رەفعەت هەڵەبجەیی

ئەندامی پێشووی ستافی کوردستانپۆست، رەفعەت هەڵەبجەیی سەر لە بەیانی رۆژی یەكشەممە، 07 / 06 /2020 بە نەخۆشی كۆرۆنا گیانی لەدەستدا.


پارتی نایەوێت بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری حکومەت بکات تەنها کاتی پێ دەکوژێت

Wednesday, 19/02/2014, 12:00

1678 بینراوە







ئەگەر بە ووردی سەیری بارودۆخی دانوستنەکانی پێك هێنانی حکومەت بکەین ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەکەوێت کەوا هۆی دواکەوتن و پێك نەهێنانی کابینەی نوێ ئاماژە بۆ پیلانێکی سیاسی دەکات کە پاراستنی پارتی داڕێژەرەکەیەتی.
بزوتنەوەی گۆڕان بەڵێنی زۆری بە جەماوەری کوردستان داوە کە ئەگەر بێت و دەسەڵاتی سیاسی وەرگرێت یاخود لە کابینەی نوێ دا بەشداری بکات ئەوا ئەو بەڵێنانەی کەوا لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا و لە چوار ساڵی ئۆپۆزیسیۆن بونیدا تەبەننای کردبوو وەهەروەها ئەو بەڵێنانەی کە بەخەڵکی کوردستان داویەتی کەلەپاکێجی جیاجیادا خۆی دەبینێتەوە جێ بەجێ یان بکات . ئەم بەڵێنانەی بزوتنەوەی گۆڕان بەجێ بەجێ کردنیان بە قازانجی خۆیی و زیانی پارتی تەواو دەبێت واتە کێرڤی جەماوەری گۆڕان بەرز دەبێتەوەو پارتیش پاشەکشێ دەکات بۆ دواوە کە ئەمەش بۆ بنەماڵەی بارزانی قابیلی قەبوڵ نیە. لە دوای هەڵبژاردنی ٢١ی ئەیلولەوە گۆڕان سەرێشەیەکی گەورەی بۆ پارتی دروست کردوە ، لەلایەکەوە حیزبە هاوپەیمانە پاشکۆکەی واتە یەکێتی بچوك کردۆتەوە بۆ پلەی سێ یەم و خۆیشی بۆتە ژمارەیەکی گەورەو کێ بڕکێ لەگەڵ پارتی بنەماڵەدا دەکات. پارتی کەوتۆتە نێوان دوو بژاردەی تاڵەوە یەکەمیان بەشداری پێکردنی بزوتنەوەی گۆڕانە لە حکومەتی نوێدا کە ئاکامەکەی ئەوەی سەرەوە بو کە باسمان کرد بژاردەی دووەمیش ئەوەیە کە بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری پێ نەکات لە حکومەت لەمەیشدا پارتی دیسان ترسی لێ ی هەیە ، بارزانی دەیەوێت چوار ساڵی داهاتووی حوکمڕانی بنەماڵەکەی واتە دەسەڵاتی سێکوچکەیی باوك و کوڕو برازا بە ئارامی و سەلامەت تێ پەڕێنێ بەڵام ئەو ڕاستیەش دەزانێت چۆن گۆڕان ئەگەر لە دەسەڵاتدا بێت سەرێشەیە بۆ پارتی بەهەمان شێوەیش ئەگەر بێت و بە ئۆپۆزیسیۆنی بمێنێتەوە بارودۆخی حکومەت خراپتر دەبێت بۆیە پارتی لەدوو ڕیانی بیر کردنەوەدایەو نازانێت کام لەم دوو پێکە تاڵە بنۆشێت. پارتی دەیەوێت کاتی زیاتر بە دانوستنەکانەوە بکوژێت بۆ چەند ئامانجێک لەوانە دەست بەسەراگرتنی کاتێکی زیاتردەسەڵات و لە حکومەتی کار بەڕێکخەرو دزینی و لوشدانی پارەی بۆدجەو نەوت و گومرگی زیاتر و وەهەروەها کورت کردنەوەی تەمەنی کابینەی داهاتوو واتە ئەگەر ٦ مانگ درێژە بەدانووستانەکان بدرێت بۆ پارتی قازانجیێکی زۆرترو کێشەیەکی کەمتری هەیە.
ئەم دواخستنەی کابینەی نوێ هیچ پاساوێکی نیە جگە لەوەی کە دەسەڵاتی سێکوچکەیی پلانی بۆ داڕشتووە بەو هۆیەشەوە دەیانەوێت گۆڕان تەنگاو بێزار بکەن لە دواکەوتنی پێك هێنانی کابینەی نوێ تا لە ئەنجامدا کات بۆ پارتی دیاری بکات و مەرجی بۆ دابنێت ئەو کاتە پارتیش بۆ دەرفەتێکی وا دەگەڕێت کەوا گۆڕان مەرج و بیانوو بێنێتە ناو دانوستانەکانەوە بۆ ئەوەی باڵی پاراستنی پارتی بڕیاری تاك لایەنە بدەن و گۆڕان بەشداری پێ نەکەن لەحکومەتدا.
من دڵنیام کەوا بزوتنەوەی نەك هەر چاکسازی پێ ناکرێت ئەگەر بچێتە ناو حکومەتەوە بەڵکو خۆیشی گەندەڵ دەبێت نەك لەبەر ئەوەی کەوا گۆڕان ناتوانێت چاکسازی بکات بەڵکو هەل و مەرج ومیکانیزمی چاکسازی لە ئارادا نیە واتە سیستەمەکە گەنیوەو بۆگەنی کردووە گەورەترینی سیاسەتمەداران و دیموکراتخوازنی ئەوروپا بێنە بۆ ناو حکومەتی هەرێم چاکسازیان پێ ناکرێت بەڵکو دەبێت ئەو سیستەمە هەرهەمووی لادەن و دەزگاو سیستەمی نوێ ی دیموکراسی سەرلەنوێ دابمەزرێنن ئەوەیش لەلای پارتی یەکێتی قابیلی قەبوڵ نیە چونکە ئەو هەموو هێزی چەکدارو ئەو هەموو دەزگا دزێو چەموشانە دروستیان کردوون بەرگری لەمانەوەی دەسەڵاتی بنەماڵەیی خۆیان دەکەن. .
بۆیە من پەیامم بۆ بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەیە کە ئەو ڕاستیە بزانێت کەوا ئەوفاکتەرەی ئەوی گەیاندە لوتکەو کردیە هێزی دووەم لە هەرێمی کوردستاندا هێزی چەکدارو پارەی دزراوی نەوت نەبوو دەسەڵات و کورسی و هێزی ئەقلیمی نەبوو بەڵکو دەنگی ڕاستەقینەی خەڵکی دڵسۆزو نیشتمان پەروەر بوو دەنگی مرۆڤە خۆنەویستەکان بوو دەنگی سەرای ئازادی بوو دەنگی نەیارانی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی بوو. بۆیە هیوادارم کەوا بزوتنەوەی گۆڕان بەتایبەتی بەڕێز نەوشیروان مستەفا پێ داگری لەسەر دەنگ و ئیستحقاقی هەڵبژاردنەکان بکات و بچوکترین موساوەمە لە گەڵ دەسەڵاتدا نەکات و هیچ ترسی لە ئۆپۆزیسیۆن بوون نەبێ چونکە بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دونیای سەلماند کە بە ئۆپۆزیسیۆن بوون جەماوەری فێری تێکۆشان و ڕۆشنبیری و ئاشنا بون بە مافەکانی خۆیانیانی کرد.لەکۆتایدا هیوادارم بەهەر شێوەیەک بێت گۆڕان نەهێڵێت درێژە بەم بارودۆخە پیلاناویە بدرێت وسنورێکی دیاری کراوی بۆ دابنێت ئەگینا ئەگەر بێت و بارودۆخەکە لەمە زیاتر درێژە بکێشێت زەرەرمەندی گەورە تەنها ئۆپۆزیسیۆن دەبێت لەسەرووی هەموویشیانە بزوتنەوەی گۆڕان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە