گەنجە پیرەكانی یەكێتی و پارتی ..

Thursday, 17/06/2010, 12:00

1495 بینراوە


ئایا گەنج هەر ئەوەیە بە تەمەن گەنج بێت؟ یا بە عەقڵ و فیكرو كردەوە؟، ئەمە جەوهەرى بابەتەكەیە كە دەستم شكێ لەسەری دەدوێم و رەنگە ئەو گەنجانە لێم زویر بن.
ئەسڵەن یەكێتی و پارتی ئیمانیان بەوە پەندە نییەو نەماوە كە وتراوە (گەنج داینەمۆی كۆمەڵگەیە)، بەڵكو لای ئەوان گەنج ئەو كەسەیە بە عەقڵی ئەوان بیردەكاتەوەو بە قسەو وتەكانی ئەوان كار دەكات، ئیتر فشەیە كە لەشاشەی تی ڤی و لاپەڕەى رۆژنامەكانەوە باس لەگەنج و تواناكانیان دەكەن، بڕوایان پێ مەكەن، ئەفڵاتۆن دەڵێت گرنگ ئەوە نییە كە دەیڵێین گرنگ ئەوەیە بە كردارو پراكتیك كار بەو وتانە بكەین.
ئەمڕۆ لەچینی خوارەوەى یەكێتی و پارتی گەنجێكی زۆر ئامادەیە، بەڵام چۆن گەنجێك؟، گەنجێك كە رەخنەگرتن لەحزبەكەى و سكرتێرەكەى كفرێكی گەورەیە بەلایەوە، رەخنەگرتن لەسیاسەتی حزبەكەى وەك جنێودان وایە بە خێزانەكەى، ئیتر چ مانایەك دەمێنێت كە بەو گەنجانە بڵێین گەنج، ئایا ئەوانە گەج نین بە مانای پیر؟، بەڵێ ئەوانە پیرن جەستەى گەنجیان داگیر كردووە.
لەكۆڕێكی فراواندا لەكفری دواى ئەوەى بەڕێزی كۆڕگێڕ قسەكانی تەواو كرد گەنجێك كە لەیەكێك لەرێكخراوەكانی پارتی كاردەكات هەستا تێبینی و قسەى خۆی بكات، هەر كەسێك كە نەیزانیبایە ئەو گەنجە ئەندامی یەكێك لەرێكخراوەكانی پارتییە یەكسەر بە قسەكانی پێی دەزانی كە لەئەوانە، چونكە كت و مت وەك مەسعود بارزانی قسەى دەكردو دەتوت چەند ساڵە لەسەر ریتمی بەڕێز سەرۆك پەروەردە كراوە.
با بێینەوە بۆ لای گەنجەكانی یەكێتی، رۆژنامەنوسێكی هاوڕێم پێی وتم چەند وێنەیەكی كاریكاتێری تاڵەبانیم پیشانی ئەندامێكی كۆمەڵەى خوێندكاراندا هەر كە ئەو وێنانەى بینی یەكسەر هەڵچوو و وتى من لەجێگەى مام جەلال بم گەر بزانم كێ ئەو وێنە كاریكاتێرانەى دروستكردووە لەت و پەتم دەكرد، ئا ئەوەیە نموونەى زۆربەى گەنجەكانی نێو هەردوو حزبە دیموكرات و سوشیاڵ دیموكراتەكەى كوردستانە.
پەروەردەكردنی گەنج لەلایەن پیرەوە بە هەمان عەقڵییەت وەك ئەوەیە پیرێك پەروەردە بكرێت، راستە جەلال تاڵەبانی و مەلا بەختیارو مەسعود بارزانی و چەندانی دیكە گەنج بوون و لەسەركردایەتی حزبەكانیان و لەئاستی بەرپرسیارێتی باڵاًدا بوون، بەڵام كە خۆیان و جەستەو عەقڵیان بەرەو سەرەوەى پیربوون رۆشت نەوەكانی دواى خۆیان بەو عەقڵییەتە پیرە پەروەردە كرد، بۆیە ئێستا دەبینین لەنێو زۆرینەى ئەو دونیا گەنجەى یەكێتی و پارتیدا ئەزمەى عەقڵ و بیركردنەوەو رەخنەوەرگرتنە، عەقڵ بەو مانایەى ئەو جۆرە دەسەڵات و سیستمەى ئەمڕۆی كوردستان و حزبەكانیان قبوڵ نەكەن و رەتبكەنەوە.
خۆ ئەگەر خوانەخواستە بەندە ئەندامی یەكێك لەو دوو حزبە بوومایە هەر زوو ئیستیقالەم دەكردو بە پیرەكانم دەوت ئیتر بیركردنەوەو كردەوە فیرعەونییەكانی ئێوە جێگەى قبوڵكردنی ئێمە نییە، چونكە دەمێكە زمان و عەقڵی كفتوگۆ لەنێو یەكێتی و پارتیدا لەئەزمەدایە بگرە لەعەدەمدایە، لەبری گفتوگۆ تەنها قسەكەرو گوێگر بوونی هەیەو ئامادەیە، پیرەكان قسە دەكەن و بۆ گەنجەكان بیر دەكەنەوەو گەنجەكانیش گوێ دەگرن و تەنها بۆیان هەیە گوێ بگرن و بەس.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە