دەسەڵات و ئاین بەرپرسی یەکەمن لە کوشتنی ژناندا!

Monday, 26/05/2014, 12:00

1729 بینراوە






من گومانم لە مرڤ بوونی خەڵکی هەرێمی باشوری کوردستان هەیە. ماوەی 22 ساڵە لەو کۆمەڵگایەدا ژن دەکوژرێت بە شێوازی جۆراوجۆر. ئاخۆ گەر کۆمەڵگای ئێمە نزیکایەتی هەبوایە لەگەڵ ڕەگی مرۆیی بووندا،نەدەکرا کۆتایی بەو ژن کوژانە بهێنرێت؟ لێرەدا مەبەستم ئەو کۆ فەرهەنگ و کەلتورە کێویەیە کە پیاوی کورد هەڵگریەتی و هەرکەی تووشی دەمار گیری بوو زۆر بێباکانە ژنەکەی یان کچەکەی دەکوژێت،بێ ئەوەی تووشی دڵە ڕاوکێ و تێڕامانێک بێت بەرانبەر بە ئەنجام دانی ئەو تاوانەی پێی هەڵدەستێت. ئاخۆ گەر نوێنەرانی خەڵک لە پەرلەماندا لە توخمی مرۆڤی تەندروست و گونجاون بۆ کەلتوری کۆمەڵگایەکی مەدەنی،ئەوە خێرە لە ساڵی 1992 تا ئێستا نقەیەکیان لێوە نەهات بەرانبەر بەو کۆ تاوانەی ڕۆژانە ئەنجام دەدرێت بەرانبەر نیوەی کۆمەڵگا؟ ئاخۆ دەسەڵاتی کوردی هەرێمی باشوری کوردستان بۆ خۆی بەشێک نیە لە نێو درێژەدان بە مانەوەی کەلتوری ژن کوژی لە کۆمەڵگادا؟ خۆ ئەگەر وا نەبێت، ئەوا دەبێت تواناو ئیرادەی ئەو دەسەڵاتە لە کوێدایە کە ڕۆژانە بەرەی ژن کوژان لە زیاد بووندایە؟ بۆ دەبێت دەسەڵات توانای ئەوەی هەبێت ژێر زەوی کوردستان کۆنترۆڵ بکات لە پێناو گیرفان پڕ کردنیدا، بەڵام ناتوانێت فەرهەنگ و دڕندایەتی پیاوسالاری ژن کوژی کۆنترۆڵ بکات و ئەو دیاردە نامرۆییە ڕیشەکێش بکات لە نێو دید و هزری تاک بە تاکی عەقڵیەتی ڕەگەزی نێرینەدا؟ ئاخۆ گەر ئاین بەشێک نەبێت لە کەلتوری دواکەوتوانە کە ژن بە نێوە و زەعیفول عەقڵ تەعبیر دەکات، نەدەکرا پیاوی کورد زیاتر بۆخۆدا بهاتایەتەوە و هەستی بەوە بکردایە کە ژنیش وەک ئەو مرۆڤێکە و دەکرێت لە کۆی مافە مرۆییەکاندا بونی هەبێت و خاوەن بڕیاری خۆی بێت؟ ئاخۆ گەر دەسەڵات بەرژەوەندی نەبێت لە مانەوەی ئایندا، بۆ ئامادە نیە ئاین دەربکات لە نێو یاساو ڕێساکاندا و لە جێگای ئەو ئەحکامە دینیانە، بە یاسای مرۆیی جێگەی پێبگرێتەوە؟
دەسەڵات و حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی باشوری کوردستان، گەر زەڕەیەک ئاستی وشیاری مرۆڤ بوونیان تێدا بوایە، دەبوا دیکتاتۆریە ناڕەواکەی خۆیان کۆتایی پێ بهێنایەو لە جێیدا دیکتاتۆریەتێکیان بخستایەتە جێی کە ئەو فەرهەنگە ژن کوژیەی پێ ڕیشەکێش بکردایە؟ دڵنیام دەسەڵات دەتوانێت بەو کارە هەستێت، بەڵام چونکە ئەو هێشتا خەمی لای بلۆکە پارەکانێتی تا زیاتر شوراکەی پێ بڵند تر پێ بکاتەوە، کوا خەمی لای بە لم کردنی ئەو بلۆکانەیە کە ڕۆژانە دەدرێتە جەستەی دوعاکاندا؟
جێگای خەمێکی گەورەیە کۆمەڵگای ئێمە بەو ئەندازەیە خۆی خزاندۆتە نێو کەلتووری دەرچون لە پێگەی مرۆیی بونی و ڕووی وەر گێڕاوە بۆ خزانی بۆ نێو دەریایی چڵپاو و بۆ گەنی. نە دەسەڵاتی پیاو سالاری ئاین پەرستی مووسڵمانی کوردی جێگای ڕێزە، وە نە ئەو کۆمەڵگایەش ڕۆژانە ژن بەبەرەو چاویەوە خەڵتانی خوێن دەکرێت و بێ دەربەستانە و بێ ئەوەی ئاوڕێک لە خۆی بداتەوە ملی ئایندەیەکی کوێری گرتۆتەبەر. ئەمەی دەینووسم تەنها تووڕەبونێکی ساتەوەختی نیە، بەڵکو توڕەبوونێکە، بەرهەمی ئەو کۆ مەرگەساتەیە ڕۆژانە گوێ بیستی دەبم لە نێو میدیاکان و لاپەڕەی ڕۆژنامەکانەوە. ئەی نوێنەرانی پاراستنی بەناو بەرژەوەندیەکانی کۆمەڵگا لە پەرلەماندا ئێوە ئاگاتان لەو کۆ تاوانانە نیە ڕۆژانە دەرهەق بە ژنان دەکرێت؟ یان ئێوە تەنها نوێنەری گیرفانەکانتانن؟ کوا هیمەتێ؟ کوا جوامێریتان لەوەی بەرگری لە ئازادی و یەکسانی نێوان ژن و پیاوان بکەن لە کۆمەڵگادا؟ بەڕاستی شەرمە بۆتان، هەر لە سەرۆکی پەرلەمانەکەتانەوە تا دەگات بەیەک بە یەکی ئێوەی بەناو نوێنەری خەڵک.
شەرمە بۆ ئەو سەرۆکە گەنجەی حکومەت و جێگرە گەنجەکەی کە وا دەردەخەن دەبن بە سیاسەت وانێک ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی بکەن لە پەروەردەی باوی کۆمەڵگادا، کەچی بێ ئەوەی هەنگاوێکی جوامێرانە بنێنن، ئێوەش هەر وەک باوانتان لە سیاسیە پیرەکان، هەر خەریکی پڕ کردنی گیرفانەکانتانن و بلۆکە پارەی تێ دەکەن. بڕوا بکەن گەر من لە جێگەتان بوومایە، یان دیاردەی ژن کوژیم بن بڕ دەکرد یان خۆم دوور دەخستەوە لە هەر بەر پرسیاریەتیەک. ئێوە دەسەڵاتان هەیە، مێژوو تەنها مرۆڤە بەڕێزەکان لە نێو هەگبەی خۆیدا جێ دەکاتەوە. مرۆڤە بەڕێزەکان ئەو کەسانەن کە توانای کاری مەزنیان هەبوە و توانیویشیانە کەلتوری دواکەوتوانە لە نێو کۆمەڵگادا بنەبڕ بکەن. ئەی ئێوەێ دەسەڵاتدار لە ماوەی 22 ساڵی دەسەڵاتی نێو شاردا توانیتان کامە کەلتوری دواکەوتووی ناو کۆمەڵگای کوردستان ڕیشەکێش بکەن؟ ئاخۆ شەرم لە خۆتان ناکەن بە خۆتان بڵێن دەسەڵاتدار و خاوەن کەسایەتی بەرپرسیار؟ من زۆرجار وام لێدێت شەرم لە خۆم بکەم لەوەی کوردم، کاتێک وە لە ماوەی 22 ساڵی دەسەڵاتی کوردیدا -تەنها توانی پیاوی ژن کوژ و مرۆڤ کوژ بەرهەم بهێنێت!؟


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە