گەڕانەوەی شەهیدان بۆ سەرای ئازادی

Friday, 22/04/2011, 12:00

2247 بینراوە


فەرهاد فەرەج؛ی شەهیدی دەستی تیرۆری گروپە توندڕەوە ئیسلامییەکان لەڕێی هەواو و دەنگەوە سەردانی کردم، لەو دنیاوە هاتبووە! سەیر بوو لە ئەمەریکاوە زەنگی بۆ لێدام، چی دەکات لەوێ؟! ئیتر نازانم چۆن ژمارە تەلەفوونی دەستییەکەی پەیداکردووم!!؟ نەحەپەسام، چوونکە چاوەڕوانییەکی وام لێی هەبوو. نەک ئەوە، بەڵکوو زووتر بەتەمای بووم، لەیەکەم خۆپیشاندانی خەڵکی سلەیمانی و تەقەلێکردنیان مژدەی پێبدامایە، بیووتایە: ئەوە ڕاپەڕینی دووهەم دەستی پێکرد. بەڵام نەچووە بچێت، خۆ هێشتا زووە، لە کۆتایدا فریاکەوت و خۆی گەیاندە نێو ڕیزی گەنجانی ناڕازییەوە.
یەکەم پرسیار وتم: لەسەرای ئازادییەوە قسەم لەگەڵدا دەکەیت؟ نەمهێشت دەم بکاتەوە و وەڵام بداتەوە، بەپەلەتر پرسیارێکی ترم بەرەوڕووی کردەوە: ئەی خالیدی مەلاعەلی هاوگەرەکت لەگەڵدایە؟
ویستم پرسیارێکی تر بکەم. دەنگەکە بەکەمێک غەم و تووڕەییەوە، وتی: کاکە ئەوە چیتە؟ تۆ بۆ وا دەکەیت؟ من برایمی برای فەرهادم.

وائل غانمەکان ئێمە کوان؟؟!!

گەنجان دینەمۆی هەموو جووڵە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییەکانن و سەرچاوەی زووربەی گۆڕانکارییەکانی ناو کۆمەڵگان، کەواتە دەبێت بەری ڕەنجیان بچننەوە، لە حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان و هەر گۆڕانکارییەکدا پشکی شێریان بەربکەوێت، حکومەتی گەنجان گرێنتی پڕ جووڵە و نوێبوونەوەی بەردەوام و بێسازشکاریمان دەداتێ. نموونەی بەرجەستە لەهێز و توانایان لێرەدا ببینن:

گۆڤاری تایمی ئەمەریکی، ساڵانە کاری دەستنیشانکردنی کاریگەر ترین کەسایەتی لەئاستی جیهاندا دیاری دەکات. ئەوەی ئەمساڵ و جێی سەرنج بێت، ناوێکە لە ڕۆژهەڵاتەوە؛ وائیل غانمی(١٩٨٠) ئەندازیار و بەڕێوەبەری بەشی کڕین و فرۆشتنی کۆمپانیای بەناوبانگ گۆگلە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئەو وائیلە کە شوهرەتی وائیل گۆگڵەیان پێداوە، وەک سەرکردەیەک و چالاکوانێک دەوری کاریگەری بینی لەهەڵسان و هاندانی گەنجانی ناڕازیمیسر دژ بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری حوسنی موبارەک.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە