حكومەتێكى لاواز لەئارادایە ئەگەر....

Saturday, 09/11/2013, 12:00

1410 بینراوە








ئەو ماوەییە سەروبەندی پێكهێنانى كابینەى هەشتەمى حكومەتى هەرێمى كوردستانە و دوای ئەوەى پارتى دیموكراتى كوردستان هەفتەى ڕابردوو (نێچرڤان بارزانى)جێگری سەرۆكى پارتى دیموكراتى كوردستانی لە كۆبوونەوەى سەركردایەتی بەبێ هیچ مونافسێ ڕاسپارد بۆ ئەو كارە.

لەم هەفتەییەوە هەوڵەكان چڕ دەكرێنەوە بەئاڕاستەى پێكهێنانى حكومەتێكى بنكە فراوان و لەیەكەم وێستگەى ئەو هەوڵەدا گفتوگۆ و دانیشتن لەگەڵ مەكتەبی سیاسی یەكێتى نیشتیمانى كوردستان و (لیژنەى پێكهێنانى حكومەت)ی ئەو حزبە ئەنجام دەدرێ كە دكتۆر بەرهەم سالح بەسەرۆكى ئەو لیژنەیە داندراوە و پێ دەچێ بەدەر لە جارەكانى پێشوو، یەكێتى بە ئەجێنداییەكى تایبەتەوە بچێتە ژووری ئەو دانوستانە و لەسەر مێزى گفتوگۆكان پێداگری لەتەواوى ئەو بڕیار و پێشنیارانە بكات كە لەو دانیشتنەدا لەگەڵ وەفدی دانوستكاری پارتى پرسەكە یەكلای دەكاتەوە لەكاتێكدا هەوڵێكى ئەوتۆ لەلایەن باڵەكانى دیكەى ناو مەكتەبی سیاسی لەئارادایە كە ئەگەر ئەنجامەكان بەبنبەست نەگەن ئەوا تۆمەتى هەر شكستخوارووییەكى ئەو گفتوگۆیانە بۆ بێهێزى و بێتوانایى دكتۆ بەرهەم بگەڕێنەوە و وەكو كارتێك بۆ كۆنگرەى داهاتووى یەكێتى بەكاری بێنن و لەسەركەوتنیشدا ئەگەر توانى (داخوازییەكانى گەلاڵكراوى بەرنامەكەى یەكێتى بۆ ئەو حكومەتە بەدى بێنێ) هەمدیس ئەوە زەرەریان نەكردووە وەها نیشانى هەموو لایەكی دەدەن كە ئەوە یەكێتییە سەرەڕای ڕاجیایی و باڵ باڵێن تیایدا، وەلێ لەمەسەلە چارەنووسسازەكاندا هەڵوێست و خیتابێكى سیاسی یەكگرتوویان هەیە و ئاكامەكانیش لە داهاتوو بەڕوونى دەردەكەون، كە بەبۆچوونى من پێداگری ئەم جارەى یەكێتى ئەوەندە ئاسان نابێ تا بەهەموو مەرجێكی پارتى ڕازی ببن و وەك بەشدارییەكى ڕۆتینى و تەنها بەناو و بێ ناوەڕۆك بچنە ناو ئەو حوكمەتە و بەیەكجاری ئەو دەنگانەى بۆ ئەم هەڵبژاردنەى پێشوو بەدەستیان هێناوە بەیەكجاری لە دەستى بدەن كە ڕەنگە بۆ ئەو قۆناغە پێدەچێ یەكێتى نێچیرێكى ئەوها نەبێ تا بەئاسانى وەكو چەند جارە ڕاوبكرێ مەگەر بیركردنەوەیان ئەوەبێ تەنها بۆ ئەوەى بزوتنەوەى گۆڕان شكست لەهەوڵەكانى خەونى بەشداریكردنیان لە حكومەت بێنن، ئیدى گرنگ نییە چیان پێ دەدرێ و چیان پێ نادرێ كە ئەمەیش هێندەى دیكە ململانێكانى سنووری سەوزی پێشوو قولدەكاتەوە، نەخاسمە لەنەگەیشتنى پارتى و یەكێتى بۆ هیچ ئەنجامێكى چاوەڕوان نەكراودا كە بەهەر شێوەییەكبێ پارتى نایەوێ لەو كاروانەدا تاكە هاوپەیمانەكەى جێ بێڵێ و لەنەگەیشتنیشیان بە رێكەوتن، هێندەى دیكە پێ دەچێ دوو ئیدارەیی باڵ بەسەر هەرێمى كوردستان بكێشێ و هیچ بەدوور نازاندرێ ئەو پڕۆژە یاسای لەو ماوەیەدا بەناوى گۆڕانەوە وروژێندران دەرهەق بەجیابوونەوەى سنووری پارێزگای سلێمانى و جاڕدانی وەك هەرێمێكى سەربەخۆ، ئەوا بۆ ئەوجارەیان لەپەراوێزخستن و نەگەیشتنی (پارتى و یەكێتى) بەمریشكە ڕەشە، ئەو جارەیان یەكێتى هەمان سیناریۆی گۆڕان دووبارە بكاتەوە، ئەوەیش تەنگ بەو كابینەیە هەڵدەچنێ و پرۆسەكە ئەگەر پەك نەخات و تووشی ئیفلیج بوونى نەكات، ئەوە هیچ پێشكەوتنێكی بەرچاو چاوەڕوانى ئەم كابینەیە ناكات با گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوویش تیایدا بەشداربن.

ئەوەى پێویستە لەم هەوڵەدا ڕەچاو بكرێ سازانى نیشتیمانییە بۆ كۆكردنەوەى تەواوى دەنگ و ڕەنگە جیاوازەكان بە ئاقارێكدا:

یەكەم: پێویستە تەوافقێكى نیشتیمانى لەسەر ئەو كابینەیە بكرێ.

دووەم: بەپێی ئیستیحقاقاتی ئینتیخابی وەزارەتەكان دابەش بكرێ.

سێ یەم: دادپەروەری بكرێتە بنەما بۆ كۆكردنەوەى دەنگ و ڕەنگە جیاوازەكان.

چوارەم: بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی لەسەرووى هەر بەرژەوەندییەك دابندرێ و سازانى نیشتیمانى لەسەر بكرێ.

پێنجەم: بۆ ئەوەى پرۆسەكە نەوەستێ و درێژە نەكێشێ و حكومەتێكى بنكەفراوان بێتە ئاراوە، زۆر گرینگە دوای وەرگرتنى بیروڕای تەواوى لایەنە براوەكان و ئامادەباشیان بۆ ئەو پشكدارییە، لە دانیشتنێكى فراوانى تەواوى لایەنەكان ئەو پرسە تاوتوێ بكرێ و پۆستەكان بەشێوەییەكى یەكسان و دادپەروەرانە (بەپێی ژمارەى كورسییەكان) دابەش بكرێ و مژدەى هەڵهاتنى خۆرێكى تازە بەگوێی كۆمەڵانى خەڵك ڕابدرێن و دڵە تۆراو و بێزار و نیگەرەكان بۆ جارێكى دیكە ئاشت بكەنەوە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە