ئەمریکا و ڕوسیا و گەڕاندنەوەی ناوچەکە بۆ خاڵی سفر


راگەیاندنەکانی گۆڕان ریکلام بۆ ئیتلاعاتی ئێران دەکەن، رۆڵی گەریلا و یەپەکەش فەرامۆش دەکەن

Thursday, 09.25.2014, 12:00

1528 بینراوە


سایتی سبەی، کە زمانحاڵی بزووتنەوەی گۆڕانەوە و بەپێی سیاسەتی ئەو حیزبە هەواڵ و نووسین و راپۆرتەکان دادەڕێژێت، زۆربەی کات خودی نەوشیروان موستەفاش رێنماییان دەکات و شێوازی داڕشتن، هەروەها پەخشی راگەیاندنەکانیان بۆ ئاڕاستە دەکات. ئەمڕۆ بەناونێشانی (هێزی‌ ئاسمانی‌ ئێران: ئه‌گه‌ر قاسم سلێمانی‌ نه‌بوایه‌، داعش كوردستانی‌ ده‌گرت) هەواڵێکی بڵاوکردۆتەوە، کە بۆ من بووە جێگای سەرنج، دیوێکی تری ناپاکی ئەو بزووتنەوەیە و راگەیاندنەکەی بۆ ئاشکراکردم، پێش ئەوەی قسە لەسەر ئەمە بکەم، با لێرەوە دەستپێبکەم و بڵێم:
ئەو بزووتنەوەیە کاتێک خۆی دروست کرد، وای پیشاندا کە دەیەوێت پارتیی و یەکێتیی  لە دەسەڵات لابەرێت، بۆیە وەک ئۆپۆزیسیونێک هاتە پێشەوە، گوایە ئەم دەیەوێت ئەو دوو حیزبە لە دەسەڵات دوور بخاتەوە و کودەتای سپییان بەسەردا بکات، بەم هۆیەوە توانی هەستی جەماوەر و خەڵکی کوردستان بۆ لای خۆی رابکێشێت، خەڵکیش چاوپۆشییان لەوە کرد، کە نەوشیروان مستەفا بۆ خۆی لە ناو یەکێتییدا خاوەنی مێژوویەکی تاریکە، لەگەڵ ئەوەشدا میللەت دڵی خاوێن و لێبوردەیی هەبوو، ئەمانەیان لە یاد کرد و بڕیاریان دا لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ نەوشیروانی کۆنە یەکێتیی و رابەری نوی ئەو بزووتنەوەیە هەڵبدەنەوە، چاوەڕوانی ئەوە بوون، ئیتر نەوشیروان دەستنوێژی وەفا و میهرەبانی لەناو خەڵکدا دەشوات و بڕیار دەدات میللەتەکەی خۆی خۆش بوێت و چیدی نەچێتەوە بەلای یەکێتیی و تالەبانیی و ئەو وڵاتفرۆش و ناپاکانەدا، داوای لێبوردن بۆ رابردوو دەکات، ئیتر ئەو تەمەنە کورتەی ماوێتی بە جوانی دەیباتە سەر و  خۆی خاوێن دەکاتەوە. کاتێک موسوڵمانێک دەچێتە حەج و تۆبە دەکات، بە دوایدا کە دەگەڕێتەوە ئەو تەمەنەی ماوێتی بە خواپەرستیی و نوێژکردنەوە بەسەر دەبات و لە کاری خراپەکانی رابردووی دوور دەکەوێتەوە، هەرچەندە ئەو گردەی داگیری کردووە، پیرۆز نییە، بەڵام خەڵکەکە پیرۆزیان کرد، ئەو بزووتنەوەی دروستی کرد، خۆشیان ویست و بە دەنگیەوە چوون، لێ مەخابن پێچەوانەوەکەی راست دەرچوو.
ئەمڕۆ گۆڕان و خودی نەوشیروان مستەفا، نەک لە یەکێتیی دوورکەوتۆتەوە، بەڵکو خراپتر بۆتە دۆستی هەرە نزیکی بنەماڵەی خیانەتکاری بارزانیی و لەگەڵ سیاسەتی ئەودا جووت و راو دەکەن. ئەو هەموو نووسینانەی نەوشیروان لەسەر ئەم بنەماڵەیەی نووسیبوو، ئەو هەموو قسەیەی کە پێی دابوون و نهێنییەکانی هەڵدابوونەوە، هەمووی فەرامۆش کرد و بە پێچەوانەوە کەوتە رەفتار کردن، ئەو قسە و کردارانەی کە لە ناو گۆڕاندا کردی لە یەکتر دوور کەوتنەوە، ئەمڕۆ ئەوەندەی لە کۆمپانیا و  بازاڕ و مۆڵ و بازرگانەکان نزیک بۆتەوە، دە ئەوەندە لە خەڵک و خاک و میللەت دوورتر کەوتۆتەوە. باکی نییە و  ویژدانی ئازاری دەرونی نادات.

سایتی سبەی هەواڵیکی بڵاوکردۆتەوە، دەیەوێت بڵێت گوایە ئه‌گه‌ر قاسم سلێمانی‌ نه‌بوایه‌، داعش كوردستانی‌ ده‌گرت، ئەمە لە کاتێکدا هەموو خەڵکی کوردستان دەزانن، بەتایبەت خەڵکی شاری هەولیر، کە ئەگەر گەریلاکانی پەکەکە و یەکینەکانی یەپەکە نەبوونایە، چەتەکانی داعش لە مەخمور دەمانەوە و بەرەو هەولێریش دەهاتن، ئەوەبوو فڕۆکە ئەمەریکییەکان بەهاناوە هاتن و داعشیان دوور خستەوە، راستە ئێرانییەکان و یەکێتییەکان لەو ناوەدا بوون، بەڵام رۆڵی ئەوان ئەوەندە نەبوو، بگوترێت قاسم سلێمانی‌ نه‌بوایه‌، داعش كوردستانی‌ ده‌گرت. ئەوان تەنها ژمارەیان  ٦٠بۆ ٧٠ کەس دەبوو، لە شەڕێکی ئاوادا چۆن قاسم سلێمانی‌ دەتوانێت داعش لە كوردستان دووربخاتەوە؟
سایتی سبەی، یان یاخود راستەوخۆ بڵێین بزووتنەوەی گۆڕان بۆچی لێرەدا ریکلام  بۆ ئێرانییەکان دەکات؟ بۆ خۆی دەکاتە دەنگ و بووقی راگەیاندنی ئێرانی؟ بۆ دەیەوێت راستەمێژوویەکیان بشێوێنێت و لایەنێکی دوژمن بکات بە خەمخۆری کورد، گوایە ئەمان خەڵکی کوردستانیان لە دەست داعش رزگارکردووە؟ یان بۆچی پەکەکە لەو رۆڵە نێشتیمانیی و نەتەوەییە دوور دەخەنەوە!؟ ئەمانە کۆمەڵێک پرسیارن، وەڵامی دوور و درێژ هەڵدەگرێت، لێ ئەوەی پێویستە ئاڕاستەی ئەم بزووتنەوەیە و خودی نەوشیروان بکەین، ئەوەیە کە خۆی و بزووتنەوەکەی تەمەنیان کورتە، ئەوەی لە بەرەی گەل دوور بکەوێتەوە نە تەمەنی نوحی دەبێت، نە خاوێنی  و پاکژیی مەریەم بە باڵایا دادەبڕێت، تەمەنی گٶڕان وەک مێژووەکەی چەند هەنگاوێکە،  ئیستا ئێوە لای پارتیی ژیان دەبەنە سەر نەک لای میللەت، پارتی دەتانلاوێنێتەوە، ئێران لە ئامێزی گرتوون، تا لە سلێمانی جێگاتان پێ شلۆق نەبێت. مۆمەکەی گۆڕان رووناکی دا بە ماڵ و منداڵی نەوشیروان، نەوشیروان بۆیە ئەمەی کرد، تا ئەو بازاڕ و دوکانەی لە دوای خۆی بەجێی دەهێڵێت وەک هەموو بەرپرسەکانی دیکەی کورد، مناڵەکانی ئەمیش پێی ببنە بازرگانی سیاسەت و دۆلار، خۆیان دەوڵەمەند بکەن و بە ئاسودەیی لە سەر لاکی نەتەوەیەک بژین.

سەرنجێکی گرنگ: ئەو هەواڵە نەک تەنها لە سایتی سبەی، بەڵکو میدیا بەناو ئەهلییەکانیش بە هەمان شێوە بایەخیان پێداوە، بەڵام من  سایتی سبەییم بە نمونە هێنایەوە، چونکە سایتێکی حیزبییە و لە ئیستادا ئاڕاستەکان بەرەو مەترسیدارتر دەبات.
http://sbeiy.com/Detail.aspx?id=35475&LinkID=4


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)