ئایا پارتی حیزبێکی بەئەخلاقە؟!.

Saturday, 05/02/2011, 12:00

1457 بینراوە


لە کۆنگرەی سیانزەی پارتیدا ئاماژەو سمبۆلی زۆرمان بینی. زۆری لەسەر نوسرا بەڵام نوسینی تریش هەڵدەگرێت.
ئەوەی دڵخۆشکەرە ئەوەیە سەرۆکی پارتی بە پۆشاکێکی نوێوە دەرکەوت. زۆربەمان لەوەپێش بەو شێوەیە نەمان دەناسی. لێرە زیاتر وەک ئەکتەرێک لەوەی وەکو سیاسیەک نمایشی کرد. ئەوان ویستیان سود لە تەکنیکی تازە وەرگرن و شاکارێک لە بواری نواندن پیشانی خەڵک بدەن، بەڵام خەڵکیش هێندە فلیم و رێپۆرتاژ و نواندنیان بینیوە، کە دەمامک و پەردەپۆشییەکان دەرک پێدەکەن. لە سابونکەران و قەڵا جاران دەگوترا دەستەکەت کەشفە.
سیناریۆکە هەمووی پێشوەخت رێکخرابوو.
ئەتاتورک لە کۆنگرەی یەکەمی حیزبەکەیدا بۆ یەکەم جار لە ئەنقەرە پێشوەخت زانیبوی رکابەری زۆرە، رکابەرەکانیشی دەیانزانی ئەو چەند بێ بەزەییە. بۆیە پێش کۆنگرە ١٢٠ ئەندامی لایەنگری خۆی دەرس دادابوو کە بە دەمانچەوە بچنە کۆنگرەوە. زانیبوی کە وەختی خۆی هات وتارو بیروراکانی بخاتە روو لایەنگرانی ئەستانەو خەلیفە تەنگی پێ هەڵدەچنن. دەبوو هەر کە رکابەرەکانی نارەزایەتیان بە قسەکانی دەربڕی یەکسەر پیاوەکانی بە کلکی دەمانچەکانیان بدەن بە مێزەکەی بەردەمیاندا. هەرواشیان کرد. بۆیە رکابەرەکانی یەکسەر لەترساندا دەنگیان بۆ پێشنیارەکانی ئەو دایەوە.
لە کۆنگرەی پارتیشدا کاتێک مەسعود بارزانی داوای لە بەشداربوانکرد دەستبەرداربونی لە سەرۆکایەتی حیزب قبوڵ بکەن پیاوەکانی کە پێشتر راسپێردرابون بە هوتاف کردیانەوە بە سەرۆک. کەسیان تیا نەبوو نارازێتی یان هەڵوێسێکی دژی هەبێت.
لە وتارەکەیدا رایگەیاند کە پارتی حیزبێکی زۆر بە ئەخلاقە. ئەمە لێکدانەوەی زۆر هەڵدەگرێت. تۆ بڵێیت حیزب ئەخلاقی هەبێت. کەواتە حیزبەکانی تر چۆنن. ئایە ئەوان بێ ئەخلاقن.
حیزب چۆن بە ئەخلاق دەبێت. کام ئەخلاق.
خۆ حیزب مرۆڤێک نییە بە ئەخلاق یان بێ ئەخلاق بێت.
ئایە پێناسەی ئەخلاق کە بە حیزبەکەی خۆی ڕادەبینێت لای بەڕێزی چییە.
هەمومان مێژوی پارتی دەزانین. لەماوەی تەمەنیدا چەندان هەڵوێست و سیاسەتی جۆراوجۆرو دژبەیەکی هەبووە. سەردەمانێک پێشەنگی پارێزگاری لە نیشتمان و مافەکانی کورد و کوردستان بووە. جاریش هەبووە تەواو پێچەوانەی ئەوەبوە. ئەندامی زۆر و سەر بە چین و توێژی جیاجیای هەبوەو هەیە. ئەوانە هەریەکەیان لە پێشینەیەکی تایبەتیەوە هاتون. کەسی تیا بوە زۆر بێبەزەیی و بێویژدان بوە، تیاشیابوە زۆر بە رەوشت و باش بوە بە پێی تێگەیشتنیی باوی ساتە وەختەکە.
حیزب بۆی هەیە، نیشتمانی، سیاسی، نەتەوەیی، ئاینیی، ژینگەپارێزی، فاشیستی، رازیستی، چی و چی و ئەخلاقی بێت بەڵام ناتوانێت بە ئەخلاق بێت.
حیزبی ئەخلاقی، واتە نوێنەرایەتی جٶرێک لە ئەخلاق بکات بەڵام ناتوانێت بە ئەخلاق بێت.
کە پارتی حیزبێکی ئەخلاقییش بوو لە بەر ئەوەی ئەخلاق لێکدانەوەی زۆر هەڵدەگرێت ئەوا لای ئەندامەکانی پێ دەچێت بەپێی ئەو روانینەی ئەوان بۆ ئەخلاق هەیانە ئەخلاقی بێت .
بۆیە پارتی ناتوانێت حیزبێکی بە ئەخلاق بێت، دەتوانێت حیزبێکی سیاسی جەماوەری نیشتمانی مۆدێرن بێت، بەڵام لە هەمان کاتدا جٶرێک لە ئەخلاقییەت پیادە بکات کە بەرنامە داڕێژەران و ئەندامەکانی پێیان قبوڵ بێت. بەڵام ئێمەمانان کە پارتی نین ئەو گوتەیە بە ئەرێ وەرناگرین. پارتی حیزبێکە دەتوانرێت زۆر هەڵوێستی بخرێتە روو کە بە ساڵی تیشکیش دورن لە ئەخلاقەوە.
با خوێنەر خۆی چاوێک بە مێژووی پڕ ڕوداوی ئەو حیزبەدا بخشێنێت و بە پێی تیگەیشتنی خٶی بۆ ئەخلاق حوکم بدات.
بۆیە ناتوانرێت بگوترێت پارتی حیزبێکی بە ئەخلاقە، دەتوانرێت بگوترێت لە هەڵوێستێکیدا جٶرێک لە ئەخلاقییەتی پیادەکردوە کە ئەندامەکانی یان سەرکردەکانی یان هاوڵاتییان پێیان ئەخلاقیی بووە.
لە کۆتاییدا ماوە بپرسین ئایا سەرۆکی پارتی نیازی وایە ڕێڕەوێکی تر بدات بە حیزبەکەی، کە ئەویش ئەخلاقپارێزییە لە پاڵ ئەرکەکانی تریدا، ئەوکاتە گونجاو دەبێت ناوی حیزبەکە پارتی دیموکراتی یەکگرتوی ئەخلاقپارێزی کوردسان بێت.
یەک شت هەیە زۆرجار بە کارێکی ئەخلاقی سەیر دەکرێت ئەویش بەڵێن بردنەسەرە، پارتی وەکو حیزب ناتوانێت و نیازیشی نیە هەمو بەڵێنەکانی بەرێتە سەر. گەر لە بەرژەوەندی نەبوو بەڵێنەکانی پشت گوێدەخات، کەواتە لەوێدا بەپێی ئەخلاقی باو ڕێڕەوی نەکردوە. سیاسەت وایە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە