ماڵی كوردتان كاول كرد !!!

Sunday, 02/02/2014, 12:00

1434 بینراوە





هەرێمى كوردستان دوای ڕاپەڕینە مەزنەكەى بەهاری 1991 و دواتر كە كۆڕەوی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەوجا لەوەوە دەسپێكردنى زنجیرەیەك گفتوگۆی نێوان سەركردایەتى سیاسی كورد(بەرەى كوردستانی) و ڕژێم و نەگەیشتن بەهیچ ئاكام و دەرەنجامێكى دڵخۆشكەر كە لە بەردەوامی توند و تیژی و گرژییەكانى نێوان سوپا و هێزى پێشمەرگە و لەدەستدانى تواناكانى سەربازى حكومەتى ناوەندی لەو ناوچانەدا، حكومەتى ڕژێم بەناچاری فەرمانگەكانى خۆی لەكوردستان كشاندەوە، بەمەیش لەڕسكانى بۆشاییەكى ئیداریدا، بەرەى كوردستانی بۆ پڕكردنەوەى ئەو بۆشاییە بڕیاری هەڵبژاردنى پەرلەمانی دا، ئەوەبوو یەكەمین پەرلەمان و یەكەم كابینەى حكومەتی پەنجا بەپەنجا لەدایك بوو، كە لەو ماوەیەدا چ جای هێنانى دیاری سەرگەردانى، دوو ساڵی تەواوى لەتەمەنى خۆی بەڕێ نەكرد سەرەتا شەڕی یەكێتى و بزوتنەوە هەڵگیرسا، شەڕەكە ئەوەندەى درێژەی نەكێشا لەیەكلایی بوونەوەی بەلای یەكێتى، پڕیشكى ئەو حەزە شەڕانگێزییە بەوە گەیشت شەڕی پارتى و یەكێتی لێ بكەوێتەوە و زیاتر لەپێنج ساڵ بخایەنێ و پتر لەپانزە هەزار كەس ببنە قوربانى بەرژەوەندیە تەسكەكان و نەهامەتیەكانیش ڕۆژ بەڕۆژ ڕووى لەزیادى دەكرد، لەهەموو ئەو ماوەیەدا هەتا پرۆسەى ئازادی ئێراق ڕووى نەدا و هەتا پارە حەیاتەكەى بەناو بریمەر بازاڕەكانى كوردستانى ئاوەدان نەكردەوە، خەڵك لەژیانێكى پڕ لەدڵەڕاوكێ و بە ڕەشبینیەوە دەیانڕوانیە ژیان، كەس دڵی بەداهاتووى ئەم هەرێمە خۆش نەبوو.



بودجەی زل و زەبەلاح تەكانێكى بەو ڕەوشەدا و جۆرێ لەبووژانەوەى بەخۆوە بینى، كەچی هێشتا نەیانتوانى داخوزاییەكانى كۆمەڵانى خەڵك جگە لەچەند دەستكەوتێ كەم بەدەست بێنن، رێكەوتنامەى ستراتیژی تەواوى جومگەكانى یەكە كارگێڕیەكانى تەنى بوو، بەمەیش خەڵك زەقەى چاوى دەهات و ئۆپۆزیسیۆنیش ئەوەندە كاریگەر نەبوو لە جوڵاندنى شەقام و بەجێ گەیاندنى داواكاریەكانى خەڵك شۆڕشێكى نوێ بەرپا بكات، هەر ڕووى ناڕەزایی و تووڕەیی هاوڵاتیان بوو وایكرد دەنگەكان بگۆڕێن و مەردمەكان بتوانن هەناسەیەكى دیكەى ئازادی هەڵكێشن و لەشتەكان تێ بگەن و ڕەش و سپی لەیەك جیا بكەنەوە بەتایبەت دوای كرانەوەى میدیای ئازاد و بوونى دەیان كەناڵی ئاسمانى و ڕۆژنامەى سەربەخۆ و سەرهەڵدانى ئۆپۆزیسیۆنێكى تا ڕادەیەك بەئاگا، هەموو ئەمانە بوونە فاكتەرێكى گرینگ تا ڕۆژ بە ڕۆژ گەندەڵیەكان ئاشكرا بكرێن و خەڵك بزانێ بودجە چیە و وەكو هەر تاكێك لەكوێی ئەم حكومەتەدایە؟



وەلێ ئەفسووس 133ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نیشتیمانى كوردستان تێپەڕی و هێشتا نەكابینەى هەشتەم پێكهاتووە و بەردەوام موماتەڵە دەكرێ بەوەى پێكهێنانى حكومەت ئەوەندە ئاسان نییە و كاتى زیاتری دەوێ.



سەیرە لەكاتێكدا هیچ یاسا و پێوەرێك بۆ رێكارە یاساییەكانى ئەو پێكهێنانە نییە و هەر حزبە لەدیدگایەوە خوێندنەوە بۆ ئەم دواكەوتنە دەكات.



كورد وتەنێ: كەس بەدۆی خۆی ناڵێ ترشە، دەمى بەرپرسانى هەر حزبێك دەكەیەوە نەخاسمە حزبى دەسەڵاتدار، كەس خۆی بەهۆكاری ئەو تەنگژە و قەیرانە نازانێ، پرسیار لێرەدا ئەوەیە كە هەمووان خۆیان پێ باشە و خۆیان لەو بابەتە دەدزنەوە، كەواتە خەتای كەس نییە و كەس تاوانبار نییە، ئەگەر ئەمە حاڵ و بارمانبێ ئاخۆ ئەو هەمووە دواكەوتنە لەپای چی؟



ئەوەى لەشەڕ نەبێ شمشێری تیژە، بەرپرسان چ كێشەیان هەیە ئەگەر بودجە بە ساڵ دواكەوێ؟ بەرپرسان چ خەمیان هەیە ئەگەر پێشمەرگەیەكى خێر لەخۆ نەدیو هەزار دیناری چاپی سویسری لەباخەڵ نەبێ و كرێچی و كۆڵێ پارە قەرزاربێ؟ پڕۆژەى سەقەت و نەبوونى پلانى تۆكمەن و ناشەفافیەت و دیارنەمانى پارە لەبانكەكان و قەیرانەكانى دیكەى بەنزین و كارەبا و زێڕابەكان و رێگاوبان و ..هتد. هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن: یا ئەوەتە بەرپرسان چاویان لەم وڵاتە نیە و لەخوایەكیان دەوێ كارەساتێك ئەم هەرێمە قووت بدات تا وەك بەرزەكى بانان بۆی دەربچن و بچنەوە خاریج، وەئەگەرنا بۆچی كارێكى واناكەن خەڵك نزاتان بۆبكات و بەڕۆیشتنان فرمێسكى دڵتەنگى هەڵڕێژێ و نا مورتاحبێ.



كورد ئەگەر وریا نەبێ هەمان رووداوەكانى سوریای بەسەر دادێ و مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە كە لێیشی بقەومێ كەس لەخۆی ناگرێ.. ئەو ماڵوێرانیە تاكەى؟ بۆچی ناوماڵتان رێك ناخەنەوە، ئەو ناتەبیایی تا كەی؟ ئەگەر لێك تێكنەگەیشتنەكان بگاتە ئەوەى حكومەتێك لەئەنجامى نەگەیشتن بەرێكەوتنێك كە تا ئێستا كەس زاتى ئەوە ناكات پەنجەى خەتاكان بۆ لایەنى كەمتەرخەم درێژ بكات، هەموو ئەمانە مەسیجێكمان دەدەنێ كە كورد لەناوخۆی تەبا و ڕەبا نیە، وەئەگینە بەرژەوەندی باڵای هەریمەكەمان دەبێ لەسەرووى هەموو بەرژەوەندیەكان دابندرێ لەكاتێكدا ئەوە بیركردنەومانبێ ئاخۆ چۆن دەتوانین جاڕی سەربەخۆیی بدەین؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە