەو ئەنجوومەنەی چاودێریی ئەو دەسەڵاتە باڵایە دەكا.
4-هەوڵنەدراوە دەستوورێك بێت لەسەر شێوەی وڵاتە دیموكراسییەكان یان وڵاتانی قۆناغی رزگاریی نیشتمانی نییە، بەڵكو هەوڵدراوە دەستوورێك بێ زیاتر لە وڵاتانی عەرەبی بچێ.
ستیڤان:ئۆپۆزیسیۆن لە ئەزموونی حكومڕانی كوردستاندا دیاردەیەكی تازەیە. وەكوو خۆتان چۆن سەیری هێزی ئۆپۆزیسیۆن دەكەن لە كوردستاندا؟. چ سەرنج و تێبینی و رایەكتان هەیە لەمەڕ ئەدائی بزووتنەوەی گۆڕان وەك هێزێكی سەرەكیی و جیددی ئۆپۆزیسیۆن لە باشووری كوردستاندا؟.
مەسعود عەبدولخالق: لەقۆناغی نوێی كوردایەتی كە ساڵانی (دوای 1976 دەگرێتەوە) هیچ دامودەزگایەك بە ئاسایی نەهاتۆتە كایەوە، شانازیی بەفرەیی و ئازادیی دەكەین، كەچی فرەحزبی كوردستان ئێستا بەرهەمی فرە میلشیایی شاخە، ئەویش لە ئەنجامی ئینشیقاق و براكوژیی هاتۆتە كایەوە، معارەزەش بەهەمان شێوە، ئەگەر راستییەكان بدركێنین ئەو دروشم و پەیڕەو و پرۆگرامانەی حزبە كوردستانییەكان زیاتر لاساییە نەك قەناعەت، چوونكە بینیمان لەدوای یەكەم هەڵبژاردن شەڕی براكوژیی لەسەر دەسەڵات كرا و هەموو ئامڕازێكی رەوا و ناڕەوای تێدا بەكارهات، هەروەك شەڕی براكوژییەكە لەسەر دەسەڵات و دابەش و گەندەڵی بوو، ئێستاش رێكەوتننامە ستراتیژییەكەی نێوان هەردوو حزبی دەسەڵاتدار هەر لەسەر هەمان بنچینەیە، جا لەنێو ئەوانە بواری معارەزە و هێزی سێیەم چۆن دەبێتەوە؟. هەروەك چۆن بینیمان لایەنە ئیسلامییەكانیان بە چ دەردێك برد، كە دەیانویست مەدەنیانە معارەزە بن، هەرچی ئێستایە كە دەبینین معارەزە دروستبووە، ئەوە لە ئەنجامی پرۆسەی دیموكراتی نەهاتۆتە دی، بەڵكو ئەو معارەزەیە بەگەورەیی و یەكسەر بەپەڕ و باڵەوە دروستبوو، هەرچەندە پێشوووتر معارەزە هەبووە، مامۆستایانی ئاینی و دامودەزگای راگەیاندنی سەربەخۆ هەبووە و یارمەتیدەر بووە بۆ لەدایكبوونی وەها معارەزەیەك، ئەگینا دەسەڵاتی كوردیی وەك دەسەڵاتی عەرەبی پسپۆرە لە قاڵبدانی معارەزە و دەنگی جیا، دەسەڵاتی كورد وەك دەسەڵاتی عەرەبی هەوڵدەدا دەروازەكانی هێز (كە پێكدێت لە داهات و چەكدار) هەردووكی قۆرخكردووە لەڕێی وەزارەتەكانی دارایی و پێشمەرگەو ناوخۆ، بەوە نەوەستاوە هەندێ هێزی تایبەتی میلشیایشی هەیە، ئاسایشی تایبەتی و دەزگای تری نهێنیشی هەیە.
سەرەڕای هەموو ئەوانەش معارەزە و ئازادییەك دروستبووە، هەروەها جۆرێك لە شەفافییەت و منافەسەی هەڵبژاردن هاتۆتە ئاراوە، كەواتە زەمینەی دیموكراسی خەریكە دێتە دی، ئەگەر هەردوو حزب هەندێ هەنگاوی سەرەتایی بنێن و حزب و دەسەڵات لەیەكتر جیابكەنەوە، ببتە هۆی جیاكردنەوەی هەرسێ دەسەڵاتەكە كە پێی دەوترێ (كۆڵەگەی دیموكراسی). لای معارەزەش هەندێ كەموكوڕیی هەیە، تا ئێستا یەكڕیز نین، ناشوەستن لەسەر مانای معارەزە و چاكسازیی لەگەڵ چەندین كەموكوڕیی تر، لەلایەكی تریشەوە دەسەڵات نەیزانیوە شوێنی یاسایی لە دەسەڵاتی كوردیی بۆ معارەزە دیاری بكا، ئەوا خودی معارەزەش نەیزانیوە، بۆیە داوای ئەو شوێنەی نەكردووە، بەكورتی شوێنی یاسایی معارەزە لە دەسەڵاتی كوردیی بەمشێوەیەی خوارەوەیە: دەوڵەتی كۆماریی و دیموكراسی معارەزە تەنیا لە حكوومەت بەشداریی ناكا ئەگینا بەشی لەدەوڵەت هەیە، لەدام و دەزگاكانی سوپا و دادگا و پۆلیس و باقی دەزگاكانی تر، لە كوردستان تەنیا حكوومەت هەیە و دەوڵەت نییە كەواتا بەشی معارەزە لە كوێیە مادام لەو حكوومەتیش بەشدار نەبێ؟.
لە راستیدا سەرۆكایەتی هەرێم رۆڵی دەوڵەت دەبینێ بۆیە دەبێ معارەزە بەشداربێ لە سەرۆكایەتی هەرێم، واتا بەلای كەمی دەبێ جێگری سەرۆكی هەرێم و كۆمەڵێك شوێنی سەرۆكایەتی بۆ معارەزە بێت، ئینجا دەبێ سەرۆكی هەرێم پارێزەری معارەزە بێت، ئێستا سەرۆكی هەرێم هەندێ هەنگاوی ناوە لە دووركەوتنەوە لە حزبایەتی، بەڵام بەسەر بۆسەی رێكەوتننامەی دووحزبەكە كەوتووە، واتا زیاتر پارێزەری ئەو رێكەوتننامەیەیە، یان راشكاوانەتر بڵێین سەرۆكی هەرێم سەرۆكایەتی كاروبار و بەرژەوەندیی هەردوو حزب دەكا، كە ئەوانیش چینێكی براهمای خۆشگوزەرانیان لێدەرچووە جیا لەخەڵكی ئاسایی، سەرۆكایەتی هەرێم چاكسازیی دەوێ و هەنگاوێكی تری پێ بنرێ، بیكاتە پارێزەری هەردوو لای معارەزە و دەسەڵات، زیاتر لەوە ببێتە پارێزەری رەنگ و چینە جیاوازەكانی كوردستان دەبێ پارێزەری كورد و توركمان و مەسیحی و مسوڵمان و هەموو لایەك بێت.
ستیڤان: وەك دەزانین كابینەی شەشەمی حكوومەتی هەرێم گلەیی و رەخنەی زۆری لەسەرە و ئۆپۆزیسیۆن بەوە تۆمەتباری دەكات كەموكوڕیی زۆری هەیە. وەك خۆتان چۆن دەڕواننە كابینەكەی د.بەرهەم؟. پێتانوایە بەم ئەدا و مامەڵەیەی ئێستایەوە دەتوانێت سەركەوتوو بێت یاخود بەپێچەوانەوە رۆیشتن لەسەر ئەم ریتمە بە شكستی دەگەیەنێت؟.
مەسعود عەبدولخالق: وابزانم كەس نییە لە كوردستان نكۆڵى لە تواناو لێهاتوویى د.بەرهەم بكات، بەڵام ئاڵۆزیى حكوومەتى هەرێم زۆر لەوە گەورەترە لێى سەركەوتوو بێت، سەركەوتن بەماناى هەردوو تەوەرى رزگاریى نیشتمانى و رزگاریی كۆمەڵایەتى، نەك د.بەرهەم خودى مام جەلال و كاك مەسعود ببنە سەرۆكی حكوومەت، لەژێر سایەی ئەو سیستمە سیاسییەى كوردستان سەركەوتوو نابن، چجاى ئەوەى د.بەرهەم لەناو حزبى خۆشى كەسى یەكەم و دووەمیش نییە، ناتوانێ یەكسەر بڕیار بدات وەك لە پێشووتر لە كاك نێچیروان بارزانى بینرا، تاراددەیەك سەركەوتووتر بوو، ئەوەى حكوومەتى هەرێمى پەكخستبوو سیستمى تەوافقى نێوان ئەو دوو حزبە واى كردووە مەوداى داهێنان و گەشەپێدان و چاكسازیى زۆر تەسك بێتەوە.
لەراستیدا ئەزموونەكانى جیهانى لە تەوافق ناچارییە، ئەگینا پڕە لە سلبیات، لەو وڵاتانە تەوافق هەیە كە دەوڵەتى پێكهاتەى جیان و نەتوانراوە وەرچەرخێنە دەوڵەتى هاووڵاتى، ئەوەى لەكوردستان دەبینرێ شازە، چوونكە لەو وڵاتانەى سیستمى تەوافقى (یان دیموكراسى تەوافقى) پەیڕەو دەكرێ، چەند نەتەوەیەكى جیان، نەبووە لەنێو یەك میللەت و یەك ئاین و یەك رەگەز سیستمى تەوافق پەیڕەو بكرێ، ئەوە سەرچاوەى هەموو دەردەكانى ترى هەرێمن لە گەندەڵی و رۆتینات و پاشكەوتن و وێرانى كشتوكاڵ و بازرگانی و پیشەسازیی و هتد، بۆیە حكوومەتى د.بەرهەم رەنگە لە هەموو حكوومەتەكانى تر لاوازتر بێت، چوونكە پێشووتر حكوومەتى سەرۆك پێگەى بەهێزتر بوو، هەرچى نۆرەى ئەوجارەى د.بەرهەم لەو كاتەیە كە (ی ن ك)لاوازبووە و لەقەیراندایە و تەنیا 13 كورسى هێناوە لەبەرامبەر 32كورسى (پ د ك).
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە