کوردێکی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بەسەرهاتی ژیانی خۆی دەگێڕێتەوە

Friday, 09/01/2015, 12:00

19425 بینراوە


ئامانج بێجانی گفتوگۆی لەگەڵدا کردووە.
دوای ئەوەی زانیم ئەندامێکی کوردی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام )داعش)هاتۆتە وڵاتێکی ئەوروپی و داوای مافی پەنابەری کردووە بە چاکم زانی گفتوگۆی لەگەڵدا بکەم .دیارە سەرەتا ئاسان نەبوو، بەڵام ئەو کەسەی بە منی ناساند لە زووەوە دەیناسی و دەیزانی چۆتە سوریا و لە ڕیزی ئەو ڕێکخراوەدا کاری کردووە. زۆر شتی تری لە بارەی ژیانیەوە دەزانی کە سەرنجڕاکێش بوون. کەسێکی تریش وەک پەناهەندە لە ڕووی ئیدارییەوە هەندێک هاوکاریی فەرمیی کردبوو و بە نهێنیی ژیانی دەزانی، بۆیە ئەو دڵنیای کرد کە ئەمە تەنیا هەر بۆ گفتوگۆیە، ناوی ڕاستەقینەی ئاشکرا ناکرێت و بە خوێنەر ناوترێت خەڵکی کام شاری باشووری کوردستانە بەڵکو دەبێت دڵنیا بێت نهێنییەکانی ناگەنە هیچ یەکێک لەو شوێنانەی کە مەترسیی بۆ دروست دەکەن .لەجیاتی ناوەکەی دوو پیتی )دا)م بۆ داناوە. ساڵەکانی بە کۆچی وتووە و من بۆ زایینیم وەرگێڕاون، بۆ ئەوەی خوێنەر لێی تێک نەچێ .هەوڵم داوە بەپێی پێویست هەموو ئەو وشە عەرەبیانەی ئەو بەکاری هێناون بۆ کوردی بگۆڕم، بێ ئەوەی بهێڵم مانای وتەکانی تێکبچن.

ئامانج: دەتوانی بە کورتی چیرۆکی سەرەتای ژیانی خۆتمان بۆ بگێریتەوە؟
(دا): ژیانی من هەر لەسەرەتاوە پڕە لە ناخۆشی بەڵام زۆر بە بەشی خۆم شوکورم چونکە ئەوە خوای گەورە هەر خۆیەتی دەزانێ من دەبێت چۆن بژیم .دەزانم ئەو خراپانەی هاتوونەتە ڕێم لەبەر گوناهی خۆمە و دەبێت بە نوێژ و تاعەت پاکیان بکەمەوە .خوادای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرمووێ (ما اصابك من حسنة فمن الله وما اصابك من سيئة فمن نفسك.).

ئامانج: بە منداڵی چۆن ژیاویت؟ دەکرێ بە کورتی بۆمان باس بکەیت؟
(دا): لە شارۆچکەیەکی نزیک (.....) لەدایک بووم .دایکم نەخوێندەوار، باوکم هەندێکی خوێندبوو. ئێمە چوار منداڵ بووین .دوو براو دوو خوشک .من لە هەموویان گەورەتر بووم .تەمەنم نزیکەی دوانزدە ساڵ بوو کە باوکم کۆچی دوایی کرد.

پرسیار:باوکت بەچی کۆچی دوایی کرد؟
(دا): . ساڵی ١٩٩٩سەتەڵایتمان کڕی .باوکم دەبوایە لە سەربان بیبەستێت.قاچی خزاو کەوتە خوارەوە . ئێمە هەر پێنجمان بەدیاریەوە حەپەساین و نەماندەتوانی هەڵیبگرینەوە .دراوسێکان هاتن بەڵام باوکم سەری تەقیبوو .ئێستاش جۆگەلەی خوێنەکەم لەبەرچاوە چۆن لەو حەوشەیە دەڕۆیشت. 

ئامانج: لەو سەردەمە ژیان بە هۆی ئابلۆقەی ئابووری و پاشماوەی شەڕی حیزبەکانەوە زۆر سەخت بوو .ئێوە چۆن بەبێ باوک دەژیان؟ کێ بەخێوی دەکردن؟
(دا): باوکم لە ژیاندا خەریکی قاچاغچێتی بوو .شتومەکی بۆ ئێران دەبرد و لەوێش شتومەکی دەهێنا . ژیانمان لەچاو هی خەڵک باش بوو .هەندێک پارەشی لەدوا جێما .هەندێک قەرزی لای پیاوێکی پشدەری بوو بەڵام زۆر هەوڵمان دا نەیداینەوە .بەرپرسێکی یەکێتیش کە پورزای دایکم بوو ویستی بۆمان وەربگرێتەوە بەڵام ئەو پشتی بەهێزتر بوو و نەیداینەوە .دایکم هەندێک پارەی لابوو .شتومەکەکانی ناو ماڵیشی زۆر فرۆشت لەوانە سەتەڵایتەکە .هەموو پارەکەی دایە مامم بۆ ئەوەی ئیشیان پێ بکات .ئەویش لە بەغدا شتی پێ کڕیبوو بۆ ئەوەی لای خۆمان بیفرۆشێتەوە بەڵام شتومەکەکان گیران و هیچمان نەما . خوشکە بچووکەکەشم کە نزیکەی دوو ساڵ بوو تووشی نەخۆشی بوو و مرد.

ئامانج: ئەو مامەت هیچ بەڵگەیەکی هەبوو کە ئەو قسانەی ڕاستن و پارەکەی لێ نەخواردوون؟
(دا): بەڵێ مامم خراپەی ئێمەی نەدەویست بۆیە زۆر بەوە خەفەتبار بوو. 

ئامانج: دوای ئەوە ئەو مامەت نەیویست هاوکاریتان بکات؟ ئایا ئێوە هەر ئەو مامەتان هەبوو؟ خزم و کەسی ترتان نەبوو ئاگایان لێتان بێت؟
(دا): ئێمە خزم و کەسمان هەبوو بەڵام هەموو هەژار بوون .ئەو سەردەمەش گوزەرانی زۆربەی خەڵک خراپ بوو .ئەوانیش لە ئێمە چاکتر نەبوون .ئەو مامەم لە باوکم گەورەتر بوو .ژنیشی هەبوو .ئەوسا خاوەنی پێنج منداڵ بوو .دوای مردنی باوکم دایکمیان لەو مارە کرد کە ئەمە بۆ من زۆر ناخۆش بوو.

ئامانج: بۆچی ناخۆش بوو؟ تۆ ڕقت لە مامت بوو؟
(دا): نەخێر مامم زۆر خۆش دەویست .ئەگەر بڵێم ئەوم لە باوکمم زیاتر خۆش دەویست درۆ نییە بەڵام نەمدەتوانی باوەڕ بهێنم ببێتە مێردی دایکم، بۆیە نەمدەویست بەیەکەوەیان ببینم .نەمدەتوانی ئیتر . پلانم دادەنا نەک ماڵەکە، بەڵکو شارەکەش جێبهێڵم ، لەو ماڵە بژیم

ئامانج: دایکت خۆی ویستی دوای مردنی باوکت شوو بە مامت بکات یان خزم و کەس ناچاریان کرد؟
(دا): نا، دایکم قەت نەیدەویست شوو بکاتەوە، بەڵام نەنکم ئاوای پێ باش بوو .لەوەش ناخۆشتر هەر ئەو ڕۆژە نەنکم کە هاتبوو لای ئێمە بژی لە پشتی پیکابێک کەوتە خوارەوە و مرد .خوا لێی خۆش بێت.

ئامانج: وا تێدەگەم نەنکت ویستوویەتی ئیتر ئێوە لەگەڵ ئەو بژین و دایکت و مامیشت لەوێ. وایە؟
(دا): بەڵێ، مامم دایکمی بردە لای خۆی و لەگەڵ مامۆژنم و منداڵەکانی دەژیان، بەڵام دوای مردنی نەنکم ناچار بووین هەموومان بەیەکەوە بژین کە ئەمە زۆر ناخۆش بوو .ڕاستە ژووری نەکم بۆ ئێمە مایەوە بەڵام خانوویەک بەشی هەموومانی نەدەکرد و گوزەرانمان هەر لە سەرەتاوە خراپ بوو .مامم خانووەکەی ئێمەی فرۆشت بۆ ئەوەی ئیشی پێ بکات.

ئامانج: تۆ وتت نەتدەویست لەگەڵیان بژیت، بەڵکو دەتویست بۆ شارێکی تر سەرهەڵبگریت؟ ئەمەت کردە ڕاستی؟ ئایا هیچ شارێکت لە خەیاڵی خۆتدا وێنە کێشابوو؟
(دا): بەڵێ، دەمویست بچمە شاری (......)چونکە دوو پوورزام لەوێ دەژیان و ئیشیان دەکرد. یەکێکیان بەهۆی ڕووداوی مینەوە دەستێکیشی لە ئانیشکەوە قرتابوو، بەاڵم زۆر زیرەک و وریا بوو ، خزمەکان دەیانوت لەژێر بەردیش بێت نانی خۆی پەیدا دەکات. ئەوان لە من گەورەتر بوون. هەموو جارێ کە دەهاتنەوە باسی ئەوەیان بۆ دەکردم ژیان لەوێ زۆر باشترە. ئەو کاتەی بڕیارم دا بچم لە شاری (....) بژیم سیانزە ساڵ بووم، بۆیە زەحمەت بوو، بەاڵم بەهاری ساڵی ٢٠٠٢ بە دایکمم وت دەچم لە (......) ئیش دەکەم. ئەو یەکەمجار پێی باش نەبوو بەاڵم دوایی وتی بەمەرجێک لەو پوورزایانەت دوور نەکەویتەوە. دەبێت ئەوەش بڵێم من لەدوای مردنی باوکمەوە وازم لە قوتابخانە هێناو خەریکی دەستفرۆشی بووم بۆیە چاوم کرابۆوەو دایکم دەیزانی دەتوانم خۆم بەڕێوە بەرم.

ئامانج: لە شاری (...) چۆن دەژیایت؟
(دا): پورزاکانم هەر لە یەکەم ڕۆژەوە بردمیانە لای سەرتاشێک و کردمیانە شاگرد .کوڕێکی گەنجی خانەقینی بوو .زۆر ڕووی خۆش بوو، بەڵام پارەیەکی وای نەدەدامێ، کە پێی بژیم، بەڵام دەیوت هەر بەخشیشێک وەربگریت بۆ خۆت و من لێت ناستێنم .پێچەوانەی سەرتاشەکانی تر بوو، کە پارەیەکی کەمیان دەدایە شاگرد و بەخشیشەکانیشیان لێ دەسەندن .من ئەرزەکەم بۆ گسک دەدا و جلوبەرگی ئەوانەم بە خاولی دەتەکاند، کە تەواو دەبوون .هەر لەبەر ئەوەیش بەخشیشیان دەدامێ. 

ئامانج: ئینجا تۆ بەو بەخشیشە دەژیایت؟
(دا): درۆ ناکەم بۆ من بەخشیشەکە زۆر لەو پارەیە زیاتر بوو کە وەستاکەم دەیدامێ .دەمتوانی لێی پاشەکەوت بکەم و بۆ دایکمی بنێرم .چونکە لەگەڵ پورزاکانم دەژیام پارەیەکی زۆر کەمم دەدایە کرێی ژوور کە لە گەڕەکێکی نزیک بازاڕ گرتبوویان. 

ئامانج: بۆچی پارەت بۆ دایکت دەنارد؟ ئەی ئەو مێردی نەبوو؟
(دا): با ئەوەشت پێ بڵێم .دوای چەند مانگێک مامم دایکمی تەڵاق دا، گوایە لەگەڵ ئامۆژنم ڕێک ناکەون و هەموو ڕۆژێک هەر شەڕە . منداڵەکانیش دەچوون بە گژ یەکدا و خەڵکی گەڕەک دەهاتن سەیریان دەکردن .من دوایی زانیم مامم لەسەر قسەی نەکم دایکمی مارە کردۆتەوە بۆ ئەوەی ماوەیەک بەیەکەوە بن و ئینجا تەڵاقی بدات تاکو ئیتر بیر لە شووکردن نەکاتەوە و بەدیار ئێمەوە دابنیشێت، بەڵام من دایکی خۆم چاک دەناسم و دەزانم ئەو شێرەپیاوێکە و بیر لە شووکردن هەر ناکاتەوە .ئەگەر ئەوان ناچاریان نەکردایە کاری وای نەدەکرد.

ئامانج: دوای ئەوەی دایکت لە مامت جیا بووەوە، چۆن دەژیا؟
(دا): مامم خانووەکەی ئێمەی فرۆشتبوو، بۆیە خانووی ئامۆزایەکی خۆی بە کرێ گرت .ئەوان ماڵێکی زۆر باش بوون و ئاگایان لە خۆی و خوشک و براکەم دەبوو .مەبەستم ئەوەیە زۆر بەیەکەوە تەبا بوون.

ئامانج: تۆ سەرت لێ دەدان؟
(دا): زۆر کەم، چونکە خەریکی ئیش بووم .ئەوان جار جار دەهاتنە سەردانی من و پورزاکانم. 

ئامانج: پەیوەندیت لەگەڵ مامت مابوو؟
(دا): نازانم بڵێم چی .دەمزانی ئەو ئێمەی خۆش دەوێت و خراپەی ئێمەی ناوێت، بەڵام نەنکم لەبەر نەزانیی خۆی بوو ئاوای کرد. خوا لە گوناهەکانی خۆش بێت.

ئامانج: وەڵامی پرسیارەکەی منت نەدایەوە .تۆ و مامت یەکترتان دەبینی؟
(دا): نەخێر.

ئامانج: ئامۆزاکانیشتت نەدەبینی؟
(دا): ئەوان خۆیان وایان دەزانی من لێیان تووڕەم، ئەگینا من هەر بە ئامۆزای خۆمم دەزانین. 

ئامانج: کەواتە نەتدەبینین و پەیوەندیتان نەمابوو؟
(دا): نا، قسەمان بەیەکەوە نەدەکرد.

ئامانج: با بگەڕێینەوە لای سەرتاشخانەکە .تا کەی لەوێ بەردەوام بوویت؟
(دا): تا ئەو کاتەی وەستاکەم ژنی هێنا .دڵی بە کچێکەوە بوو .دایکی بۆی داوا کرد، بەڵام ئەوان بەو مەرجە ڕازی بوون کە واز لە ئیشەکەی بهێنێت، چونکە زۆر موسڵمانی مولتەزیم بوون و پارەی ئەو ئیشەیان بە حەرام دەزانی.

ئامانج: لەوە دەچێت مەرجەکەیانی قەبووڵ کردبێت.
(دا): بەڵێ، دوکانەکەی بە کەسێکی تر فرۆشت . من هیوام دەخواست لای ئەو وەستایە نوێیەم بمێنمەوە، بەڵام ئەو کوڕی هاوتەمەنی منی هەبوو، بۆیە نەیویستم. 

ئامانج: پێت ناخۆش بوو؟
(دا): ئا و نا . پێم ناخۆش بوو کە بێکار دەبووم و ئەو پارەیەم لە دەست دەچوو، کە لە ماوەی ئەو ساڵ و هەشت مانگەدا وەرمدەگرت .دەترسام ناچار بم بۆ ماڵی خۆمان بگەڕێمەوە کە ئەمە بۆ من ناخۆشترین شت بوو، بەڵام لە لایەکی تر پێم خۆش بوو لەو ئیشە نەمام چونکە تا ئەو کاتە نەمدەزانی من پارەی حەرام وەردەگرم. 

ئامانج: لەوە دەچێت ئەمە خاڵی وەرچەرخانی تۆ بووبێ بۆ ئەوەی بە لای دینداریدا بچیت .وایە؟
(دا): سوپاس بۆ خوای گەورە لەو کاتەوە من فێری ئەوە بووم بزانم چی حەرامە و چی حەڵاڵ، بۆ ئەوەی خۆم لە حەرام دوور بگرم و هەر بە حەاڵڵی پارە پەیدا بکەم. تا ئەو کاتە نوێژم نەدەزانی بەڵام داوام لە کوڕێکی گەنجی دووکاندار کرد کە لەو ماوەیە ناسیبووم فێرم بکات. پێشتر چەند جارێک لێی پرسیبووم ئاخۆ من نوێژ دەکەم، بەڵام وەڵامی ڕاستم نەدابۆوە. بردمیە ماڵی خۆیان و پێی وتم جوان جوان خۆم بشۆم. بە دایکیشی وت جلوبەرگم بشوات. هەتا وشک بوونەوە دەستێ بیجامەی خۆی دامێ ئەگەرچی بۆم گەورە بوون. لەوێ نانی نیوەڕۆشم خوارد، ئەگەرچی زۆر شەرمم لە دایکی دەکرد. بردمی بۆ مزگەوت. لە ڕێگا دەستم کرد بە گیرفانمدا و پەنجەکانم بەر هەندێک کاغەز کەوتن، هەر کەزانیم پارەیە دەرمهێنا و گوتم ئەمانە بۆ لە گیرفانی منن؟ ئەو وتی قسە مەکە. تۆ ئێستا وەک برای من وایت و لەسەرم واجبە پارەت بدەمێ. زۆر هەوڵم دا وەریانبگرێتەوە بەاڵم ڕازی نەبوو. لە مزگەوت فێری هەڵگرتنی دەستنوێژ و نوێژی کردم و بە چەند کەسێکیشی ناساندم. ئەوانیش زۆر بە گەرمی قسەیان لەگەڵ کردم. زۆر ئامۆژگارییان کردم و کۆمەڵێک وانەی باشیشیان فێر کردم.

ئامانج: پێشتر کەس ئاوا قسەی لەگەڵدا نەکردبوویت؟
(دا): نەخێر، بەڵام حەز دەکەم یەک شتت بۆ بگێڕمەوە .ئەو کاتەی باوکم بەهۆی بەستنی سەتەڵایتەوە لەسەربان کەوتە خوارەوەو ئەمری خوای کرد، کوڕێکی دراوسێمان وتبووی ناچمە پرسەکەی چونکە ئەو پیاوە بە ئیسلامی نەمردووە .وتبووی کەسێک خەریکی دانانی سەتەلایت بێت وەک ئەوە وایە شەیتان بهێنێتە ماڵەکەی .ئەمە فاحیشەیە . من زۆر لەو کوڕە تووڕە بووم، بەڵام چونکە لە من گەورەتر بوو نەمدەتوانی هەقی لێ بکەمەوە .دەمگوت ئەگەر یەک ڕۆژم لە ژیاندا مابێت دەبێت لووتی بشکێنم .دوای ئەوەی ئەو کوڕانەم ناسی و لە مزگەوت و لە ماڵان قورئانی پیرۆز و حەدیسی شەریفم خوێند زانیم ئەو کوڕەی دراوسێمان موسڵمانی ڕاستییە و زانیویەتی بوونی سەتەڵایت لە ماڵدا حەرامە و خودا و پێغەمبەر ڕێگایان پێ نەداوە.

ئامانج: بۆچی پێت وایە حەرامە؟ ئایا نابینی لە هەموو ماڵێکدا هەیە؟ ئەوانە هەموو موسڵمان نین؟
(دا): کاکە خۆ بە دەست من و تۆ نییە .ئەوەی خوای گەورە و پێغەمبەری خۆشەویستمان حەرامیان کردبێت هەر حەرامە هەتا ئەگەر هەموو دنیا بڵێن. 

ئامانج: من نە دەڵێم حەرامە و نە دەشڵێم حەڵاڵە، بەڵکو دەمەوێت بزانم تۆ بۆچی بە حەرامی دەزانیت. 
(دا): کاکە حەدیسی پێغەمبەرەو ماناکەی بە ڕوونی دیارە (لا تدخل الملائكة بيتا فيه كلب ولا صورة .) فریشتە ناچێتە ماڵێک ئەگەر سەگ و ڕەسمی تیا بێت .سەتەڵایت فاحیشە دەهێنێتە ماڵی موسڵمان و کافریش هەر ئەوەی دەوێ.

ئامانج: بە قسەی تۆ بێت باوکت کارێکی باشی نەکردووە .چۆن بیر لەوە دەکەیتەوە؟
(دا): من لە خوای گەورە دەپاڕێمەوە لە باوکم خۆش بێت چونکە لەوانەیە نەیزانیبێت . منیش ئەگەر نەمزانیایە هەر خەریکی شتی حەرام دەبووم. 

ئامانج: ڕەنگە ئەم شتانە وا ئاسان نەبن و دەشێ تەفسیری جیاوازیان بۆ بکرێت، بەڵام دەپرسم تۆ زۆر کەمت لە قوتابخانە خوێندووە، کەچی دەبینم عەرەبییەکی چاک دەزانیت و زۆر ئایەت و حەدیست لەبەرە . ئەمەیان چۆنە؟
(دا): من سوپاس بۆ خوای گەورە قورئانی پیرۆزم خەتم کردووە و بەشێکی زۆری سەحیحی موسلم و سەحیحی بوخاریشم خوێندووە .کتێبی تری ئیسلامیشم خوێندووە .ئەگەر خودا تەمەنم درێژ بکات زیاتریش علمی ئیسلام دەخوێنم .لە بیرت نەچێت من شانزدە مانگیش لە سوریا بووم بۆیە عەرەبی بەچاکی دەزانم کە زمانی سەروەرمان محمدە صلی اللە علیە وسلم و قسەی خوای گەورەی پێ نووسراوە.

ئامانج: ئەمەیان بۆ دوایی جێدەهێڵین، کە چۆن چوویتە سوریا، بەڵام پێم بڵێ دوای ئەوەی سەرتاشخانەکەت جێهێشت کاری ترت دەست نەکەوت؟
(دا): یەک دوو ڕۆژ پشووم دا .دوایی ئەو پورزایەم کە تەنیا یەک دەستی هەبوو وتی وەرە لەگەڵ من گۆرەوی و جلی ژێرەوەی پیاوانە بفرۆشە .وتی من بۆتیان دەهێنم و تۆ لە بازاڕ بیانفرۆشە .دەبووایە من لە شوێنێکی دووری ئەو بوەستم و بیانفرۆشم .وتم باشە بەڵام ئەو هەر زوو پلانەکەی گۆڕی . وتی لە نزیک من بوەستە بەڵام تۆ بۆ شتومەکەکانی خۆت داوای پارەی زیاتر بکە .گوتم نایکەم چونکە من بەم شێوەیە هیچ نافرۆشم .ئەو پێکەنی و گوتی نا، شتەکە وا نییە .ئەوان کە بزانن ئەمەی تۆ گرانترە لە منی دەکڕن . گوتم ئەمە هەر ناکەم، چونکە لە ئێستاوە مانای وایە هیچ نافرۆشم .دیسان پێکەنی و گوتی تۆ هێشتا منداڵی و لەم شتانە تێناگەیت . من بەم شێوەیە زۆر دەفرۆشم و ئێواران بەشی تۆی لێ دەدەم .وتم ئەمە حەرامە .من کاری وا هەر ناکەم .وتی لە بازاڕ حەرام و حەڵاڵ نییە . یەک دوکانداری حاجیم لەم بازاڕە بۆ بدۆزەرەوە ساختە نەکات .من هێشتا هیچم لە بارەی دینەکەمەوە نەدەزانی چونکە دەستم بە نوێژ نەکردبوو و کەسانی بڕوادارم نەدەناسی بۆیە ڕازی بووم .ئەو پورزایەم وەک براگەورەکەی خۆیشی دەیوت زۆر حەزی لە پارەیە .دەیوت دەیەوێت هێندە پارە کۆ بکاتەوە تا ڕۆژێک دێت دەتوانێت بچێتە ئەڵمانیا و لەوێ دەستێک بۆ خۆی دروست بکات. 

ئامانج: ئەو پلانەی پورزاکەت سەری گرت؟ مەبەستم ئەوەیە بەو شێوەیە زیاتری دەفرۆشت؟
(دا): بەڵێ، لە جاران زۆرتری دەفرۆشت، بەڵام با یەک شتی سەیرت پێ بڵێم .ئەوانەی منیش زۆر دەفرۆشران، چونکە خەڵک وایان دەزانی ئەمانەی من لەوانەی ئەو چاکترن، بۆیە گرانترن .ئەو پورزایەم سەری سووڕ دەما چۆن من ئەوەندە دەفرۆشم .هەندێکجار لەسەر ئەو پارەیەی دەبووایە بیداتە من ڕێک نەدەکەوتین بەڵام براگەورەکەی نەیدەهێشت غەدرم لێ بکات .ئەو لەگەڵ ئەوەیشدا نەبوو ئەم کارە بکات چونکە دەیوت حەرامە . باوکیان لە شەڕی عێراق و ئێران بە دیل گیرا بوو و لەوێ بووبووە کەسێکی زۆر دیندار، بۆیە پێی وتبوون تەنیا ئیسلام ڕێگای ڕاستی مرۆڤە .شیعەکانی بە دوژمنی ئیسلام زانیبوو .پیاوێكی زۆر باش بوو بەڵام تەندروستیی باش نەبوو و چەند مانگ دوای گەڕانەوەی لە ئێران وەفاتی کرد .سەفەوییەکان شەهیدیان کرد .چونکە سوننە بوو و لە دژی ئەوان جەنگا بوو، ئەوان ئەشکەنجەیان دابوو .خوای گەورە لە گوناهەکانی خۆش بێت.

ئامانج: ئەو پورزایەت نوێژی دەکرد؟
(دا): کامەیان؟ 

ئامانج: گەورەکەیان، ئەوەی دەیوت ئەم کارە حەرامە؟
(دا): نەخێر، بەڵام دوای ئەوەی من ئەو کەسە بڕوادارانەم ناسی و دەستم بە نوێژ کرد ئەویش زۆری پێ خۆش بوو و لەگەڵمان دەهات .وردە وردە نووری ئیمان دەچووە دڵی و زیاتر لە خوا و پێغەمبەر نزیک دەبۆوە . زۆر زوو شتی لەبەر دەکرد .لە ماوەیەکی کەمدا بەشێکی زۆری قورئانی پیرۆزی لەبەر کرد کە ئەمە مایەی خۆشحاڵی هەمووان بوو .هەتا بڵێی موسڵمانێکی باش بوو بەڵام بەداخەوە دوایی شەیتان لە خشتەی برد و هەڵگەڕایەوە .هاوڕێی خراپ و بەدڕەوشت، کەسانی نەفسنزم وایان لێ کرد. نەعلەتی خوا و پێغەمبەر لەمان و لە هەر کافرێک بێت دژایەتیی خوا و پێغەمبەری سەروەرمان دەکات.

ئامانج: لەوە دەچێت ئەمە چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش بێت، بەڵام من نامەوێت شیرازەی گفتوگۆکەمان لێ تێک بچێت، بۆیە ئەمە بۆ دوایی هەڵدەگرین . ئێستا پێم بڵێ تۆ و ئەو پورزایەت چۆن دەستتان بە خواپەرستی کرد و پەیوەندیتان بە هاوڕێکانتانەوە چۆن بوو؟ چیتان دەخوێند و بە نیازی چی بوون؟
(دا): واجبی موسڵمان ئەوەیە لە هەر شوێنێک کار بە کتێبی خوا و پێغەمبەر نەکرا جیهاد بکات (وان احكم بينهم بما انزل الله ولا تتبع اهواءهم واحذرهم ان يفتنوك عن بعض ما انزل الله اليك .) خوای گەورە لە زۆر ئایەتدا فەرمان بە موسڵمان دەدات بچێتە جیهادەوە .جیهاد هەر ئەوە نییە موسڵمان بچێتە شەڕ .ڕاستە شەڕ لە دژی ئەوانەی باوەڕیان بە خواو پێغەمبەری خۆشەویست نییە لەسەرووی هەموو جیهادەکانەوەیە، بەڵام ئەوەش جیهادە تۆ ڕێگا لە ژنێک بگریت ئەو شوێنانەی لەشی دەربخات کە خودا حەرامی کردووە . ئەوەش جیهادە تۆ کەسێکت خۆش نەوێت کە نوێژ ناکات و ڕۆژوو ناگرێت .ئەوەیش جیهادە تۆ ماڵی خۆت لەپێناوی سەرکەوتنی کلمە اللە ببەخشیت .خودای گەورە دەفەرمووێت (ان الله اشترى من المؤمنين انفسهم واموالهم بان لهم الجنة يقاتلون في سبيل الله فيقتلون ويقتلون وعدا عليه حقا في التوراة والانجيل والقران ومن اوفى بعهده من الله ، فاستبشروا ببيعكم الذي بايعتم به وذلك هو الفوز العظيم ) پێغەمبەری سەروەرمان دەفەرمووێت (راس الامر الاسلام وذروة سنامه الجهاد في سبيل الله .) ئێمە لە شوێنێکدا بووین کە کوفری تیا زاڵ بوو بۆیە نەدەکرا ،وعموده الصلاة جیهاد نەکەین .خودای گەورە دەفەرمووێت (يا ايها الذين امنوا اذا لقيتم الذين كفروا زحفا فلا تولوهم الادبار .) ئێمە نەدەکرا ڕووبەڕووی کوفر نەبینەوە. 

ئامانج: مەبەستت لە کوفر چییە؟ ئایا لە هەرێمی کوردستان مزگەوت نییە؟ حیزبی ئیسلامی نییە؟ خەڵک زۆربەیان موسڵمان نین؟ ئەگینا ، 
(دا): ئەوەی لەو هەرێمە حوکم دەکات عەلمانییە .حیزبە ئیسلامییەکان هەر بە ناو ئیسلامن ئەوانیش عەلمانین و خراپتریشن .حوکمی خوا و پێغەمبەر زۆر ڕوون و ئاشکرایە .پەرلەمان و دیموکراتی حوکمی کافرن .لە ئیسلام شوورا هەیە و خەلیفەی موسڵمانان هەیە .موجاهیدەکان لەو هەرێمە ئازار دەدرێن .دەخرێنە زیندانەوە .ڕێگایان نادرێت حوکمی خوا و پێغەمبەر جێبەجێ بکەن .لە بەرامبەریشدا نەسرانی و جوولەکە دەستەڵاتدارن .ئەوان بوونەتە سەروەری ئیسلام کە دەبێت ئیسلام سەروەری هەمووان بێت .ئەمە بە موسڵمانی ڕاستی قەبووڵ ناکرێت .لە سەرکردەکان نەوشیروان مستەفا لە هەمووان نەزیهترە بەڵام زۆریشی ماوە .لە خوا دەپاڕێمەوە زیاتر هیدایەتی بدات و چاکتر ببێتە پاڵپشتی ئیسلام.

ئامانج: هەندێک لەم قسانە بۆ دوایی هەڵدەگرین، بەڵام تۆ قەت لە هەرێمی کوردستان گیرابووی، یان کەس ئازاری دابوویت؟
(دا): من نەگیرابووم، بەڵام زۆر موجاهیدی تر گیراون و ئازار دراون. 

ئامانج: با لەوە زیاتر هێڵی گفتوگۆکەمان لێ تێک نەچێت و پێم بڵێ تۆ تا کەی لەگەڵ پورزاکەت لە دەستفرۆشی بەردەوام بوویت
(دا): هەر ماوەیەک ئەو ئیشەم کرد .دوای ئەوە یەکێک لەو برا موسڵمانانەی لە مزگەوت ناسیم بردمیە لای باوکی و کردمیە شاگرد .دوکانێکی گەورەی هەبوو .ڕاستە پیاوێکی دیندار نەبوو بەڵام زۆر سیفاتی لە هی موسڵمانی ڕاستی دەچوو .درۆی نەدەکرد .ئازاری کەسی نەدەدا و یارمەتی خەڵکی هەژاریشی دەدا . من پێم دەوت تۆ بەس نوێژ بکەیت بەهەشتی خۆتت مسۆگەر کردووە، بەڵام ئەو دەیوت گوێ مەدەرێ هەر کەس دەچێتە قەبری خۆی .کوڕەکەشی زۆری پێ وتبوو بەڵام کەڵکی نەگرتبوو و کۆڵی دابوو .بە منی دەوت وازی لێ بێنە و دوعای بۆ بکە بەشکو خوا هیدایەتی بدات .ڕۆژێکیان بە پورزا بچووکەکەمم وت تۆ دەڵێی لەم بازاڕەدا یەک دوکانداری ڕاستگۆ نییە بەڵام ئەوەتا یەکێکی زۆر ڕاستگۆ .ئەو وتی ئەویش درۆزنە . لەمەوە بووە شەڕمان .پورزاگەورەکەم پێی وتم ئەوە برای خۆمە و چاکی دەناسم دوژمنی دوکاندارەکانە، بەڵام دەشزانم لە دواڕۆژ خۆی دەبێتە خاوەنی دوکانێکی زۆر گەورەی ئەم بازاڕە . 

ئامانج: بۆچی ئەو پیاوەت ئاوا خۆش دەویست؟ ئایا هیچی لە باوکت دەچوو؟
(دا): نازانم لە باوکم دەچوو یان نا، بەڵام ناتوانم بڵێم خۆشم دەویست، چونکە ئەو ڕاستە پیاوێکی باش بوو، بەڵام نوێژی نەدەکرد .نوێژ یەکێکە لە پایە ئەساسییەکانی ئیسلام .دوعام بۆ دەکرد خوا هیدایەتی بدات و ببێتە موسڵمانێکی باش .ئەوسا دەمتوانی خۆشم بوێت. 

ئامانج: تۆ لەسەر ئەو پیاوە لەگەڵ پورزات شەڕ دەکەیت و پێت وایە کەسێکی ڕاستگۆیە، کەچی خۆشیشت ناوێ .ئەمە چۆن دەبێت؟
(دا): پێم وتی ئەو پیاوە سیفاتی موسڵمانی هەبوو کە ئەگەر نوێژی بکردایە و ڕۆژووی بگرتایە دەبووە موسڵمانێکی باش .موسڵمان دەبێت هەر موسڵمانی خۆش بوێ .تەنیا موسڵمانەکان بران .هەموو ئەوانەی ئێستا دوژمنمن و ڕقم لێیانە تەنیا بە شایەتمانێک دەبنە خۆشەویسترین کەس لام .ئەوەیە دینی ئیسلام کە دینی ڕەحمەتە بۆ هەموو دنیا. 

ئامانج: ئەی باشە خەڵکی ئێمە زۆربەیان شایەتمان ناهێنن کەچی تۆ هەر ئەوانە بە ئیسلام نازانیت؟
(دا): کاکە تۆ دیسان شتەکان تێکەڵ مەکە .من شایەتمانی بەڕاستی دەڵێم و مەبەستم ئەوەیە لە دڵەوە شایەتمان بهێنێت . باوەڕ بە واجبەکانی ئیسلام بهێنێت و لە دژی کوفر بجەنگێت . وەک وتم جەنگ لە دژی کوفر زۆر شت دەگرێتەوە .دینەکە بە ڕوونی باسی هەموو ئەوانەی کردووە.

ئامانج: ئەو پیاوە دوکاندارەی ئیشت لای دەکرد منداڵی تری هەبوو؟
(دا): نەخێر، هەر ئەو تاقە کوڕەی هەبوو .ژنەکەی نەخۆش بوو .زوو زوو دەیبردە ئێران .برادەرەکانی پێیان دەوت چیت لە ژنێکی نەخۆش داوە و ئاوا کات و پارەی خۆتی لێ سەرف دەکەی بەڵام ئەو گوێی پێ نەدەدان .کاتێک دەچووە ئێران دوکانەکەی بەتەمای من و کوڕەکەی جێدەهێشت . خوای گەورە شایەتە دەستم بۆ یەک فلسی حەرام نەدەبرد .شەوانیش دەچوومەوە ماڵیان و لەوێ دەخەوتم .برادەرەکانیشمان دەهاتن و هەندێک شەو لامان دەمانەوە .پورزا گەورەکەشم دەهات و زۆری خۆش دەویست .ژوورێکیان دابووە من .بولبولیان زۆر بوو .منیش هەر لە منداڵییەوە حەزم لە بولبولە بۆیە لای ئەوان دەخەوتم . ڕۆژێکیان باوکی پێی وتم تۆ قەت بیرت لەوە نەکردۆتەوە بولبولی خۆتت هەبێت؟ من سەرەتا تێنەگەیشتم .دوایی وتی دەڵێم تۆ بۆ ژن ناهێنیت؟ منیش پێکەنیم و وتم بە چی ژن بهێنم؟ ئەوە هێناشم، لە کوێ بژیم؟ هەستم کرد ئەو وەڵامەم بێئەدەبییە لە ئاستی ئەودا، با نوێژیش نەکات، بۆیە وتم ڕاستە تۆ وەک باوکم وایت و ئێرەش ماڵی خۆمە بەڵام خۆشت دەزانیت ژنهێنان هەر ئاوا ئاسان نییە .ئەو پێکەنی و قسەی تری نەکرد .من حەزم نەدەکرد ئەو باسە تەواو ببێت بۆیە وتم با کوڕەکەی خۆت ژن بهێنێت کە ئەو لە من گەورەترە ئەوسا نۆرەی منیش دێت .ئەو وتی خۆت نازانیت من و دایکی چەند حەز دەکەین ژن بێنێت ، بەڵام ڕازی نابێتت. ڕاستیشی دەکرد ئەوان بەردەوام سەریان دەکردە سەری ژنێک بهێنێت، بەڵام ئەو نەیدەویست چونکە پێی باش بوو بچێتە ئەوروپا .لەوەش دەترسا لەوێ نەتوانێ وەک پێویست دینداری بکات .بۆ ئەوەی تووشی کاری خراپ نەبێت حەفتەی چەند ڕۆژێک بەڕۆژوو دەبوو . ئەویش دوایی شەیتان لە خشتەی برد و لە دینی خوا و پێغەمبەر وەرگەڕا و لە قیامەت ڕووڕەش بوو و بەهەشتی لە دەست چوو.

ئامانج: چیرۆکی ئەویشمان دوایی لەگەڵ ئەوەی پورزاکەت بۆ بگێڕەرەوە، بەڵام ئێستا پێم بڵێ دوای ئەوە باوکی کوڕەکە ئەو باسەی لەگەڵ نەکردیتەوە؟
(دا): کوڕەکەی پێی وتم باوکم حەز دەکات تۆ کچی خوشکەکەی بخوازیت کە مێردەکەی چوار ساڵ لەمەوبەر لە کاتی گرتنی موسڵدا کوژراوە.هەمووی پێنج حەفتە بوو شووی کردبوو کە ئەوە ڕووی دابوو .منداڵی نەبوو .لەگەڵ دایکی دەژیا .سێ خوشکی تری هەبوو هەموویان شوویان کردبوو، بەڵام برای نەبوو . باوکیشیان پێشمەرگە بوو و لە هەشتاکان بەر کیماوی کەوتبوو .خەڵک دەیانوت مێردی بۆ تاڵانی چووە و ئەمەیان لەسەر کردبووە عەیبێکی گەورە، بەڵام گوناهی ئەوی تیا نەبوو.

ئامانج: لەوە دەچێت تۆ ئەو پڕۆژەیەت بە دڵ بووبێت.
(دا): پڕۆژەی چی؟ 

ئامانج: پێت باش بوو بۆت بخوازن؟
(دا): دوای ئەوەی بیرم لێ کردەوە و لە ڕەوشتی دڵنیا بووم ئینجا زانیم بۆ من باشە، بەڵام مەرجی خۆمم هەبوو .دەبووایە لەوە دڵنیا بم نوێژ دەکات، ڕۆژوو دەگرێت، لەچک دەکات .ئەو یەکەمجار ئەوانەی بە زەحمەت دەزانی چونکە بە منداڵی لە جەوی پێشمەرگایەتی ژیابوو بەڵام دوایی قەناعەتی هێنا و لەسەر شەرعی خوا و پێغەمبەر بووە ژنم.

ئامانج: دوای ئەوە ژیانت چ ئاڕاستەیەکی گرت؟

(دا): دایکی پێی باش بوو هەر لەگەڵ ئەوان بژیم .من حەزم نەدەکرد .حەزم لەوە بوو خۆم خانووم هەبێت و ئەوان ببەمە لای خۆم بەڵام لەبەر دڵی ئەوان ڕازی بووم.

ئامانج: دەڵێی پێت شەرمە لەگەڵ ئەواندا ژیاویت؟

(دا): نا، تۆ مەسەلەکە ئاوا مەگرە .من خۆم ئیشم دەکرد و پارەم پەیدا دەکرد .من هەر لەو دوکانە بە ئارەقەی ناوچەوانم پارەم پەیدا دەکرد .یەک پارووی حەرام بە قوڕگی مندا نەچۆتە خوارێ. 

ئامانج: ئەوە گرنگ نییە و بۆ ئەوەیشم نەپرسی سەرزەنشتت بکەم .دەمویست بزانم ئاخۆ دوای ئەوەی ژیانی هاوسەرگیریت پێکەوە نا، چۆن دەژیایت؟ پەیوەندیت بە هاوڕێکانتەوە مابوو؟

(دا): لەو سەردەمە زۆر شت لە ژیانی هەندێک لەو هاوڕێیانەم ڕووی دا، کە پێشتر دوو جار ویستم بۆتیان باس بکەم و تۆ نەتهێشت. 

ئامانج: ئێستا کاتی هاتووە و فەرموو بە وردی بۆمی بگێڕەرەوە.
(دا): ئێمە کۆمەڵێک کەسی بڕوادار بووین و دەمانویست لە خزمەتی ئیسلامدا ئیش بکەین و کەلیمەی خوا بەرز ڕابگرین، بەڵام ئینسان با موسڵمانیش بێت ئەگەر بەردەوام بە تاعەت خۆی بەهێز نەکا ئەوا شەیتان زەفەری پێ دەبات .ماوەیەک هەستم دەکرد ئەو کوڕە گەنجەی لە ماڵیانم و بە برای خۆمی دەزانم زۆر گۆڕاوە .وەک جاران نوێژ ناکات و بۆ دینەکەی بەپەرۆش نییە. سەرەتا وتم هەر کەمێکە و دوایی دەگۆڕێت، بەڵام هەتا دەهات خراپتر دەبوو .گەیشتە ئەوەی کوفر بکات .لە ئاستی خواو پێغەمبەر و ئەسحابەکان زماندرێژیی دەکرد .بۆم دەرکەوت هاوڕێی کەسێکی خەڵکی (....) دەکات .ئەو قسەی بۆ دەکات و کتێبی خوانەناس و کافرانی بۆ دەهێنێت .دەیویست لە منیان بشارێتەوە بەڵام من بە وریایی خۆم توانیم هەموویان ببینم.

ئامانج: کتێبی چی بوون؟
(دا): کتێبی جۆراوجۆر بوون .ئەو کتێبانە بوون کە دوژمنانی ئیسلام دەیاننووسن هەتا گەنجەکان پەرۆشییان بۆ دینەکە نەمێنێت و ڕوو لە کوفر بکەن .فێری بەدڕەوشتی ببن و فەساد لە دنیای ئیسلامیدا بڵاو بکەنەوە .بە کورتی ئەو کتێبانە بوون کە شەریک بۆ خوای گەورە دروست دەکەن. 

ئامانج: ناوی کتێبەکان چی بوون؟
(دا): کتێبی نەسرانییەکان بوون. 

ئامانج: مەبەستت هی مەسیحییەکانە؟
(دا): ئینجیل و شتی تر بوون .زۆربەیان بە زمانی عەرەبی بوون .هەندێکیان بە زمانی فارسی و هەندێکیشیان بە کوردی بوون. 

ئامانج: تۆ فارسی دەزانیت؟
(دا): زۆر کەم بەڵام دەزانم ئەوانیش هەر هی نەسرانییەکان بوون .بۆ نموونە یەکێکیان (کتاب مقدس، ترجمە عهد عتیق و عهد جدید) بوو .ئەو وشانە هەر هەمان شتن بە عەرەبی.

ئامانج: باشە ناڵێن ئینجیلیش کتێبی خوایە؟ ئەگەر وایە بۆچی دەڵێی ئەو کتێبانە بوون کە خەڵک فێری ئەوە دەکەن شەریک بۆ خوا پەیدا بکەن؟
(دا): ئەو ئینجیلە دەستکاریی کراوە و ناوی سەروەرمانی لێ دەرهێنراوە .چۆن تۆ ئەوە نازانیت؟ 

ئامانج: نەخێر، من ئەو بایەخەم بۆ ئەو مەسەلەیە نییە .هەر زانیومە دەڵێن دینەکان هەموویان لای خواوە هاتوون، بەڵام کەی و چۆن ئینجیل دەسکاریی کراوە و کێ دەسکاریی کردووە؟
(دا): لە قورئاندا باس کراوە .ئیتر پێویست ناکات بزانین چۆن و کەی دەسکاری کراوە .عیسایان کردۆتە کوڕی خوا و دەیپەرستن کە ئەمە کوفرێکی گەورەیە .خوای گەورە دەفەرمووێ (وقالت اليهود عزير ابن الله وقالت النصارى المسيح ابن اللە ذلك قولهم بافواههم يضاهئون قول الذين كفروا من قبل قاتلهم اللە انى يؤفكون .) بەڵگە لەوە ڕوونتر دەبێت؟ 

ئامانج: کاری من ئەوەیە لە تۆ بپرسم و قسەم بۆ بکەیت .کەواتە جووەکان و مەسیحییەکان کافرن چونکە جووەکان عوزێر بە کوڕی خوا و مەسیحییەکانیش عیسا بە کوڕی خوا دەزانن .من لەوەتەی زانیومە ئەوانە بە ئەهلی کتێب دانراون و دەڵێن ڕێزیان لێ گیراوە .تۆ بۆچی بە کافریان دەزانیت؟
(دا): دینەکەم ئەوانەی بە کافر زانیوە و منیش پابەندی دینی خۆمم .خوادی گەورە دەفەرمووێ (من يرتدد منكم عن دينه فيمت وهو كافر فاولئك حبطت اعمالهم في الدنيا والاخرة واولئك اصحاب النار هم فيها خالدون.) 

ئامانج: دوای ئەوەی هەستت کرد ئەو هاوڕێیەت کە وەک برات وایە و لە ماڵەکەیاندا دەژیت گۆڕاوە، چ هەڵوێستێکت هەبوو؟
(دا): ویستم هەوڵی لەگەڵ بدەم بیهێنمەوە سەر ڕێگای ڕاست بەڵام ئەو ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە دینی خوا و پێغەمبەر دوور دەکەوتەوە .ئەو قسانەی دەکرد کە لەو کتێبانە دیخوێندنەوە .یان گوێی لە بەرنامەکانی الحیاتی مەسیحی دەگرت و وەک ئەوان جوێنی بە خواو پێغەمبەر دەدا. 

ئامانج: کەناڵی الحیاة چییە؟
(دا): کەناڵێکی نەسرانییە .زۆر بەرامبەر ئیسلام داخ لە دڵن .چاویان بە گەورەیی ئیسلام هەڵنایەت و دەیانەوێ موسڵمانان لە خشتە بەرن .بە تایبەتی ڕەشید مەغریبی و وەحید .ئەوانە وازیان لە ئیسلام هێناوە و ڕووڕەشی قیامەت بوون بۆیە دەیانەوێت خەڵکی تریش وا لێ بکەن. 

ئامانج: بە بڕوای تۆ ئەو کەناڵە کاریگەریی لەسەر ئەو هاوڕێیەی تۆ و خەڵکی تردا هەبووە؟ 
(دا): هەمووی خەتای پارتی و یەکێتییە .حیزبە بەناو ئیسلامییەکانیش زۆر کەمتەرخەمن .لە ڕێگای هەندێک هاوڕێیەوە زانیومە لەم یەک دوو ساڵەی دواییدا زیاتر ژەهری خۆیان بڵاو دەکەنەوە .ئەمەش بۆ پارتی و یەکێتی باشە گەنجی موسڵمان ئاگای لە دینی باوک و باپیرانی ببڕێت. 

ئامانج: بەڵگەت هەیە؟
(دا): شتەکە ڕوون و ئاشکرایەو بەڵگەی ناوێ .بە چاوی خۆت نابینی لە قەڵەمڕەوی پارتی ویەکێتیدا کەنیسە بە نوێترین شێواز دروست دەکرێت کە ئەمە پێچەوانەی شەرعی خواو پێغەمبەرە و نابێتت کەنیسە نە دروست بکرێت و نە هی ڕووخاو چاک بکرێتەوە . ئای بۆ ڕژگاری سەروەرمان عومەری کوڕی خەتتاب خوا لێی ڕازی بێت کە حەدی بۆ ئەوانە دادەنا و نەیدەهێشت لە پێستی خۆیان بجووڵێنەوە.

ئامانج: تۆ خۆت سەیری ئەو کەناڵە دەکەیت؟
(دا): بۆ ئەوە سەیری دەکەم تا بزانم چۆن جوێن دەدەن و چۆن بوختان بە دینەکەم دەکەن بۆ ئەوەی لای موسڵمانەکان بە بەڵگەی قورئان و حەدیس بەدرۆیان بخەمەوە.

ئامانج: لەم وڵاتەدا کە ئەمڕۆ تۆ تیایدا دەژیت ئیسلامی نییە کەچی مزگەوت هەیە و خۆم ئەمڕۆ دوو مزگەوتم پێشان دایت .ئایا ئەوە مانای وا نییە ئەوان ڕێز لە موسڵمان دەگرن و ئێوەش دەبێت ڕێز لەوان بگرن؟
(دا): نەخێر .ئەی تۆ بە چاوی خۆت ئەو هەموو فاحیشەیە نابینیت؟ نابینیت ژن چۆن بەڕووتی دەسووڕێنەوە؟ نابینی چۆن پیاو لە هەر کوێ بیەوێت دەست لە ملی ژن دەکات و خەریکی بێنامووسین؟ نابینی چۆن مەشروب دەخۆنەوە کە خوا حەرامی کردووە؟ نابینی گۆشتی بەراز دەخۆن؟ ئایا ئەوە ڕێزگرتنە لە ئیسلام؟ ئایا ئەم وڵاتانە نین چەک و تەقەمەنی بۆ عێراق و سوریا دەنێرن تاکو موجاهیدەکان شەهید بکەن؟ ئەوانە خاچپەرستن و خاچ دەپەرستن .ئەوانە نەفرەتی خوا و پێغەمبەریان لێ کراوە و نابێتت بهێڵین بەو شتانە فریومان بدەن.

ئامانج: کەواتە تۆ لەگەڵ ئەوە نیت لە وڵاتی ئیسلامدا کەنیسە دروست بکرێت یان هی ڕوخاو چاک بکرێتەوە بەڵام ئەوانە خزمەت بە ئیسلام دەکەن و تۆ بە کافریان دەزانیت .ئەمە ڕەوای هەقە؟
(دا): من کێم کاکە؟ من عەبدێکی خودام .ئەوە خوا و پێغەمبەرن دەزانن چی حەڵاڵە و چی حەرام .من سوپاس بۆ خوا موسڵمانم و خاوەنی قورئان و حەدیسی شەریفم . دینی ئیسلام هەقە و دەبێت بگاتە هەموو دنیا بەڵام دینی ئەوانە بەسەرچووە .دەستکاری کراوە و شێواوە .چۆن دەبێت کەنیسە بۆ دینی شێوا و بکرێتەوە و خەڵک فێری کوفر و شرک بکات؟ خودای گەورە لە قورئاندا دەفەرمووێ (لقد كفر الذين قالوا ان الله هو المسيح ابن مريم .) ئەوانە مادام کافرن چۆن بهێڵین ژەهری خۆیان بڵاو بکەنەوە؟ چۆن دەبێت ڕێگایان بدرێت دووبەرەکی لەناو خەڵکدا دروست بکەن و هانی کوشتنی موسڵمانان بدەن؟ نازانی ئەوانە ڕوو لە هەر شوێنێ بکەن شەڕ لەگەڵ خۆیان دەهێنن؟ وڵاتان وێران دەکەن؟ ئەوانە یەک ڕۆژ بەبێ شەڕ و داگیرکاری ناژین.

ئامانج: کەواتە تۆ ڕێز لە دینێک ناگریت خەڵک بۆ کوشتن و وێرانکردن هان بدات؟ دینێک ناپەرستیت ژن بە دیل بگرێت و منداڵ بکوژێ؟ ڕێز لە دینێک ناگری خەڵک لە ماڵی خۆی دەربکات و ئاوارەی شاخوداخانی بکات؟ دینێکت خۆش ناوێت ڕق و بوغز لە دڵی خەڵکدا بڕوێنێت؟
(دا): ڕێزی لێ ناگرم و بەپێی شەرعی خوا و پێغەمبەر ڕووبەڕووشی دەبمەوە. 

ئامانج: تۆ پێت وایە هەر کەسێ ئیسلام نەبێ نابێت خۆش بویسترێت و ڕێزی لێ بگیرێت؟ دەبێ بکوژرێت؟
(دا): نازانم چەند جار من دەبێ بە تۆ بڵێم من نیم وا دەڵێم بەڵکو خوای گەورەیە لەڕێگای پێغەمبەری سەروەرمانەوە وا دەڵێت (افنجعل المسلمين كالمجرمين مالكم كيف تحكمون .) ئەوەی موسڵمان نەبێ دیارە تاوانبارە .چۆن دەبێت تاوانبارمان خۆش بوێت؟ ئایا خوای گەورە کافری خۆش دەوێت؟ حاشا حاشا (فلما( ان الله لعن الكافرين واعد لهم سعيرا) (فان الله لا يحب الكافرين) .) فان الله ،(جاءهم ما عرفوا كفروا به فلعنة الله على الكافرين عدو للكافرين.) هەر کەسێ ئیسلام نەبێ کافرە .ئەوەی جزییە نەدات سزای کوشتنە .ئەمە کەلیمەی خوایە و ڕوونە.

ئامانج: ئێستا تۆ لەم وڵاتەیت و زۆر خزمەت کراویت .هێشتا بە کافر و دوژمنیان دەزانیت؟
(دا): ئەوەی بۆ من کراوە لە پارەی دزراوی موسڵمانانە. ئەوانە خۆیان قەرزاری ئێمەی موسڵمانن .ئەوانە زانستیان نییە و هەمووی هی ئیسلامە دزیویانە بەڵام بە خراپی بەکاریدەهێنن. نەزان زانستی لە کوێ بوو؟ خوای گەورە ئەوانە بە نەزان دەزانێت (الذين كفروا بانهم قوم لا يفقهون .) من کە ئێرەم دی ئینجا زانیم جاهیلییەکانی مەککەی پیرۆز و مەدینەی منەوەرە چۆژ ژیاون .ئەوانە هێشتا لەو سەردەمە جێماون و دەبێت بە نووری ئیسلام ڕووناکیان بکەینەوە .زانستی ئیسلام لە کوێ و هی ئەمانە لە کوێ! 

ئامانج: تۆ لە بیرت چوو وتت وێنەیەک لە ئیسلام حەرامە و سەتەڵایت فەساد بڵاو دەکاتەوە؟ ئایا ئەو دوو قسەیەت یەکدەگرنەوە؟ 
(دا): نەخێر لە بیرم نەچووە و قسەکانیشم بەچاکی یەک دەگرنەوە .بەڵام ئەوانە دەبێت بۆ زانایانی ئیسلام جێبهێڵین و ئەوان دەبێت قسەی خۆیان بکەن .کردووشیانە. 

ئامانج: ناکرێت پەیوەندیی خۆتان لەگەڵ ئەواندا لەسەر بنەمای ڕێز دامەزرێنن؟ ئایا شتێک هەیە هێندەی جیاوازی جوان بێت؟ نابێتت ئێوە بەهرەکانی خۆتان بگۆڕنەوە؟ بۆ نموونە تۆ قورئان و حەدیست هەمووی لەبەرە .مێژووی ژیانی ئەسحابەکانت هەموی لەبەرە و دەزانیت هەر یەکەی چۆن ژیاوە، چەند نوێژی کردووە و چەند جار چووە بۆ حەج، دەزانیت بۆ هەر شتێک کە دەیکەیت چ ئایەتێک بخوێنیت، کە ئەمانە بەهرەن لە تۆدا، بەڵام خەڵکی ئێرەش بە شێوەیەکی تر ژیاون و بەهرەی تریان هەیە .بۆچی ئەمانەی خۆت بە ئەوان نابەخشیت و باشەکانی ئەوانیش وەرناگریت؟
(دا): ئەوانە چی باشیان هەیە؟ ئەوەی ئەوانە دەیکەن خوا و پێغەمبەر بە نەفرەتی کردووە .من چ پێویستیم بەوانە هەیە؟ ئەمانە بە کەڵکی چی دێن؟ 

ئامانج: کتێب دەخوێنیتەوە؟ ڕۆژانە چ جۆرە کتێبێک دەخوێنیتەوە؟
(دا): من گەورەترین و پیرۆزترین کتێبی دنیا دەخوێنمەوە کە قورئانە و دوای ئەوانیش حەدیس و کتێبی زانایان دەخوێنمەوە .خۆ پێشتریش هەر وام پێ وتیت. لەوانە زیاتر هیچ کتێبێکی تر بە کتێب نازانم. بۆ ئەوەی نەڵێی لەگەڵ قسەکانی پێشووت یەک ناگرێتەوە پێت دەڵێم من ئەگەر بزانم کتێبێک دژی خوا و پێغمەبەر نووسراوە دەیخوێنمەوە تا بە بەڵگەی قورئان و حەدیسی شەریفەوە بەدرۆی بخەمەوەو ڕیسوای بکەم.

ئامانج: با بۆ لای هاوڕێکەت بگەڕێینەوە .تۆ نەتتوانی بیهێنیتەوە سەر ئەو ڕێگایەی خۆت پێت ڕاستە؟
(دا): وەها لە خشتەیان بردبوو گوێی نەدەگرت .هێشتا ئەو دەیویست من ڕێگای ئەو بگرم بەڵام سوپاس بۆ خوا ئیمانی من وەک شاخ وابوو .زۆری تری هەڵخەڵەتاند لەوانە پورزا گەورەکەم بەڵام لەگەڵ من هیچی بۆ نەکرا.

ئامانج: ئایا ئەوانە وازیان لە ئیسلام هێناو بوونە مەسیحی؟
(دا): خۆیان لە ڕەحمەتی ئیسلام بێبەش کردو بوونە کافر. 

ئامانج: تۆ وازت لێ هێنان؟
(دا): من لەبەر ئەوەی لای ئەوان ئیشم دەکرد و پارەی خۆمم بە حەڵاڵی پەیدا دەکرد وازم لەو کوڕە نەهێنا، بەلام هیچ خۆشم نەدەویست .خودای گەورە دەفەرمووێت : (لا يتخذ المؤمنون الكافرين اولياء من دون المؤمنين ومن يفعل ذلك فليس من الله في شيء الا ان تتقوا منهم تقاة ويحذركم الله نفسه والى الله المصير .) دەفەرمووێ کافرەکان مەکەنە برادەری خۆتان چونکە ئەوەی وا بکا لای خوا هیچ بەشێکی نابێتت مەگەر تەقییە هەبێت .مانای وایە ئەگەر بەرژەوەندیتان هەبوو قەیناکا .من لەو ئیشەمدا پارەم دەستدەکەوت و پارەی موسڵمانیش هەر بۆ چاکەیە، بۆیە دوکانەکەم جێنەدەهێشت .بەڵام لەگەڵ پورزاکەم و ئەوانەی تر قسەم نەدەکرد و موسڵمانانم لێ ئاگادار دەکردنەوە کە نزیکیان نەکەون چونکە ئەوانە کافرن، کافریش گڵاو و پیسن وەک خودای گەورە دەفەرمووێ (يا ايها الذين امنوا انما المشركون نجس فلا يقربوا المسجد الحرام بعد عامهم هذا وان خفتم عيلة فسوف يغنيكم الله من فضله ان شاء ان الله عليم حكيم.) 

ئامانج: تۆ مێردی کچی پوری ئەویش بوویت .ئایا دەتهێشت ژنەکەت ئەو پورزایەی ببینێت؟
(دا): ناچار بووم، بەڵام پێم وتبوو نەکا شتی دەستی ئەو بخوات .نانمان لە ماڵیان نەدەخوارد .گەیشتە ئەوەی باوکی پێمان بڵێ بۆچی ئێوە نان لە ماڵی ئێمە ناخۆن؟ جاران خۆتان بە میوان نەدەزانی و ئێستا ئاویشمان ناخۆنەوە .ئایا لە کەس تووڕەن؟ ئێمە نەماندەویست بە ڕاستی وەڵامی بدەینەوە.

ئامانج: تۆ بە باوکیت نەدەوت کوڕەکەی لە دین وەرگەڕاوە؟
(دا): وەک وتم لەبەر ئیشەکەم نەمدەوت .ئەمەش ئازاری دەدام بۆیە هەوڵم دەدا ئیشێکی تر بدۆزمەوە و ئەوێ جێبهێڵم .ئەوسا بە باوکی دەڵێم. 

ئامانج: ئیشی دیکەت دۆزیەوە؟
(دا): سوپاس بۆ خوا ئیشێکی باشترم دۆزیەوە .باوکی زۆر بەوە تێکچوو کە من نامەوێت ئیتر لەگەڵی ئیش بکەم .پرسی بۆچی من جێدەهێڵیت؟ هیچ خراپەیەکم بۆت هەبووە؟ کوڕەکەم هیچ ناماقووڵییەکی لەگەڵدا کردوویت؟ تۆ پێش ئەوەی مێردی کچی خوشکیشم بیت هەر وەک کوڕی خۆم سەیرم دەکردیت .ئەی ئەوە چییە ئێستا لێم جیا دەبیتەوە؟ ئەوسا ڕاستیی مەسەلەکەم بۆ گێڕایەوە. 

ئامانج: چیی وت؟
(دا): باوەڕم نەدەکرد ئاوا تێکبچێت .وتم هەر لەوێ گیانی دەردەچێت .یەکەمجار باوەڕی نەدەکرد .ئەوسا کوڕەکەی لە سەفەر بوو .ویستی بچێت بە شوێنیدا تاکو لێی بکۆڵێتەوە ئاخۆ شتی وای کردووە، دوایی من پەشیمانم کردەوە .دوای چەند ڕۆژێک هاتەوە و لێی پرسیبوو .ئەویش دانی بە هەموو تاوانەکانی خۆیدا نابوو.

ئامانج: تۆ وتت باوکی کەسێکی دیندار نەبوو .ئەی چۆن هێندەی پێ ناخۆش بوو؟
(دا): ئەو زیاتر لەوە دەترسا لای خەڵک ڕیسوا ببن .چونکە کەسێک دینی ئیسلام بۆ دینێکی وەک نەسرانی جێبهێڵێت شتێکی کەم نییە و لای موسڵمانان بە سووک سەیر دەکرێت .ئەو زیاتر لەوەش دەترسا بیکوژن . 

ئامانج: کێ بیکوژێ؟
(دا): موسڵمانی لەخوا ترس .بوخاری ڕەزای خوای لێ بێ لە سەحیحەکەیدا دەگێڕیتەوە کە پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم فەرموویەتی (من بدل دينه فاقتلوه .) ئەوەی دینی خۆی گۆڕی بیکوژن. 

ئامانج: ناڵێن مرۆڤ ئازادە چ دینێک هەڵببژێرێت؟ ئەگەر وایە تۆ بۆچی ئاوا شتەکە تەفسیر دەکەیت؟
(دا): من ئاوای تەفسیر ناکەم بەڵکو خۆی وایە .خودای گەورە دەفەرمووێ (ومن يبتع غير الاسلام دينا فلن يقبل منه وهو في الاخرة من الخاسرين). هەر کەسێک جگە لە ئیسلام دینێکی تری هەبێت لێی قەبووڵ ناکرێت و مایەی پووچە .هەر خوای گەورە جارێکی تر دەفەرمووێ (من يرتدد منكم عن دينه فيمت وهو كافر فاولئك حبطت اعمالهم في الدنيا والاخرة واولئك اصحاب النار هم فيها خالدون .) ئەوەی لە دینی ئیسلام هەڵگەڕێتەوە کافرە و کافریش سزاکەی دیارە. 

ئامانج: باشە خۆ دەڵێن مانای ئەم ئایەتەش بە ڕوونی دیارە کە دەڵێ کەس مەکوژن (من قتل نفسا بغير نفس او فساد في الارض فكانما قتل الناس جميعا ومن احياها فكانما احيا الناس جميعا.) ماناکەی وایە ئەوەی گیانی کەسێک لەناو ببات یان لەسەر ئەم دنیایە فەسادێک بکات وەک ئەوە وایە هەموو خەڵکی کوشتبێت .خۆ دەڵێن ئەوەی گیانێک زیندوو بکاتەوە وەک ئەوە وایە هەموو خەڵکی زیندوو کردبێتەوە .بۆ ئەمەیان دەڵێی چی؟
(دا): ئەمە لە سورەتی المائیدەیە .نەک هەر تۆ بەڵکو زۆر کەسی تریش لەمە تێنەگەیشتوون چونکە ئایەتەکەیان قرتاندووە بۆ ئەوەی دڵی عەلمانییەکانی پێ ڕازی بکەن بەڵام سوپاس بۆ خوا زانایان بەچاکی لێی تێگەیشتوون . با من پێت بڵێم لەپێش ئەم ئایەتە چ ئایەتێکی تر هەیە (من اجل ذلك كتبنا على بني اسرائيل انه من قتل نفسا بغير نفس او فساد في الارض فكانما قتل الناس جميعا ومن احياها فكانما احيا الناس جميعا ولقد جاءتهم رسلنا بالبينات ثم ان كثيرا منهم بعد ذلك في الارض لمسرفون .) خوای گەورە لەگەڵ بنی اسرائیلیەتی کە دەڵێت لە تەوراتدا وا نووسراوە .لە هیچ شوێنێکی قورئانی پیرۆزدا خوا نەیفەرمووە ڕێز لە کافر بگیرێت . زۆر داخە هەندێک دێن نیوەی ئەو ئایەتە وەردەگرن و دەڵێن موجاهیدەکان لە ئیسلام تێنەگەیشتوون بۆیە کافر دەکوژن .ئایا موجاهیدەکان تێنەگەیشتوون یان ئەوانەی خۆیان بە عەلمانییەکان فرۆشتووە؟

ئامانج: من ئایەتەکەم نەقرتاندووە، بەڵکو زوو زوو لە موسڵمانان گوێم لێ دەبێت و وەک بەڵگەی دڵفراوانیی ئیسلام بەکاریدەهێنن. دەی باشە بۆ ئەم ئایەتەیان دەڵێی چی (ولا تقتلوا النفس التي حرم الله)؟ لێرەدا قورئان ناڵێ گیان مەکوژن؟ خۆ ناڵێ گیانی کەسانێکی دیاریکراو مەکوژن؟
(دا): ئەی کوا تەکمیلەی ئایەتەکە؟ دیسان ئایەتەکەت قرتاندووە؟ ئایەتەکە بەم شێوەیەیە (ولا تقتلوا النفس التي حرم الله الا بالحق .)خوا دەفەرمووێ بەبێ هەق کەس مەکوژن بەڵام ئایا هەر خوای گەورە خۆی نافەرمووێ کافرەکان بکوژن؟ لەوەتەی خوای گەورە دوا پێغەمبەری خۆی بۆ سەر زەمین ناردووە تاکو ڕەحمەت ببارێنێ کافرەکان دژایەتی دەکەن .ئایا نابێت بکوژرێن؟ ئەی جیهاد مانای چییە؟ ئەگەر جیهاد لە ئیسلام دەربهێنیت کە دەرنایەت چی دەمێنێتەوە؟ ئەگەر ئێمە جیهاد نەکەین ئەوان فاحیشەمان لەناو بڵاو دەکەنەوە کە بەمەش دینەکەمان لەناو دەچێت بەڵام سوپاس بۆ خوا هەتا موجاهیدەکان مابن ئەوە ڕوونادات .دینی ئیسلام بەوە لە دینەکانی تر جیا دەکرێتەوە کە خوا فەرمانی کردووە لەپێناو بەرزکردنەوەی ناوی خۆی و پێغەمبەری موسڵماناندا گیانی خۆی فیدا بکات .هەموو موسڵمانێکی ڕاستەقینەش ئامادەی ئەو فیداکارییەیە مادام پاداشتەکەی بەهەشتە .ئەوەیە کافرەکان لێی تێناگەن و موسڵمانان بە ئیرهابی دەزانن .ئەگەر ئەوە ئیرهابە ئێمە ئەو ئیرهابە بە نیعمەت دەزانین .ئێمەی موسڵمان بەو ئیرهابە لەلایەن خوای گەورەوە خەڵات کراوین .جگە لە ئیسلام ئەو فیداکارییە لەپێناوی خوادا لە هیچ دینێکی تردا نییە بۆیە خوای گەورە ئیسلام بە دوایین دینی دنیا و محمد صلی اللە علیە وسلم بە دوا پێغەمبەری نێردراوی خۆی دەزانێت.

ئامانج: ئێوە کاتێکک دەستتان بە خواپەرستی کرد سەربەخۆ بوون یان سەر بە حیزبێکی ئیسلامی؟
(دا): سەرەتا لە حیزبێکی ئیسلامییەوە نزیک بووین و حیزبە ئیسلامییەکانی تریشمان پێ لە حیزبە عەلمانییەکان باشتر بوو بەڵام دوایی وردە وردە زیاتر لە دینەکە تێگەیشتین و زانیمان ئەو حیزبەی ئێمە و ئەوانی تریش زۆر لە ئیسلام دوورن و ئەوانیش هەر عەلمانین .لەمەوە وازمان لێیان هێنا.

ئامانج: جیاوازی ئێوە و ئەو حیزبە ئیسلامییانەی هەرێمی کوردستان چییە؟ باشە ئەوانیش ناڵێن بۆ چەسپاندنی شەرعی خواو پێغەمبەر تێدەکۆشن؟
(دا): جیاوازیی ئێمە و ئەوان زۆرە .ئەوان بە هەڵە تەقیە تەفسیر دەکەن و هەر خۆشیان دەیانەوێ بەهەڵە تەفسیری بکەن .ئەوان دەڵێن ئەمڕۆ هێزیان نییە و ناچارن بچنە پەرلەمانی عەلمانی .هەر کاتێکک هێزیان پەیدا کرد پەرلەمان لەناو دەبەن و شەرعی خوا و پێغەمبەر جێبەجێ دەکەن بەڵام ئێمە پێمانوایە ئیسلام ئەمڕۆ زۆر بەهێزەو لە ئەمریکا و ئەوروپا و هەموو دنیا موسڵمان ئامادەی جیهادە .ئەگەر هەمووان ئەمڕۆ لەژێر ئاڵای خیلافەتدا کۆببینەوە ئەوە سەرکەوتنی ئیسلام زۆر نزیکە و خوای گەورەش پشتیوانی هەر نیەتێکی چاکە بەتایبەتی جیهاد. بە بەرچاویانەوە پێشمەرگە لە دژی موجاهید شەڕ دەکات و ئەوان ناوێرن قسە بکەن .لەبەرچاویاندا ئاڵای ئیسلام ئەو ئاڵایەی ناوی خوا و پێغەمبەری لەسەر نووسراوە و هی محمدی سەروەرمان بووە صلی اللە علیە وسلم هەتک دەکرێت و لە ژێر پێڵاو دەنرێت تۆبە ئەستەغفیرەلڵا بەڵام ئەوان نقەیان لێوە نایەت. ئەوان لە پەرلەمان لەسەر حیسابی موسڵمانان پارەیان دەستدەکەوێت .کامەیان بەهۆی حیزبایەتییەوە نەبۆتە تاغووت؟ تۆ وەڵامم بدەرەوە. 

ئامانج: ناتوانم وەڵام بدەمەوە چونکە بەڵگەم لە بەردەستدا نییە .بە پێویستیشی نازانم چونکە دەمەوێت تەنیا پرسیار بکەم. هەر لەو پەرلەمانەدا ئیسلامییەکان باس لە شەرع دەکەن و بەرگری لە بیروباوەڕی ئیسلام دەکەن .نابینی پەرلەمانتارانی کۆمەڵی ئیسلامی بۆ سروودی ئەی ڕەقیب هەڵناستنەوە؟ ئایا ئەمەش جیهاد نییە؟
(دا): ئەوە لەوە دەچێت یەکێک بچێتە ماڵی دوژمنەکەی و پیایدا هەڵبڵێت .ئەویش لە پاداشتی ئەوەدا پارەی بداتێ .بڵێ مەرجم ئەوەیە پارەکەم بۆ نەخەنە ناو کیسە بەڵکو بۆم بخەنە ناو توورەکەیەک . ئینجا بێتە دەرەوە و بڵێ بینیتان چیم لێ کردن؟ ئاوا بەسەریاندا زاڵ دەبم .ئاخر پێم ناڵێی ئەوەی ئەوان لە پەرلەمانی عەلمانی دەیکەن جگە لە زەلیلکردنی موسڵمانان نەبێت چی ترە کە لە سایەی موجاهیدان قەت زەلیل نابێت؟ سبەینێ پارتی زیاتر فشاریان لێ بکات بۆ ئەی ڕەقیبیش هەڵدەستنەوە یان بیانوێکی بۆ دەدۆزنەوە وەکو چۆن دە ساڵ لەمەوبەر عەلی باپیر دەیوت هەر موسڵمانێ بچێتە پەرلەمان تەڵاقی دەکەوێ و دواییش خۆی چوو. ئەمانە دینی خۆیان بە دۆلار فرۆشتووەو موسڵمانی ڕاستی ئیتر باوەڕیان پێ ناکات.

ئامانج: تۆ دەڵێی ئەو ئاڵایەی ئەمڕۆ دەوڵەتی ئیسلامی بەرزی کردۆتەوە هەمان ئەو ئاڵایەی پێغەمبەرە . بەڵگەت هەیە؟
(دا): لە سەحیحی بوخاری و هەموو کتێبە باوەڕپێکراوەکانی تردا هاتووە کە ئاڵای سەروەرمان ڕەش بووە و ئەوانەی لەسەر نووسراوە. ئەوەی لە دژی ئەو ئاڵایە دەوەستێتەوە کێیە؟ ئەوەی سووکایەتی بە وشەی ناوی خوا و پێغەمبەر دەکات و لە تەلەفزیۆن و لە فەیسبووک دایدەنێت کێیە کە ئەوانە لە سایەی موجاهیدان سووکایەتییان پێ ناکرێ؟ هەر دوژمنی ئیسلامن. 

ئامانج: دوای ئەوەی هەندێک لە هاوڕێکانت بوونە مەسیحی، یان وەک خۆت دەڵێی لە دین وەرگەڕان .تۆ لەگەڵ کێدا مایتەوە؟
(دا): من و چەند کەسێکی بڕواداری تر درێژەمان بە خواپەرستی خۆمان دا .ئەوان نەیانتوانی بمێننەوە و ڕوویان لە دەرەوە کرد .ئینجا زیاتر دەرکەوت بۆ پارە ئەوەیان کردووە.

ئامانج: بەڵگەت هەیە بۆ پارە وایان کردووە؟
(دا): بەڵگە چییە؟ ئایا بەڵگە لەوە ڕوونتر هەیە کەسێک واز لە دینی هەق بهێنێت و بەهەشت لە دەست خۆی بدات لەپێناوی ئەوەی بچێتە سەر دینێکی دەسکاریکراو و شێواو، ئەوە ئەگەر بۆ پارە نەبێت بۆ چییە؟ ئەوانە بە پارە فریو دران و بریقوباقی دۆلار وای لێ کردن بە دوای لەزەتی کاتیی دنیادا ڕا بکەن.

ئامانج: تۆ وتت ئەوان هەوڵیان داوە تۆش فریو بدەن .ئایا باسی پارەیان لەگەڵدا کردیت؟ وتیان ئەگەر وەک ئەوان بکەیت پارەت دەدەنێ؟
(دا): خۆ ئەوان یەکەمجار پارەت نادەنێ بەڵکو کاتێک وازت لە دینی خۆت هێنا، ئینجا دۆلاربارانت دەکەن . ئەوە کەس نییە ئەو هەقیقەتە نەزانێ .دەمی هەر موسڵمانێک بکەیتەوە وات پێ دەڵێ .تۆ چۆن ئەوە نازانیت؟

ئامانج: من بۆ ئەوە پرسیار دەکەم لە شت تێبگەم و دواییش ئەوانەی دەیخوێننەوە بۆچوونی خۆیان بڵێن .من ناتوانم پێت بڵێم ئەمانە ڕاستن یان ڕاست نین .لای من جیاواز نییە مرۆڤ مەسیحی بێت یان ئیسلام. ئەوانە ئازادن و ڕێز لە هەڵبژاردەی هەروودکیان دەگرم بەڵام ئەمە مانای وا نییە ڕەخنەیان لێ ناگرم . بۆ نموونە ئەو کوڕەی تۆ لە ماڵیان بوویت و وەک خۆت دەڵێیت زۆر دەوڵەمەند بوون .ئەوە چ پێویستیی بە پارە هەیە؟ ئایا ناکرێت هۆکاری تر هەبێت کە وا لە گەنجان دەکات دینەکەیان جێبهێڵن و دینی دیکە هەڵبژێرن؟ یان ببنە دژی هەموو دینەکان؟
(دا): پێم نەوتی پارتی و یەکێتی و حیزبە بەناو ئیسلامییەکان هۆکارن؟ ئەوانە هەموویان هۆکارن .مرۆڤی چاوتەنگ و لەخوا نەترس هەر بەدوای پارە و لەزەتی دنیاوەیە. 

ئامانج: ئێستا دەتوانی پێم بڵێی ئەوانەی بوونە مەسیحی و هەرێمی کوردستانیان جێهێشت بە کوێ گەیشتن؟
(دا): پورزاکەم لە تورکیا ئیشێکی باشی دەست کەوتووە کە ڕەنگە هەر ئەوان بۆیان دۆزیبێتەوە .کوڕی ئەو دوکاندارەی لای ئیشم دەکرد گەیشتە ئەوروپا .دوو سێیەکی تریشیان لە ڕووسیان گوایە دەخوێنن بەڵام چی دەخوێنن؟ ئەوە دەخوێنن چۆن دژایەتیی ئیسلام بکەن و موسڵمان فریو بدەن .لەو ولاتانەش بە ئاسانی مافی پەنابەرییان دەدەنێ چونکە درۆ دەکەن و دەڵێن ئیسلام هەڕەشەیان لێ دەکات. 

ئامانج: تۆ خۆت نەتوت ئەوەی لە دینی ئیسلام هەڵبگەڕێتەوە کافرەو دەبێت بکوژرێت؟
(دا): بەڵێ وتم بەڵام ئەگەر ئەوانە وایان نەکردایە کەس هیچی پێ دەوتن؟ دوایی کوا لە سایەی ئەو حکومەتە عەلمانیەدا ئەوەی لە دینی پیرۆزی ئیسلام هەڵبگەڕێتەوە دەکوژرێت .نەخێر خەڵات دەکرێ. 

ئامانج: تۆ ئەوسا وتت چوویتە سوریا .ئایا تۆ دوای ئەوان دەرچوویت یان پێشتر؟
(دا): ئەوان بە ڕێگای خۆیان و من بە ڕێگای خۆمدا .من هەقی ئەوانم چییە؟ ئەوان ڕۆیشتن چونکە ڕوویان ڕەش بوو و ڕیسوا بوون بەڵام من کە زانیم ئۆمەتی ئیسلام پێویستی بە جیهاد هەیە بۆ ئەوەی کەلیمەی خوای گەورە بەرز ڕابگیرێت دوودڵیم لێ نەکرد.

ئامانج: بە تەنیا چوویت یان هاوسەرەکەشتت برد؟
(دا): ئەویشم برد چونکە دەمزانی مەسیرەیەکی درێژە و بەم زووانە ناگەڕێمەوە .بڕیرام دا بەتەواوی ڕێگای جیهاد بگرم هەتا شەهید دەبم.

ئامانج: بەڵام بەوەدا ئێستا لە ئەوروپایت مانای وایە شەهید نەبوویت.
(دا): هێشتا مەسیرەکەم تەواو نەبووە .جیهاد وەک وتم زۆر مانای هەیە .ئێستاش لە جیهاد دانەبڕاوم. 

ئامانج: پرست بە ژنەکەت کرد ئاخۆ ڕازییە یان نا؟
(دا): ئێمەی موسڵمان پرس بە ژن ناکەین .پیاو خۆی دەزانێت چی بۆ خۆی و بۆ خێزانی باشە .ئەوەی منیش کردوومە پێویستی بە پرسی کەس نییە مادام ئەمری خوای تەعالایە.

ئامانج: بۆچی ئێستا ئەوت لەگەڵدا نییە و بە تەنیا لێرە دەژیت؟ خۆ شەهید نەبووە؟
(دا): من موسڵمانم و ناتوانم درۆ بکەم .هەموو شتێ بەڕاستی دەگێڕمەوە. 

ئامانج: منیش هەر ئەوەم دەوێت .لەوە دەچێت لێرەدا چیرۆکێکی خەمناکت هەبێت و بۆمانی بگێڕیتەوە.
(دا): بەڵی چیرۆکێکی ناخۆشم هەیە. 

ئامانج: بەڵام پێش ئەوەی ئەو چیرۆکەمان بۆ بگێڕیتەوە دەتوانی پێم بڵێیت تۆ لەگەڵ چ ڕێکخراوێکی ئیسلامیدا بوویت؟ 
(دا): من لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شامدا بووم، کە دوژمنانی ئیسلام ناویان ناوە داعش .پێش گفتوگۆکەش پێم وتی ئەگەر تۆش بنووسیت داعش قسەت بۆ ناکەم. لەسەر ئەوەش ڕێککەوتووین ناوی محمدی سەروەرمان صلی اللە علیە وسلم بە عەرەبی بنووسیت و لەدوای ناوی پیرۆزی نەنووسیت (ص ) بەڵکو بنووسیت صلی اللە علیە وسلم. 

ئامانج: من ڕۆژنامەنووسێکی بێلایەنم و لە ڕۆژنامەیەکی سەربەخۆشدا ئەم گفتوگۆیە بڵاودەکەمەوە . بەڵێنت دەدەمێ ناوی ڕێکخراوەکە وەک خۆی دەنووسم بەڵام لەناو دوو کەوانەشدا دەنووسم (داعش)، کە مەبەستم کورتکراوەی ناوەکەیە .حەز دەکەم بزانیت ئەوە بۆ سووکایەتی ناڵێم. هەروەها ناوی پێغەمبەریش هەر بە عەرەبی دەنووسم و (صلی اللە علیە وسلم)یشم لە بیر ناچێت تۆ هەر چی بڵێیت .من ئەوە دەنووسم کە ئەوەیش مافی ڕەوای خۆتە مەگەر هەندێک وشە کە تۆ بە عەرەبییان دەڵێی من بیانکەمە کوردی، چونکە بۆ خوێنەری کوردە. ئێستا دەتوانیت باسی ئەوەمان بۆ بکەیت چۆن لە ڕیزی ئەو ڕێکخراوەدا دەجەنگایت بێ ئەوەی چیرۆکی هاوسەرەکەتت لە بیر بچێت؟
(دا): من بە دڵ و بە گیان دەجەنگام .جارێکیش بریندار بووم، کە دەتوانم شوێنەکەیت پیشان بدەم. 

ئامانج: بەبێ ئەوەیش بڕوات پێ دەکەم چونکە ئەو کەسەی تۆی بە من ناساند تاکو ئەم گفتوگۆیەت لەگەڵدا بکەم پێی وتم تۆ لە شەڕێک لەگەڵ چەکدارە کوردەکاندا بریندار بوویت.
(دا): بەڵێ بەڵام خوای گەورە تەمەنی درێژ کردمەوە تاکو لەسەر جیهاد بەردەوام بم.

ئامانج: لەبەر ئەو برینەت بۆ ئەوروپا هاتیت؟
(دا): نەخێر، من کێشەی ترم هەبوو .من ڕاستە ئێستایش خۆم بە موجاهیدێکی دەوڵەتی ئیسلامی دەزانم و باوەڕم بە پاکیی خەلیفەی موسڵمانان ئەبوبەکر بەغدادی هەیە خوای گەورە پایەدارتری بکات بەڵام ئەوەش دەزانم زۆر لە کەسانی ناحەز و دوژمنی ئیسلام، زۆر لە مونافیقان هاتوونەتە ناو ئەو دەوڵەتەوە تاکو ڕووی جوانی ئیسلام بشێوێنن .ئەوانە ناحەزانی ئیسلام بۆ ئەوێیان ناردوون. 

ئامانج: ئەوانە کێن و چ لایەنێک ناردوونی؟
(دا): ئیسلام لەوەتەی هەیە دەوری بە ناحەزانی گیراوە .ئەوانە لە هەموو لایەکەوە ئەوانەیان ناردووە بۆ ئەوەی ئیسلام بشێوێنن کە ناشێوێت. 

ئامانج: ئەوانە چۆن دەناسرێنەوە .چۆن دەزانرێت ئەمانە ناحەزەکانن؟
(دا): بەکردەوەکانیان دەناسرێنەوە .ئەوانە فەساد بڵاو دەکەنەوە .دەستدرێژی دەکەنە سەر ژنی موسڵمانان. 

ئامانج: کەواتە تۆ پێت وایە لەو شوێنە موجاهیدی ڕاستی دەبێت زۆر ئاگای لە نامووسی خۆی بێت .دەتەوێ وا بڵێی؟ 
(دا): بەڵێ بەڵام زۆر جاریش ئەو مونافیقانە وەک موسڵمانی ڕاستی خۆیانت پیشان دەدەن و تۆش باوەڕیان پێ دەکەیت .کاتێکک دەزانیت وەک مار لەدواوە پێتەوە دەدەن. 

ئامانج: چیرۆکە ناخۆشەکەی تۆ پەیوەندی بەمە هەیە؟
(دا): بەڵێ ژنەکەی من ساویلکە بوو و ئەوانە هەڵیانخەڵەتاند .لەم دنیا و لەو دنیا ڕووڕەشی لای خوا و خەڵک بن. 

ئامانج: کێ هەڵیخەڵەتاند؟
(دا): زۆر بوون . ئەو خۆ عەرەبییشی نەدەزانی و لەوێ هەندێک فێر بووبوو.

ئامانج: ئێستا ئەو لە کوێیە؟
(دا): نازانم .ئەوەندە دەزانم یەکەمجار لای توونسییەک بوو و دواییش وتیان لەگەڵ پیاوێکی خەڵکی کوەیتە. 

ئامانج: ئەگەر بێتەوە لات وەک جاران ڕازی دەبیت ببێتە ژنت؟
(دا): نەخێر .ئێمە تەواو بووین .نامەوێت لەوە زیاتریش باسی بکەم. 

ئامانج: کە لە دوکانی عەرەبەکە شتمان کڕی و هاتینە دەرێ، تۆ وتت ژنی زۆربەی ئەو کوردانەی چوونەتە سوریا لەگەڵ موجاهیدەکان خەوتوون .ئایا ئێستاش ئەو قسەیە دەکەیتەوە؟
(دا): نەموت لەگەڵ موجاهیدەکان خەوتوون، چونکە ئەوانە موجاهید نین .وەک وتم لەناو دەوڵەتی ئیسلامیدا موجاهید هەیە و کەسانێکیش هەیە موخابەراتی دەوڵەتان ناردوونی .ئەوانەی بە ڕاستی موجاهیدن کاری ئاوایان لێ ناوەشێتەوە .ئەوانە هاتوون فەساد لەناو دەوڵەتی ئیسلامیدا بڵاودەکەنەوە . بە هەڵە تەفسیری ئایەت و حەدیسی شەریف دەکەن .خوا و پێغەمبەر قەت ڕازی نابن موسڵمان دەستدرێژی بکاتە سەر ژنی موسڵمان بەڵکو ئەوان دەتوانن ژنی کافران بکەنە هی خۆیان ئەویش هەر وا ئاسان نییە و مەرجی خۆی هەیە. 

ئامانج: ئەو مەرجانە چین؟
(دا): ئەگەر بوونە موسڵمان یان بەوە ڕازی بوون جزیە بدەن، کەس ناتوانێت دەست بۆ ژنیان بەرێت. 

ئامانج: ئەی ئەگەر نەبوونە موسڵمان؟
(دا): ئەوە خوا خوێن و موڵکی حەڵاڵ کردوون . دەزانم ئەوەی ئیمانی بەهێز نەبێت و لەو دینە نەزانێت ئەمەی پێ سەختە بەڵام لای موسڵمانی ڕاستی ئەمە فەرمانی خوا و پێغەمبەرەو بە ئیمانەوە و بە خۆشحاڵییەوە جێبەجێی دەکات.

ئامانج: هەندێک موسڵمانی میانڕەو دەڵێن ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین پێویستمان بەوەیە بۆ ئەو ئایەتانەی ئیسلام بگەڕێینەوە کە باس لە پێکەوەژیان دەکەن و تۆ باس لە جزیە دەکەیت. ئەو موسڵمانە میانڕەوانە کاتێک قورئان و حەدیس بۆ زمانەکانی ڕۆژئاوا وەردەگێڕن بەشێوەیەک مامەڵە لەگەڵ ئایەتەکانی جیهاددا دەکەن کە مرۆڤی ڕۆژئاوا لێیان نەترسێت و قەبووڵیان بکات .زۆر حەدیس هەن کە ڕاستەوخۆ باس لە کوشتار دەکەن وەریاننەگێڕاون وەک چۆن هەندێک لە ئایەتەکانیان وا وەرگێڕاون کە هەمان مانای شەڕ و کوشتنیان نەبێت . ئایا ئەمەی ئێوە پێچەوانەی ئەمان نییە؟
(دا): جزیە خوای تەعالا سەپاندوویەتی و لەڕێگای پێغەمبەرەکەیەوە ئێمەی لێ ئاگادار کردۆتەوە . کەلیمەی خوا بۆ هەموو سەردەم و شوێنێکە .ئەمڕۆ ئەو حیزبە ئیسلامییانەی بە حوکمی عەلمانی ڕازی بوون زۆر مونافیقانە ئەوەیان لە بیر خۆیان بردۆتەوە بەڵام جزیە بۆ ئەم زەمەنەو بۆ هەموو زەمەنەکانی تریش هەر دەمێنێت. وتەی خوا و پێغەمبەر بۆ شانازین نەوەک بۆ شەرم .ئەوانە مونافیقن بۆیە دەیانەوێ وا بکەن .دیارە ئەگەر وایان کردبێت .ئەگەر بە ڕاستی ئەوە ڕاست بێ کە ئەوان قورئان و حەدیسیان بەو شێوەیە وەرگێڕا بێ من پێت دەڵێم مونافیقن و شەرمیان بە دینی خۆیانە.

ئامانج: بەڵێ ڕاستە و هەر کاتێکک خۆت فێری زمانیان ببیت دەتوانیت بیانخوێنیتەوە و بە چاوی خۆت جیاوازییەکانیان ببینیت .بەڵام بۆچی تۆ پێت وایە ئەمە کارێکی خراپە؟ خۆ بەم شێوەیە زۆر لەوانە هاتوونەتە سەر دینی ئیسلام.
(دا): وەک وتم موسڵمان نابێت لە هیچ کات و شوێنێکدا شەرمی بە دینەکەی بێ بەڵکو دەبێ شانازی پێوە بکات .دەبێ ئەوانە شەرمیان بە خۆیان بێ کە وەک جاهیلییەکان دەژین. 

ئامانج: تۆ دەتوانیت پێناسەی جزیە بکەیت؟
(دا): جزیە ئەوەیە کە خوای گەورە لە ئایەتی بیست و نۆی سوورەتی تۆبەدا لەبارەیەوە دەفەرمووێ (قاتلوا الذين لا يؤمنون بالله ولا باليوم الاخر ولا يحرمون ما حرم الله ورسوله ولا يدينون دين الحق من الذين اوتوا الكتاب حتى يعطوا الجزية عن يد وهم صاغرون .) کەس لە خوا گەورە چاکتری پێناسە ناکات .هەموو ئەوانەی نابنە ئیسلام دەبێت جزیە بدەن و دەبێت بە زەلیلیش بیدەن وەک خوا دەفەرمووێ .تۆ بڕۆ یەک تەفسیری موفەسیرە باوەڕپێکراوەکانم بۆ بهێنە کە ئەو قسەیەی من نەکات چونکە ئایەتەکە زۆر ڕوونە و قسەی خوای گەورەیش بۆ ئۆمەتی خۆی هەم ڕوونە و هەم حیکمەتە .نەسرانی و جوو و هەر دینێکی تر دەبێت مل بۆ ئیسلام کەچ بکەن .نابێت موسڵمان ڕێزیان لێ بگرێ .نابێت سەلامیان لێ بکات .بۆیان نییە سواری گوێدرێژ و وڵاغی بەرز ببن .بۆیان نییە وا خۆیان دەربخەن وەک موسڵمانن بەڵکو زۆر کەمترن .هەموو ئەوانە بۆ ئەوەیە لە عەزەمەتی ئیسلام تێبگەن و بێنە سەر ئەو دینە هەقە .ئەوسا وەک هەر موسڵمانێکی تر حیسابیان بۆ دەکرێ .با کەس بە هەڵە تەفسیری نەکات و نەڵێ ئەمە زوڵمە چونکە ئەگەر ئەوان ببنە ئیسلام هەمان قیمەتیان پێ دەبەخشرێ بەڵام بەداخەوە زۆر کەس لەم دینە تێناگەن و هەر لە دوورەوە قسەی لەسەر دەکەن.

ئامانج: تۆ دەڵێی بۆیان نییە سواری گوێدرێژ و وڵاغی بەرز ببن .ئەوانە کوا ئەمڕۆ بەکاردەهێنرێن؟
(دا): مەسەلەکە بەم شێوەیە نییە .حیکمەتەکە ئەوەیە ئەوان بۆیان نەبێت لە ئیسلام بەرزتر بن بەڵکو دەبێت نزم بن و چاویان شۆڕ بێت. 

ئامانج: ئەمڕۆ مەگەر بۆ خۆشی و لە سەیران خەڵک سواری گوێدرێژ و وڵاغ ببن، دەنا تازەترین مۆدێلی فڕۆکە و ئوتۆمبیل هەیە .ئەوەی ئەو فڕۆکە و ئوتومبێلانەش دروست دەکات هەر ئەوانەن کە تۆ بە کافریان دەزانیت . باشە دەبێت ئەوانە خۆیان ئەو هەموو ئوتومبێل و فڕۆکەیە دروست بکەن و ڕێگاشیان نەدرێت لێیان بخوڕن نەبادا لە موسڵمان بەرزتر بن؟
(دا): ئیسلام ڕۆژ بە ڕۆژ لە بەهێزبووندایە. ئەگەر خیلافەت لە هەموو دنیا ڕاگەیاندرا ئەوا ئەوانەی ئەو فڕۆکە و ئوتومبێلانە دروست دەکەن لەپێش هەموو ئەوانەی ترەوە دێنە سەر دینی ئیسلام .ناوی کۆمپانیاکانیش هەر بە ئیسلامی دەبێت و پارەکەی لە بیت المال دەدرێت .ئەوەی نەبووە ئیسلامیش ڕێگای نادرێت سواری یەک لەو شتانە ببێت .ئەوە حوکمی دینەکەیە و ماناکەی ڕوونە .کافر بۆی نییە لە ئیسلام بەرزتر بێت. 

ئامانج: بە چاوی خۆت دەبینیت لەم وڵاتەدا شوقەکان چەند بەرزن .لە ئەمریکا لەوەیش بەرزترن و سەریان لە هەور دەدەن .بەپێی ئەو لۆژیکەی تۆ بێت نابێتت ئەوەی کافرە و جزیەی بەسەردا سەپێنراوە لەو شوێنانە بژی کە لەسەرووی ئیسلامەوەیە .ئایا ئەمە زەحمەت نییە هەموویان دابگیرێنە خوارەوە؟
(دا): ئەمڕۆ کۆمپیوتەر هەیە کە کافرەکان خۆیان دانی پیا دەنێن لە قورئانیان وەرگرتووە .بە کۆمپیوتەر هەموو ئیشێک دەکرێت. بەخێرایی ناوی ئەوانەی ئەهلی زیمەن دەدۆزرێتەوە و دادەگیرێنە خوارەوە. لە ماوەیەکی کەمدا شوێنی موسڵمانەکان دەخرێتە سەرەوەی ئەوانەی بە زەلیلی جزیە دەدەن. ئەمە هەر شتێک نییە تۆ پرسیاری لێ بکەیت. 

ئامانج: من بۆ ئەوە دەپرسم تاکو وێنەیەکی ڕوونم لەبەرچاو بێت .لێت ناشارمەوە هەست دەکەم ئەوە بەو ئاسانییە نییە .تۆ پێت وایە دەبێت موسڵمانەکان لە نهۆمە بەرزەکان بن و ئەوانەی جزیەش دەدەن لە نهۆمەکانی خوارەوە . باشە تۆ خۆت ئاگات لێیە لەم وڵاتانەدا زۆر جار نهۆمی خوارەوە نرخی زیاترە .بۆ ئەمەیان دەڵێی چی؟ ئایا دەبێت موسڵمان لەو نهۆمانەدا بژی کە نرخیان کەمترە لە هی ئەوانەی موسڵمان نین؟
(دا): هەموو شتێک لە کاتی خۆیدا چارەسەر دەکرێت .هیچ شتێک نییە بەرامبەر بە شەرعی خوا زەحمەت بێت .ئەوەی بڕوادار بێت چاک لەوە تێدەگات. نرخی نهۆمەکانی سەرەوە زیاد دەکرێت، دەکرێتە چەند قاتی ئەوانەی خوارەوە و کێشەکە دەبڕێتەوە. 

ئامانج: باشە ئەوە زوڵم نییە لە موسڵمانان؟ ئایا دەبێت کرێی خانووی موسڵمانان لە هی ئەوان زیاتر بێ؟ ئەمە دروستکردنی کێشەی گەورە نییە بۆ موسڵمانان و لەبەرامبەریشدا ئاسانکاری نییە بۆ ئەهلی زیمە؟
(دا): موسڵمانان لە بیت المال ئەو کرێیەیان بۆ دەدرێت. نهۆمەکانی خوارەوەش بەشێوەیەک تێکدەدرێ کە ئەوان تیایدا ئاسوودە نەبن و ناچار ببن دینی ئیسلام قەبووڵ بکەن کە هەر لە بنەڕەتەوە جزیە بۆ ئەوە دانراوە. دەرگا و پەنجەرەیان دەشکێنرێ و کون لە دیواریان دەکرێ بۆ ئەوەی خۆیان و منداڵیان لە سەرما هەڵبلەرزن .خۆشت دەزانی سەرمای ئێرە چۆنە و بەرگەی ناگرن. ئاو و کارەبایان دەبڕێ، کێبڵی تەلەفزیۆنیان دەقرتێنرێ و ناهێڵن هێڵی ئێنتەرنێتیان هەبێ .ئەوسا هەر منداڵەکان دایک و باوکیان ناچار دەکەن دینی ئیسلام قەبووڵ بکەن و دەیانەوێ وەک منداڵانی تری موسڵمانان ژیانی خۆشیان هەبێ. هەموو دەبنە موسڵمان و ژیانی خۆشیان بۆ دابین دەکرێ .ئەو دینە بۆ ڕەحمەتە، بۆ ئەوەیە خەڵک فێر بکات چۆن ژیانی ئەم دنیا و ئەو دنیای مسۆگەر بکات بەڵام بۆ ئەوە نییە ئازاری کەس بدات .ئەوە خەڵک خۆیەتی ئازاری خۆی دەدا. ئەگەر شایەتمان بهێنێت و فەرزەکانی خوا جێبەجێ بکات کێ پێی دەڵێ لەپشت چاوی دۆ برۆ هەن؟  

ئامانج: من هێشتا هەست دەکەم کارەکە بەم ئاسانییە نییە .باشە با بڵێین کێشەی جێنشینی چارەسەر کرا، بەڵام هێشتا کۆمەڵێک کێشەی تر دەمێنن .ئەهلی زیمە بۆیان هەیە سەفەر بکەن؟
(دا): بۆچی دەپرسیت؟ 

ئامانج: وەکو هەموو پرسیارەکانی تر دەپرسم و دەمەوێت بزانم تۆ چ وەڵامێکت هەیە.
(دا): بۆیان هەیە بەڵام بەو مەرجەی کەفیلیان هەبێت. 

ئامانج: دەتوانن بە چی سەفەر بکەن؟
(دا): بە هەموو شتێک بە مەرجێ کەفیلیان هەبێ و بزانرێ دەگەڕێنەوە. ئەمەش هەر سەرەتا وایە بەڵام کە هەموو دنیا بووە ئیسلام ئیتر پێویست بە کەفیلیش ناکات. بۆ هەر لایەک بڕۆن هەر وڵاتی ئیسلامە.

ئامانج: باشە کاتێکک ئەوانە دەچنە ناو پاسی دوونهۆمی، چۆن بزانرێت کێ ئەهلی زیمەیە تا نەهێڵن بچنە نهۆمی سەرەوە؟
(دا): لەوە ئاسانتر نییە .دەتوانن نیشانیان بکەن و لەسەر جلوبەرگیان بنووسن .یان لەسەر بلێتی پاس و شەمەندەفەریان بنووسن کە ئەوانە ئەهلی زیمەن و نەهێڵن هەمان مافی موسڵمانیان هەبێ.

ئامانج: هێشتا هەست ناکەم کێشەکان چارەسەر بوون. ئایا دەتوانن بە فڕۆکەش سەفەر بکەن؟
(دا): بۆ فڕۆکە چییەتی؟ 

ئامانج: ئایا دەبێت کەسێکی ئەهلی زیمە کە بە سەرشۆڕی جزیە دەدات و بۆی نییە لە موسڵمان بەرزتر بێت، بەڵام بۆی هەبێ بە فڕۆکە سەفەر بکات و بەسەر موسڵماناندا بفڕێت؟
(دا): نەخێر ناتوانێت بە فڕۆکە سەفەر بکات، بەڵام خۆ ئوتۆمبیل هەیە، پاس هەیە و شەمەندەفەریش هەیە. ئەوە کەی کێشەیە؟ خۆ ئەوانە ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەیان کەمتر دەبێتەوە چونکە بەچاوی خۆیان ژیانی موسڵمان دەبینن هەتا ڕۆژێک دێت یەک دانەشیان نابینیت. بەپێی شەرعی خوا و پێغەمبەر مەسیحییەکان نابێتت ڕێگایان بدرێ منداڵیان تەعمید بکەن .واتە نابێت بهێڵن ئەو منداڵانە ببنە مەسیحی بۆیە وردە وردە دەتوێنەوە .ئەگەر ئەو دینە بە ڕاستی پەیڕەو بکرێ ژیان زۆر ئاسانە و ئەو هەموو ئاڵۆزییەی ناوێ. هەموو کێشەکان بە پشتیوانی خوا چارەسەر دەبن. (الله المستعان وعليه التكلان ولا حول ولا قوة الا بالله.).

ئامانج: گریمان دانیشتووانی ئەم دەوڵەتەی ئێستا ئێمە تیایدا دەژین بوونە موسڵمان و حوکمەکەش کرایە ئیسلامی، بەڵام ئەی دەوڵەتەکانی تر کە هێشتا کافر حوکمیان دەکات؟ کەواتە دەبێت ئەوانەی تازە لەم وڵاتەدا بوونەتە موسڵمان ببنە موجاهید و بچنە غەزا .مانای وایە تووشی شەڕ دەبن و ئارامیان لێ هەڵدەگیرێت. وایە؟
(دا): ئەوەی باوەڕ بەوە بهێنێت دینی خوا هەقە ئەوە باوەڕ بەوەش دەهێنێ گیانی خۆی بکاتە قوربانی و بگاتە بەهەشت. ئاسوودەیی هەر لەوەدایە موجاهید لەپێناوی بەرزڕاگرتنی وشەی خواو ڕازیکردنی دڵی پێغەمبەری سەروەرمان محمد صلی اللە علیە وسلمدا بچێتە جیهاد. من ئەمانە هەر بۆ وەڵامی پرسیاری تۆ دەڵێم، دەنا ئەوە زانا و موفتییەکانن ئەوسا بڕیاری لەسەر دەدەن .ئەوان دەزانن چی لەو شوقانە بکرێ کە جیاوازی نێوان موسڵمان و ناموسڵمان دروست بکات، خەڵکی موسڵمان و ناموسڵمان چۆن لەناو پاس و لە شوێنی تردا جیا بکرێنەوە، بە چی سەفەر بکەن و بە چی نەیکەن، چۆن ژیانی هەموو لایەک بە چاکی بەڕێوە بچێت .چارەسەر بۆ هەمووی دەدۆزرێتەوە .لە قورئاندا چارەسەر بۆ هەموو کێشەیەک هەیە .هەر ئەم ئایەتە هەموو شتێک دەبڕێنێتەوە (ان هذا القران يهدي للتي هي اقوم ويبشر المؤمنين الذين يعملون الصالحات ان لهم اجرا كبيرا .)خوادی گەورە بۆ هەموو کارێکی باش و گونجاو دەستمان ڕادەکێشێت .ئێمە پشتمان بە خوا قاییمە و بۆ هیچ کارێک دانامێنین.

ئامانج: ئێستا تۆ ڕازی دەبیت لەم وڵاتە جزیەت لێ بسەنن؟
(دا): من موسڵمانم و دینەکەم دینی خوایە .موسڵمان بە زەلیلی ڕازی نابێت چونکە خوای گەورە موسڵمانی زەلیلی خۆش ناوێ .لە سایەی خوا و پێغەمبەردا ئەوە منم جزیە دەسەپێنم .جزیە تەنیا لە ئیسلامدا هەیە چونکە خوا تەنیا ئیسلام بە گەورەی دنیا دەزانێ. هەر ئەمەش گەورەترین بەڵگەیە کە ئەم دینە لای خواوە هاتووە و موعجیزەیە.

ئامانج: ئەو مانگانەیەی لێرە وەریدەگریت بەشت دەکات؟
(دا): ئەم پرسیارە بۆچی؟ 

ئامانج: هەر بۆ ئەوەی بزانم لەم وڵاتە چۆن پارە دەدەنە خەڵک بە موسڵمانیشەوە.
(دا): ئەوانە لە ئیسلام فێری ئەوە بوون بەڵام زۆر بە خراپی .ئەگەر دینی ئیسلام بە چاکی پەیڕەو بکرێ ئەوسا دەبینی چۆن هەژاری و نەداری وەک بەفر دەتوێنەوە .قورئانی پیرۆز و حەدیسی شەریف پڕن لەو مژدانەی خوا بە بڕوادارانیان دەدات .با کەس مزایەدە بەسەر ئیسلامەوە نەکات .ئێمە چاکترین ئۆمەتی ئەم دنیایەن و خوای گەورە دەفەرمووێ (كنتم خير امة اخرجت للناس .)من لەم وڵاتە پارەی دزراوی خۆم وەردەگرمەوە، ئەویش بەشێکی زۆر کەمی. 

ئامانج: باوەڕت وایە لە دواڕۆژ هەمووی وەربگریتەوە؟

(دا): وەریدەگرمەوە .بە ئیزنی خوای گەورە خیلافەی ئیسلامی بۆ هەموو دنیا دەگەڕێتەوە .لە سایەی ئەو خیلافەتەدا موسڵمان مافی زەوتکراوی خۆی بە زیادەوە بۆ دەگەڕێتەوە.

ئامانج: ئەوسا ئامادەیت تۆش مافی ژیانی ئەوانە دابین بکەیت؟
(دا): ئەگەر ببنە موسڵمان ئەوا خیلافەت خۆی مافیان بۆ دابین دەکات .لە بیت المال پارەیان دەدرێتێ . ئەگەر بە جزیەش ڕازی بن ئەوا بەپێی شەرعی خوا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێ. ئەی پێم نەوتی چۆن ژیانیان ڕێک دەخرێ؟ بۆچی دیسان پرسیار دەکەیتەوە؟ 

ئامانج: ویستم بە شێوەیەکی تر پرسیار بکەمەوە .تۆ خۆت ڕێگات نەدوام هەمو پرسیارێک بکەم؟
(دا): بەڵێ هەموو پرسیارێک بکە .من پشتم بە قورئان و حەدیس قایمە و ترسم لە هیچ پرسیارێک نییە. 

ئامانج: ئایا خەڵکی ئەوروپی دوای ئەو هەموو ساڵەی بەم شێوە ژیانە ڕاهاتوون بە جزیە ڕازی دەبن؟
(دا): لە ئێستاوە بەشێکیان بە شەرعی خوا ڕازی بوون .وەک پێم وتی ئیسلام لە ڕۆژئاوا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەچێتە دڵی ئەوانەوە. ژمارەی موسڵمان لە هەموو دنیا زیادی کردووە و گەیشتۆتە یەک ملیار و نیو. پێشتر پێم وتی چۆن لە ڕۆژئاوا جزیە دەسەپێنرێت و چۆن جێبەجێی دەکرێ .دینی خوا و پێغەمبەر ڕوونە و بەچاکی و بەئاسانی ژیانی ئەم دنیا و ئەودنیای لەسەر ڕێک دەخرێ. 

ئامانج: ئێوە لە کاتێککدا زۆربەی ئیسلام تەکفیر دەکەن، تەنانەت هەندێک لەو ڕێکخراو و گرووپانە وەک ئێوە داوای خیلافەت دەکەن و دەیانەوێت شەریعەت بچەسپێنن، بەڵام ئێوە هەر بە کافریان دەزانن، کەچی هەر خۆتان لە بەرامبەر ڕۆژئاوادا باس لە زۆربوونی ژمارەی ئیسلام دەکەن .واتە هەموو ئەوانەی بە کافریان دەزانن و شەڕیان لە دژ دەکەن لای ئەوان بە ئیسلامیان دەزانن و دەیانخەنە سەر ئەو ملیار و نیوە .ئەمە چۆن دەبێت؟
(دا): ئێمە حیسابێکی تایبەت بۆ ئەو ئیسلامانە دەکەین کە بە ئیسلامی لەدایک بوون بەڵام نەیانهێشتووە بە ڕاستی قورئان و حەدیسی شەریف تێبگەن .ئەوانە ئیسلامن و دەبێت ڕاست بکرێنەوە .ئەگەر بە خۆشی ڕاست نەبنەوە ناچار دەبین بە شەڕ و ترس بەئاگایان بهێنینەوە .سوپاس بۆ خوا ئەمڕۆ بەشێکی زۆریان بەئاگا هاتوونەتەوەو دەزانن دینی ئیسلام تاکە دینی هەقە.

ئامانج: تۆ لەم ئاپارتمانەی تێیدا دەژیت کەس دەناسیت؟ مەبەستم ئەوەیە پەیوەندیت لەگەڵ کەسیان هەیە چ لەو نهۆمانەی ژێرت و چ لەوانەی سەرەوەت؟
(دا): نەخێر لێرە کەس ئاگای لە کەس نییە. بەزەیی و خۆشەویستی هەر نییە. هەر یەکەی بە کاری خۆیەوە خەریکە. دایک منداڵی خۆی نابینێت .شیرازەی ژیان تەواو تێکچووە. 

ئامانج: ئەوانەی لەسەرەوەی تۆ دەژین، ئیسلامن؟
(دا): نەخێر لێرە من بە تەنیا ئیسلامم. 

ئامانج: چۆن ڕازی دەبیت ئەو کافرانە لەسەرووی تۆوە بن؟
(دا): هەر من لەسەرەوەی ئەوانم .دواڕۆژ هەر بۆ ئیسلامە و ئاڵای ئیسلام ڕۆژێک دێت لەسەر ئەم بینا بەرزە دەشەکێتەوە .ئیتر هەموومان لەژێریدا وەک برا دەژین چونکە ئەوانەش دێنە سەر دینی هەق و شایەتمان دەهێنن. خۆ پێشتر ئەمانەم بەوردی بۆ باس کردیت.

ئامانج: تۆ دەزانیت لەم وڵاتە ئەگەر مرۆڤ پارەی سۆشیال وەربگرێت و بەبێ پرسی کۆمۆن سەفەر بکات، واتە مانگانەی نادەنێ؟ بەبێ هیچ بیانوویەک لەم وڵاتە نەمێنێت.
(دا): بەڵێ دەزانم کە ئەمە زوڵمێکی گەورەیە. شتی وا لە ئیسلام نییە و کوفرە. ئەمە مانای وایە ڕێگای سەفەر لە موسڵمانان دەگرن. خوای گەورە ئەمە قەبووڵ ناکات. 

ئامانج: ئەگەر وایان لەگەڵ تۆ کرد چ هەڵوێستێکت دەبێ؟
(دا): من چاوم لە دەستی ئەوان هەر نییە . با مانگانەکەم ببڕن و منەتیان نەبێ. خوا دەمژیەنێ نەوەک ئەمانە بەڵام من بۆ ئەوە جیهاد دەکەم کە ئەو زڵمە نەمێنێ. 

ئامانج: کاتێک گەیشتیتە ئەم وڵاتە چۆن وەرگیرایت؟ مەبەستم ئەوەیە زوو کاروبارەکانیان بۆ ڕوواندیت؟
(دا): لە چاو خراپ نەبوو. هەر ئەوەندەیان لێ چاوەڕوان دەکرێ.

ئامانج: تۆ دەڵێی شیرازەی ژیان لێرە تەواو تێکچووە .ئەگەر وایە چۆن توانیان تۆ و هەزارەها پەنابەری تر وەربگرن و شوێنیان بکەنەوە؟
(دا): ئەوان کە چاویان بە موسڵمان بکەوێ زەندەقیان دەڕژێ و هەر چاوێکیان دەکەنە چوار، بۆیە لە دوورەوە موسڵمان دەبینن .ماوەیەک لە کەمپیان دادەنێن و دوایی دەیانبەنە ئەو شوێنانەی کە خۆیان مەبەستیانە بۆ ئەوەی هەر چاویان لەسەریان بێت .هەموو موسڵمان بە ئیرهابی دەزانن .ڕۆژێک دێ بزانن ئەوە هەر موسڵمانە ئەم وڵاتانە لەو تاریکییە ڕزگار دەکات.

ئامانج: تۆ جارێکیان لەم گفتوگۆیەدا وتت خەڵکی ڕۆژئاوا زۆر نەزانن و وتت دوای ئەوەی ئەوانت بینی ئینجا زانیت جاهیلییەکانی مەککەی پیرۆز و مەدینەی منەوەرە چۆژ ژیاون .وتت ئەوانە هێشتا لەو سەردەمە جێماون و دەبێت بە نووری ئیسلام ڕووناکیان بکەینەوە بەڵام دواتر وتت ئەوانە زانستی کۆمپیوتەریان لە قورئان وەرگرتووە .من ناڵێم ئەمە ڕاست نییە بەڵکو دەپرسم ئەگەر ئەوانە بەم شێوەیە نەزان و جاهیلن چۆن لە قورئان تێگەیشتوون و توانیویانە پێش زاناکانی ئیسلام و پێش موفەسیرە گەورەکانی ئیسلام زانستی کۆمپیوتەر و زۆر زانستی تر بدۆزنەوە؟
(دا): ئەگەر زانیمان هەر وشەیەکی قورئان و حەدیس چەند مانایان هەیە و چەند گەورەن ئەوسا ئەو پرسیارانە وەک بەفر دەتوێنەوە .ئەگەر بە ڕاستی باوەڕمان بە توانای ئەو خوایە هێناو زانیمان چۆن لە قورئاندا باسی گەورەیی خۆی و خۆشەویستیی محمد صلی اللە علیە وسلم دەکات باوەڕ بەهەموو شتێکی چاک دەهێنین. 

ئامانج: لە کام سورەتەی قورئاندا باس لە زانستی کۆمپیوتەر کراوە؟
(دا): ڕاستەوخۆ باس نەکراوە بەڵکو وەک ئایەت یانی وەک موعجیزە باس کراوە بۆ ئەوەی دواتر ماناکەی بدۆزرێتەوە و هەست بە گەورەیی خواو پێغەمبەر بکرێ. 

ئامانج: بۆچی ئەو ئایەتانەی باس لە جیهاد و بەردبارانکردنی زیناکەر و بڕینی دەستی دز دەکەن ماناکانیان ڕاستەوخۆ دیارە کە خۆت بەردەوام دەڵێیت وتەی خوا بۆ عەبدی خۆی ڕوونە بەڵام کاتێک دەگاتە ئەم مەسەلانە شتەکە دەگۆڕێت؟
(دا): هیچ شتێک ناگۆڕێت .قسەی خوا هەر قسەی خوایە کە لە ڕێگای پێغەمبەری سەروەرمانەوە پێی گەیاندووین .ئەگەر وانەبووایە چۆن دوای زیاتر لە چواردە سەدە هێشتا ئیسلام هەر دەماو ڕۆژ بە ڕۆژیش لە سایەی موجاهیدانەوە بەهێزتر دەبێت و پەل بۆ هەموو دنیا دەهاوێت؟ ئەمە موعجیزەیەو پرسیاری ناوێ.

ئامانج: وەک دەبینم تۆ لە قورئان و حەدیسدا زۆر شارەزایت و لەم ڕووەوە خاوەنی بەهرەیەکی گەورەیت .ئایا باوەڕ دەکەیت ڕۆژێک لە ڕۆژان زانستێکیان تیا بدۆزیتەوە کە پێشتر کەس بەلایدا نەچووبێت؟
(دا): سوپاس بۆ خوا من بەشی خۆم شارەزام، بەڵام براکەم من لەچاو زانایانی ئیسلام چی دەزانم؟ زۆر زۆر کەم .وەک وتیشم هەر وشەیەکی ئەم قورئانە هەزاران مانای گەورەی هەیە.

ئامانج: دەتوانی ناوی یەک لەو زانایانەم پێ بڵێیت کە وتووییانە زانستی کۆمۆپیوتەریان لە قورئان وەرگرتووە؟
(دا): نا بەڵام دەبێت باوەڕ بکەیت هەموو زانستێک لەم قورئانەدا هەیە مادام وتەی خوایە .ئەگەر دروستکردنی ئەم دنیایە بە بەشەریشەوە لای خوا هێندە ئاسان بێ دەبێ زانستی کۆمپیوتەر و شتەکانی تر چی بن؟ ئەوەی باوەڕی بە قورئان هەبێ باوەڕی بەمەش هەیە. 

ئامانج: با واز لەمە بهێنین .ئەگەر چەکدارێک لە توونس یان لە مەغریب یان لە هەر وڵاتێکی دووری ترەوە هات و لە کۆبانێ یان لە قامیشلۆ ژنێکی پیری پەککەوتە یان منداڵێکی کوردی کوشت .تۆ لای کامیانی؟
(دا): ئەوە دەکەوێتە سەر ئەوەی ئیمانی ئەو چەکدارە چییە .ئەگەر ئیسلام بێت و بۆ جیهاد هاتبێت لای ئەوم و دوعای خێری بۆ دەکەم .بۆ موسڵمان هەموو شوێنێ وڵاتی خۆیەتی .لە ئیسلامدا نەتەوە نییە و هەموومان ئۆمەتی ئیسلامین.

ئامانج: ئایا عەرەبەکانیش ئاوا دەڵێن؟
(دا): هەر کەسێ موسڵمان بێت بەم شێوەیە بیر دەکاتەوە. 

ئامانج: ئایا دەبێت خەلیفە کورد بێت؟
(دا): ئەمەیان شتێکی ترە .خەلیفە هەر دەبێت لە ڕەچەڵەکی پێغەمبەری سەروەرمان بێت .خۆ هەموو عەرەبێکیش بۆی نییە ببێتە خەلیفە .ئیسلام جیاوازی لەنێوان موسڵماناندا ناکات و دەیانخاتە سەرووی هەموو ئۆمەتەکانی ترەوە. 

ئامانج: چۆن دەزانیت ئەو منداڵە یان ئەو ژنە پیر و پەککەوتەیەی کۆبانێ یان هی قامیشلۆ کافرە؟

(دا): ئەوانەی لەژێر دەستی کوفردان با کافریش نەبن هەر بەر ئەو پاککردنەوەیە دەکەون .ئەگەر دڵیان ئیمانی پاکی تیا بێت دەچنە بەهەشت ئەگینا ئەوە ڕەوانەی دۆزەخ دەکرێن.

ئامانج: ئەوسا کە لەو ڕێگایە دەڕۆیشتین دوو کچی قژزەرد بەلاماندا هاتن و بە ڕوومانەوە پێکەنین .تۆش بە جوانی پێکەنیت و پێت وتن های .لێت ناشارمەوە زۆر ئەو بزەیەتم پێ جوان بوو .دڵیشم بەوە کرایەوە هێندە بە ڕووی خۆشەوە سڵاوت لێ کردن .تەنانەت خەریک بوو شانت بەر شانی ئەوەیان بکەوێت کە تیشێرتە پرتەقاڵییەکەی لەبەردابوو .تۆ دەڵێی چی؟

(دا): من بەو شێوەیە سەیرم نەکردوون، بۆیە ڕەنگی جلوبەرگیانم هەر لە بیر نەماوە. ئەگەر ئیسلام بوونایە هەر سەیرم نەدەکردن چونکە سەیرکردنیان بە فەرمانی خوای گەورە لە من حەرام کراوە.

ئامانج: ئەوەیان گرنگ نییە، بەڵام تۆ بە ڕووی ئەوانە پێدەکەنیت و سڵاویان لێ دەکەیت؟

(دا): من هەر شتێک خوا و پێغەمبەر پێی ڕازی بن ئەوە دەکەم .من ئەمڕۆ بەناچاری لێرە دەژیم و ناتوانم پێیان بڵێم ڕقم لێتانە بەڵام لە دڵەوە خۆشم ناوێن.

ئامانج: ببوورە، بەڵام ئەوە بە درۆ حیساب نییە؟

(دا): لای خوای گەورە ئەوە گرنگ نییە من بە زمان چی دەڵێم بەڵکو ئەوە گرنگە لە دڵمدا چ ئیمانێک هەیە . دەفەرمووێ (لا يؤاخذكم الله باللغو فى ايمانكم ولكن يؤاخذكم بما كسبت قلوبكم والله غفور رحيم .) موسڵمان لە سێ حاڵەتدا ڕیگای دراوە درۆ بکات کە ئەوە بەدرۆ حیساب ناکرێت .پێغەمبەری سەروەرمان محمد صلی اللە علیە وسلم دەفەرمووێ (الرجل يقول القول يريد به الصلاح، والرجل يقول القول فى الحرب، والرجل يحدث امراته، والمراة تحدث زوجه .) ئەوەی من حاڵەتی دووەمە .کە موسڵمان لە کاتی شەڕدا بۆی هەیە درۆ بکات کە بە درۆ ناژمێردرێت.

ئامانج: بەڵام من باسی ئێستا دەکەم .تۆ ئەمڕۆ لێرە لە شەڕدا نیت.

(دا): بەڵێ لە شەڕدام .من لە وڵاتێک دەژیم کە بە هەموو شێوەیەک لەگەڵ ئیسلام شەڕ دەکات .بە چەک بە پارە و بە پروپاگەندە و بە هەموو شتێک. 

ئامانج: ئایا تۆ لات ڕوونە کە خودا ڕێگای درۆی داوە؟ ئایا ئەوە لە پایەی خوا دەوەشێتەوە کە دینەکان زۆر بە گەورە و بەهێزی دەزانن؟

(دا): فەرموو جارێکی تر فەرموودەکە بخوێنەرەوە .بەڵێ ڕێگای ئەو سێ جۆرە درۆیەی داوە کە بە درۆ حیساب نین. 

ئامانج: وەک خۆت ئاگات لێیە من دەزانم تۆ لەم وڵاتە وتووتە خەڵکی یەکێک لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژئاوایت و لە دەست ئیسلامییە توندڕەوەکان ڕات کردووە .ئەمەیان دەچێتە چ خانەیەکەوە؟

(دا): تۆ بە منت وت ئەم نهێنییە لای خۆت دەپارێزیت .بۆچی ئێستا ئاوا دەکەیت؟ ئەمە نابێت بنووسیت.

ئامانج: من لەسەر بەڵێنی خۆم ماوم و بە هیچ کەسێک ناڵێم تۆ کێیت .من ماوەیەکی زۆرە لە ئەوروپا دەژیم (، واتە ئەو نهێنییە لەنێوان خۆماندایە، ئەوە مەحاڵە confidentiality) و لێرەش کاتێک بە یەکێکت وت کەسی تر پێی بزانێت .بۆیە من دیسان بەڵێنت پێ دەدەم نە ناوی ڕاستەقینەت دەهێنم و نە شوێنەکەت بە کەس دەڵێم .هیچ زانیارییەک لەبارەی تۆوە بە کەسێکی تر ناڵێم هەتا ئەگەر بزانم ژیانمم لەو پێناوە داناوە .هەمان بەڵێنم بەو کەسەش داوە کە تۆی بە من ناساندووە .با بۆ پرسیارەکەمان بگەڕێینەوە . بەپێی دینەکەت تۆ گوناهت ناگات لێرە خۆت وەک کوردێکی قوربانیی دەستی ئیسلامییە توندڕەوەکان ناساندووە و بەو ڕێگایە مافی پەنابەریت وەرگرتووە؟

(دا): سوپاس بۆ خوای گەورە من وەک موسڵمانێک لەبەرامبەر هیچ پرسیارێک دانامێنم .تۆ وا دەزانی هەڵەیەکی گەورەت لە من گرتووە بەڵام ئەوەی من کردوومە دژی شەرعی خوا و پێغەمبەر نییە . پێغەمبەری سەروەرمان صلی اللە علیە وسلم دەفەرمووێ (الحرب خدعە) کە ئەمە لە سەحیحی موسلمدا هەیە .من بەو شێوەیە دوژمنم فریو داوە و ئەوەی کردوومە بۆ خوا و پێغەمبەرمە .خوا ڕووم ڕەش بکات ئەگەر بۆ شەخسیی خۆم وام کردبێت .من چاوم لەم دنیایە نییە .ئەم دنیایە زۆر کورتە .من بۆ بەهەشت تێدەکۆشم .بەهەشتیش هەر بۆ موسڵمانانە.

ئامانج: بەڵام بێگومان بۆ ئەوەیان ڕاستت پێ وتوون کە وتووتە ژنەکەت لە لایەن ئەو چەکدارانەوە فرێندراوە.

(دا): من موسڵمانم و تەنیا قسەی ڕاست دەکەم .خوای گەورەش هەر ڕاستگۆکانی خۆش دەوێ. 

ئامانج: جیاوازی تۆ و ئەو کۆنە هاوڕێیانەت چییە کە دەڵێی ئەوان بۆ پارە بوونەتە مەسیحی و لە ئەوروپا بە درۆ وتوویانە ئیسلام هەڕەشەمان لێ دەکات؟

(دا): من بەپێی دینی ئیسلام کردوومە و بۆ سەرخستنی دینەکەش کردوومە بەڵام ئەوان ویستوویانە ئیسلام زەلیل بکەن کە خەیاڵیان خاوە .بۆ ئەوەی زیاتر لەسەری نەڕۆین هەر ئەوەندە دەڵێم (اللهم اعز الاسلام واخذل من خذل عبادك المؤمنين ،والمسلمين، اللهم انصر من نصر الدين.)

ئامانج: ئەی بۆچی لەناو دەوڵەتی ئیسلامی نەمایتەوە و هەوڵت نەدەدا بیگۆڕیت؟ بۆچی جێتهێشت؟

(دا): هەر زرووفەو شتی خۆی هەیە .ئەوە بۆ من باشتر بوو .خۆ هەر کاتێک بزانم ڕێگای تر هەیە بۆ جیهاد و بۆ شەهیدبوون من ئامادەم .دوعا دەکەم و لە خوا دەپاڕێمەوە دەوڵەتی ئیسلامی لەو ناپاک و مونافیقانە پاک بکاتەوەو سەریبخات.

ئامانج: تۆ تاقە شتێک لە دەوڵەتی ئیسلامی بە دڵت نەبێت هەر ئەوەیە گوایە هندێک مونافیق و کەسانێکی تیایە دەوڵەتانی دژی ئیسلام ناردوویانن تاکو ناوبانگی ئیسلام ناشیرن بکەن، گوایە ئەوانە دەستدرێژی دەکەنە سەر ژنانی موسڵمان .وایە؟

(دا): بەڵێ، بەڵام لە خوای گەورە دەپاڕێمەوە ئەو دەوڵەتە بپارێزێت و لەوانەی پاک بکاتەوە. 

ئامانج: زۆر هەن دەڵێن ئەوانە لە سەردەمی پێغەمبەری ئیسلام و خەلیفەکانیشدا کراون، کە زیاتر بە ملك الیمین ناسراوە .دەڵێن تا ناوەڕاستی سەدەی بیستەم هەبووە و نەتەوە یەکگرتوەکان لەگەڵ بازرگانیکردن بە مرۆڤ قەدەغەی کردووە .دەڵێن ئەسحابەکان هەر یەکەی کۆمەڵێک مولک الیمینی هەبووە .واتە بۆیان هەبووە لە شەڕ ژن بگرن و بیانکەنە موڵکی خۆیان بێ ئەوەی مارەیان بکەن . پشت بە سیرەی پێغەمبەر دەبەستن .بۆ ، مەبەستم ئەوەیە ئەوانەش پشت بە قورئان و حەدیس دەبەستن ئەوەیان دەڵێ چی؟ تۆ بۆچی هەموویانت قەبووڵە و تەنیا ئەمەت قەبووڵ نییە؟ ناکرێت ئەوانەی تریشت وەک ئەمە قەبووڵ نەبێت مادام هەموویان لە یەک سەرچاوەوە هاتوون؟ ناکرێ تەفسیری تریان بۆ بکەیت؟

(دا): تۆ ئەمانەت لە کوێ خوێندۆتەوە؟ ناڵێی زۆر لەو دینە شارەزا نیت؟

ئامانج: ئەمڕۆ دنیا گۆڕاوە و مرۆڤ دەتوانێت بەئاسانی زانیاری بەدەست بهێنێت .بۆ نموونە من شێخێکی ئەزهەرم دیوە کتێبێکی لەبارەی ملک الیمینەوە نووسیوە و لە بەرنامەیەکدا بەرگری لەو کتێبەی دەکات . پشت بە قورئان و حەدیس و مێژووی ئیسلام دەبەستێت و دەڵێ عومەری کوڕی خەتتاب بە دەستی خۆی سەر و سنگ و قاچی ئەو ژنانەی ڕووت کردۆتەوە کە بە ئەممە ناسراون .واتە ئەوان بۆیان نەبووە وەک ژنی موسڵمانی سەربەست خۆیان دابپۆشن .دەڵێت موسڵمان بۆی هەیە کۆمەڵێک لەو ژنانەی هەبێت و ئەسحابەکانیش هەیانبووە. واتە ملکات الیمینیان هەبووە. تەنانەت دەڵێ ئەوەی باوەڕی پێ نەبێت باوەڕی بە قورئان نییە .خۆ ئەو شێخە بە شانازییەوە ئەمانە دەڵێ .ئەمەیان چییە و تۆ چۆن لێی تێدەگەیت؟

(دا): ئەمانە هەر وا بەئاسانی ناوترێن و پێویستیان بەوەیە زیاتر لێیان بکۆڵدرێتەوە .زانایان زۆریان لێ کۆڵیوەتەوە .من دژی هیچ فەرمانێکی خوای گەورە نیم و ملکەچی هەموو شتێکی خودا و پێغەمبەرم .هیچ شتیک لە قورئان بە خۆڕایی نەوتراوە .پێغەمبەری سەروەرمان یەک شتی نەکردووە ئەگەر خوا فەرمانی پێ نەکردبێت (وما ينطق عن الهوى ان هو الا وحي يوحى .) ئەمە هەموو شتێک دەبڕێنێتەوە .ناشمەوێت لەوە زیاتر بڵێم .خوای گەورە هەموومان بخاتە سەر ڕێگای ڕاست.

ئامانج: من هیچ قسەیەکم نییە لەوەی تۆ ئەمەیانت قەبووڵ نییە یان هێشتا لات ڕوون نەبۆتەوە، بەڵام تەنیا هێندە دەڵێم ناکرێ کەسانی تریش وەک تۆ حوکمەکانی تریان قەبووڵ نەبێ؟ نابێتت یەکێک بڵێ منیش باوەڕم بەوە نییە ژنی مێرددار یان پیاوی ژندار ئەگەر زینایان کرد لە بەرچاوی خەڵک بەردباران بکرێن؟ نابێت یەکێکی تر بڵێ منیش بەوە ڕازی نیم دەستی دز ببڕن؟ نابێت ژنێکی نووسەر یان خانمێک، کە دەکتۆری زانکۆیە هاوار بکات و بڵێ بەوە قایل نیم بەشی ژن نیوەی بەشی پیاو بێت و دوو ژن بە پیاوێک حیساب بکرێن؟ نابێت کەسانێکی ناموسڵمانیش ناڕەزایی دەرببڕن و بڵێن ئێمەش لەم سەردەمەدا نامانەوێ وەک ئەهلی زیمە سەیر بکرێین، بەڵکو پێویستە لەگەڵ موسڵمان لە هەموو مافێکدا یەکسان بین؟ باشە نابێت گرووپێکیش بڵێن با ئەو یاسایە هەڵبگیرێ ئەگەر کەسێ دینی خۆی بگۆڕێ بکوژرێ؟

(دا): کاکە تۆ شتەکان تێکەڵ مەکە، چونکە گوناهت دەگات. 

ئامانج: من شت تێکەڵ ناکەم، بەڵام دەپرسم .خۆ هەر کاتێک تۆ وەڵامت دایەوە من وشەیەکی تر ناڵێم و بۆ خوێنەری جێدەهێڵم.

(دا): ئەوانە حوکمیان بە ڕوونی دیارە .ئەمانە فەرمانی خوان و لەڕێگای پێغەمبەری سەروەرمانەوە بە ئێمە گەیشتوون .بۆ هەموو زەمان و مەکانێکن. ئەگەر دەستی دز نەبڕدرێ و ژن و پیاوی زیناکەر بەردباران نەکرێن و کچ هێندەی کوڕ میراتی بەر بکەوێ، چ جیاوازییەکمان لەگەڵ ئەمانەی ڕۆژئاوای کافر دەمێنێ؟ وەک ئەوان خوا ژیانمان لێ تاڵ دەکات و بەهەشتمان پێ ڕەوا نابینێ.

ئامانج: دەوترێت لە ڕیزی دەوڵەتی ئیسلامیدا ژمارەیەکی زۆر بەعسی عێراقی هەن .واتە ئەو ئەفسەرە گەورانەی دەستیان بە خوێنی هەزارەها ژن و منداڵی کورد سوورە لەوێن .تۆ وەک کوردێک چۆن ئەوە دەبینیت؟

(دا): من پێش هەر شتێک موسڵمانم .دوای ئەوە کوردیشم .ئەوانە پێشتر بەعسی بوون بەڵام بە دەوڵەتی ئیسلامی ڕازین و تەوبەیان کردووە .نابێتت لە بیرت بچێت ئەوانە چەند ساڵ لە دژی ئەمریکا و ئەوروپا جیهادیان کردووە .ئەوانەش نەبوون دەستیان بە خوێنی کورد خوێناوی بوو بەڵکو سەفەوییەکانی ئێران بوون کە بە ئارەزووی خۆیان لەو هەرێمە تەڕاتێن دەکەن و سووکایەتی بە موقەدەساتی سوننە دەکەن.

ئامانج: بە ڕای تۆ سەدام حسێن موجاهید بوو؟ ئایا بە شەهید حیسابە؟

(دا): ئەوەیان تەنیا خوای گەورە دەیزانێت .بەڵام لە کەس شاراوە نییە ئەو پیاوە دوژمنی سەفەوییەکان و ئەمریکا و ئیسرائیل بوو .هەموو دەزانن چەند بۆ فەڵەستینی داگیرکراو لە خەمدا بوو .لە کەسیش شاراوە نییە پێش ئەوەی لە سێدارە بدرێت شایەتمانی هێنا .ئەو لایەنگری ئیسلام بوو .دوعا دەکەم خوای گەورە بەهەشتی بە نەسیب بکات. خوا بەهەشتی فراوان بە نەسیبی هەر کەسێک بکات دژی ئیسرائیل و ئەمریکا و سەفەوییەکان دەجەنگێت.

ئامانج: تۆ ئەم قسانە لە گفتوگۆیەکی ئاوادا دەڵێی و کەس نازانێت تۆ کێیت کەچی ئەو یەکگرتووەی پێت وایە ئیسلامی نییە و دەبێت تەوبە بکات هەمان ئەو قسانەی تۆی بە ئاشکرا کردووە و ترسی لە هیچ کەس و لایەنێکیش نەبووە .ئەویش سەدام حسێن بە موجاهید دەزانێت و پێی وایە زۆر چاکەی بۆ ئیسلام هەبووە.

(دا): وەک وتم ئەو حیزبە بەناو ئیسلامییانە لەبەر خاتری عەلمانییەکان وازیان لە جیهاد هێناوە یان هیچ نەبێ بۆ ئایندەیان هەڵگرتووە .ئەوانە بازرگانی بە دینەوە دەکەن .من لەوە زیاتریان لەسەر ناڵێم بەڵام با موسڵمانان لە هەر شوێنێ سەرکردەکانیان دەبینن لێیان بپرسن ئایا لەم دینەدا جیهاد هەیە یان نا؟ ئایا خیلافەت هەیە یان نا؟ ئەگەر وتیان نییە ئەوە دژی کتێبی خوا و پێغەمبەر وەستاونەتەوە و دیارە ئەمەش مانای چییە. خۆ ئەگەر وتیان هەیە بەڵام هێشتا کاتی نەهاتووە با لێیان بپرسن حوکمی خوا دوا دەخرێت؟ 

ئامانج: ئاگات لە دەنگوباسی دەوڵەتی ئیسلامی هەیە؟ ئایا لە ڕێگای سەتەڵایت و ئینتەرنێتەوە دەزانیت ڕۆژانە چی دەگوزەرێت؟

(دا): من بەشی زۆری ژیانم بە خواپەرستی بەسەر دەبەم .هەندێکیش لە کاتەکەم بۆ ئەوانەیە کە ئەوانەش هەر خواپەرستین. 

ئامانج: کە لەو تەلەفزیۆنەت دەبینیت وا دەوڵەتی ئیسلامی بە بەرچاوی خەڵکەوە خەڵک سەر دەبڕێت، ژن و منداڵ ئاوارە دەکات، مەسیحی و یەزیدی و کاکەیی دەکوژێت، ژن لە بازاڕەکان وەک کاڵا دەفرۆشرێن، هەست بە چی دەکەیت؟

(دا): ئەوانە بەپێی شەرعی خواو پێغەمبەر کراون. 

ئامانج: ئەگەر ئەوە شەرعی خواو پێغەمبەرە بۆچی بەشی هەرە زۆری موسڵمانان لە دژتان وەستاونەتەوە؟

(دا): بەڵێ شەرعی خواو پێغەمبەرە .بەشێکی زۆری خەڵک ئەوانەی لە دینەکە تێدەگەن لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامیدان .یەک شت لەوانەی ناوت هێنان پێم بڵێ لە قورئانی پیرۆز و حەدیسی شەریفدا نییە . هەمووی لە قورئان و حەدیسی شەریفدا هەیە و لە ژیانی سەروەرمان محمد صلی اللە علیە وسلم وەگیراون. ئەوانەی وا دەڵێن دەبێت تەوبە بکەن.

ئامانج: چۆن وا دەڵێی؟ کەس هەیە باوەڕ بکات سەربڕینی خەڵک لە شەرعی خوادا بێت؟

(دا): ئاخر سەربڕینی کێ؟ ئەوانەی سەریان بڕاوە کافرن و دوژمنی ئیسلامن .خوای گەورە لە ئایەتی دوانزدەی سورەتی ئەنفالدا دەفەرمووێ (اذ يوحي ربك الى الملائكة اني معكم فثبتوا الذين امنوا سالقي في قلوب الذين كفروا الرعب فاضربوا فوق الاعناق واضربوا منهم كل بنان .) موفەسیرە گەورەکانی ئیسلام لە تەفسیری ئەم ئایەتە پیرۆزەدا دەڵێن لە شەڕدا سەری کافر دەبێت ببڕێ .داوا لە هەموو ئەوانە دەکەم کە دەڵێن دەوڵەتی ئیسلامی شتێکی ناشەرعی کردووە و بێن بە بەڵگەی قورئانەوە ڕووبەڕوومان ببنەوە هەتا موسڵمان بزانێت کێ لەگەڵ سەرخستنی دینەکەیە و کێش دەیەوێت لەبەر خاتری عەلمانییەکان ڕاستی بشارێتەوە .با نەچن لە تەلەفزیۆنی عەلمانییەکان قسەی بێبنەما بکەن یان لە ڕۆژنامەکان کۆمەڵێک قسەی بۆش بکەن .ئەگەر ڕاست دەکەن با بڵێن ئەمانە لە قورئانی پیرۆز و حەدیسی شەریفدا نین .با بڵێن ئەمانە سوننەتی سەروەرمان محمد صلی اللە علیە وسلم نییە .لەو ئایەتەدا بە ڕوونی دیارە ملی کافر دەپەڕێنرێت و هەر چوار پەلی لێ دەکرێتەوە هەموو زانایانی ئیسلامیش وایان تەفسیر کردووە بەڵام دەبێت کەسێکی شارەزا بێت و بزانێت لە کوێوە دەیبڕێت .بڕینی مل یاخود پەڕاندنی سەری کافر لە شەڕدا مانایەکی گەورەو حیکمەتێکی گەورەشی هەیە .مانای ئەوەیە لەشکری ئیسلام سەرکەوتووە . ئەوە هەر سەرکەوتووەکانن دەتوانن مل بپەڕێنن .لە ئایەتی چواری سورەتی (محمد)دا خوای گەورە دیسان دەفەرموێ (فاذا لقيتم الذين كفروا فضرب الرقاب حتى اذا اثخنتموهم فشدوا الوثاق فاما منا بعد واما فداء حتى تضع الحرب اوزارها ذلك ولو يشاء الله لانتصر منهم ولكن ليبلو بعضكم ببعض والذين قتلوا في سبيل الله فلن يضل اعمالهم.)

ئامانج: ئێوە ئەوەتان لەگەڵ مەسیحی و یەزیدی کرد .بۆ ئەمەیان دەڵێی چی؟ ئەی ئەوانە بۆ لەسەردەمی خەلیفەکان نەکوژران و سەریان نەپەڕێنرا؟

(دا): ئەوانە لە سەردەمی هەموو خەلیفەکاندا جزیەیان دەدا و بەسەرشۆڕیش دەیاندا وەک دینەکە ئەمری کردووە، بۆیە نەدەکوژران، بەڵام دوای هاتنی خاچپەرستەکان دنیا گۆڕا .نیزامی عەلمانی شوێنی خیلافەی گرتەوە و ئەوانە نەک ئازاد کران بەڵکو خرانە سەرووی موسڵمانیشەوە .ئەمڕۆ جارێکی تر ئیسلام بەهێز بۆتەوە و خیلافە ڕاگەیانراوە بۆیە یان دەبێت جزیە بدەن یان ببنە ئیسلام .ئەوانەی کوژراون لەبەر ئەوەیە بە شەرعی خوا و پێغەمبەر ڕازی نەبوون .کەس لە خۆیەوە ئازار نەدراوە. ئەی بۆ ئەوانەی هاتنە سەر دینی خواو پێغەمبەر نەک ئازار نەدران بەڵکو خرانە سەر سەر و سەر چاوان؟ بڕۆ مێژووی ژیانی عومەری کوڕی خەتتاب بخوێنەرەوە ڕەزای خۆی لێ بێ و بزانە چۆن مامەڵەی لەگەڵ جوو و مەسیحی و مەجووسییەکان کردووە .هەموویانی زەلیل و ڕیسوا کرد و نەیدەهێشت هیچ کارێکیان لە خیلافەی ئیسلامیدا پێ بدرێ.

ئامانج: ئایا ئەوانە بە خۆشیی خۆیان بوونە ئیسلام؟

(دا): نەخێر بەڵام ئەوە مانای فتوحاتە کە موجاهیدەکان بە چەکەوە دەچن، ئەگەر قەبووڵیان کرد بە نووری ئیسلام خەڵات دەکرێن، ئەگەر نەیانکرد قسەیەکی ترە .وەک وتم یان کوشتن یان قەبووڵکردنی جزیە .ئەوە دینی خوا وا دەڵێت .ئایا کەس دەتوانێ سەرپێچی لە قسەی خواو پێغەمبەر بکات؟ ئەگەر لەم فەتحەی ناوچەی مەسیحی و یەزیدییەکاندا تەنیا یەک کەس بووبێتە ئیسلام هەر دەسکەوتێکی گەورەیە بەڵام من دەزانم زیاتر لە سەد کەسیشیان بوونە موسڵمان کە یەکێکیان کرایە ئەمیریش.

ئامانج: کوژرانی ئەو هەموو خەڵکە، دەربەدەربوونی هەزارەها پیرو منداڵ و زۆری تری مەسیحی و ئێزیدی و کاکەیی گرنگ نییە بەڵام موسڵمانبوونی ئەو چەند کەسە گرنگە؟

(دا): ئەوانە لەسەر خاکی ئیسلامن و دژایەتیی ئیسلام دەکەن .خەتای خۆیان بوو وایان لێ هات . با باوەشیان بە ڕەحمەتی ئیسلامدا بکردایە بزانە چۆن ژیانێکیان دەبوو.

ئامانج: ئەوانە لەپێش ئیسلامەوە لەم شوێنە نەبوون؟

(دا): نەخێر .ئەمە ئەو شتەیە هەموو کەسێک لێی تێناگات .خوای گەورە ئەم دنیایەی لەبەر خاتری محمد صلی اللە علیە وسلم دروست کردووە و قورئان لە ئەزەلەوە هەیە .هەموو شوێنێک هی ئیسلامە و موسڵمان کۆنترین ئۆمەتی سەر زەمینە. 

ئامانج: تۆ ئەوەت نەبیستووە کە پێغەمبەری ئیسلام چۆن مامەڵەی لەگەڵ دراوسێ جوولەکەکەیدا کردووە؟ دەڵێن ئەم ڕۆژانە پیسایی لە بەردەرگای داناوە کەچی کاتێک نەخۆش کەوتووە پێغەمبەر چووەتە سەردانی .موسڵمانە میانڕەوەکان ئەمە بە بەڵگەی میهرەبانی و لێبوردەیی ئەو دینە دەزانن.

(دا): بەڵێ بیستوومە بەڵام تۆ یەک حەدیسی باوەڕپێکراوم بۆ بێنە ئەمە بڵێت .ئەو چیرۆکە هەڵبەستراوە و هیچ سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی نییە .سوپاس بۆ خوا زانایانی ئیسلام ئەمەیان بە درۆ خستۆتەوە . ئەمە قەت لە پایەی سەروەرمان ناوەشێتەوە .جوولەکە هەر زۆر زوو لەبەرامبەر لەشکری ئیسلامدا بەزین و جەزیرەیان لێ پاک کرایەوە .جوولەکەیەک بەسەرشۆڕی جزیە بداتە موسڵمان و نەتوانێت سەر هەڵبڕێت چ حەدی هەیە لە ئاستی سەروەرماندا کاری وا دەکات؟ ئەمە سووکایەتییە بە خۆشەویست و ڕابەرمان و هیچ موسڵمانێک نابێت پێی ڕازی ببێت .بەڵێ پێغەمبەر ڕەحمەتی خوای گەورەیە بۆ هەموو دنیا (وما ارسلناك الا رحمة للعالمين) بەڵام بۆ دنیایەیک کە دینی ئیسلامی تیا پەیڕەو دەکرێت نەک بۆ دوژمنانی ئیسلام .تۆ دەتوانی پێم بڵێی ئەو جوولەکەیە ناوی چی بوو؟ لە چ زەمەنێکدا دراوسێی بوو؟ 

ئامانج: من خوێندوومەتەوە و بیستووشمە چونکە ئەو موسڵمانانەی بە میانڕەو ناسراون زوو زوو ئاماژە بەو چیرۆکە دەدەن .من وەک وتم تەنیا پرسیار دەکەم و وەڵامەکەی بۆ تۆ جێدەهێڵم .دیسان نایشارمەوە کەسێکی زۆر شارەزاش نیم لە دین .ئەوەندەی لێ دەزانم کە پێویستمە .ویستوومە بزانم ئەو دینەی من لەناویدا چاوم کردۆتەوە چۆنە. زانیاریم لەو سنوورە تێنەپەڕیوە، بەڵام تۆ ناترسیت کەسانێکی شارەزا وەڵامت بدەنەوە و پێت بڵێن ئەو کردەوانەی دەوڵەتی ئیسلامی ئەوانەی لە سەرەوە ئاماژەم پێ دان هیچ پەیوەندییان بە دینی ئیسلامەوە نییە؟

(دا): هەر کەسێ دەڵێ ئەمانە لە قورئان و سوننەدا نین با بێت و بە بەڵگەوە پیشانیان بدات .هەتا ئێستا کەسێ نەیتوانیوە کاری وا بکات بەڵکو هەر لە خۆیانەوە دەڵێن دەوڵەتی ئیسلامی لە شەرع لایداوە . دەڵێن هەموو ئەوانە ڕاستن بەڵام کاتیان نەهاتووە .هەر کەسێ وەڵامی دامەوە تۆ وەڵامەکەیم بۆ بێنە و ئەوسا من بەپێی قورئان و حەدیس و سیرەی محمد صلی اللە علیە وسلم قسەی خۆم دەکەم .تۆ زوو زوو دەڵێی موسڵمانە میانڕەوەکان .من پێت دەڵێم یەک جۆر موسڵمان هەیە ئەویش ئەو موسڵمانەیە باوەڕی بە هەموو شتێکی ئەو دینەیە لەسەرووی هەموویانەوە جیهاد. ئەوە کافرەکانن دەستەواژەی موسڵمانی میانڕەویان هێناوە بۆ ئەوەی بڵێن جیهاد لە ئیسلامدا نییە کە سوور دەشزانن هەیە و واجبە .ئەوانە مونافیقن و خواش مونافیقی خۆش ناوێ. من دەڵێم ئەوانە میانڕەو نین بەڵکو میاوڕەون .دەنگی ئەمانە دەنگی تێکەڵاوی پشیلەو سەگە .هەم دەمیاوێنن و هەم دەوەڕن. ئەوانە دەیانەوێت بەو دەنگە نەشازەیان ئیسلام بشێوێنن. ئەوانە کە دەڵێن موجاهیدەکان لە دین لایانداوە تەنیا مەبەستیانە هێشتا کاتی ئەوە نەهاتووە چونکە لە مانەوەی ئەم دۆخە قازانج دەکەن .هەموویان مووچەخۆری عەلمانییەکانن بەڵام موجاهیدەکان دەڵێن ئەم دینە بۆ هەموو زەمان و مەکانێکە.

ئامانج: کەسایەتییەکی وەک مەلا کرێکاریش کە پێگەی خۆی لە دنیای ئیسلامیدا هەیە دژی ئێوەیە.

(دا): ئەمە بە هیچ شێوەیەک دروست نییە .مامۆستا کرێکار خوای گەورە تەمەنی درێژ بکات هەڵوێستی ڕوون و ئاشکرایە .ئەو سەدان لاوی بۆ جیهاد هان داوە و سەدان کەس لەسەر دەستی ئەو پێگەیشتوون . لەبەر ئەوەی نەیویست وەک ئەوانی تر پایەی دینەکەی نزم بکات خرایە زیندانی کافرانەوە .مامۆستا کرێکار ئەگەر چاوی لە ماڵی دونیا بوایە وەک ئەوانی تر ئەوە لەو هەرێمە دەیتوانی ببێتە خاوەنی گەورەترین حیزب و قەبەترین سامان بەڵام قەت بەوە ڕازی نەبوو .ئەو پشتیوانی موجاهیدانە.

ئامانج: دەڵێن ئەویش هانی گەنجان دەدا خۆیان بتەقێننەوە وەک لە یوتیوبدا دەیبینین بە دەنگی خۆی دەڵێ بە گەنجێکم وتووە خۆی بتەقێنێتەوە و لە موسڵ خۆشی تەقاندۆتەوە، کەچی شانازی بەوە دەکات منداڵەکانی لە زانکۆکانی لەندەن دەخوێنن .ئەمە ڕاستە؟

(دا): ئەمە ڕاست نییە و لە پایەی مامۆستا کرێکار ناوەشێتەوە منداڵی خۆی بۆ زانکۆکانی لەندەن بنێرێ بەڵام گەنجی بۆ جیهاد هان داوە، ئەمەش واجبێکی دینیییە.

ئامانج: نەک هەر پیاوانی ئایینی بەڵکو زۆر ڕۆشنبیریش دەڵێن ئەوانەی دەوڵەتی ئیسلامی دەیانکات لە ئیسلام دوورن.

(دا): دیارە ئەو ڕۆشبیرانە بەبێ ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان شتێکیان لەبارەی ئەم دینەوە خوێندبێتەوە قسەی وا دەکەن .قسەی ئەمانە لای من هیچ نرخیان نییە .ئەوانە لەگەڵ حیزبە بەناو ئیسلامییەکان ڕێک کەوتوون و ستاییشی یەکتر بکەن .من لەوسەر هاتوومەتەوە. 

ئامانج: هەندێک پێیانوایە ئێوە بەو کردەوانەتان زیانێکی گەورەتان بە ئیسلام گەیاندووە .دەڵێن واتان کردووە خەڵک لەجیاتی ئەوەی لە دینەکە نزیک ببێتەوە و هەست بە دڵنیایی بکات ئێستا وای لێ هاتووە دوور بکەوێتەوەو بترسێت. دەشڵێن هەتا ئاوا ئۆمەتی ئیسلام دابەش ببێت و هەر یەکەی خۆی بە ڕاست و ئەوانەی تر بە هەڵە بزانێت موسڵمانی ئاسایی زیاتر هەست بە نائومێدی دەکات. هەر ئەوانە دەڵێن کاتێک موسڵمان دەبینێت دوای نزیکەی هەزار و پێنجسەد ساڵ لە مێژووی ئیسلام ئێوە دەرکەوتوون تەواو دادەڕووخێت و هیوای بەو مژدانە نامێنێت کە بەردەوام پێی دراون. دەڵێن موسڵمان هەست بە دووفاقییەکی گەورە دەکات، لە لایەک پێی دەوترێت ژمارەتان گەیشتۆتە ملیار و نیوێک و لە لایەکی تریش دەبینێ ئەو ملیارو نیوە زۆرپەرشوبڵاوە و هیچ گرووپێک ئەوەی تری قەبووڵ نییە، ببێتە لای هەر کامیان لە چەند هەزارێک تێناپەڕێت و خۆی لە کەمایەتییەکی بچووکدا دەبینێتەوە .ئەوانە دەڵێن هیچ بوونەوەرێکی تر وەک موسڵمانی ئەمڕۆ هەست بە کەمایەتی ناکات لەم دنیا جەنجاڵەدا .بۆ ئەمەیان دەڵێ چی؟

(دا): مادام دینی ئیسلام دینی هەقە سەر دەکەوێت و ئاڵای ئیسلام دەگاتە شوێنە هەرە دوورەکانی ئەم دنیایە .ئینسانی موسڵمان لەوە زیاتر چی دەوێت کە بە چاوی خۆی دەبینێت ئاڵای ئیسلام بەرز کراوەتەوە؟ دەبێت سوپاسی خوای گەورە بکات و زیاتر دڵی بۆ جیهاد لێ بدات .خواش هەر ئەوانە سەردەخات کە لەپێناوی هەقدا گیانی خۆیان دەکەنە قوربانی.

ئامانج: ئەوانە دەڵێن ئێوە واتان کرد خەڵک لەبارەی هەندێک شتی وەک جیهاد، گرتنی ژن لە شەڕ و فرۆشتنیان لە بازاڕ، بەردبارانکردنی مرۆڤ و پەڕاندنی ملی ناموسڵمان و بگرە موسڵمانیش لەبەرچاوی خەڵکدا، کوشتنی ئەوانەی موسڵمان نین و زۆری تر پرسیار بکەن کە ئەمەش بۆ ئۆمەتی ئیسلام خراپە چونکە خودا لە قورئاندا بە موسڵمان دەڵێت نابێتت پرسیار بکات.

(دا): خودای گەورە دەفەرمووێت (يا ايها الذين امنوا لا تسالوا عن اشياء ان تبد لكم تسؤكم وان تسالوا عنها حين ينزل القران تبد لكم عفا الله عنها والله غفور حليم .) لەگەڵ ئەو شتانەیەتی کە موسڵمان دینەکەی پێ لاواز دەبێت بۆیە نابێتت پرسیاریان لێوە بکات .بەڵام ئەمە شایەتییەکی باشە کە دەوڵەتی ئیسلامی توانیویەتی وا بکات خەڵک لەو شتانە پرسیار بکات و لێی تێبگات کە ئەوە زیاتر لە سەدەیەکە عەلمانی و خاچپەرستەکان نەیانهێشتووە لێیان تێبگات .موسڵمان بە پرسینی ئەمانە دینەکەی بەهێز دەبێت چونکە هەر چۆن پرسیار بکات ئەمانە لە قورئانی پیرۆز و لە ژیانی محمد صلی اللە علیە وسلمدا دەدۆزێتەوە. خوای گەورەش هەر ئەوەی دەوێ.

ئامانج: بەڵام زۆرێکیش باس لەوە دەکەن لەگەڵ هاتنی ئیخوان موسلمین بۆ حوکمی میسر و دەرکەوتنی ئێوە لە عێراق و سوریادا دیاردەی بێدینی تەشەنەی کردووە بەڕادەیەک ئەوانەی بانگەشەی بێدینی دەکەن هەم ژمارەیان زۆر بووە و هەم هێزیان پەیدا کردووە .بۆ نموونە ئەو دیاردەیە لە سعوودیە، لەو شوێنەی ئیسلام چاوی هەڵهێناوە بە زەقی دەرکەوتووە و میدیاکانیش ناتوانن بیشارنەوە .خۆ ئەوە میسر و مەغریب و توونس و عێراق هەر باسیان ناکرێ. ئەگەر لە یوتیوب بۆ ڤیدیۆی بێدینەکان بگەڕێیت هەزارنت دەست دەکەوێ کە چەند ساڵێ لەمەوبەر بە دەگمەن هەبوو. خۆشمان لە فەیسبووک دەبینین ئەو دیاردەیە بە چ شێوەیەک لەناو کورددا تەشەنەی کردووە. خۆشت پێشتر بە وردی ئاماژەت بە دیاردەی تەبشیری مەسیحی دا. خۆ هەندێک کەس دیارەی تەشیعیش باس دەکەن، واتە خەڵکی سوننە زۆر ڕوو لە مەزهەبی شیعە دەکەن .ئەم دیاردەیە بە تایبەتی لە میسر گەیشتۆتە ئەوەی ئەزهەر وەک بنکەیەکی ناسراوی سوننە هاواری لێ بەرز بۆتەوە. ڕووداوی کوشتنی شێخێکی بەناوبانگی وەک حەسەن شەحاتە و هاوڕێکانی لە میسر بەڵگەیەکی زەقە کە خۆی و زۆری تر بوونە شیعە و ئەو مەزهەبەیان بە شێوەیەکی فراوان بڵاو کردەوە .ئایا موجاهیدەکان لەم دۆخە بەرپرسیار نین؟

(دا): بەپێچەوانەوە موجاهیدەکان بۆیە جیهاد دەکەن تاکو کوفر و شرک نەهێڵن .ئەگەر موجاهیدەکان نەبن نە ژنان جلی شەرعی دەپۆشن، نە لاوان دەچنە مزگەوت و نە لە ڕەمەزاندا چێشتخانەکان دادەخرێن .بەڕاستی با پێت بڵێم موجاهیدەکان چۆن جیهادی شەڕ دەکەن ئاواش خەریکی ئەوەن دینەکە لەناو موسڵماناندا بپارێزن. ئەگەر ئێستا دین لە قوتابخانەکاندا دەخوێنرێت و کەمێک بایەخ بە دەرسی دین دەدرێ هەمووی لە ترسی موجاهیدەکانە. ئەگەر موجاهیدی سوننە نەبن ئەوە ئێرانی سەفەوی ژەهری خۆی بە هەموو دیاری سوننەدا بڵاو دەکاتەوە. بێدینی لەناو کورددا نوێ نییە .کورد زۆریان بەرامبەر ئیسلام داخ لە دڵن. هەندێکیشیان خواپەرست و موجاهیدی ڕاستن. ئەو حیزبە عەلمانییانە ئەوە چەند ساڵە تۆوی ڕق و بوغز لەناو دڵی موسڵماناندا بڵاو دەکەنەوە. کورد ئەوەندەی ڕقی لە سوننەیە هێندە ڕقی لە شیعە سەفەوییەکان نییە. بۆ ئەوەی بزانیت تا چ ڕادەیەک ئیسلام لەناو کورددا لاوازە لە ڕۆژانی نەورۆز کە جەژنی مەجووسییەکانە بڕوانە چۆن شارەکان چۆڵ دەبن .لەپێش هەموویانەوە بەناو ئیسلامییەکان جلی ڕەنگاوڕەنگی ڕووت دەپۆشن و دەچن لەو شاخانە ڕەشبەڵەک دەکەن .ئێوارەی پێشتریش لە هەموو لایەکەوە ئاگر دەکرێتەوە کە ئەمە ڕەمزی ئاگرپەرستییە. باشە ئەو نەورۆز نەبوو لە سەردەمی عومەری کوڕی خەتتابدا خوا لێی ڕازی بێ حەرام کرا؟ 

ئامانج: دەڵێن پێشمەرگە زۆربەیان سەر بە مەزهەبی سوننەن، لە سەنگەرەکانیان نوێژ دەکەن و بەڕۆژوو دەبن کەچی ئێوە بە کافریان دەزانن .تۆ لەم بارەیەوە دەڵێی چی؟

(دا): مەگەر هەر ئەو پێشمەرگەیە نییە شەڕ لە دژی موجاهیدان دەکات و دڵی بۆ ئەمریکای کافر لێ دەدات؟ مەگەر هەر ئەو پێشمەرگەیە نییە ئەگەر ئاڵای پێغەمبەری سەروەرمانی دەست بکەوێت کە ناوی خوا و محمد صلی اللە علیە وسلمی لەسەر نووسراوە دەیسووتێنێت و دەیخاتە ژێر ئاڵای مەجووسییەکانەوە؟ ئەو پێشمەرگەیە ڕێز لەناوی خوا و پێغەمبەر ناگرێت ئیتر نوێژ و ڕۆژوو چ سوودێکی بۆی هەیە؟ من لەگەڵ ئەوەشدا دوعای بۆ دەکەم خوای گەورە هیدایەتی بدات و تەوبە بکات چونکە دەزانم ئەو پێشمەرگەیە نەخوێندەوارە و هیچ لە دینەکەی نازانێت .چەند پێشمەرگە وەک موجاهیدەکان لە قورئان و لە حەدیس و لە سیرەی سەروەرمان تێگەیشتووە؟ ئەگەر تێبگەن ڕووی چەکیان بەرەو حوکمەت و پەرلەمانی کافران وەردەگێڕن و دێنە پاڵ موجاهیدانەوە. 

ئامانج: وەک ئاگات لێیە کوردەکانی ناو دەوڵەتی ئیسلامی ناوە ناوە گوللەباران دەکرێن و دەڵێن سیخوڕی بۆ دوژمنان دەکەن .لەو بارەیەوە چ زانیارییەکت هەیە؟

(دا): سیخوڕو مونافیقەکان لە هەموو لایەکەوە هاتوون چونکە ئیسلام دەوری بە ناحەزان گیراوە .من ئەمە بە هەنگاوێکی باش دەزانم .ئەمە بەڵگەیە کە قسەکانی من و زۆر موجاهیدی تریش ڕاستن .لە خوا دەپاڕێمەوە دەوڵەتی ئیسلامی لە مونافیق و ناحەزان پاک کاتەوەو بەسەر دوژمنانیدا سەریخات.

ئامانج: بۆچی ئەمە تەنیا لەگەڵ موجاهیدە کوردەکان دەکرێ؟ بۆچی ئەوانە هێندە ڕقیان لە کوردە؟

(دا): ڕقیان لە کوردی موسڵمان و موجاهید نییە بەڵام کورد زۆر بە لای عەلمانیەتدان و زۆریان دۆستی ئەمریکا و ئیسرائیلن. هەر کوردیشن لە فەیسبووک دەڵێن ئۆخەی کە کوردەکانی ناو دەوڵەتی ئیسلامی دەکوژرێن .کورد خۆی ڕقی لە هەر کوردێکی ترە ئەگەر بە لای ئیسلامدا بچێت .ناڵێم هەموویان بەڵام زۆریان .هەموو ئەو ڕاستییە دەزانن. لێت ناشارمەوە ئەوەشم بیستووە کە پارتی و یەکێتی هەندێک کەسی خۆیان ناردۆتە ئەوێ بۆ ئەوەی تۆمەت بۆ کوردە موجاهیدە ڕاستەقینەکان دروست بکەن و شەهیدیان بکەن. خۆشت دەزانی ئەوانە بۆ لەناوبردنی ئیسلام درێغی ناکەن کە خەیاڵیان خاوە.

ئامانج: ئایا ئەو کوردانە پێش ئەوەی بکوژرێن دادگایی دەکرێن یان هەر هێندە گومانیان لێ کردن ئیدی بڕیاری گوللەبارانیان دەردەچێت؟

(دا): ئەوانەی ئەو کارە دەکەن خۆیان دەزانن کێ ناپاکە و دەزانن چۆن بڕیار بدەن بەڵام لەوانەشە هەندێجار ئەو حوکمە تەواو دروست نەبێت. مرۆڤ هەر مرۆڤە و خەتا دەکات .ئەوە هەر خوا و پێغەمبەرن لە گوناهـ و هەڵە دوورن حوکمیان عادیلانەیە. خوا ڕووی ئەوانە ڕەش بکات کە تۆمەت دەدەنە پاڵ موجاهیدان و بە دەستی برا موجاهیدەکانیان خوێنی پاکیان دەڕێژن. 

ئامانج: ئەگەر بڵێم تۆ لەبەر ئەوە ئەوێت جێهێشتووەو بۆ ئەوروپا هاتوویت، نەوەکا بەر ئەو شاڵاوە بکەویت، هەڵەم؟

(دا): بەڵێ نەک جارێ سەد جار هەڵەیت. من لەسەرەوە قسەی خۆمم کرد و هەر ئەوانەش ڕاستن. ئەوەی ڕۆژێک منی ناسیبێت دەزانێ ترسنۆک نیم بەتایبەتی ئەگەر شتەکەم بۆ خوای گەورە و پێغەمبەری سەروەمان بێ کە هەموو شتێکیشم هەر بۆ ئەوانە. منێک خوا و پێغەمبەری خۆشەوسیت پشتیوانم بن دەبێت لە چی بترسم.

ئامانج: ئایا کاتێک زۆر لەو موجاهیدە کوردانەی بەنیازن بچن لەو دەوڵەتە و لەژێر ئاڵای خیلافەتدا بجەنگن، دەبیستن و بە چاوی خۆیان دەبینن وا کوردی وەک ئەوان لەوێ گوللەباران دەکرێ سارد نابنەوە یان پەشیمان نابنەوە؟

(دا): ئەوەی بەڕاستی نیازی جیهادی هەبێت لە هیچ شتێک سارد نابێتتەوە چونکە جیهاد مانای شەهیدبوون و چوون بۆ بەهەشتە .ئەو کوردانەی نیازی وایان هەیە ئەگەر لەو ڕێگایە هەر کێ شەهیدیان بکات، ئەوان بەهەشتی خۆیان مسۆگەر کردووە و خوا پاداشتیان دەداتەوە. ئەگەر بە مردنی خۆشیان بمرن هەر شەهیدن.

ئامانج: بەڵام دەرکەوتووە ئێستا موجاهیدە کوردەکان زۆر کەمتر باوەڕیان بە دەوڵەتەکەتان ماوە و زۆریشیان هەر دەرفەت بهێنن ڕا دەکەن .بۆ ئەمەیان دەڵێی چی؟

(دا): هەر قسەکانی پێشووم دەکەمەوە.

ئامانج: ئەگەر وەک خۆت دەڵێی هەر کەسێک بەنیازی چاکەوە بچێتە ئەوێ، لەو ڕێگایە هەر چی بەسەر بێ شەهیدە و دەچێتە بەهەشت، ئەی تۆ بۆچی ئەو بەهەشتەی ئەوێت لە دەست خۆت داو هاتی لەم ئەوروپایەی کافران بژیت؟

(دا): هەر کەسەو زرووفی خۆی هەیە .من وەک وتم هەر خۆم بە موجاهید دەزانم و هێشتا لەو ڕێگایە لام نەداوە. دیسان دەڵێم ئەمە خاکی خوایە و لە دواڕۆژ ئاڵای ئیسلامی لێ هەڵدەکرێ. 

ئامانج: ئەگەر چەند ساڵێک لەمەوبەر یەکێ لەسەر پەڕۆیەک ناوی خواو پێغەمبەری بنووسیایەو یەکێکیش سووکایەتیی بەو پەڕۆیە بکردایە، خەڵکی موسڵمان چییان لێ دەکرد؟

(دا): دەیانتۆپاند چونکە ئەوە کوفرێکی گەورەیە و هەر کەسێ کەمێک ئیمانی لە دڵدا بێ پێی ڕازی نابێت. 

ئامانج: باشە بۆچی ئەمڕۆ هەمان پەڕۆ کە ئاڵای ئێوەیە دادەگیرێتە خوارەوە و سووکایەتیی پێ دەکرێت؟ ئینجا بۆ ئەوەی هەستی تۆ و هی خوێنەری موسڵمانیش بریندار نەکەم ناڵێم چی لەو پەڕۆیە دەکرێ . وەک خۆت دەڵێی لە فەیسبووک دادەنرێت و موسڵمانانیش قسە ناکەن بەڵکو ئەوە هەر موسڵمانان خۆیانن وا دەکەن. خۆ سەلمان ڕوشدی و کاریکاتێکریستە نەناسراوەکەی وڵاتی دانیمارک هێندەیان نەکرد هەموو موسڵمان تێکڕا لێیان هەستانەوە و لە تۆڵەیاندا بەشێکی ڕۆژئاوایان سووتاند. ئایا ئێوە هۆکاری ئەوە نین بەم شێوەیە ناوی خواو پێغەمبەر بوونەتە جێگای ڕقی خەڵکی موسڵمان و ئاوا سووکایەتیی بەو وشانە دەکرێن؟

(دا): ئێستاش موسڵمانی ڕاستی ئەوەی قەبووڵ نییە بەڵام چی لەگەڵ خەڵکی مونافیق و کافر دەکەیت کە کاری وا دەکەن .حیزبە بەناو ئیسلامییەکانیش ناوێرن نقە بکەن. زۆر شەرمە بۆ ئەوان بە کوژراوی یەزیدییە شەیتانپەرسەتەکان دەوترێت شەهید و شەهیدبوونی موجاهیدانیش وەک مژدەی خۆش دەگەیەنرێ کەچی بە خەیاڵیاندا نایەت .یان بە منگەمنگ هەندێک ناڕەزایی دەردەبڕن و هیچی تر.

ئامانج: تۆ کاتێک لەگەڵ عەرەب و نەتەوەکانی تردا شەڕت لە دژی کوردی ڕۆژئاوای کوردستان دەکرد شەرم دایندەگرتی؟

(دا): ئەوانەی لەگەڵ من بوون زۆربەیان موجاهیدی ڕاستی بوون بۆیە بیرم لەوە نەدەکردەوە کوردم یان چیم .من موسڵمانم .من موسڵمانم و شانازی بە خۆم و دینمەوە دەکەم .ئێمە لەبەر ئەوە شەڕمان لەگەڵ ئەوانەدا نەدەکرد چونکە کورد بوون بەڵکو دوژمنی دینەکەمان بوون .با یەک هەڵوێستی خۆمت بۆ بگێڕمەوە .لەگەڵ چەند موجاهیدێکی تر دەچوومە ماڵێکی کورد کە کوڕە هەرزەکارەکەیان جوێنی بە پێغەمبەری سەروەرمان دابوو، چونکە تازە باوکی بە دەستی موجاهیدەکان کوژرا بوو .لە حەوشە منداڵێکی دوو سێ ساڵان قاپێک چێشتی بە دەستەوە بوو و دەیخوارد .قاپەکەی بۆ ئێمە هێنا وەک پێمان بڵێ فەرموو لەگەڵم بخۆن .یەک دوو لە موجاهیدەکان لەبەر ئەوەی زۆر تووڕە بوون کە کوڕیان جنێوی بە سەروەرمان دابوو، لێیان دا بەڵام من کردمە باوەش و ماچیم کرد .دایکی زۆری پێ خۆش بوو. ڕەنگی هاتەوە بەر. چۆن یەکێک پەتی سێدارەی لە مل کرابێت و لەناکاو ئازادی بکەن، ئاوا گەشایەوە و نەیدەزانی لە خۆشیا چیم پێ بڵێ. بەو برا موجاهیدانەم وت ئێوە هەڵەتان کرد لەو منداڵەتان دا چونکە ئەوە خوا دڵی پڕ کردووە لە ئیمان هەر بۆیە بە پیرمانەوە دێت و خواردنمان بۆ دەهێنێت. ئەوە دیارە وەک باوک و برا گەورەکەی نییە.

ئامانج: کوڕی ئەو ماڵەتان گرت و گوللەبارانتان کرد؟

(دا): نەخێر لە ماڵ نەبوو .نەمهێشت ئازاری دایکیشی بدەن چونکە ئەو خۆی دەیوت بە کوڕی خۆمی نازانم مادام کوفری وای کردووە. دەیوت ئەگەر ئێوەش نەیکوژن خۆم دەیکوژم. هەروەها دەگریا و دەیوت من چ دەسەڵاتێکم نەبوو ئەگینا چۆن دەمهێشت مێردم ئەو ڕێگایە بگرێ. نەمهێشت وەک سەبی بیگرن چونکە . وەک مێرد و کوڕە گەورەکەی نییە ، باوەڕم پێ کرد و بە براکانمم وت ئەو ژنە ڕاستگۆیە.

ئامانج: مەبەستت چییە لەوەی دەڵێی نەتهێشت وەک سەبی بیگرن؟

(دا): مەبەستم ئەوەیە نەمهێشت لەبەر ئەوەی مێرد و کوڕی کافرن بە دیل بیبەن.

ئامانج: ئەگەر تۆ نەبوویتایە دەیانبرد؟ بۆیان هەبوو چی لێ بکەن؟

(دا): ڕەنگ بوو نیکاحیان لەگەڵدا بکردایە. 

ئامانج: ئەوسا دەبووە گانگبانگ؟

(دا): نا کاتی بانگ نەبوو .دوای نیوەڕۆیەکی درەنگ بوو. لە مێژبوو نوێژی جەماعەتمان کردبوو.

ئامانج: گانگبانگ (Gangbang) لە زمانی ئینگلیزیدا واتە سێکس بە گرووپ. بۆ نموونە دوو پیاو یان زیاتر لە یەک کاتدا لەگەڵ ژنێک خەریکی کاری سێکسی بن.

(دا): مەسەلەکە لای موجاهیدان سێکس و بەدڕەوشتی نییە، ئەوە هەر بۆ عەلمانییەکان باشە، بەڵکو مەسەلەکە ئەوەیە موجاهیدەکان بەپێی شەرعی خوا و پێغەمبەر بۆیان هەیە ژنی کافران وەک سەبایا بگرن. بۆ نیکاحە نەوەک بۆ سێکسی کافران. وشەی نیکاح وشەیەکی زۆر پیرۆزە و هەژدە جار و لە چواردە سورەتدا ناوی هاتووە .لە دەیان حەدیسی شەریفدا باس کراوە بەڵام سێکس هەر مرۆڤی بڕوادار گوێی لێ دەبێت دەڕشێتەوە، چونکە لە زمانی شەیتان وەرگیراوە. نیکاح بۆ ئەوەیە موجاهید زیاتر هەست بە نیعمەتی خوا بکات و لەسەر جیهاد بەردەوام بێت بەڵام سێکس بۆ ئەوەیە مرۆڤ ئاگای لە خوای گەورە نەمێنێت و دوای لەزەتی دنیا بکەوێت، بۆیە لە ڕۆژئاوا هەموویان وەک سەرخۆش وان و ئاگایان لە هیچ نییە .تەنیا بیر لە سێکس دەکەنەوە. دەڵێن زۆر جار دایک لەبەر سێکس بیری نامێنێت خواردن بۆ منداڵەکانی ئامادە بکات .یان پیاو هەیە لەبەر سێکس ناچێتە ئیش. مامۆستا لەبەر سێکس قوتابییەکانی جێدەهێڵێت و دەبێتە فەوزا. شوفێری پاس لەناو پاس لەگەڵ ژنێک ڕێکدەکەوێت و نەفەرەکان دادەگرێ. دکتۆر لە کاتی عەمەلیاتدا نەخۆشەکەی بیر دەچێتەوەو دەمرێ. هۆکارەکەشی ئەوەیە ئەوان دەزانن وەک موسڵمان لەودنیا بەهەشتیان نییە و نابنە خاوەنی حۆری، بۆیە لەم دنیایە هەر خەریکی سێکسن. خواردنی گۆشتی بەرازیش زیاتر وایان لێ دەکات شەرەف و نامووس لایان بایەخی نەبێ.

ئامانج: بەو قسەیە بێ ڕۆژئاوا لە برسان مردوون، هەژاری دایڕزاندوون، نەخوێندەواری چاوی کوێر کردوون و کارگەکانیان، قوتابخانە و مارکێتیان هەمووی داخراون .ئایا ئەمە زیادەڕۆیی نییە؟ ئەگەر وایە کێ ئەمانە بەخێو دەکات؟ تۆ دەزانی ژمارەی ئەوروپا چەندە؟ ئەگەر ئەوانە بەم شێوەیە بن واتە بوونەتە بارگرانی بەسەر شانی ئێمەوە. بەو قسەیە بێت ئەوانە وێران بوون .واتە ئەو ژمارەیە لە وڵاتانی ئێمە داوای مافی پەنابەرییان کردووە .مانای وایە ئێمە تووشی کێشەی وەرگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەری ئەوروپی بووین. سواڵکەر و دزی ئەوروپی لە شارەکانمان لە ژمارە نایەن و بێکارەکانیان بەردەرگای کارگە و کۆمپانیاکانیان گرتووین، کەسیش بە کرێکار وەریانناگرێت چونکە نەخوێندەوار و نەزانن . تۆ بە چاوی خۆت ئەمانەت دیوە؟ ئایا لەو کەمپەی تۆ لێی دەژیایت شتی وا ڕووی دەدا؟ ڕۆژێک لە ڕۆژان ژەمەکانیان دوا خستیت؟ قەت ڕێک کەوت جارێک تەوالێتەکانتان پاک نەکەنەوە؟ ماناگانەت لە کاتی خۆی وەرنەدەگرت؟ کاتێک وادەی دەکتۆرت هەبوو دەرگاکانت بە داخراوی دەبینی؟ پاس و شەمەندەفەریان لە کاتی خۆیان نەدەگەیشتن؟

(دا): بۆچی زیادەڕۆییە؟ ئایا ئەوانە لە سێکس زیاتر بیر لە شتی تر دەکەنەوە؟ چەند باسی خراپیی ئەمانە بکرێت هەر کەمە. 

ئامانج: بەهەرحاڵ قسەکەی من ئەوە نییە بەراوردی وشەی نیکاح و سێکس بکرێ، یان باس لە هەژاری و نەداریی ڕۆژئاوا بکرێ. تووڕە مەبە ئازیزم. خۆ ئەوانیش کەمیان کێشە نییە بەڵام کێشەکانی ئەوان ئەمانە نین کە تۆ ئاماژەت پێ دان. ئەوانیش دنیایەک کێشە و خەتایان هەیە. لای ئەوانیش چەوسانەوە ، زۆرە و ناشیشارنەوە. ئێمە لە باشووری کوردستان نەمانتوانی شوێنی چەند کوردێکی ڕۆژئاوا بکەینەوە کە لە دەست دەوڵەتی ئێوە ڕایانکردبوو، کەچی ئەوروپا بە هەموو کەموکوڕییەکانیەوە مافی ژیانی چەندەها ملیۆن موسڵمانی دابین کردووە.

(دا): ئینجا ئەوە خەتای یەکێتی و پارتییە. ئەوان لەوێ حوکمڕانن و بەپێی شەرعی خواو پێغەمبەر حوکم ناکەن. 

ئامانج: کەواتە ئەگەر ئێوە لەوێ بوونایە باشترین ژیانتان بۆ کوردی ڕۆژئاوا دابین دەکرد .وایە؟ ئەمە شتێکی سەیر نییە؟ لەمدیو بەپێی شەرعی خواو پێغەمبەر بیانکوژن و دەربەدەریان بکەن و لەودیویش هەر بەپێی شەرعی هەمان خواو پێغەمبەر فریایان بکەون؟

(دا): من تەنیا بە دوو ڕستە وەڵامت دەدەمەوە .ئەوروپا دوو ڕێگای لەبەردەمدایە، یان ئەوەتە دەبێتە ئیسلام و ڕزگاری دەبێت، یان ئەوەتە هێندەی تر لە سێکسدا نغرۆ دەبێت .سێکس ڕوو لە هەر شوێنێ بکات ئەو شوێنە درەنگ یان زوو خوای گەورە وێرانی دەکات وەک ئەوەی لەگەڵ ئۆمەتی لووتدا کردی.

ئامانج: ئێستا واز لەمانە بێنە و دەمەوێ بۆ چیرۆکی ئەو ژنەی کوردستانی ڕۆژئاوا بگەڕێینەوە .دوای ئەوە چی ڕووی دا؟

(دا): کە من بە براکانمم وت ئەو ژنە موسڵمانە و ئیمانی هەیە، ئەوان تێگەیشتن و وازیان لێ هێنا. ژنێکی گەنجیش بوو. هەر یەک دوو ساڵی لە سی تێپەڕاندبوو. بەڵام من بۆ ئەوە ئەو بەسەرهاتەم گێڕایەوە تا پێت بڵێم ئێمە نەمانویستووە ئەمە لەگەڵ ژنی موسڵماندا بکەین، مەگەر خۆی وەک خۆشبەخش هاتبێت و ویستبێتی هاوکاریی موجاهیدان بکات و ئەرکی سەر شانیان سووک بکات. ئەوانەی موجاهیدی ڕاستی بن کاری وایان لێ ناوەشێتەوە. من ویستم ئەوەش بڵێم ئەگەر من دوژمنی کوردم چۆن ئەوەم کردووە؟ من بە زمانی کوردیش لەگەڵ ئەو ژنە قسەم کرد و پێم وت نەترسێت مادام موسڵمانە هیچی لێ ناکەین.

ئامانج: بە شێوازی کرمانجی قسەت لەگەڵدا کرد؟

(دا): بەڵێ ئەو ماوەیە بە چاکی فێر بووبووم.

ئامانج: وا هەست دەکەم تۆ لە فێربوونی زمان و دیالێکتە جیاوازەکاندا توانایەکی باشت هەیە.

(دا): سوپاس بۆ خوای گەورە کە ئەمەی پێ بەخشیوم. 

ئامانج: هەر ئەمەش یارمەتیی دایت کاتێک هاتیە ئەم وڵاتە ئاوا بە ئاسانی پێیان بڵێیت لە کوردستانی ڕۆژئاوا هاتوویت و باوەڕت پێ بکەن .دواییش مافی پەنابەریت بدەنێ.

(دا): وتم ئەمەم لەپێناوی خوادا کردووە و لێشی پەشیمان نیم .موسڵمانی ڕاستی یەک شت ناکات دژی شەرعی خوای گەورە و پێغەمبەری خۆشەویست بێ.

ئامانج: ئایا تۆ دەزانیت لێرە خۆتت وەک کافر ناساندووە؟

(دا): دەزانم دەڵێی چی بەڵام من گوێ لەو قسانە ناگرم. 

ئامانج: ئەگەر تۆ ئەو کوردانەت پێ کافرە کە شەڕ لە دژی دەوڵەتەکەت دەکەن، بۆچی خۆت دەکەیتە ئەوان؟

(دا): وەک پێشتر وتم ئەوە هەڵخەلەتاندنی دوژمنە .پێویست ناکات جارێکی تر ئەو بەڵگانەی خۆمت بۆ بهێنمەوە .هێندە دەڵێم خواو پێغەمبەر لەم کارەم ڕازین و ئەوەش بۆ من بەسە. بەم حەدیسە شەریفە دەیبڕێنمەوە (انما الاعمال بالنيات) کە عومەری کوڕی خەتتاب خوا لێی ڕازی بێت لە دەمی سەروەرمان محمد صلی اللە علیە وسلمی بیستووە. باوەڕ ناکەم دوای ئەوە کەس قسەی بمێنێت.

ئامانج: ئەگەر کوڕە هەرزەکارەکەی ئەو بێوەژنە گەنجە لە ماڵ بووایە گوللەبارانتان دەکرد؟

(دا): دەڵێم جنێوی بە پێغەمبەری سەروەرمان دابوو .بەپێی شەرعی خوا مامەڵەمان لەگەڵدا دەکرد. 

ئامانج: دەتانکوشت؟

(دا): کورە دەمانتۆپاند. 

ئامانج: نەدەکرا لە کوڕێکی هەرزەکار خۆش بن، کە تازە باوکی کوژراوە؟

(دا): ئێمە ناتوانین نە بڕیاڕی کوشتن و نە هی لێبوردن دەربکەین بەڵکو ئەوە خواو پێغەمبەرن فەرمان دەدەن .زۆربەی هەرە زۆری زانایانی ئیسلام لەسەر ئەوە ڕێکن کە هەر کەسێک کەمترین گومانی لە محمدی سەروەرمان صلی اللە علیە وسلم هەبێ سزای کوشتنە. هەر لە شێخی ئیسلام ئیبن تەیمیەوە هەتا دەگاتە ئیبن حەنبەل و هەتا دەگاتە ئیمام مالیک و هەتا دەگاتە قازی عەیاز و زۆری تر.

ئامانج: لە بیرتە وتت لەم وڵاتە کە چاویان بە موسڵمان بکەوێ زەندەقیان دەڕژێ و هەر چاوێکیان دەکەنە چوار، بۆیە لە دوورەوە موسڵمان دەبینن؟

(دا): بەڵێ چاکم لە بیرە. 

ئامانج: لە بیریشتە وتت هەموو موسڵمان بە ئیرهابی دەزانن؟

(دا): بەڵێ ئەوەشم زۆر چاک لە بیرە .بۆ؟ 

ئامانج: کاتێک یەکەمجار تۆیان بینی وا سەیریان کردیت کە تیرۆریستی؟

(دا): بەڵێ .ئەوەم قەت لە بیر ناچێتەوە .ئێستاش وەک ئیرهابی لێم دەڕوانن. 

ئامانج: باشە خۆ تۆ خۆتت وەک کوردی ڕۆژئاوا ناساندووە و ئەوانیشتان پێ کافرە چونکە شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی دەکەن. دەتویست پێیان بڵێی بۆ وەک تیرۆریست سەیرم دەکەن، خۆ من کوردی ڕۆژئاوام و موسڵمانم؟

(دا): ئەوانە ئەم شتانە نازانن هەر کەسێ ڕەنگی وەک هی موسڵمان بێ بە ئیرهابی و بکوژی دەزانن.

ئامانج: تۆ ئەوەت پێ ناخۆشە؟

(دا): چۆن پێم ناخۆش نییە .من نیەتم پاکەو بەپێی شەرع هەڵسوکەوت دەکەم .ئەگەر من ئیرهابیم و دژی بەشەرم بۆچی موسڵمانم خۆش دەوێ و دەیانپارێزم؟ من ناتوانم کافرم خۆش بوێ چونکە خوا و پێغەمبەر خۆشی ناوێن.

ئامانج: دەتویست پێیان بڵێی بۆ وەک تیرۆریست سەیرم دەکەن، خۆ من کوردی ڕۆژئاوام و موسڵمانم؟ من خۆم لە دەست کەسانێک ڕام کردووە کە بەشێکی زۆری ئیسلامەکانیش، ئەوانەی ساڵەهایە خەون بە گەڕانەوەی خیلافەتەوە دەبینن نەفرەتیان لێ دەکەن؟

(دا): ئیسلامی ڕاستی نەک نەفرەت لە ئێمە ناکات بەڵکو هیوای پێمانە شەرعی خواو پێغەمبەری بۆ تەتبیق بکەین .هیوای پێمانە لە زوڵم و فەساد ڕزگاری بکەین .نامووسی بپارێزین و نەهێڵین خاچپەرسەت و عەلمانی هەتکی بکەن. 

ئامانج: هەندێک دەڵێن ئێوە گورزێکی گەورەتان لەو ئیسلامییانە دا کە باس لە دیمۆکراتی دەکەن و ناوە ناوەش حیزبە بەناو عەلمانییەکان بەوە دەترسێنن گوایە ئەگەر گوێ لە داخوازییەکانیان نەگرن ئەوا وەک ئێوە شەرعی ئیسلام دەسەپێنن بە تایبەتی لە باشووری کوردستاندا .مەبەستم ئەوەیە ئەوان لەمەودوا ئەو چەکەیان بە دەستەوە نامێنێت چونکە هەر وا بڵێن، واتە هەر باس لەوە بکەن شەرعی ئیسلام جێبەجێ دەکەن، ئەوە زۆر لە ئەندامانی خۆشیان دەنگیان پێ نادەن نەوەک هاووڵاتییان. بە کورتی هاووڵاتی ئیسلامی پێش ئەوانەی تر لە خیلافە و جێبەجێکردنی شەرعی ئیسلام دەترسێت . بەڵگەش ئەوەیە پەنا بۆ ئەمریکا دەبات و زۆر سوپاسگوزارە لە خیلافەی بپارێزێ .ئەو ئەمریکایەی بۆ خەڵکی عێراق و کوردستان دەرکەوت چەند لەوە دوورە عەدالەت و ئاشتی بهێنێت کەچی ئێستا بە هۆی ئێوەوە جارێکی تر وەک فریادڕەس سەیر دەکرێت. ئەمەش بە تایبەتی لە خزمەتی پارتی و بنەماڵەی بارزانیدایە تاکو زیاتر درێژە بە مانەوەی خۆیان بدەن و زیاتر نەوتی خۆیان بفرۆشن .تۆ دەڵێی چی؟

(دا): بۆ ئێمە هەموویان وەک یەک وان .ئێمە چی لە شەرعی خوا و پێغەمبەردا بێ ئەوە دەکەین .گوێ لەوە ناگرین دنیا چۆنە و کێ پێی خۆشە و کێ پێی ناخۆش .ئێمە بە دیموکراتی و حوکمی بەشەر ڕازی نین مادام کتێبی خواو پێغەمبەرمان بە ڕوونی لەبەردەستە. دیموکراتی و دەنگدان بۆ ئەوانە باشە سەریان لێ شێواوە و نازانن چۆن بژین .نازانن چۆن وڵات بەڕێوە ببەن .ئێمە کتێبی خواو پێغەمبەرمان هەیەو لە ئاستی هیچ شتێکدا دۆش دانامێنین.

ئامانج: دەزانم تۆ بەسەرهاتی ترت زۆرە بەڵام با ئەمجارە هەر هێندە بەس بێت .دەمەوێ بپرسم بۆچی ڕازی بوویت ئەم گفتوگۆیە لەگەڵ مندا بکەیت؟

(دا): بۆ ئەوەی موسڵمانان بزانن هەموو ئەو شتە ناشیرینانەی لەبارەی موجاهیدانەوە دەوترێن پڕوپاگەندەی ناحەزان و کافرانە .بۆ ئەوەی کاتێک دەچنە مەیدانی جیهاد وریا بن و تەنیا باوەڕ بە کەسانی بڕوادار بکەن .ئەوانەی بەڕاستی لەپێناوی بەرزڕاگرتنی کەلیمەی خوا و پێغەمبەردا گیانیان بەخت دەکەن .یەک قسەشم ماوە .تۆ دەتویست بە پرسیارەکانت من ببەستیتەوە بەڵام سوپاس بۆ خوای گەورە ئەوەش دەرکەوت لە قورئانی پیرۆز و حەدیسی شەریفدا وەڵام بۆ هەموو پرسیارێک هەیە. 

ئامانج: من بۆ یەک جاریش نەمویست تۆ ببەستمەوە بەڵکو بەپێچەوانەوە دەمویست ئازادانە بۆم بدوێیت . حەز دەکەم بە ڕاستی پێت بڵێم زۆر لەگەڵ بیروباوەڕەکەت ناکۆکم بەڵام لەگەڵ ئەوەدام تۆ ئازاد بیت و ئازادانە بۆچوونی خۆت بڵێی .دژی هەر کاربەدەستێکی ئەم وڵاتەیشم ئەگەر بە شێوەیەکی خراپ لە تۆ بڕوانێت و ئازادیی بیروباوەڕت پێ ڕەوا نەبینێت، تەنانەت ئەگەر بزانێت تۆ ئەندامی دەوڵەتی ئیسلامییشیت. دژی هەر یاسایەکم ئەگەر ڕێگای سەفەرت لێ بگرێت و مافی تەواوی ژیانت پێ ڕەوا نەبینێ. هیوادارم تۆ لەم وڵاتە ئارام ببیتەوە و بە ئارامی بیر بکەیتەوە .ئەو خوایە مادام گەورەیە وەک دینەکان دەڵێن کەواتە بەهێزیشە .کە ئاوایە، دەبێت تۆ لێی بپاڕێیتەوە بتپارێزێت یان تۆ ئەو بپارێزیت؟

(دا): من دینی خوا دەپارێزم .من کەلیمەی خوا بەرز ڕادەگرم .خوای گەورەش من دەپارێزێت و لە پاداشتی ئەوەدا بەهەشتم پێ دەبەخشێت. 

ئامانج: مادام وای لێ هات، یەک پرسیاری ترت لێ دەکەم بەڵام بەڵێنم پێ دەدەیت بە ڕاشکاوی وەڵام دەدەیتەوە؟

(دا): من هەر بە ڕاشکاوی وەڵام دەدەمەوە .من شانازی بە موسڵمانبوونی خۆمەوە دەکەم و شانازی گەورە بە دینەکەمەوە دەکەم بۆیە هیچ شتێک ناشارمەوە.

ئامانج: ئەمەی تۆ سەرەتایەک نییە بۆ وازهێنان لەو باوەڕە؟ لانی کەم واز لە توندوتیژی بهێنیت؟

(دا): جارێ پێم بڵێ بۆچی ئەو پرسیارە؟

ئامانج: چونکە سەرنجم داوە هەموو ئەوانەی واز لە بیروباوەڕی خۆیان دەهێنن، ئینجا بەچاوپۆشین لەوەی چ باوەڕێکیان هەیە، سەرەتا بیانووێک دەدۆزنەوەو دوور دەکەونەوە .ڕاستە وای دەدردەخەن بەگەرمی بەرگری لەو باوەڕەیان دەکەن بەڵام وردە وردە ئەو جۆش و خرۆشەیان نامێنێت.

(دا): ئەمە بۆ باوەڕی عەلمانی دروستە بەڵام بۆ کەسێک باوەڕی بەو دینە هەبێت و خۆی بە موسڵمانی ڕاستی بزانێت نە ساردبوونەوە هەیە و نە وازهێنان. من توندوتیژم لەبەرامبەر کافراندا کە ئەمەش فەرمانی خوا و سوننەتی پێغەمبەرە خۆشەوسیتەکەمە بەڵام نەرمم بۆ برا موسڵمانەکانم و گیانی خۆمیان بەقوربان دەکەم. بەڵێ من لە بەرامبەر کافراندا توندوتیژم چونکە ئەوە فەرمانی خوا و پێغەمبەرمە. خوای گەورە لە ئایەتی ١٩ی سورەتی ئەلنیسائدا دەفەرموێ (يا ایها الذين امنوا لا يحل لكم ان ترثوا النساء كرها ولا تعضلوهن لتذهبوا ببعض ما اتيتموهن الا ان ياتين بفاحشة مبینة وعاشروهن بالمعروف فان كرهتموهن فعسى ان تكرهوا شيئا ويجعل الله فيه خيرا كثيرا.) مانای وایە موسڵمان بۆی هەیە کافر بکوژێت ئەگەر جزیە نەدا و پەیمانی پێ نەدرابێ .هەموو موفەسیرە گەورەکان وا دەڵێن لەوانە القرطبی ڕەحمەتی خوای لێ بێ. من ئەوەندە دەڵێم هەموو ئەوانەی باوەڕیان بە جیهاد نییە ئەوە لەبەر ئەوەیە لەو دینە تێنەگەیشتوون یان لێی تێگەیشتوون و ویژدانی خۆیان فرۆشتووە .یان شەرمیان بە دینی خۆیانە لە کاتێککدا محمدی سەروەرمان صلی اللە علیە وسلم خۆی سەرکردایەتیی کۆمەڵێک شەڕی کردووە و لە ساڵێکدا نزیکەی حەوت سریەی کردووە .واتە لەشکری ئیسلامی بە سەرکردایەتی ئەسحابەکان بۆ سەر کافران ناردووە. ڕۆژێک لە ڕۆژان دەستی لە جیهاد هەڵنەگرتووە. تۆ پێم بڵێ ئەمڕۆ لە ئۆمەتی ئیسلام چەند خوێندەوار هەیە؟ چەند لەو خوێندەوارانە عەرەبی دەزانن؟ چەند لەوانەی عەرەبی دەزانن قورئان و حەدیس و سیرەیان خوێندۆتەوە؟ چەندیان بە ڕاستی ئەوانەیان خوێندۆتەوە و دەزانن موفەسیرەکان چیان وتووە؟ من وەڵام دەدەمەوەو دەڵێم بەشێکی کەم. ئەو بەشە کەمەش موجاهیدەکانن .بۆچی؟ چونکە عەلمانی و خاچپەرستەکان نەیانهێشتووە موسڵمان لە دینەکەی تێبگات .ئەوانەی تێگەیشتوون و باوەڕیان پێیە ساتێ لە جیهاد دوودڵی ناکەن .سوپاس بۆ خوا ڕۆژ بەڕۆژ ژمارەی ئەوانەی لەو دینە تێدەگەن و باوەڕ بە جیهاد دەهێنن لە زۆربووندان .من مژدەی ئەوە بە موسڵمانان دەدەم ئاڵای خیلافە زۆری نەماوە لە هەموو لایەکی ئەم دنیایە بشەکێتەوە.

ئامانج: من پێم باشە بەم وتانەی تۆ کۆتایی بەم گفتوگۆیە بهێنین. تۆ دەڵێ چی؟

(دا): من بە ناوی خوای گەورە و ناوی محمدی سەروەرمان صلی اللە علیە وسلم کۆتایی پێ دەهێنم هەر بە ناوی ئەوانیشم دەست پێ کردووە. هەر شتێکیش بەناوی ئەوان دەست پێ نەکات بۆشە و خۆی ناگرێ.

-------------------------------------------------
سەرنجی کوردستانپۆست:  ئەم بابەتەی لە سایتی دەنگەکانەوە وەرمانگرتووە، کە بە (pdf) بڵاوکرابووەوە، ئێمەش لەبەر گرنگی ناوەرۆکی ئەو گفتوگۆیە بە پێویستمان زانی جارێکی دیکە وەربگێڕینە سەر تێکستی کوردی و لە کوردستانپۆست بڵاویبکەینەوە. ئەگەر هەڵەی بچووک لە کاتی گواستنەوەدا رووی دابێت داوای لێبوردن دەکەین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە