سلێمانى لە نێوان سەددامو بارزانىو تاڵەبانیدا بەرەو كوێ؟

Wednesday, 27/04/2011, 12:00

2000 بینراوە


شارى سلێمانى مێژویەكى تایبەتى خۆى هەیە و كەم كەس هەیە لە سەر ئاستى كوردستانى گەورەدا ئاگادارى سەروەریەكانى شارى سلێمانى نەبێت .شارى سلێمانى نازناوى شارى هەلمەتو قوربانى بە باڵادا بڕاوە لەبەر ئەوەى هەرگیز سەرى بۆ دوژمن دانەنواندوە و لەوپێناوەشدا زۆرترین قوربانى داوە . جگە لەوەى سلێمانى بە شارى هەڵمەتو و قوربانیو شۆڕشگێرىو دوژمن بەزێن ناسراوە ناوەند ێكى ڕۆشنبیرى زۆر گەورەو دیاری ناوشارەكانى تری كوردستانە. شۆڕشى ئایلول لە ساڵى 1961 دەستى پێكردو شارى سلێمانى گەورەترین پشتیوانییان لەو شۆڕشە كردو لەو پێناوەشدا قوربانى زۆرى داوە. كەم كەس هەیە ئاگادارى ئەوە نەبێ و نەزانێ لەساڵى 1963 بەعسییەكان چییان بەدانیشتوانى شارى سلێمانى كرد؟ بەرپرسى سەربازى ئەو كاتەى سوپاى بەعس زەعیم سەدیق بوو، بەهەزاران خەڵكى ئەم شارەیان شەهیدو بریندارو بێسەرو شوێن كرد، لە حەفتاكانى سەدەى ڕابوردودا ئەوەى مولازم موحسین بە خەڵكى سلێمانى كرد هى لە بیرچونەوە نییە.
هەتا ساڵى 1964 پارتى خاوەنى هێزێكى پێشمەرگەى گەورە جەماوەرێكى زۆرو یەكگرتو بوو. بەڵام لە ساڵى 1964 دوبەرەكى كەوتە ناو سەركردایەتى پارتییەوەو تاڵەبانىو كۆمەڵێك لە سەركردەكانى ئەو كاتەى پارتى بەناوى جەماعەتى مەكتەبی سیاسى لە پارتى جیابونەوەو بەهاوكارى سوپاى عێراقى شەڕى پارتییان دەست پێكردو ئەوە هەتا ساڵى 1970 درێژەى كێشا . لەو كاتەوە نفوزو دەسەڵاتى پارتى لە سنورى سلێمانى زۆر لاواز بووەو پێناچێ جارێكیتر پارتى بتوانێ متمانەى شارى سلێمانىو دەوروبەرى بە دەست بهێنێتەوە، هەربۆیە هەندێ كەس ئەڵین سلێمانى پارتى تەڵاق داوە. هۆكارى لاوازبونى نفوزو دەسەڵاتى پارتى لە سنورى سلێمانى ئەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆى زۆر گرنگ:
1-خەڵكى شارى سلێمانى ڕۆشنبیرتر بون بەبەراورد بە ناوچەكانى ترى هەرێمى كوردستانو بڕوایان نەبو كە پارتى دەتوانێ كاروانى خەبات بگەیەنێتە دوا مەنزلى خۆىو مافەكانى كورد دەستەبەر بكات، لەبەر ئەوەى لە لایەن بنە ماڵەى بارزانییەوە بەڕێوە ئەچێتو بە تاقیكردنەوەش دەركەوتوە هەمو ئەو شۆڕشانەى لە لایەن سەرۆك خێڵو بنەماڵەو كەسایەتییە ئایینیەكانەوە سەر پەرشتى كراون سەركەوتونەبون و توشى شكستو كارەساتى زۆر گەورە بوون. 2- جەماعەتى مەكتەبى سیاسى نوخبەیەكى روشنبیرتر بوون بە بەراورد بە ئەندامەكانى ترى ناومەكتەبى سیاسیو سەركردایەتى پارتىو كاریگەرى زۆریان هەبوو لەسەر خەڵكى ناوچەكە، بەتایبەتى خەڵكى شارى سلێمانى و لەوەش گرنگتر ئەوە بوو كەجەماعەتى مەكتەبى سیاسى بە بەردەوامى لە ناوچەى سلێمانى بوونو پەیوەندى بەردەوامیان بە جەماوەرەوە هەبوەو بەرنامەى تایبەتیش هەبووە كە هەمیشە نرخو بایەخى پارتى كەمكراوەتەوەو بە كۆسپو گرفتى گەورەیان زانیوە لەبەر دەم گەشەى دیموكراسیدا.
بۆیە كار گەیشتۆتە ئەوەى نە خەڵكى سلێمانى چاویان بە پارتیو سەرۆكەكەى هەڵدیتو نەئەوانیش سۆزیان هەیە بۆ شارى سلێمانىو بومەلەرزە لێی بدات و تاقى لێدەرنەچێت دڵگران نابن . هەمو دیتان چۆن پێشمەرگەكانى لقى چوارى پارتى گوللە بارانى لاوانى ئەو شارەیان كردو لەبرى سزاى تاوان باران بدەن پاداشتیان كردن هەڕەشەشیان لە ئەوانە ئەكرد كە جامانەى سووریان سوتاندووە چونكە بەلاى ئەوانەوە جامانەى سوور بەنرخترە لە خوێنى شەهیدان، سەرۆكى پارتى كە لە هەمان كاتداسەرۆكى هەرێمیشە، سلێمانى بە مەترسى دائەنێ بۆسەر دەسەڵاتەكەیو بە هۆكارى هەمو خۆپیشاندانەكانى ئەزانێو لە بیرى ئەوەدایە چۆن دەنگى ئازادى لەم شارەدا خامۆش بكات. بەڵام با بەرزانى لەوە دڵنیابێت كەهەتا هەتایە بە خەویش نایبینێ سلێمانى دەستەمۆ بكات. سەددام حوسەین لە ساڵى 1968 2003 كە35 ساڵ حوكمرانى كردو گەورەترین ستەمى لە گەلى كورد كردو ئەنفالو كیمیابارانى كردنو بەدەیان هەزاركەسیشى لە سیدارە دانو زیندانەكانى سیخناخ كرد لە لاوانى گەلى كورد، بەڵام نەیتوانى دەنگى ناڕەزایی خەڵكى سلێمانى خامۆش بكات. سەددام ئەوەى نەشاردۆتەوە كە شارى سلێمانى بەسەرى مارەكە زانیوەو مامەلەى تایبەتى لە گەڵ شارى سلێمانیدا كردوەو زۆرترین تێكۆشەرى ئەو شارەى شەهید كردوەو خستونیە ژورە تاریكەكانى زیندانەوەو زۆر بێ ویژدانانە ئەشكەنجەى داون، سەددام حوسەین هەستى بەئەوە كردوە كە خەڵكى سلێمانى بزێوترو ڕۆشنبیرترو هوشیارتریشن لە ڕۆى سیاسییەوە.
بەڵام سەددام بە هەمو هیزو توانایەوە هەتا مرد نەیتوانى ئەو خەوەى بێنێتە دیو شارى سلێمانى كۆنتڕۆل بكاتو چاو نەترسەكانى شارى هەڵمەتو قوربانى كونە مشكییان كردبو بە قەیسەرى لە پیاوەكانى سەددامو هەر ڕۆژەو لە كۆڵانیكدا سیخوڕێكى سەددامیان بە سزاى گەلو نیشتمان ئەگەیاندو پیاوەكانى سەددام زەندە قیان چوبو لە زەبرى شۆڕە سوارەكانى شارى سلێمانى. لەم بەشەى نوسینەكەدا ئەمەوێت بە تایبەتى باسى پەیوەندى تاڵەبانى بە شارى سلێمانییەوە بكەم، زیدەڕەوى نییە ئەگەر بڵێم پەیوەندى تاڵەبانىو شارى سلێمانى وەكو پەیوەندییەكى روحى وابووە.
جەماوەرى شارى سلێمانى لە ڕادەبەدەر لە ناخیانەوە خۆشیان ویستووەو سۆزیان بۆى هەبووە، تاڵەبانى وەكو كورەِ تاقانەكەى شار وابوەو خەمى ئەو خەمى هەموان بووە، جەماوەرى شارى سلیمانىو دەورو بەرى لە سەرەتاى شۆڕشى ئایلولەوە بەبەردەوامى پشتیوانییان لەتاڵەبانى كردوە. كاتێ كە شوڕشى نوێی گەلەكەمان لە ساڵى 1976دەستى پێكردەوە، ڕۆشنبیرانو شۆڕشگێڕەكانى شارى سلیمانى پشتیوانى گەورەى تاڵەبانى بون.
ئەگەر بە چاوى خۆمان نەمان دییایە كێ هەبو بروا بەوە بكات، كە ڕۆژێك دێتو تاڵەبانى دژایەتى خەڵكى سلێمانى ئەكاتو سەربازى عەرەبیان ئەباتە سەرو سوكایەتى بەو شارە ئەكات كە دەیان ساڵە لە ئامێزى گەرمیان گرتووە، ئەگەر بە چاوى خۆمان نەماندیایە كێ بڕواى ئەكرد چەكدارەكانى تاڵەبانى بە ڕۆژى ڕوناكو لەبەر دەمى دادگاى سلێمانى ڕێبین هەردى نوسەرو ڕۆشنبیرو كوڕى هەردى شاعیر بگرنو ئازارو ئەشكەنجەى بدەنو سوكایەتى پێ بكەن،یان مامۆستاكانى زانكۆ بگرن، تەنانەت كار گەیشتۆتە ئەوەى كچە خویندكارەكانى زانكۆ ئەخەنە زیندانەوەو سوكایەتیان پێ ئەكەن، كەئەمە لە زەمانى سەددامیشدا بە دەگمەن ڕویداوە ، لە ئێستادا ڕقو بوغزو كینەى تاڵەبانى بەرامبەر شارى سلیمانى زۆر لە قەبارەو وەزنى خۆى زیاترە، ئەكری بپرسین هۆكارى ئەم هەمو ڕقەى تاڵەبانى چییە بەرامبەر بەو شارەى كە نزیكەى سەدەیەكە وەكو بیلبیلەى چاویان ئەیپارێزن ، ئەو شارەى كە وەكو سیاسییەكى كورد بەجیهانیان ناساند ، ئەوشارەى كە كردیان بەسەرۆكى عێراق؟. هۆكارەكەى ئەوەیە دەسەڵاتەكەى كەوتۆتە مەترسییەوە، چونكە دەركەوت ئەم پیاوە هەرچى كردویەتى لە پێناوى دەسەڵاتدا بووەو خۆى لە هەمو میللەت لاگرنگتر بووە.
ساڵى 1964 كەسەرەتاى دوو بەرەكى و جیابونەوە بوو لە پارتى ، پاساویان ئەوەبو كە بارزانى كەسێكى خێڵەكییەو بڕواى بە حیزبایەتى نییەو ئەویش وەكو سەركردەخێڵەكییەكانى تر كورد توشى كارەسات ئەكاتو ناتوانێ مافەكانى كورد بەدەست بهێنێو مێژوى گەلى كوردیش نمونەى زۆرى لە سەركردەى خێڵەكیو ئاینى تێدایە، بۆیە تاڵەبانى توانى ڕاى گشتى بە لاى خۆیدا ڕاكێشێو دژایەتى بارزانییان پێ بكاتو وا لە جەماوەر بكات كە ڕقیان لە بنە ماڵەى بارزانى بێتو هەمیشە وەكو دوژمنو پیاوى داگیركەران بناسرێن ئەو كاریگەریانەش تا چەندین نەوەى تریش هەر ئەمێنێتو زۆر زیرەكانە خەڵكێكى زۆرى كردە جاشى حكومەتو بە ناوى پێشمەرگەوە شەڕى كوردو بارزانى پێ ئەكردن. ئەوەتا ئیستا دەر ئەكەوێت ئەوە لە پێناوى ئەوەدا بووە خۆى ببێتە خاوەنى دەسەڵات لەجێگەى بارزانى باوكدا، چونكە ئەوەى ئیستا تاڵەبانى ئەیكات دژى هاوڵاتیانو هاوڕێ نزیكەكانى زۆر لەوە خراپترە كە بارزانى كردویەتى. جیابونەوەكەى تاڵەبانى لە بارزانى باوك بو بە هۆى دروستبونى دوژمنایەتییەكى دریژخایەن لە ناو میللەتى كورداو دروست بوونى دوو بەرەى دژ بە یەكو شەهیدكرانى دەیان هەزار لاوى میللەتى كورد. بازگەى دێگەڵەى نیِوانكۆیەو هەولێرو بونى دوو هێزى ئاسایش لە كەركوكو دوو ئیدارە یی و ڕێگرتن لە هاوڵاتیانى سلێمانى بۆ چونە ناو هەولێر بەرهەمى ناكۆكییەكانى تاڵەبانییە للەگەڵ پارتى. ئێستا تاڵەبانى پەشیمانە لەو كارەى خۆیو بە ئاشكرا دانى پێدا ناوە كەكارێكى هەڵەى كردوەو ئەگەر وەكو ئێستا بیرى بكردایەوە ئەوەى نەدەكرد. بۆیە تاڵەبانى ئەیەوێت تەعویزى ئەوە بكاتەوە بۆ بارزانى كوڕو خزمەتێكى وا گەورە بە بنە ماڵەكەیان بكات كە ڕابوردو لە بیر بەرنەوە، تاڵەبانى لە ژێر سێبەرى ڕێكەوتنى ستراتیجیدا خەریكى ئەنجامدانى سیناریۆى تەسلیم كردنى یەكیتییە بە پارتى بەبی ڕەزامەندى مەكتەبى سیاسیو سەركردایەتى و كادیرو ئىندامانى یەكیتى، لەگەڵ ئەوەى ناڕەزاییى زۆر هەیە.
كاتێ بەبێ پرسى مەكتەب سیاسییەكەى نێچیربارزانى كردەوە بە سەرۆكى كابینەى پێنجەم ، گەورەترین كێشەى بۆ پارتى چارەسەر كردو نێچیرى كردە پیاوێكى ناسراوى جیهانو كردییە خاوەنى سامانیكى زۆرو، كوڕەكەى خۆشى كردە نوێنەرى كورد لە ئەمەریكا بۆ كاروبارى دەوڵەمەند بون . پۆستى سەرۆكى كۆمار ئەخرێتە برى سەرۆكى هەرێمو ئەبوایە پۆستى جێگرى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بدرایە بە یەكێتى نەك بە پارتى. پارتى لەسنورى ژێر دەسەڵاتى یەكێتیدا هێزى چەكدارو ئاسایشی تایبەتى هەیەو یەكێتى ئەوەیان نییە لە سنورى پارتیدا. لە بەرامبەر ئەم كارانەى تاڵەبانیدا یەكێتى گەورەترین زیانى كرد.
یەكیتى تەنها بەناو لە هەولێر هەیەو خاوەنى بڕیارنییە. لە دواى 17ى شوباتەوە كە خۆپیشاندان لە سنورى پێشوى ژێر دەسەڵاتى یەكێتى دەستى پێكردوەو لە سنورى هەولێر خۆپیشاندان نییە ، بارزانى یەكێتى بەوە تاوانبار ئەكات كە ئەوان بیدەسەڵاتنو ناتوانن خۆپیشاندەران بێدەنگ بكەن، تاڵەبانى زۆر نارەحەت بووە لەوەى كە تەنها لە سنورى حیزبەكەى ئەودا خۆپیشاندان هەیەو پەیمانى بە بارزانى دا كە كۆتایى بە خۆپیشاندانى سەراى ئازادى سلێمانى بهێنیو بارزانى دڵنیا بكاتەوە كە نەهێڵێ دەسەڵاتى بارزانى بكەویتە مەترسییەوە. زوربەى زۆرى بەرپرسانى یەكێتى لەگەڵ بۆچونەكانى تاڵەبانى نینو ئەڵین ئەوەى تاڵەبانى ئەیكات ئەبێتە هۆى لاوازبونى یەكێتىو بەهێزكردنى پارتى، بەڵام ئەوە بەرنامەى تاڵەبانى خۆیەتىو بەشێكە لە سیناریۆى تەسلیم كردنى یەكێتى بە پارتى.
ئەگەر بە وردى سەرنج بدەى كاتێك تاڵەبانى لە بەغدا ئەگەڕێتەوە، لەبرى ئەوەى بێتەوە سلێمانى بارو دۆخى هەرێمى كوردستانو حیزبەكەى لەگەڵ ئەندامانى مەكتەبى سیاسى تاو توێ بكات ڕاستەو خۆ ئەچێتە هەولێرو فەرمان لە بارزانى وەر ئەگرێتو جێبەجێیان ئەكات بەبێ ئەوەى كەسى ناو حیزبەكەى ئاگاداربكات. هەمو جاری كە تاڵەبانى دێتەوە بۆ هەرێمى كوردستان كارە ساتێك ڕوئەدات. جارى یەكەم هاتە هەولێرو بۆ بەیانى خێمەكانى سەراى ئازادى سلێمانى و تەلەفزیۆنى نالیا سوتێنران، جارێكى تر ڕادیۆى دەنگى ئازادى لە كەلار سوتێنرا، جارێكى تر هێرش كرایە سەر دوو ئەندام پەڕلەمانى گۆڕان لە كەلاار. دواجار تاڵەبانى پەیمانى دا بەبارزانى تا20نیسان كۆتایی بە خۆپیشاندانەكانى هەمو پارێزگاى سلێمانى بهێنێو لە 18ىنیساندا هێزێكى زۆرى بە چەكى قورسەوە گەیاندە سلێمانیو هەڵەبجە، هەر لەو ڕۆژەدا لەسلێمانى خویندكارێكى پۆلى چوارەمى زانكو كە لە دەزگاى چاپو پەخشى سەردەم كارى ئەكرد، بەگوللەى ئەو چەكدارانە بریندار كراو دوایی لە خەستەخانە گیانى لە دەستداو بۆ شەویش سەكۆى ئازادى سەرایان سوتاندو لەو كاتەوە شارى سلێمانیو شارۆچكەكانیان كردۆتە سەربازگەو ئسایشى شاریان تێكداوە. ئەمە سەرەتایەكە بۆ كاڵ بونەوەو نەمانى یەكێتىو بەهێزبونى پارتى. تاڵەبانى هیزى لە بەغداو لەكەركوكو موسڵو هەولێرو شوینەكانى ترەوە هێناوە بۆ سەركوتكردنو تۆڵە ساندنەوە لە دانیشتوانى شارى هەلمەتو قوربانى بۆ ئاگادارى بەشێك لەو هێزانە عەرەبن و ئەوەش بۆ ئەوەیە كە لە دوژمنایەتى نەترسنو بە ئارەزوى خۆیان سوكایەتى بە هاوڵاتیانى شارى سلێمانى بكەن ، ئەو شارەى بۆ چەندین ساڵ بەخۆشەویستییەكى زۆرەوە لە ئامیزیان گرتو لە دوژمن پاراستیان. ئەگەر تاڵەبانى بەم كارەى بیەوێت دڵى بارزانى كوڕ ڕازى بكات لەبەرامبەر ئەو كارانەى بەرامبەر ئەوان كردویەتىو دان بە هەڵەكانى خۆیدا بنێو داواى لێبوردنیان لێبكات، ئەوە كارێكى خراپ نییەو داواكردنى لێبوردن لەسەر ئەنجامدانى هەڵە كردن نیشانەى گەورەییە. بەڵام با بپرسین ئەى كێ بەر پرسیارە لە شەهید كردنو ماڵوێران كردنى سەدان هەزار هاوڵاتى ئەم كوردستانە؟ ئەگەر تالەبانى هەستى كرد جیابونەوەى ساڵى 1964 لە بارزانى كارێكى خراب بووەو دروستكردنى ئەو هەمو قسەو قسەڵۆكە نابەجییانە ناڕاست بوون ئەى بۆچى لە دواى ساڵى 1976وە جارێكى تر شەرَى لەگەڵ پارتى دروست كردەوەو بوو بە هۆى لە ناوچونى 700 پێشمەرگەى یەكێتى لە هەكارى؟.
ئەى شەڕى ساڵى 1994ى نێوان پارتىو یەكێتى كێ لێی بەرپرسیارەو لە پێناوى چیدابو؟ تاڵەبانى ئەم شەڕانى لە پێناوى بەرژەوەندى خۆیدا كردونى و بۆ ئەوەى ببیتە كەسى یەكەمو زۆر باش زانیویەتى كە ئەمە كارێكى ناڕەوایەو لە بەرژەوەندى گەلى كوردا نییە. كاتێ كە شەڕى ڕاگرتوەو داواى ئاشتى كردوە لە ناچارى بوەو چاوەڕوانى هەلێكى ترى كردوە، دوا جار كە رێكەوتنى بەناو ستراتیجى لە گەڵ بارزانى لەسەر دابەشكردنى سامانى كوردستان مۆر كرد لە ناچارى بوو، نەك لە بڕوابونەوە بووە بە ئاشتى. تاڵەبانى وە فاى بۆ هاوڕێكانى خۆى لە ناو یەكیتیش نەبووە چ جاى بارزانى، نەوشیروان مستافا دواى ئەوەى 40 ساڵ هاوڕێی خەباتى بوو، لە یادەوەریەكانیدا ئەڵێ ئامادەبوم خۆم بدەمە بەر ئەو گوللەیەى بەرەو ڕوى تاڵەبانى دێت، هۆكارێكى جیابونەوەى ئاڵاى شۆڕش لە كۆمەڵە ئەوەبو ئەیان ووت نەوشیروان مستەفا كۆمەڵەى تەسلیم بە تاڵەبانى كردووە.
بەڵام لە جیاتى ئەوەى وە فاى بۆ ئەو هەمو چاكەیەى ئەو پیاوە هەبێت دیتان چون بەڕەى لە ژێر پێی دەرهێناو دورى خستەوە لە دەسەڵاتو بەوەشەوە نەوەستایەوەو لە پلینۆمى حیزبەكەیدا هەمو ئۆباڵى خراپیەكانو شەڕى ناو خۆو ناو یەكێتى خستە ملى ئەو . هەركەسێ لە فەرمانى دەرچێتو ڕەخنەى لێبگرێ وەكو ئەوى لێ ئەكات. دوژمنایەتى تاڵەبانى بەرامبەر شارى سلێمانى گەیشتۆتە ئەو ئاستەى كە سێكى خەڵكى ئەم شارەى نەهێشتۆتەوە لە ناو یەكێتیدا كە خاوەنى بڕیاربیتو جگە لەوەش شارەكە بە تەواوى داگیر كراوەو لەسەر خۆیان تاپۆ كردووە. جەنابى تاڵەبانى بۆتە مارەكانى سەر هەردوو شانى زوحاكو بەم هەمو خوێن ڕشتنە تێر نەبووەو ئەیەوێت بەم كۆتایی تەمەنەى جاریكى تر دەستى بە خوێنى هاوڵاتیانى میللەتەكەى سوور بكاتەوە و شەڕێكى ترى خویناوى لە ناو هاوڵاتیانى ئەم میللەتە دروست بكات، ئەم جارەیان بە پشتیوانى بارزانىو بۆ ڕازیكردنى بنە ماڵەى بارزانى بۆ ئەوەى لە گوناهەكانى خۆش ببن كە بەرامبەریان كردونى. 
لە ڕاستیدا بارزانىو تاڵەبانى لەم كاتدا گەورەترین مەترسین لەسەر ئەزمونو ئایندەى هەرێمى كوردستان ، چونكە دەركەوت ئەمانە بڕوایان بە دیموكراتیەت و دەستاو دەست كردنى دەسەڵات نییەو تەنها بیر لە خۆیان ئەكەنەوەو لەسەر ڕابوردو ئەژین. تالەبانى جگە لەوەى مەترسییە بۆسەر ئەزمونى هەرێمى كوردستان ، مەترسیشە بۆسەر یەكێتى نیشتمانى كوردستان چونكە بەرنامەكەى ئەوەیە دواى نەمانى خۆى یەكێتى نیشتمانى كوردستان نەمێنێت لەبەر ئەم هۆیانەى خوارەوە:
1-بۆ ئەوەى دواى نەمانى خۆى بڵێن سەیركەن هەر ئەم پیاوە بوو یەكێتى ڕاگرتبو ئەوەتا كە ئەو نەما یەكێتیش نەماو هەڵوەشایەوەو بوو بەئاردى ناو دڕك. 2-دڵنیایە كە كوڕەكانى ناتوانن جێگەى بگرنەوەو كەسیش دواى نەمانى خۆى حسابیان بۆ ناكات، بۆیە ئەلچێت ئەگەر ماستێك بۆخۆم نەبێت با چڕبێت لە خۆڵ. 3- بە لاوازبونى یەكێتى لە ئێستاداو هەڵوەشاندنەوەى دواى نەمانى خۆى گلەییو رَەخنەكانى بنەماڵەى بارزانى كەمتر ئەكاتەوە.4- تاڵەبانى هەمیشە لە مامەلەكردنیدا لەگەڵ بەرامبەرەكەیدا بنەماى ڕازیكردنى ڕەچاوكردوەو بەرتیلى داوە بە بەرامبەرەكەى، ئەوەى بە لایەوە گرنگ بووە ئەوەبووە كە بەرامبەرەكەى ستایشى بكات، ئەوەى كە ڕەخنەى لێگرتبێ ئەگەر ڕاستیش بووبێ قبوڵى نەكردوەو خۆى لێتوڕە كردووەو تۆڵەى لێكردۆتەوە.
ئەم جۆرە مامەلەیەى تاڵەبانى زیانێكى گەورەى لە یەكیتى داوەو بۆتە هۆكارى زۆربونى گەندەڵىو پاشاگەردانى. تاڵەبانى حەز ناكات دواى خۆى یەكێتى بەهێزببێو بچێتە سەر سكەى خۆیو ببێتە حیزبێكى مۆدێرنى پێشكەوتوو خەلكى بڵێن سەیركەن دواى تاڵەبانى یەكێتى چۆن گەشەى كردو بەهێز بوو . بە بۆچونى شارەزایانى بوارى تەندروستى تاڵەبانى تەمەنى چۆتە سەرەوەو بارى تەندروستى باش نییەو جوڵەى كەمبوەو ناتوانێ كارەكانى ڕۆژانەى بەباشى بەڕیوە ببات و ئامادەش نییە دەستبەردارى پۆستەكەى ببێتو ئەمەش كاریگەرى لەسەر بارى دەرونى هەیەو ئەبێتە هۆى ئەوەى بڕیارى ناتەندروست بداتو ئەنجامەكەشى باش نەبێت.
ئەگەر تالەبانى بەردەوام بیت لەسەر ئەم بۆچونو لیدوانانەى ئیستاى بەدورى مەزانن یەكێتى بەرەو هەڵدێر نەڕواتو توشى شكستى زۆر گەورە نەبێت. كەسانێك هەن لە ناو یەكێتیدا حەزیان لەم ئاشوبو پاشا گەردانییەى ئێستایە چونكە ئەوانە بونە بازرگانى شەڕ. كەسانى واهەن حەز ئەكەن شەڕو پشیوى دروست ببێو جوڵە بە هێزەكان بكرێت چونكە هەر جوڵەیەكى لەو جورە دەیان دەفتەر دۆلار دەسكەوتیان ئەبێت. بەڵام كاتى ئەوە هاتووە كەسە دڵسۆزو خەمخۆرەكانى ناو یەكێتى هەست بە مەترسیەكان بكەنو بارودۆخى ناوچەكە لەبەر چاو بگرنو یەكێتى نەدەنە دەستى قەزاو قەدەرو هەمو سەروەریەكانى بەبا بچێتو نابێ هاوكاریو دڵسۆزى خەڵكى كوردستان بەگشتىو سلێمانى بە تایبەتى لە یاد بكەنن كاتى ئەوە هاتووە ڕێگا نەدەن چیتر تاڵەبانى بە ئارەزوو ویستى خۆى یەكێتى بەكار بهێنی بۆ مەرامو بەرژەوەندى خۆیو بنە ماڵەكەىو كاتى ئەوە هاتووە دەنگى ناڕەزایی بەرز بكەنەوەو ئەگەر ڕیگایان لێگرتنو نەیان توانى هیچ بكەن با بە ئاشكرا پشتیوانى لە خۆپیشاندەران بكەن ، یەكیتى بەرهەمى خوینى دەیان هەزار ڕۆلِەى ئەم میللەتەیە كەبەشێكى زۆریان قوربانى ئارەزوەكانى تاڵەبانین لە پیناوى دەسەڵاتى خۆیدا. ئەگەر كەسایەتییە دڵسۆزەكانى ناو یەكیتى فریا نەكەون بە دورى مەزانن تاڵەبانى شەڕێكى تر دروست نەكات چونكە ئەو پیاوە هەمیشە ئارەزوى شەڕى هەیە. 
ئەو دەستدرێژیو سوكایەتییەى بەرامبەر بە شارى سلێمانى كراوە، نیشانەى بێ وە فایو بێ منەتى یەكێتیو سكرتێرەكەیەتى و ناحەقیەكى زۆر بێ وێنەیەو كراوەتە سەر یەكە یەكەى خەڵكى ئەم شارە بەبێ جیاوازى بیرو باوەر،بۆیە لە 19/4/2011 بە یەكجارى سلێمانى بۆ هەتا هەتایە یەكێتیشى وەكو پارتى تەڵاقداو لە حەقى خۆشى خۆشنابێت، چونكە سلێمانى تا ئیستا حەقى خۆى بەسەر كەسەوە نەهێشتۆەو ئەڵێن قەرز كۆنیش ئەبێت بەڵام نافەوتێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە