گەنجەكانی كفری بە پۆلیس و ئاسایش رادەبوێرن

Friday, 21/01/2011, 12:00

1620 بینراوە


شەوی رابوردوو بە مەبەستی خۆشی دەربڕین بە بردنەوەى تیپی تۆپی پێی عیراق زیاتر لەسێ كاتژمێر لەهەموو كۆڵانەكانی كفرییەوە تەقەكردن بەردەوام دەبێت و پۆلیس و ئاسایشیش لەو سەدان كەسەی تەقەیان كردووە تەنها دوو كەس دەستگیر دەكەن و رەوانەى دادگاى دەكەن.
پاش ئەوەى لەچەند رۆژی رابوردوودا هەر بە هۆی بردنەوەى عیراقەوە تەقەیەكی زۆر لەكفریدا دەكرێت، گرووپێكی رۆشنبیر بەزووترین كات نامەیەكی ناڕەزایی ئاڕاستەی وەزیری ناوخۆو قایمقامی كفری دەكەن بەوەى روونكردنەوە بدەن كە هۆكار چییە رێگری لەو دیاردەیە ناكەن و كاتێك بارزانی و تاڵەبانی دەبن بە سەرۆك هەر تەقە دەكرێت، لەكاتێكدا ئەوانەى تەقە دەكەن جگە لەخەڵی ئاسایی زۆربەیان پۆلیس و كەسوكاری بەرپرس و پاسەوانی بارەگاكان و كەسانی سەربازین و حزبییەكانن.
لێپرسراوی بنكەى پۆلیسی كفری ملازم داود حسێن رایگەیاند كە ئەمشەو پێنج ئۆتۆمبیلی ئێمەو ئاسایش بەردەوام بوون لەراوەدوونانی خەڵك و گەڕان بە ناو شارداو تەنها دوو كەسیان دەستگیر كردووەو رەوانەى دادگایان كردووە، بە مەبەستی سزادانیان.
حسێن وتیشی كە هەڵمەتی دەستگیركردنی تەقەچییەكان بەردەوام دەبێت و هەندێ لەو كەسانەی تەقەیان كردووە ناوی لامان تۆمارەو دەیناسینەوە.
بەڵام پۆلیسێك دەڵێت گەنجەكانی ناوش ار پێیان رادەبواردین و حسابیان بۆ نەدەكردین، چونكە ئەزانن هیچ دەسەڵاتمان نییەو ناتوانین دەستگیریان بكەین، جەند جارێكیش ئەو گەنجانە پێشووتر بەر تەقەكردنیان داوین، بە كورتی هیچ قورساییەكمان نەماوە.
سەباح عەلی قارەمان رۆژنامەنوس و گەنجێكی كفری نیگەرانی خۆی لەو دیاردەیە دەربڕی و وتى "كێشە ئەوەیە پۆلیس و ئاسایش ناتوانێت راستەوخۆ ئەو چەكدارانە دەستگیر بكات كە تەقە دەكەن، چونكە زۆربەیان سەر بە فەوجێكی تاڵبانی و فەجێكی دیكەی سەربازی كە لەناوەڕاستی شاردایەو فەوجێكی سەربازی دیكە لەقەراغ شاردا، بۆیە پێم وایە كفری لەشاری وەزیرانەوە بووەتە شاری میلیشیاكانی حزب".

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە