سەرۆکی پەرلەمان-دۆسیەی تیرۆرکراوانی سیاسی لەبیر نەکەن!

Thursday, 01/05/2014, 12:00

1921 بینراوە








ئەم نووسینەم تایبەتە بە ئاستی بەرپرسیاریەتی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی هەرێمی باشوری کوردستان بەڕێز(یوسف موحەمەد)ی سەربەبزوتنەوەی گۆڕان.
سەرۆکایەتی کردنی پەرلەمان لە هەرێمی باشوری کوردستاندا تا مێژوی پێش ٢٩/٤/٢٠١٤ لەژێر دەستی هەردوو پارتی بۆرژوازی کوردیدا بوە، خودی پەرلەمان وەک دەزگایەکی ئیداری و یاسادانان لە نێو سیستەمی بۆرژوازیدا جێگەی گرتوە، وە لەڕێگای ئەو دەزگایەوە چینی بۆرژوازیەت ڕەوایەتی دەدات بەخۆی،چونکە خودی پەرلەمانتاران لەڕێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە دەگەنە نێو ئەو بینایە کە ناوی پەرلەمانە. خەڵکی زەحمەتکێش و بەش مەینەتی هەرێم، ماوەی ٢٣ ساڵە ژیانیان لە ژێر دەسەڵاتی ئەو دوو پارتە میلیشیایەدا دەگوزەرێنن و کۆی تاڵی و گرانی و نەبوونی ئازادی دەچێژن، ئەو دوو پارتە بۆرژوا خێڵەکیە، هەردەم، لەڕێگای خەڵەتاندن و پەیمانی درۆییانەوە، هەم درێژەیان بەتەمەنی سیاسی خۆیان داوە، وە لەلایەکی تریشەوە خەڵکیان کردۆتە کۆیلەی گوێ لەمستی خۆیان. بۆیە ئەرکی ئێوە وەک بزوتنەوەی گۆڕان،(گەر ئێوە لەبەرەی چینی بۆرژواز نەبن) لەم چوار ساڵەی لە بەردەمتاندایە، دەتوانن کاری زۆر مەزن ئەنجام بدەن و هەزاران مرۆڤی وەک منیش کە بەگومانەوە تێتان دەنواڕین، وامان لێ بکەن، بڵێین کە ئێمە بەهەڵە لە ئێوە تێگەیشتوین و دواجار ئامادە بین لە ئایندەدا ببین بە پشتگیری خوازی بزوتنەوەکەتان.
پەرلەمان، هەمیشە داردەستێکی بەهێز بوە لە دەستی چینی سەرمایەداری نێو کۆمەڵگاکاندا، بەڵام بۆ بزوتنەوەیەک کە خۆی بە داکۆکیکار لە خواستە ڕەواکانی کۆمەڵگا بزانێت و هەر لەوێشدا سەرۆکایەتیەکەی لە ژێر دەستی خۆیدا بێت، دەتوانێت ببێت بەو بەئاگاهێنەرەوە کە کۆی کۆمەڵگا ڕزگار بکات لە بندەستی و کۆیللە بونیەتی، چونکە ئەمڕۆ جەماوەر وا ڕاهێنراوە لەلایەن کۆی بزوتنەوە بۆرژوازیەکانەوە، کە چیتر شۆڕشی کۆمەڵایەتی سودی نیەو، تەنها ڕێگا بۆ گەیشتن بە خواستی عەدالەتیە کۆمەڵایەتیەکان، تەنها لە ڕێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە، دەکرێت جێبەجێ بکرێت.(من بۆخۆم دژی ئەو بانگەشە چەواشەکاریانەی بەرەی بۆرژوازیم بەگشتی،چونکە تا ئێستا چینێک لەسەر چەوساندنەوەی چینێکی بەرین لە کۆمەڵگادا، بوون بەدەسەڵاتدار و کۆی جومگە سەرەکیەکانی ژیانیان خستۆتە ژێر دەستی خۆیانەوە.) من هیوادارم، ئێوە وەک ئەو بەرەیەی دوێنێ نەبن،گەرچی لەمڕۆوە، بەڕێوەبردنی دەسەڵاتدارێتیشتان هەر لەگەڵ ئەواندایە لە نێو دریژەدان بە سیاسەتی گەوجاندنی کۆمەڵگا، کە (سەرۆکی بزوتنەوەکەتان داهێنەری ئەو وشەی گەوجاندنەیە).
بەڕێز سەرۆکی نوێی پەرلەمان، ئەم نوسینەم، لە ڕۆژی جیهانی چینی کرێکاردایە، ئەو چینە مەزنەی کە دوا ئومیدە بۆئەوەی بتوانێت کۆی نایەکسانیە کۆمەڵایەتیەکان لەنێو بەرێت لە ڕێگای پارتی شۆڕشگێڕی خۆیەوە لە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیدا، ئێوە گەر سەر بەو بەرە زۆرینەیە بن لە کۆمەڵگادا دەتوانن بۆخۆتان و بزوتنەوەکەتان مێژویەکی پرشنگدار تۆمار بکەن، چونکە کۆکردنەوەی سامان و گیرفان پڕ کردن، هیچ کات ناتوانێت ببێت لە بەشێک بۆ نووسینەوەی ئەو مێژوە مەزنانەی کە مایەی شانازین بۆ نەوەکانی ئێستا و ئایندەش. زۆرن ئەو پارتانەی لەژێر ناوی ڕزگارکردنی کۆمەڵگادا گەشتونەتە کورسی دەسەڵات، بەڵام زۆر کەمن ئەو پارتانەی کە توانیویانە مێژوی مەزن بۆخۆیان تۆمار بکەن، چونکە ڕزگار کردنی کۆمەڵگا لە ژێر زهنیەتی کۆیلایەتیدا، مانای وایە، چیتر، چینێک گیرفان پڕکەر نابێت لەسەر حیسابی بەتاڵ کردنەوەی گیرفانی زۆرینەدا!
ئێمە وا ئەمسالیش نزیک دەبینەوە لە یادی تیرۆکردنی ڕۆژنامەنووسی ئازادیخواز(سەردەشت عوسمان، کە لە ڕۆژی ٤/٥/٢٠١٠ دا لە ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستاندا تیرۆر کرا) و دۆسیەکەی نەک هەر چارەسەر نەکرا، بەپێچەوانەوە خۆشتان ئاگادارن و، کرا بە کەسێکی تیرۆریستیش!! بۆیە ئەرکی ئێوەیە گەر (ڕێزم هەیە، فێڵ لەگەڵ خۆتان و جەماوەرەکەشتاندا نەکەن) ئەو دۆسیەیە لەگەڵ دۆسیەی تیرۆر کردنی (سۆرانی مامەحەمە و عەبدولستار تاهیر و کاوە گەرمیانی، وەک ڕۆژنامەنوسانی ئازادیخواز، تا دەگات بە بکوژانی دوعاکان وە تا دەگات بە تیرۆرکەرانی کەسانی بەرەی چەپ و ئازادیخواز لە مێژوی ئەو ٢٣ ساڵەی دەسەڵاتدارێتی بزوتنەوەی کوردایەتیدا، کە بەناهەق تیرۆر کران، سەر هەڵبدەنەوە و بکەرانیان لە هەرچ پلەوپایەیەکی سیاسیدابن، بێگوێدانە ترس و سڵەمینەوە، دەتوانن بیدەن بەدادگای ئاشکرای جەماوەری تا بۆ بەرەی بۆرژوازیەت ببێت بە پەندێکی لەبیر نەچوەوە بۆیان) ئێوە گەر سەر بەبزوتنەوەی جەماوەری بن و کاری ئەخلاقی و سیاسیتان لە خزمەت بەئاگاهێنانەوەی جەماوەری چەوساوە بێت، من دڵنیام دەتوانن بە پشت ئەستوری بە جەماوەر و توانا مەزنەکەی، کۆی ئەو دۆسیانە بگەیەنن بە ئەنجام، ئەو بەرەیەش لە کۆمەڵگا تا ئیستا گوێ لە مستی هەردوو پارتی دەسەڵاتدارن، وا لێ بکەن، پشت بکەنە پارتەکانیان و خۆیان بخزێننە نێو بزوتنەوەکەتانەوە،)لێرەدا گرنگە کەکەسانی نێو بزوتنەوەکەشتان بەدەر نەخەن لە بەدادگا کردنیان کە لە دوێنێدا دەستیان هەبوە لە تیرۆر کردنی کەسانی ئازادیخوازدا) چونکە گەر نەتوانن ئەو کارە مەزنانە ئەنجام بدەن، ئەوا تەنها موچە بڕینەوە و کڕین و فرۆشتنی تاکەکەس، فایدەی نابێت و لە سبەی ڕۆژدا، دوو پارتی سەردەست، جارێکی تر دەتان خەنە ژێر هەیمەنەتی تەسلیم بونەوە بەخۆیان.
بۆرژوازیەت، وەک چینێکی باڵادەست لە کۆمەڵگادا، دەستی گرتوە بەسەر کایەی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا لە نێو کۆمەڵگادا، ئەوان بەهەموو جۆرێک لە ترساندن و کوشتنەوە بگرە تا دەگات بە زیندانی کردن و خەڵەتاندن، بۆ هەرساتە لە مەیداندان، ئەم چینە بۆرژوا چەوسێنەرە، تەنها، بە ئاگا هێنانەوەی چینی ژێردەستیان، دەتوانرێت لەهێز و دەسەڵاتدارێتیان بخرێن،ئێوە ئێستا لەگەڵ بزوتنەوە سیاسیەکەتاندا لەنێو هەرەمی دەسەڵاتدارێتیدان و لەو ڕێگایەشەوە دەتوانن کاری مەزن ئەنجام بدەن، بەکارەکانتان کە لەخزمەتی بەرژەوەندیە ڕەواکانی کۆمەڵگادا بێت، دەتوانن، وەڵامی بەرەی نەیاری دوێنێتان و دەسەڵاتیشی پێبدەنەوە، بێ ئەوەی پێویست بکات، بچنە نیو جەنگی یەکتر کوشتنەوە، وەک ئەوەی ئەوان کردیان لە دوێنێی دەسەڵاتیاندا!
قسەکردن لەسەر مەسەلەی ئازدی بۆگشت کۆمەڵگا، یەکێکە لەو کایە مەزنانە، کە دەتوانرێت بهێنرێتە نێو زهنیەتی کۆمەڵگاوە، ئەوە نەبوونی ئازادی دەربڕین و ئازادی خۆشەویستی کردن و تا دەگات بە هاوسەرگیری ئازادانە بوو، کە سەردەشتەکان و دوعاکانی تێیدا خەڵتانی خوێن کرا، لەنێو دەسەڵاتێکی دواکەوتوانەی خێڵ گەرایی بۆرژوازیدا، ئەو کارانە بەکارێکی نامۆ سەیر ناکرێت، چونکە مانەوەی ئەو دەسەڵاتانە پەیوەندە بە قەتیس کردنی ئازادی و یەکسانی کۆمەڵایەتیەوە، ئەوان، بەرەیەکن، ژیانیان و مێژوی سیاسیان، تەنها لە کۆکردنەوەی سەروەت و ساماندایە، ئەم کارەش بەبێ چەوساندنەوەی گشتی زۆرینەی کۆمەڵگا بەئەنجام ناگات، بۆیە دەکرێت ئیوە گەر ڕاستگۆ بن بە بانگەشەکانتان لەوان نەچن و پێچەوانەی ئەوان بن.
هەڵکەندنی ئەو خەندەقەی نێوانی ڕۆژئاوای کوردستان جیا دەکاتەوە لەگەڵ باشوری کوردستاندا، هەروا کارێک نیەو تەنها بەپاساوی پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگا ببینرێت، بەڵکو هەڵکەندنی ئەو خەندەقە، دژایەتی ڕاستەوخۆی چینی بۆرژوازی دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستانە، بەرانبەر ئەو شۆڕشە دیمکراتخوازە کۆمەڵایەتیەی کە لە ڕۆژئاوای کوردستاندا بەرپا کراوە، دەسەڵاتدارانی پارتی و حکومەتەکەیان باش دەزانن، کە لەو بەرەوە کۆمەڵگا ڕێک دەخرێت و لە جیاتی دەسەڵاتدارێتی چەوساێنەرانەی چینێک بەسەر چینێکی تردا، خۆبەڕێوەبەرێتی کۆمەڵگا دەخرێتە جێگای، ئەوە کارێکی زۆر مەزنە. گەر وانەبوایە، ئەوا دەوڵەتانی چەوسێنەری وەک تورکیا و ئەمریکا دژایەتیان نەدەکردن.
ماناکانی ئازادی، زۆر بەهادارترە، لە کۆی ئەوەی گەدەکان پڕکرێن و ملکەچ کردنی جیهانبینی کۆیلانە بوونی هەبێت، کۆمەڵگای ئێمە لەنێو ئەو زهنیەتەدا ژیان دەگوزەرێنێت، چونکە هێشتا دوورە لە چێژی چەشتنی ئازادی بەمانا واقعی و راستەقینەکەی. ژیان بەبێ بوونی ئازادی بۆگشت لایەک مانایەکی نیە، ئەو بزوتنەوەیە بەڕێز و خۆشەویست دەبێت کە بتوانێت کۆمەڵگا بخاتەوە سەر ڕێگا ئەسڵیەکەی خۆی، یانی هەنگاو نان بەرەو کۆمەڵگایەکی عەدالەت خواز و ئازادیخواز. ئەرکی مەزنتان لەبەردەم دایە لەم چوار ساڵەی ئایندەدا، چوارساڵ کاتێکی کەم نیە، دەتوانرێت زۆر ئاڵوگۆڕی مەزن لەنێو پەروەردەی کۆمەڵگادا بکرێت و ڕزگار بکرێت لەم کەلتورە دژە ئازادیەی خراوەتە نێو زهنیەوە. هیوای سەرکەوتن بۆتان، با ببینین، کاروهەڵسوڕانتان لە حکومەتی ئایندەدا!!!!!!



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە