بژاردەکان کەم و دەرفەتەکان تەنگ

Tuesday, 24/03/2015, 12:00

1987 بینراوە


- داهینانی پارە، بووە بکوژی بەختەوەری مرۆڤ (گوێتە).
- ئەو هونەرمەندە (نووسەرانیش هەر هەون) کوردانەی کورسییەکانیان لە رێرەوی، بەرژەوەندیدا داناوە، کە زۆربەن، ستایشی دکتاتۆر و دکتاتۆرییەت دەکەن.
ئەوا هێدی هیدی ئاسۆی هۆکاری هەڵتۆقاندنی داعش لەلایەک و هاوکێشە سیاسیەکان کە بنەماکانیان ئابووری و بازاڕێکی گەرمە لەلایەکی ترەوە، روونتر و روونتر دەبنەوە، هێڵە گشتییەکانی نەخشەنوێیەکان پڕڕەنگتر دەبن و نعمەتی (جەنگ) سەرەتای بەروبوومی خۆی نیشان دەدات و ئۆپەرێتی سنوورە نوێ و نەخشەنوێکان دەستی پێکردووە، وەک لە نووسینەکانی ترمدا ئاماژەم پێکردووە، ئەمە ژانی بە دنیا هێنانی دەسەڵاتێکی بەهێزی کۆنترۆڵکراوی (شیعە) یە لە ناوچەکەدا و دروستکردنی دیوارێکی بەهێزە، کە لە پشتییەوە دەسەڵاتێکی پڕچەککراوی شیعە دەبێت، هیندە بەهێز تا رێگە پێدان بۆ دابینکردنی چەکی ئەتۆمی، ئەو رەووتە توندرەوە سونەیەی کە هەر لە مەراکشەوە تا ئەندەنووسیای گرتۆتەوە، و بۆمبای ئەتۆمیان هەیە (پاکستان وەک نمونە) بە دڵنیاییەوە بە هێزێکی پێچەوانە لە بیروبۆچووندا نەبێت، جیهان ماندوو دەکات و بەرژەوەندییەکانیان دەخاتە مەترسییەوە و بازارەکان دەشێوێنێ، سەدەی بیست و یەک پیشانی دا کە مرۆڤ جدی نییە لە چارەسەری ئاشتیدا! رق لە خۆشەویستی رەسەنترە! قسەی یەکەم بازار دەیکات، نەک ئینسان بوون، قسەی یەکەم بازاڕ دەیکات، نەک ئەدەبیات، قسەی یەکەم بەرژەوەندی دەیکات نەک فەلسەفە، قسەی یەکەم کلتوری مەسرەفکردنی کاڵا دەیکات نە شیعر و نە رۆمان و نە مێژوو!! ئەمانە بۆ کاتی ئازاد و بێکاری سەری خۆمانی پێوەگەرم دەکەین و ئەوانەش بۆخۆیان بوونەتە بازارگەلێکی تر کە بەجۆرێکی تر کاڵا دەروونییەکانی مرۆڤ هەراج دەکەن، چونکە ئەوەی دەینووسین و دەیلێین، بە تەواوی لە سەر زەوی و لە پراکتیکی رەفتاریماندا، پێچەوانەکەی ئەنجام دەدەین.
بۆیە تاکو ئەم ساتە (السَّـيْـفُ أَسْــدَقُ أَنْـبَــاوً مِـــنَ الـكُـتُـبِ)1 بەراست دەگەڕێ و بەشخوراون بێهیزەکانن و لەناویاندا، ووشە کە دێتە سەر وادەی پراکتیزەکردنی، ئیدی رەنگ و رووی دەگۆڕێ و شوێنکەوتووانی خۆی نائومێد دەکات. جائەوانەش یا لە بەرەی مرۆڤ بوون دەکشینەوە و گۆشەیەک دەکەنە جیهانی خۆیان، یا وا پەڕگیردەبن، بەدوای یەکدا زنجیرەی قاعدە و داعش و .... بەرهەمدێنن.
داعش سەرەڕای، بوونی زەمینەی رەخساو بۆ گەشەکردنی لە رووی سیاسی وئابووری و بۆچوونەوە و یارمەتییەهەمەلایەنەکانەوە، هێلنج و پیساوی ئەو پەیوەندەیە کۆمەڵایەتیەی رۆژانەشمانە کە چاومان بەیەکدا هەڵنایە، چروک و رژد و چاو پیس و جوێنفرۆش و خۆپەرست و هەلپەرست و تەنپەرست و ترسنۆک و بێدەربەست و هەزار رووین، ئەو گەنجانەی کە لە هەر چوار قوڕنەی دنیاوە، هاتوون و سەران لە لەشان جودا دەکەنەوە وەک ئەوەی سەلکە تورێک قاش بکەن، زەنگی مەترسی نەخۆش کەوتنی کۆمەڵگای مرۆڤەکانە، رەفتاری وان پیمان دەڵێت، خۆمان و شارستانییەت و زانست و مانستمان روو لە هەڵدێری نەمانین، مانای ٢٠١٤ ساڵە هەرچیمان کرد، هەرچیمان ووت، وڕێنەی کاتی تا لێهاتنمان بوو کە کردمانە دەرمان و فرۆشتمان و نەخۆشییەکانی زیادکردین... لە دڵی زەویدا هەموو پێکهاتە سروشتییەکانی ئەو بوونەوەرە بەستەزمانەمان دەرهێنا و خاک و ئاو و ئاسمانمان پێ وێرانکرد. لە هەموو رەفتارەکانماندا توندرەویمان هەڵبژارد، لە خواردندا، لە بەرهەمدا، لە سیکسدا، لە خۆ رووتکردنەوە و خۆ پێچانەوەدا، لە شەڕدا لە رقدا، لە شکاندن و لە نابوتکردنی یەکدیدا، پەڕگیری سیمای هەرەدیاريی ئێمەیە، ئیستا سەرمان سوڕماوە کە چۆن داعش دروست بوو؟!! ئەو جانەوەرە وەحشیانە!!!
لەسەرتاسەری مێژوودا جانەوەرێکم پیشان بدەن، کە پاش شەڕ و پێکچوون شوێن یەکتر کەوتبن تا ئەو پەڕی دنیا؟ وەحشیەکم پیشان بدەن (سمارت فیشەک) گولەی زیرەکی دروستکردبێ کە بە گرووپی خوێنەکەتدا بتناسێتەوە؟!!! تا بڵێم ئافەرین مرۆڤی ئەم سەردەمە و بژی شارستانییەتی سەدەی بیست و یەک.
تابووتی مەرگی تورکیا:
یەکەم مێخسنگی تاوڵی گۆڕانکاریی لە ناوچەکەدا، لە (هەریر) بە زەوی باشووری کوردستاندا داکوترا و یەکەم مێخیش لە تابووتی بایەخی تورکیا بۆ خۆرئاوا و بەتایبەت ئەمەریکا، درا، تورکیا گڵۆلەی لە لێژییە و ئیدی شۆخە بەنازەکەی سەردەمی رۆژهەڵاتی کۆمۆنیست، پیربووە و روخساری چرچ و بۆنی ناخۆش و بەرەو خرفبوون دەچێت، دەبێتە بار و مشەخۆر و بەرهەمهێنی کلتورێک لە پوچ بوون. کاتی وێڵکردنی گەیشتتووە و ئەمەش یەکەم هەنگاوی بیزاربوونی خۆرئاوایە لەم نەخۆشییە. مەترسی بۆ سەر سەنتەری ئەوروپا کە ووڵاتەکانی ناوچەی بالکانی ئەوسایە و بوسەربولگاریا و خەیاڵی خۆشی سوڵتان حەمیدەکان وا پێدەچێ لە کەلەی ئۆردگانی دابێ، بۆیە دەبێت پێی بووترێت ئیتر نەو!!
ئەوەی لە هەریر لە حاڵی پێکهێناندایە، جگە لە سەرەتای پچڕانی پەیوەندی (دڵ و دڵبەر)، پێشکەشکردنی گوڵی دڵنیا بوونە بۆ ئێرانیش، سەرەتای ئاماژەکان وا دەڵێن، لابردن و سووککردنی گەمارۆ لەسەر بانک و سەرمایەدارانی ئێرانی، کە لەوە بەر بەوە تاوانبارکرابوون کار بۆ دەزگا سەربازییەکانی ئێران دەکەن، و دەرهێنانی ئێران لە لیستی تیرۆر رووە خۆشەکەی دنیای رۆژئاوایە بۆ دەسەڵاتی ئێرانی، خۆ رۆژئاوا هەر روگرژی نازانێ، ئەمەشی هەس، (ئەمە رووی راستەقینەی سیاسەتی دەرەوەی ووڵاتانی دیمۆکراسییە، جا بابژی مافی مرۆڤ، مافی ژن و منداڵ!!!!) ئێران ئەمەی باش دەزانی، بۆیە جوان یاری دەکات و بای بەرژەوەندییەکان و ویستی ئیستای دنیای سەرمایەداریش، بە قازانج و ئاراستەی خواستەکانی ئێران هەڵیکردووە و ئیران دەتوانێت تا ساڵانیکی باش، خەرمانی وەر ئەو بایە بدات. ستایشی رۆڵی بنیادنەرانەی ئێران لە عێراقدا لەلایەن سەرۆکی دنیاوە(ئەمریکا)، هەرەشەیەکی توندە بۆ تورکیا و دەوڵەتانی عەرەبی!!
ئێستا بژاردەکان تا دێت کەمتر دەبنەوە و ئەگەر ووردبینانە و لەکاتی خۆیدا دەست و برد ئەوبژاردەیە دەستنیشان نەکەین کە لەگەڵ ئامانجە کوردستانییەکانماندا دەگونجیت(کە مەحالە ئەوەبکەین، چونکە مەبەستمان نییە کە وا بکەین)، ئەوا لەدەرەوەی بازنەی ئەو دەرفەتە تەنگەی کە لەبەردەمامندایە دەمێنینەوە و زیانی مەزن و رەنگە کوشندە لە نەتەوەکەمان دەدەین.
ئەوان هاتوون بۆ مانەوە، مانەوە بە شێوەیەکی کاریگەر، با خۆمان لە دەست کۆپیەکانیان رزگار بکەین و بتوانین ئەگەر بۆ جارێکیش بووە سیاسەت بکەین، کەمەرجی سەرکەوتنی ئەوسیاسەتەمان کوردستانی بوونەکەیەتی، ئەو مەرجە کە دەبێت وەک نەتەوەیەکی دابەشکراو بەڵام یەک دڵ و یەک گیان، سیاسەت بکەین و بوار بۆ(دە) دڵی و من و تۆ نەهێڵیتەوە، قەیدی چییە لە قۆناغێکی مێژووی ئەم نەتەوەیەدا، من رابەر و سەرۆک و گشت لە گشت بووم، بەڵام ئەمێستا لە خانەیەکی راوێژکاری ئەزموونەکانم دەنووسمەوە و تا دوا هەناسەم خزمەت بە نەتەوەکەم دەکەم، لە یادم نییە بەڵام هیچ کاتیک دایکم پێی نەووتم کە من لە دایک بووم، رابەر بووم!!!!
گرفتێکی گرنگ و بنەرەتی کەسایەتی و حزب و نووسەران و پەرلەمانتاران و هونەرمەند و پیشەوەر و خانەنشین و ...و...و..هتد زۆرجاران ئەوەیان لە یاد دەچێت، کە ئێمە (خەڵک)ی کوردستان نین، ئێمە بەشێکین لە نەتەوەیەکی دابەشکراو، دەکرێ لە فۆڕمی جیاوازدا بە سەربەخۆیی بگەین، وەک ووتوومە دەشێ وا بیر بکەینەوە (ووڵاتە یەکگرتووەکانی کوردستان)، بە ئێمە مەڵین خەڵک، لەهجەکەتان بگۆڕن، تۆ بڵی بەراستی باوەڕتان بەوەبێ کە دەیڵین،!!! خۆ ئێمە خەڵکانێک نین لە دەوری عەرەبانەیەک کۆببینەوە بۆ ماسی کڕین. بە ئیمە مەڵین، جەماوەر، خۆ ئێمە، جەماوەری هاندەرانی فلانە تیمی فتبۆڵ نین، ئێمە بە هەزاران رۆڵەمان بەخشی بەسەربەخۆیی نەتەوەکەمان، بڵێی ئەو کچە گوڵانەی لە سەرەتای بەهاری تەمەنیاندا، لە کۆبانی، کە هەموو هاوکێشە قێزەونە پیاوانەکانیان سەر و بن کرد و راڤەیەکی تریان بۆ ئازادی ژن کرد و لەو قەفەزە جوانەی جلوبەرگ کە بەدڵی پیاوان لە بەریان دەکراو ناچاردەبوون لەبەریکەن، ئەو گوڵانە ژن و پیاویان رزگارکرد و جیهانێکی نوێی بەبنەما ئینسانیان داڕشت، ئەرێ دڵتان دێت و رووتان دێت، بەوانیش بڵین کۆمەڵانی خەڵکی کۆبانی و جەماوەری کۆبانی؟!! ئەم ناوگەلە ناقۆڵا، رەزاقورسە، ناکوردیانە لە داهێنانی سیاسەتی ئەو حزبانەیە لە باشووری ووڵات کە لە ماوەیەکی درێژی تەمەنیاندا باوەڕیان بەوە نەبوو کە کورد نەتەوەیە، بەپێی پێناسەی (حەزرەتی ستالین) بۆ نەتەوە، چونکە ئەو تەنیا گۆرجیەکانی بە نەتەوە و خۆشی بە سەرۆک دەزانی،("ئەو نووسەرانەش کە کورسییەکانیان لە رێرەوی مێژوودا دانابوو ستایشیان ئەویان دەکرد")2 .
دەپرسین : ئێستا لەم سات و کاتە پڕ لە تالوکەیەدا، رۆشنبیرانی کورد!!! کورسییەکانیان لە رێرەوی نەتەوەکەیاندا داناوە، یا لەو رێرەوانەدا کە بای بەرژەوەندی لێوە هەڵدەکا ؟!!!

1- موتەنەبی ابي تمام المتنبي، شاعرى عارەو.
2- ئەلبێرت کامی.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە