هەر لە بارەى دەستدرێژییە سێكسییەكەى پاسەوانەكەى مەحمود سەنگاویەوە

Saturday, 28/01/2012, 12:00

2841 بینراوە


ڕۆژى 21/1/2012 لە كوردستانپۆست بابەتێك لە ژێر ناوى "پاسەوانێكى مەحمود سەنگاوى دەستدرێژى سێكسی دەكاتە سەر خوێندكارێك" بڵاوكراوەتەوە، من گومانم نییە، کە ئەو كەسەى ئەمەى نوسیوە بۆ خۆى یەكێك لە تەكەتولەكانى یەكێتىیە و مامۆستا كاروان ئەنوەرى فول یەكێتى كردووەتە قوربانى، كە بە حساب دژى دەستوەردانى حیزبە لە زانكۆ، لە كاتێكدا كاروان بۆ خۆى یەكێكە لە كوڕە نازدارەكانى حیزب، ئێمەش كە سەرى زمان و بنى زمانمان ڕەخنەیە لەم دەسەڵاتە گەندەڵە و لەم بێسەر و بەرى و ناعەدالەتى و نەبوونى ئەو ئازادییەى لە كوردستاندا هەیە، کراوین بە یەكێتى و دەزگاى جاسوسى و ڕاپۆرت نووسى دەزگاى زانیاریی.
لە ڕاستیدا لە سەرەتاوە نەمویست وەڵام بدەمەوە لە بەرئەوەى لانى كەم پێویستە بەڕێوبەرایەتى ئاسایشى گەرمیان، كە مەفرەزەیەکیان هەیە و ئەركى پاراستنى بەشى ناوخۆیى كچانى زانكۆى گەرمیانیان لە ئەستۆدایە، ئەوان دەبوو بێنە دەنگ لەوەى كەسێك چۆن توانیوویەتى خەرقى مەفرەزە و پاسەوانەكانیان بكات و بڕواتە داخلى كچان؟! خۆ ئەگەر وا بێت سبەى تیرۆریستێكیش ئەتوانێت بچێتە نێو داخلیەكە و قەسابخانەیەك بەڕێبخات، ئەگەر كەس نەیتوانیوە بچێتە داخلیەكەوە ئەوە پێویست بوو وەها هەواڵێكیان بە درۆ بخستایەتەوە، یان پێویست بوو بەڕێز دكتۆر فاروقى سەرۆكى زانكۆى گەرمیان بۆ خوێنەرانى كوردستانپۆست ڕوونی بكردایەتەوە، ئایا بەڕێز مەحمود سەنگاوى تەلەفۆنی بۆ كردووە و هەڕەشەى لێكردووە یان نا؟ ئەگەر كردوویەتى ئەوا پیویست بوو ئەو بەر لە هەموو كەس ئەوەى پێ قبوڵ نەكرایە و دەستى لە كاربكێشایەتەوە، ئەگەر نەیكردووە دەبوو ئاشكراى بكردایە، كە تەلەفۆنى بۆ نەكراوە و ڕاستى ڕووداوەكەى بخستایەتەڕوو، بۆیە پێم وابوو پێویست بوو ئەوان قسە بكەن ئیتر بە هەر هۆكاریك بێت دیارە خۆیان لە قەرەى وەها بابەتێك نادەن ڕەنگە بیانەوێ هێندەى تر ئابڕووى زانكۆى گەرمیان نەڕوات و خەڵكى تر لە مەسەلەكە تێوە نەگلێت.
من لێرەوە بە مافى خۆمى ئەزانم ڕاستى كێشەكە بۆ خوێنەرانى كوردستانپۆست بخەمە ڕوو، كە پێ ئەچێت ئەم ڕاستیانە ڕووبەڕووى كێشەى گەورەشم بكەنەوە، بەڵام لە بەرئەوەى سووكایەتى بە خۆم و كەسوكار و بنەماڵەكەم كراوە هەموو ڕاستییەكان ئاشكرا ئەكەم:

هەرچى پەیوەندى بە وەها بابەتێكەوە هەیە پەیوەستە بە مامۆستا كاروان ئەنوەر كە وەك قوربانى و پیاوێكى پاك لە بابەتەكەى كوردستانپۆستدا دەركەوتووە، چونكە كاروان بە مامەڵەى هەرزەكارانەى خۆى و وەك گەنجێكى تینوو بە دواى زانینى نهێنیی كچانی زانکۆ، ئەمە بووەتە مایەى دروست بوونى چەندین گرفت لە زانكۆكەدا، ئەم مامۆستایە زۆر بێباكانە ڕێگە بە خۆى ئەدات هەر ڕۆژە و بانگى كچێكى بەشە ناوخۆییەكان بكات و هەڕەشەیان لێبكات و سوكایەتییان پێبكات تا جاسوسى بۆ بكەن و لە ململانێ لە گەڵ نەیارانیدا بەكاریان بهێنێت، یەكێك لەو نەیارانەی مامۆستا کاروان منم و ئەیەوێ لەم ڕێگەیەوە تۆڵەى خۆى بكاتەوە، كە هەمیشە هاوارمان كردووە پێویستە دەستى حزب لە زانكۆدا نەمێنێ و ڕێگە بدرێ زانكۆكان سەربەخۆیى خۆیان وەربگرن، خەڵكى بێ شەهامەت و بوودەڵە و هەلپەرست و هەزەكارى لەم جۆرە بە پشتیوانى حزب پۆستى هەستیار وەرنەگرن.
ئەم مامۆستایە پارساڵ بەردەوام ئەچووە داخلى كچان و باجى لێ وەرئەگرتن و محاسەبەى ئەكردن تا بەشدارى لە خۆپیشاندانەكاندا نەكەن، هەر بۆیە خوێندكارانى زانكۆى گەرمیان لە بەردەم بەشە زانستییەكان خۆپیشاندانێكیان لە دژى ئەنجامدا و لە لایەن ئاسایشەوە دوو خوێندكار بە ناوى شوانەى دەرونناسى و سەركار دەستگیركران ، لە ڕێگەى چەند هەوڵێكەوە ئێمە زیاتر لە 25 خوێندكار لە گەڵ بەڕێز جەلال شێخ نورى قایمقامى كەلار كۆبووینەوە و خوێندكاران بۆ قایمقامیان ڕوونكردەوە، كە ئەوان دژى ڕەفتارەكانى ئەم مامۆستا كاروانە خۆپیشاندانیان كردووە ،كە هەموو ڕۆژێك لە وەخت و ناوەختدا لە داخلى كچانە و بە دواى كچدا ئەگەڕێت و باجیان لێ وەرئەگرێ داخلیش شوێنى پشووى كچانە و بە جلى نیوەڕووت و جلى نوستنەوە ئەسوڕێنەوە ناكرێ كاروان كارى وا بكات و پێویستە هاوڕێكانیان ئازاد بكرێن و مامۆستایەكى تر لە شوێنى كاروان بكرێتە بەرپرسی كاروبارى خوێندكاران.
قایمقام هاوڕا بوو لە گەڵ خوێندكاران، كە خراپە گەنجێك لە وەخت و ناوەختدا بە ناو داخلى كچاندا بسوڕێتەوە و بە هەوڵى بەڕێزیان هەردوو خوێندكارەكە ئازادكران، ئیتر لەو ڕۆژەوە مامۆستا كاروانى پیاوی یەكێتى كەوتۆتە سەنگەر گرتن لە من و ئەیەوێ تۆڵەى ئەوەم لێ بكاتەوە، كە خوێندكاران كێشەكەیان خستۆتە سەر ڕەفتارە هەرزە و گەنجانەكانى ئەو.
كچە خوێندكارێك بۆى باسكردم ئەم مامۆستا كاروانە پێی وتووە خاڵەكەى سەرسنگت زۆر سەرنجڕاكێش و جوانە.هەر بۆ ئەو مەبەستە جارێك كچە خوێندكارێك هان ئەدا كە شكاتم لێ بكات بەوەى كێشەى بۆ دروست ئەكەم ، ڕۆژى 20/12/2011 ئەو كچە خوێندكارە لە كافتریاى سكوڵى پەروەردەى بنەڕەتى زانكۆى گەرمیان لە گەڵ كوڕێكى خزمیدا هاتنە لام و داواى لێبوردنى لێكردم، وتی كە كاروان ویستوویەتى ئەو بكاتە مەقاشى دەستى خۆى بۆ یەكلایكردنەوەى كێشەكانى لە گەڵ مندا، هەر لە بەر ئەو داواى لێبوردنە و ئاشكرا كردنى ئەو ڕاستییە، ئەم كاروان ئەنوەرە بە تەلەفۆن هەرەشەى لەو كچە كرد كە ئیتر ڕێگەى پێ نادات بچێتە داخلى و لە داخلى دەرى ئەكات، تا لە سەر شەقامەكان بنوێت، وەك ئەوەى داخلى كچان موڵكى باوكى بێت، هەر هەمان ڕۆژ لە گەڵ ئەو دوو خوێندكارەدا سەردانى دكتۆر ڕەمەزان ڕاگرى فاكەڵتى پەروەردەمان كرد و لە كار و كردەوەكانى كاروان ئاگادارمان كردەوە، پێمان ووت زانكۆ چۆن قبوڵ دەكات كاروان بەم جۆرە سوكایەتى بە كچە خوێندكارێك بكات، تەنیا لە سەر داواى لێبوردن لە كوڕێك، هەڕەشەى دەركردنى لە داخلى لێ بكات، بە تەنیاش خۆم دكتۆر ڕەمەزانم تێگەیاند كە كاروان و چەند كەسێكى تر لە هەوڵى ناشرین كردنی مندان، دكتۆر سەربارى ئەوەى دانى نا بەوەى كاروان هەڵەى كردووە، دڵنیایى کردم، كە كاروان هەڵەى وا دووبارە ناكاتەوە، حەقى ئەوەى نىیە بەم جۆرە مامەڵە لە گەڵ خوێندكاراندا بكات و وتى: ڕەنگە بە هەڵە تێگەیشتن هەبێت و ئەوە كارێكى خراپە كردوویەتى .

سەرچاوەی سێكس كردنەكە چییە ؟
ڕۆژى 9/1/2012 لە ماڵپەڕى زانكۆ كورد (zanko kurd.org) هەواڵێك بڵاوكراوەتەوە لە ژێر ناوى لە زانكۆى گەرمیان دوو خوێندكار سێكس لە گەڵ كچە قوتابیەكدا دەكەن، لە هەواڵەكەدا هاتووە خوێندكارێكیان بەرپرسە لە كۆمەڵەى خوێندكارانى یەكێتى ، تۆ تەماشا ڕێكخراوێكى خوێندكارى كە پێویستە دیفاع لە خوێندكاران بكات ، ڕێكخراوێك كە پێویستە كادیرەكانى لە سەر پاكى و ڕێزگرتن لە حەرەمى زانكۆ و نەشكاندنى ئەو حەرەمە ڕابهێنێت، ڕێكخراوێك، كە ڕەنگە سەدان و هەزاران خوێندكارى كچ ئەندام بن تێیدا و بیانەوێ بە شێوەیەكى باش پەروەردە بكرێن ، کەچی پرۆپاگەندەی بێ منەما دەکەن، کە كادیرەكانى بە وتەى سایتی زانكۆ كورد، خەریكى سێكس كردنن لە ناو حەرەمى زانكۆدا، هەر دوا بە دواى بڵاوبوونەوەى هەواڵەكە كۆمەڵەى خوێندكاران لە زانكۆ كەوتنە خۆیان بۆ ئەوەى ئەم ڕووداوە شەرمهێنەرە لە كۆڵ خۆیان بكەنەوە و هەر چۆن بووە بیخەنە سەر خوێندكارێكى تر، بۆ ئەم مەبەستەش لە گەڵ مامۆستا كاروان ئەنوەر بەرپرسى كاروبارى خوێندكارانى زانكۆى گەرمیان كۆبوونەوە و مامۆستا كاروان دیارە ئەركى لابردنى لە سەر كۆمەڵەى خوێندكاران خستۆتە ئەستۆى خۆى و ویستوویەتى لەو ڕێگەیەشەوە ململانێى دێرینى خۆى لە گەڵ من یەكلایى بكاتەوە ، بۆیە بانگى هەمان ئەو كچە ئەكات و بە قسە و جنێوی ناشرین وەك (.... .... ..... و چەندین جنێوى سوكى تر) پێشوازى لە كچەكە ئەكات پێى ئەڵێت تەسویر و گرتەیەكى ڤیدیۆیى تۆمان لایە، كە لە گەڵ ڕێبین لە ناو حەرەمى زانكۆدا 6 ئەكەیت، ئەگەر دانى پێدا نەنێت و نەڵێت ڕێبین واى كردووە ئەوە بانگى ماڵەوەتان ئەكەم تا بتكوژن (ئەمە لە كاتێكدا گرتەى ڤیدیۆى 6ی نەبووە و نىیە بەڵكو گرتەیەكى ڤیدۆشی نىیە كە من و ئەو كچەى كە وەها سوكایەتى پێكردووە تەنها سێ خولەك بە یەكیشەوە وەستابین!)، كچەكە هەرچەندە ئەپاڕێتەوە لێى قسە بكات بە گو بخۆ و دەمت داخە و قسەى ناشرین لە ژوورەكەى دەرى یەكاتە دەرەوە و پێى ئەڵێت بڕۆ نەچیتەوە بۆ داخلى لە ماڵى ڕێبین بخەوە ، ئا ئەمەیە ئەخلاقى مامۆستایەكى زانكۆ كە لە پەناى حزبەوە هەستیارترین پۆست لە زانكۆدا وەرئەگرێت و بەم جۆرە سوكایەتى بە شەرەف و ناموسی خوێندكارانەوە ئەكات و هەتا ئێستاش لە ترسی دەستى حیزب و دەستە و گروپچێتى لە زانكۆدا كەس نەیتوانیوە لە گوڵێك كاڵترى پێ بڵێت، لە دواى ئەم كارە قێزەونە، لەسەر رەفتاری ئەم مامۆستاى زانكۆیە، من دوو جار سەردانى بەڕێز سەرۆكى زانكۆم كردووە بە شاهێدى چەند كەسێك داوام لێكردووە لێكۆڵینەوە لە وەها ڕووداوێك بكات، ئەگەر ئێمە كارى وامان لە ناو زانكۆدا كردبێت ئەوە ملمان لە موو باریكترە بۆ توندترین سزا و ئەگەرنا پێویستە ئەو مامۆستایە لە بەرامبەر تۆمەتەكانى ئەو هەموو سوكایەتیە بە شەرەف و كەرامەتمان ئیجرائاتى لە گەڵ بكرێ سەربارىی سەرقاڵییەكانى سەرۆكى زانكۆ زیاتر لە سێ سەعات هەموو كارەكانى ڕاگرتووە و گوێى بۆ گرتووم ، دواى ڕوونكردنەوەى هەموو شتێك تەنیا یەك داوام لێكردووە ئەویش ئەوەبووە گەر ڕاستە من كارى لەو جۆرەم كردووە توندیترین ئیجرائاتم بەرامبەر بكرێم ئەگەر درۆیە و نەشمكردووە پێویستە زانكۆ ئیعتیبارم بۆ بگەڕێنێتەوە و ئەو كەسە سزا بدات كە لە پشت ناشرین كردنمەوەیە.
دواى چەندین ڕۆژ دەستى بە دەستى پێکردن، لە ڕۆژى 18/1/2012 بە ڕەسمى سكاڵاى خۆمان دایە دەستى سەرۆكى سكوڵى پەروەردەى بنەڕەتى بۆ لێكۆڵینەوە لەم ڕووداوە ، هەر بە بیستنى ئەوەى ئێمە سكاڵامان كردووە زانكۆش بە ناچارى پێویستە ئەم مەسەلەیە بە لایەكدا بخات و چیتر لێى بێدەنگ نەبێت ، كاروان دەنگۆى ئەوەی بڵاوکردەوە، كە ئەو دەست لە كارئەكێشتێتەوە لە بەر ئەوەى گوایە بە پێچەوانەوە ئیجرائات بەرامبەر بە من ناكرێ كە ڕاستیەكەى ئەو خۆى سكاڵاى لە سەرە و ئیجرائات ئەبێت لە گەڵ ئەودا بكرێت بە تۆمەتى ئیستغلالكردنى پۆستەكەى بۆ دژی كچە خوێندكارێك، دروستكردنى تۆمەتى بێ بناغە بۆ سێ خوێندكار و سوكایەتى و جنێو و قسەى سووك ووتن بە كچە خوێندكارێك.
بۆیە لێرەوە هەر لە كوردستانپۆستەوە دڵنیایى ئەوەشى پێ ئەدەم كە نەك یەكێتى و حكومەت لە پشتى بێت، هەموو كورد پشتگیرى لە كارە قێزەونەكانى بكات، تا بە سزاى خۆى نەگات، ئێمە دەست لە داواكەمان هەڵناگرین، ئەگەر لە ناو چوارچێوەى زانكۆشدا ئیجرائات بەرامبەر بەم مامۆستا دڕندەیە نەكرێ ئەوا وەك ئەوە وایە لە دەرەوەى زانكۆ سوكایەتى پێكردبێتین و لە ڕووى كۆمەڵایەتىیەوە كێشەكەى لە گەڵ یەكلایى ئەكەینەوە.
جا ئومێدم وایە سەرۆكایەتى زانكۆ بۆ خۆى بتوانێت وەها كێشەیەك یەكلایى بكاتەوە، هەرچەندە بە زارەكىی و بە نووسراویش زانكۆمان لە بێ تاوانى خۆمان ئاگاداركردۆتەوە و داواى لێكۆڵینەوەمان كردووە، جارێكى تریش لە كوردستانپۆستەوە بە هەموو لایەك و لە پێشیانەوە سەرۆكایەتى زانكۆ ڕائەگەیەنم، كە من نەك هێڵى سور نییم، بەڵكو ملم لە موو باریكترە بۆ هەموو ئیجرائاتێك لە بەرامبەر هەر هەڵە و كارێكى خراپدا، ئەگەر كردبێتم و لە مافى خۆشم خۆشنابم و لە هیچ كەسیشى قبوڵ ناكەم سوكایەتى بە شەرەفى خۆم و ماڵ و مناڵم بكات و بە توندترین شێوە ڕووبەڕووى دەبمەوە، ئەگەر ئیجرائاتى پێویستى بەرامبەر وەرنەگیرێ .

ئامانج لە ناوهێنانى مەحمود سەنگاوی بۆ چیە ؟
سەبارەت بە سی ڤى و ژیاننامەى من،كاكى بە ناو قوتابى زانكۆ ئەزانێت درۆ باجى لە سەر نىیە، بۆیە بە ئارەزووى خۆى درۆى كردووە و بوختانی بۆ هەڵبەستووم، من خۆم بە شەرەفمەند ئەزانم یەكێك بووم لە سەرپەرشتیارانى بزوتنەوەیەكى ڕادیكالى، كە لە دواى 2003 ەوە لە كەلار سەرى هەڵدا دژ بە نایەكسانى و نەبوونى عەدالەتى كۆمەڵایەتى و سیاسەتكردنى هەڵە و گەندەڵى و خراپ بە كارهێنانى دەسەڵات و نەبوونى ئازادیى لە كوردستاندا و ئەو ڕۆژانەى ژیانم بە پرشنگدارترین ڕۆژەكانى تەمەنم ئەزانم و تا ئێستاش لە سەر هەمان ڕێچكە خۆم لە سەنگەریى داواكردنى خواست و داواكاریەكانى خەڵكدا ئەبینمەوە، ئامادەم بە خوێنم باجى كردەوەكانم بدەم و لە هەموو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەكانى گەرمیاندا لە سەنگەرى خەڵكدا بووم، ئەوە من نیم لە دەزگا توقێنەر و جاسویەكاندا بم، ئەو بە ناو قوتابى و سیخوڕەیە كە بە شێوازى نوسینەكەیا دیارە پێ ئەچێت دەزگا جاسوسیەكانى حزب باش بۆ چەواشەكاریى و درۆكردن پەروەردەیان كردبێت، من بە حەقى خۆم لە كۆلێژى پەروەردەى كەلار وەرگیروام و نەك خوێندكارێكى فاشیل نییم، بەڵكو یەكێكم لە خوێندكارە یەكەمەكانى بەشەكەم و دواى ئەوەى خوێندنەكەم دوو ساڵ دواخستووە بە مافى خۆم گەڕاومەتەوە بۆ زانكۆ و ئەو كاتەش گەڕاومەتەوە بۆ زانكۆ دكتۆر بەهرۆز جاف ڕاگرى كۆلێژى پەروەردەى كەلار نەبووە و دكتۆر ڕەمەزان بووە ، ئەگەر واش نییە، ئەوە با ئەو بە ناو قوتابی زانكۆیە بەڵگەی فەسڵ یان تەرقین قەیدكردنم بخاتە ڕوو خوێنەرانى كوردستانپۆست شاهێد بن دەستبەردارى خوێندنەكەم ئەبم، سەبارەت بە پەیوەندیم لە گەڵ بەڕێز مەحمود سەنگاوى من ئەفسەرم لە نێو هێزى پێشمەرگەى كوردستان، نەك پاسەوانى كاك مەحمود سەنگاوى و جگە لە پەیوەندیى كۆمەڵایەتى دوور و نزیك هیچ پەیوەندییەكى حیزبى و عەسكەریم لە گەڵ بەڕێزیاندا نىیە و كاكى بە ناو قوتابى زانكۆ تەنیا بۆ ڕەواجدان بە درۆنامەكەى ناوى ئەوى تێكەڵ بە باسەكە كردووە و واى نیشانداوە ئەو پشتگیرم ئەكات و من پاسەوان و ئەفسەرم لە لاى ئەو، بۆیە بووم بە هێڵى سوور، ئەمە لە كاتێكدا بەڕێز مەحمود سەنگاوى لە من و هیچ كەسوكارێكى ترى قبوڵ ناكات بە ناوى ئەوەوە خراپەكارى بكەن و نمونەش من بەر لە هەموو كەس خۆم چوومەتە لاى سەرۆكى زانكۆ و داوام كردووە، گەر تاوانم كردووە ئیجرائاتم بەرامبەر بكەن، بۆ مێژوو ئەوەش ئەڵێم بە قسەى مامۆستایانى زانكۆ جگە لەوەى مەحمود سەنگاوى شەڕى ئەوەى كردووە زانكۆیەك لە گەرمیان بكرێتەوە ، لە یەكەم ساتى كردنەوەشیەوە تا ئێستا بچوكترین تەداخولى لە كارى ئەو زانكۆیەدا نەكردووە و ناشیكات، جارێكى تریش هەموو لایەك بە سەرۆكایەتى زانكۆشەوە دڵنیا ئەكەمەوە من خۆم بەرپرسی هەموو كار و كردەوەكانى خۆمم و نە كاك مەحمود و نەهیچ كەسێكى ترى بنەماڵەكەم بەرپرس نین لە هەر هەڵە و تاوانێك ئەگەر ئەنجامى بدەم ، ئەوان نەك پشتیوانیم ناكەن، بەڵكو گەر سەرۆكایەتى زانكۆ و مامۆستا كاروان بیسەلمێنن كە كارى وام كردووە نەك سەلماندن هەر جورئەت بكەن بە ناوى خۆیانەوە بڵێن كارى واى كردووە ئەوا سزاى بنەماڵەكەم بەرامبەر بە من لە دژم زۆر لە سزاى زانكۆ قورستر ئەبێت،
ئەوەى پەیوەندى بە مەحمود سەنگاوییەوە هەیە كاكى قوتابى زانكۆ بێ ویژدانانە ویستویەتى بە كارێك ناشرینى بكات كە نە كردوویەتى و نە ئامادەشە ڕۆژێك لە ڕۆژان ئەنجامى بدات كە ئەویش تەدەخولكردنە لە كاروبارى زانكۆدا ،ئا ئەمەیە ئەمگەیەنیتە ئەو بڕوایەى ئەم بابەتە جگە لە ڕقى شەخسى و بوختان و درۆ هیچى تر نىیە .

كۆتایى:
لە كۆتاییدا هیوادارم سەرۆكایەتى زانكۆ زیاتر لەمە بێدەنگى هەڵنەبژێرێت و ڕێگە نەدات هەر كەس هەڵبسێت بە بێ زانیاریى و بەڵگە هەوڵى ناشرینى كردنى كەسەكان بدات، پێویستە هەرچى زووترە ڕاستى ئەم ڕووداوە بۆ هەموو لایەك ئاشكرا بكات و هیچ شەرم لەوە نەكات كە مامۆستایەكى بە دەسەڵات لە ناو زانكۆكەدا ئاستى مەعریفى و مۆراڵى ئەوەندە نزمە كردەوەى لەم جۆرە ئەنجام ئەدات، حەقە زانكۆ لە مامۆستا كاروان بپرسێت ئەگەر دەستدرێژى كراوەتە سەر كچێك خۆ پێویستە ئەو كچە دیار بێت كە دەستدرێژى كراوەتە سەر، بەڵام گرفتەكە ئەوەیە نەك دەستدرێژى نەكراوەتە سەر هیچ كچێك بەڵكو ئەیەوێ لە ڕیچگەى نوسین بە ناوى خوازراوە باسەكە بەلاڕێدا ببات و خۆى لە ئیجرائات بدزێتەوە ، بێدەنگ نەبوون لە ڕووداوێكى لەم جۆیە بۆ بەرەو پێشبردنى ئەم زانكۆیەیە ، چونكە ئەركى هەموو كەسێكى بە هەڵوێستە هاوكارى سەرۆكایەتى زانكۆ بن بۆ پێشكەوتنى زانكۆ و دەستنیشانى كارە خراپەكانى نێو زانكۆ و دیاریكردنى مامۆستا و فەرمانبەر و خوێندكارى خراپ و ئیجرائات كردن بەرامبەریان ئەركێكى پیرۆزە بە ئاراستەى بەرەو پێشبردنى زانكۆ.

هیوادارم هەر لەو چوارچێوەیەشدا ئەم مەسەلە بە لایەكدا بخرێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە