مەلایەکی دواکەوتوو دەڵێت نەورۆز حەرامە

Sunday, 24/03/2013, 12:00

2029 بینراوە


مەلا دڵشاد گەرمیانی،ئەو مەلایەی دژ بە هەموو شتێکی جوانە، دژ بە ئافرەتانە وبووە هۆی نانبڕینی چەند ئافرەتێک کە لە تەلەفیزیۆن کاریاندەکرد.
ئافرەتمەخلووقێکی جوانە وگەورەیی وسنعەتکاری خوامان پێپیشاندەدات،بەڵام ئەم کابرایەی بەناوی مەلاوە قسەدەکات بەم هەڵوێستە ناشیرین وناسەردەمانەی دژی ئیرادەو خواستی خوا دەوەستێتەوە وکاردەکات.
هەر ئەم مەلایە ئێستا هێڕش دەکاتە سەر جەژنی پیرۆزی کورد، جەژنی نەورۆز وبەهی کوردی نازانێت وبەحەرام لەوەڵەمی دەدات. ئەم قسانەش لە جەهل ونەزانین سەرچاوەی گرتووە چونکە هیچ بەڵگەیەکی بەدەستەوە نییە.
میللەتی فارس تاکوو ئێستا فەخر وشانازی بەرۆستەمی زاڵەوە دەکەن کە داستانێکی کۆنە وکەس ناچێت لێکۆڵینەوە وبەدواچوون بۆ گورزەکەی ڕۆستەم بکات کە وەکوو شاهنامەی فردەوسی بە سەدان کیلۆی لە قەڵەمدەدات، کە ناچێت بەعەقڵەوە.
هەر وەها ئەخیلی پاڵەوانی بەناوبانگی یۆنانی کە هۆمیرۆس بۆمانی دەگێڕێتەوە،نیوەی بە مرۆ‌ڤ ونیوەیتری بە خوا دەژمێررێت بەڵام کەس، لە ڕۆشنبیران وپیاوانی ئاین نەیانوێراوە ئەو داستانە سەرەڕای زۆر شتی خەیاڵی،ڕاست وچەپ وەکوو مەلا دڵشاد خەتی بەسەردا بهێنێت وبیسڕێتەوە.
ئاینی مەسیحی لە ناوچەی فەلەستین سەریهەڵداوە بەڵام لە هەموو دنیادا بڵاوبۆتەوە وتەشەنەیکردووە،ئەوروپایەکان بە خەیاڵی خۆیان مەسیحێکی باڵابەرزی پرچزەردی چاوشینیان دروستکردووە وکەس ناڵێت ئەمە کوفرە وحەرامە چونکە حەزرەتی عیسا کورتەباڵایەکی ئەسمەری پرچڕەشبووە.
ئاینی ئیسلامیش لە بیابانی عەرەبستان پەیدابووە،هی کورد نەبووە ولە کوردستان نامۆبووە بەڵام پاکی وڕەوشتە جوانەکانی وای کردووە میللەتی کورد باوەشی بۆ بکاتەوە وبەهی خۆی بزانێت.
مەلادڵشاد یەکەم ودواکەس نییە کە دژی نەورۆز وئاگری نەورۆز بوەستنەوە. دوژمنە شۆفینزمەکان لە عەرەب وغەرەعەرەب هەمیشە لە نەورۆزدا ئۆقرە وئارامیان دەبڕا وشێت وهاردەبوون.
زۆربەی میللەتانی ڕۆژهەڵات رۆژی نەورۆز کە سەرەتای بەهارە بە سەریساڵ دەژمێرن،بۆچی کورد بۆی نییە ئەم ڕۆژە بە سەریساڵی کوردی لەقەڵەمبدات وبەم بۆنەیەوە ئاهەنگ بگێڕڕێت؟
داستانی چیرۆکی کاوەی ئاسنگەر وبوونی زاڵمێک بە ناوی ئەژدەهاکەوە وبەرپابوونی شۆڕشێک دژ بەزوڵم چەوساندنەوە زادەی خەیاڵێکی قووڵ وجوانی میللەتێکە هەمیشە ئاشق وئالوودەی ئازادی وسەبەستی بووە.
هەموو بیرۆکەیەکی جوان لە دنیادا موڵکی هەموو مرۆڤایەتییە.
لە مێژوودا ئاینی ئیسلام دژ بەکورد بە کارهێنراوە وزەرەرمەندبووە، مەلاکانیش خۆیان ئەمە دەزانن، بۆیە دەبێ ئاین دژ بە کڵتووری کوردی وهەستی نەتەوایەتی نەزانن وپێکەوەیان بگونجێنن. ئەوەی قسەی باش وخێر نازانێت با قسەی بێتام وناماقووڵ نەکات.
نەورۆز تەنها یادگاری وجەژنە کە هەموو کورد،لە هەموو جێگایەک،لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەبەستێتەوە. ئاگری نەورۆز بۆ پەرەستن نییە تاکوو حەرامبێت.ئاگر ڕەحمەت ونیعمەتی خوایە ونەزانەکان بە کوفری دەزانن.
پێرۆز بێت نەورۆز جەژنی میللەتی کورد، هەر گەشاوەبێت بڵیسەی ئاگری پیرۆزی نەورۆز.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە